رووداو دیجیتاڵ
سێ یانەی کوردستانی لە تورکیا خۆیان بۆ دوو خولی جیاواز ئامادە دەکەن، یانەی ئامەدسپۆر بۆ سوپەرلیگ، یانەکانی دهۆک و زاخۆ بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق، یەکەمجارە سێ یانەی دوو پارچەی کوردستان لە یەک شوێن کەمپی مەشق و راهێنانیان هەبێت، کاتێک پرسەکە کورد و کورستانە ناکرێت رووداو لەوێ نەبێت.
هەر کە زانیم ئەم سێ یانەیە بەنیازن لە تورکیا مەشق و راهێنان بکەن و کەمپی مەشقەکانیان دەبەنە ئەوێ، گوتم ئەمە هەلێکە و رەنگە زۆری بوێت تاوەکو جارێکی دیکە دووبارە دەبێتەوە، بۆیە پلانمان دانا و گوتمان دەبێت رووداو لەوێ بێت.
پێشنیوەڕۆی رۆژی 26ـی تەممووزە و پلەی گەرما لێرە لە هەولێر نزیکەی 40 پلەی سیلیزییە، بە ئۆتۆمبێل لەگەڵ هاوکارانم بەرەو شارێک بەڕێ دەکەوین پێشتر ناویم نەبیستبوو و نەشمدەزانی بە دیاریکراوی دەکەوێتە کوێ، شارەکە بوردوری تورکیایە.
26 کاژێرمان بڕی و بەبێ ئەوەی کەسمان بخەوین، دوای نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە گەیشتینە ئەو شوێنە، شارێکی بچووک، بەڵام پاک و کەشوهەوایەکی زۆر جیاواز، لە نیوەڕۆدا پلەی گەرمای بەرز 33 پلە بوو.
هەر زوو پەیوەندیمان بە یانەکانەوە کرد، بۆ ئەوەی لۆکەیشنی شوێنەکانمان بۆ بنێرن، ئەو رۆژە زاخۆ بەرامبەر ئەنتالیاسپۆر یاریی دۆستانە دەکات و دهۆک رووبەڕووی وەحدە دەبێتەوە، ئامەدسپۆریش راهێنانی هەیە.
ستافەکەمان دابەشکرد، یەکێک بۆ یاریی زاخۆ و ئەنتالیا ئەوەی دیکەیان بۆ یاریی دهۆک و وەحدە، هەر کە چووینە لای یانەکان، قسەی یەکەمی خالد موشیر، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی دهۆک و سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەکە بۆ ئێمە ئەوە بوو، ئێوە چۆن گەیشتوونەتە ئێرە؟ پێمگوت کورد لە کوێیە رووداو لەوێیە.
ئیدی کارەکە دەستیپێکرد و دەمەوێت لێرەوە هەندێک زانیاریتان بۆ بگوازمەوە کە لەوێ لە نزیکەوە بینیوومە.
ئامەدسپۆر؛ تیپی تۆپی پێی ئامەدسپۆر، لە وەرزی نوێدا بەشداری لە سوپەرلیگدا دەکات، ئەوان دوای ئەنجامدانی کۆنگرەکەیان بە بەڕێوەبەرایەتییەکی نوێ و بە تیپێکی نوێ خۆیان بۆ وەرزێکی نوێ و مێژوویی ئامادەدەکەن، بەڵام سەرۆکەکەیان هەر ناهیت ئەرەنە.
رۆژانە ئامەدسپۆر دوو یەکەی راهێنان دەکات، یەکێکیان بەیانیانە، ئەوەی دیکەیان ئێواران، تیپەکە چەند یاریزانێکی کوردی تێدایە، دیارترینیان جەلال هاناڵپ، محەممەد یەشل، ئەیاز ئەرسلان و قەهرەمان دەمیرتاشن.
بەسنک هاسی، راهێنەری تیپەکەیە، راهێنەرێکی گرژ و مۆن، داخراو لەڕووی کەسایەتییەوە، بەڵام رژد لە کارکردندا و بە وردەکارییەکی زۆرەوە کار لەسەر پلانەکانی دەکات و دەیەوێت بەو ئەزموونەی هەیەتی تیپێکی جیاواز بۆ کەسک و سوور ئامادەبکات.
