رووداو دیجیتاڵ
یانەی هەولێر لە گەڕی حەوتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە یانەی گەرمە دۆڕا، ئەوە یەکەم شکستی ئیپمپڕاتۆر بوو لە وەرزی ئەمساڵدا، بەڵام ئەنجامی یارییەکە تاکە شکست نەبوو، چونکە لە چەند خاڵێکی دیکەشدا هەولێر دۆڕا.
یەکەم خەمی هەر هاندەرێک یان هەر کەسێک کە بچێتە یاریگای هەولێر، دۆزینەوەی شوێنی ئۆتۆمبێلە، هێشتا کاژێر 19:00 بوو (دوو کاژێر بەر لە یارییەکە)، سەیرم کرد شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێل بۆ ئەو هاندەرانەی دەچنە یاریگا، نەمابوو. ئەوە خەمێک..
پێمنایە نێو یاریگاوە و بینیم 80٪ یاریگا پڕ بووە و شوێنی بەتاڵ نەماوە، بەڵام هێشتا هاندەرێکی زۆر خۆی بۆ ئەوە ئامادەکردبوو کە کاژێر 20:00 یان لانیکەم نیو کاژێر بەر لە یارییەکە بێتە ژوورەوە.
دەرگای ئازادی یەکێکە لەو دەرگا قەڵەباڵخانەی یاریگای هەولێر، بینیم دەیان منداڵ لە ترسان دەگریان، نەیاندەزانی چۆن دێنە نێو یاریگا و چۆن شوێنی خۆیان دەکەنەوە! پاڵپێوەنانێکی زۆر، شێوازیکی زۆر خراپی بلیت فرۆشتن! بەجۆرێک ئەوەی بلیتی یاریی دەفرۆشێت، سیکویریتییەکانی بەر دەرگان نەوەک کۆمپانیایەکی دیاریکراو.
هاندەرانی هەولێر چاوەