رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گەیشتە دیمەشق، ئەمە یەکەمین سەردانی فەرمیی سەرۆکی وڵاتێکی ئەورووپایە بۆ سووریا لەو کاتەوەی بەشار ئەسەد لە کانوونی دووەمی 2024دا لە دەسەڵاتدا نەماوە.
رۆژی دووشەممە 06-07-2026 ماکرۆن گەیشتە دیمەشق و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە پێشوازیی لێکرد. بڕیارە ماکرۆن لەگەڵ ئەحمەد شەرع، هاوتا سووریاییەکەی کۆببێتەوە و رۆژی سێشەممە سووریا بەجێبهێڵێت.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) ئەم سەردانەی بە "هەنگاوێکی سەرەکی لە پرۆسەی گەڕاندنەوەی پێگەی نێودەوڵەتیی سووریا" وەسفکرد و رایگەیاند، پەیوەندییەکانی سووریا و فەرەنسا دەچنە قۆناخێکی نوێوە لەسەر بنەمای رێزی دوولایەنە و هاوبەشییەکی هاوسەنگ.
ئەحمەد شەرع لە کاتی گرتنەدەستی دەسەڵاتەوە خەریکی سەرلەنوێ رێکخستنەوەی پێگەی نێودەوڵەتیی سووریایە و دەیەوێت وڵاتە زیانلێکەوتووەکەی زیندوو بکاتەوە.
دوایین سەرۆکی فەرەنسا کە سەردانی دیمەشقی کردبێت، نیکۆلا سارکۆزی بوو لە ساڵی 2009دا، پێش ئەوەی ئەسەد خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2011 سەرکوت بکات، کە بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی ناوخۆیی کە تێیدا زیاتر لە نیو ملیۆن کەس کوژران و ژێرخان و پیشەسازیی سووریای بە تەواوی وێران کرد.
تەقینەوە گەورەکەی هەفتەی رابردووی ناو قاوەخانەیەکی دیمەشق، نوێترین ئاڵنگاریی ئەمنی بوو بۆ دەسەڵاتدارە ئیسلامییە نوێیەکان کە هەوڵدەدەن وڵاتەکە لە دوای زیاتر لە 13 ساڵ شەڕی ناوخۆیی یەکبخەنەوە.



.png&w=3840&q=75)