ئەوەی لە ئامەدسپۆر منی زیاتر دڵخۆشکرد، ناسینەوەی ئێمە بوو لەلای یاریزانانی ئامەدسپۆر جەلال هاناڵپ بە کوردییەکی زۆر خۆش قسەی لەگەڵ کردین و گوتی من خزمەکانم لە کەرکووک کاردەکەن و دێمە هەولێر لەوێ دەتانبینم. ئەیاز ئەرسەلان، پێش ئەوەی بۆ پەیوەندیکردن بە تیپەکەوە بێتە بوردور نامەی بۆ ناردم و گوتی پێمخۆشە لەوێ یەکدی ببینین، یەکدیمان دیت و بە کوردییەکی زۆر خۆش قسەی دەکرد.
ئەیاز ئەوەشی پێگوتم، پێمخۆشە رۆژێک لە رۆژان لە تیپێکی باشووری کوردستان یاریی بکەم.
لەگەڵ سەرۆکی ئامەدسپۆر لە نزیکەوە گفتوگۆمان کرد، ئەو بەهەمان ئەو جۆشوخرۆشەی لە دوای سەرکەوتنی بۆ سوپەرلیگ هەبوو، کار بۆ ئامەدسپۆرێکی زۆر جیاواز دەکات و گوتی "هێشتا گواستنەوەی زۆر ماون بۆ ئەوەی ئەنجامیانبدەین و کارەکەمان دەبێت بۆ هەمووان ببێتە شانازی."
ئەوەی لە هەمووان زیاتر دڵخۆشیکرد، ئەو پێشوازییە گەرمەی هاندەرانی ئامەدسپۆر بوو لە رووداو، لە پلاتفۆرمە جیاوازەکانی سۆشیاڵ میدیادا و رۆژانە پەیوەندییان پێوەدەکردین بۆ ئەوەی زۆرترین دیمەنی هەرسێ یانە کوردستانییەکە ببینن، بەتایبەتیش دیمەنی پێدانی پاسەکەیان بە یانەی ئامەدسپۆر کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و هەمووانی دڵخۆشکرد.
یانەی دهۆک؛ تیپی تۆپی پێی دهۆک، خۆی بۆ جامی سوپەری کەنداو و وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئامادەدەکات، تیپەکە گرێبەستی لەگەڵ یەحیا گولمحەممەدی، راهێنەری دیاری ئێرانی کردووە، بۆ ئەوەی سەرپەرشتی تیپەکە بکات.
راهێنەرەکە پێیگوتم، تیپەکەم کاری زۆری پێویستە تاوەکو ئامادەدەبێت، بەڵام بەڕێوەبەرانی تیپەکە لە توانای یاریزانەکانیان رازین و سەرۆکی یانەکە دەڵێت "متمانەی زۆرم هەیە بۆ ئەوەی بتوانین لە وەرزی نوێدا تیپێکی رکابەر بین."
لە دهۆک پیتەر و هاڕوون دوو دیارترین یاریزانن لە یانەکە رۆیشتوون، لە کۆی ئەو 16 یاریزانەی کە ریزەکانی یانەکەیان بەجێهێشتووە، بەڵام زۆر یاریزانی دیاریش پەیوەندیان بە تیپەکەوە کردووە، رێوان ئەمین، مەحموود مەواس، کومەیل سەعدی، مەناف یونس و چەندین یاریزانی دیکە.
ئەلهویێن چیا، لە شوێنێک ئامادەکاریی دەکرد، 1377 کیلۆمەتر لە شارەکەیەوە دوور بوو، بەڵام لە رووی کەشوهەوا و گونجاوییەکەیەوە دەتگوت زاویتە و دەڤەری بەرواری باڵایە.
شوێنێک چوار یاریگای مەشق و راهێنانی لێیە، هۆتێلێکی شاهانە و سەرنجڕاکێش، دهۆک لەگەڵ راهێنەرەکەی، ئەرکی بەڕێوەبردنی تیپەکەی داوەتە دەستی خالد موشیر، ئەستێرەی پێشووی ئەو یانەیە کە لە یاریزانەکان زیاتر مەشق دەکات، پێش هەمووان لە خەو هەڵدەستا و درەنگتر لە هەمووان دەخەوت، بۆ ئەوەی ئاگاداری سەرجەم وردەکارییەکانی تیپەکە بێت.
