هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە سووریا رایانگەیاند، توانیویانە شانەیەکی "تیرۆریستیی سەر بە داعش" هەڵبوەشێننەوە، کە تێوەگلاون بە پێنج کردەوەی رفاندن و پلانیان بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە هەبووە. بەپێی راگەیێندراوێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە سووریا کە رۆژی یەکشەممە بڵاویانکردەوە، هێزە ئەمنییەکان دوای چاودێریکردنی وردی جموجۆڵەکانیان، توانیویانە 4 سەرکردەی ئەو شانەیە لە رەققە و ژمارەیەک ئەندامی دیکەشیان لە حەلەب، ئیدلب و حمس دەستگیر بکەن. لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەندامانی ئەم شانە سووریاییە، جیا لە رفاندنی خەڵک، لە چاندنی مین و ئەنجامدانی تیرۆریشدا بەشدار بوون؛ کردەکانیان لە رەققەوە دەستیپێکردووە و بۆ پارێزگاکانی دیکەش پەلیان هاوێشتووە. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، دەست بەسەر بڕێک تەقەمەنیشدا گیراوە کە بۆ ئەنجامدانی "کردەوەی تیرۆریستی" ئامادە کرابوون.