تکایە رایگرن، توخوا رایگرن، ئەم هەڵە گەورەیە مەکەن، هیچ نەبێت رێز لە مێژوو و ناسنامەی ئەو یانەیە و ئەو هەموو هاندەرە دڵسۆزەی یانەکەمان بگرن.
ئێوە یاریگاکە نۆژەن دەکەنەوە، دەستتان خۆش بێت، بەڵام پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە دەبێت لەسەر بنەمای کۆمەڵێک پڕەنسیپ بێت و مێژووی یانەکە لەبەرچاو بگیرێت..
ئەرێ کەس نییە پێیانبڵێت کاکە لە هەموو جیهان و لە هەموو یاریگا گەورەکانی جیهاندا کورسییەکانی یاریگا بە رەنگەکانی یانەکە دروست دەکرێن. ئێوە بە چ حەقێک ناسنامەی یاریگای هەولێر دەگۆڕن؟!
باشە کامپ نو، ملیارێک یۆرۆ لە نۆژەنکردنەوەی دەدرێت، بۆچی رەنگەکانی یانەکە لەسەر کورسییەکان لانابەن. ئالیانز ئارێنا ملیارێک یۆرۆ لێی خەرج دەکرێت، کەچی گرنگترین شت لای ئەوان پاراستنی رەنگی یانەکەیە.
ئەرێ ئەم یانەیە نەبوو بەم رەنگانەوە چوار جار پاڵيوانی عێراق بوو؟ هەر بەم رەنگانە نەبوو یانەکەمان دووجار گەیشتە یاریی کۆتایی ئاسیا؟.
ئەرێ کەس نییە پێیانبڵێت، رەنگی رەش و زەرد ناسنامەی یانەی هەولێرە، ئاخر بڕۆن لە یاریزانە دێرینەکانی هەولێر بپرسن، بزانن لە حەفتاکان و هەشتاکان ئەم یاریگایە چۆن بەم رەنگانە قەڵای بەگژداچوونەوەی رژێمی بەعس بوو. ئەوەندەی دروشمی کوردایەتی لەو یاریگایە دەگووترایەوە لە خۆپیشاندنەکاندا نەدەگووتران، کەچی ئێوە دەتانەوێت ئەو مێژووە گەورەیە بسڕنەوە، بەداخەوە.. هیوادارم لە ئاستی باڵا بەدەنگەوە بێن.
ئیحسان تاهیر