رۆژی یاریی ئامەدسپۆر و دهۆک، قسەم لەگەڵ خالد موشیر کرد و لە پەخشی راستەوخۆی رووداودا گوتی " بە یاریزانەکانم دەگوت، خۆزگە لە شوێنی ئێوە من ئێستا یاریزان بوومایە و بەرامبەر ئامەدسپۆر یارییمکردبا، ئەوەندە هەستێکی خۆشم هەیە".
یانەی زاخۆ؛ زاخۆ جیاواز لە هەموو یانەکانی عێراق خۆی بۆ وەرزی نوێ ئامادە دەکات، یانەکە دوای ئەوە کارگێڕییەکەی گۆڕا و چیا ئەمین بە سەرۆکی یانەکە دەستنیشانکرا، گرێبەستی زۆر سەرنجڕاکێشی کردووە، گواستنەوەی هاڕوون ئەحمەد، شێرزوود تێمیرۆڤ، مستەفا سەعدوون و نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەمجەد عەتوان و شێرکۆ کەریم، هاندەرانی یانەکەی دڵخۆشکردووە و ئەوان بەپەرۆشن بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێدا رکابەری لەسەر نازناوەکان بکەن.
زاخۆ بە لۆگۆیەکی نوێ، بەدرێس و تیپێکی نوێ دەچێتە نێو رکابەرییەکان، ئەوان پەیوەندییەکی زۆر بەهێزیان لەگەڵ ئامەدسپۆر هەیە و رۆژی یارییە دۆستانەکەی نێوان هەردوو یانە بەشێکی هاندەرانی هەردوو یانە هاتبوونە یاریگە و بەیەکەوە هانی هەردوو یانەیان دەدا و بەیەکەوە هاواریان دەکرد "کینە ئەم؟ کوردن ئەم"، ئەوە تامێکی زۆر کوردانەی دابووە ئەو یارییە.
زۆر دیمەنی جوانم لەوێ بینی، بەڵام هیچیان هێندەی ئەو دیمەنانە دڵخۆشیان نەکردم، کاتێک یانەی ئامەدسپۆر و دهۆک بەیەکەوە وەستان و وێنەی یادگاریان گرت، یاریزانانی زاخۆ و ئامەدسپۆر بەیەکەوە وێنەی یادگارییان گرت، چوونە بەردەم هاندەران و هەردووکیان ئاهەنگیان گێڕا، دوای ئەوەش زاخۆ درێسی ژمارە 3ـی دایە ئامەدسپۆر و ئەوانیش درێسی ژمارە 21ـیان دایە زاخۆییەکان، وەکو ئاماژەیەک بۆ یادی سەرساڵی کوردی و نەورۆز.
هەموو ئەوەی لە ماوەی ئەو هەفتەیە لەوێ بینیم و بۆ ئێوە لە رووداو گواسترایەوە، سەرچاوەکەی هەر رووداو خۆی بوو، بەتایبەت کاتێک لە ساڵی 2025 یانەی زاخۆ بۆ کەمپێکی راهێنان چووە ساکاریا، ئەو کاتە ئامەدسپۆر و زاخۆ هیچ پەیوەندییەکیان بەیەکەوە نەبوو، بەڵام رووداو دەستپێشخەریی کرد و هەردوو یانەی بەیەکدی ناساند، پەیوەندیی نێوانیان دروستکرا و بەرهەمەکەشی یارییە دۆستانەکە بوو، یارییەک کە ماناکەی زۆر زیاتر بوو لە یاریی دۆستانە.
هاڕوون ئەحمەد پێیگوتم، هەموو جارێک کە دەدۆڕێین، هەستێکی ناخۆشم هەیە، بەڵام کە بەرامبەر ئامەدسپۆر دۆڕاین هیچ ئەو هەستەم نەبوو، چونکە هەموومان براوەین، بەڵێ، لەو کۆبوونەوەیە کوردستانییەدا رووداو، ئامەدسپۆر، دهۆک و زاخۆ براوەن، یەکبوون و بەیەکەوە بوون براوەیە.

.jpg&w=3840&q=75)

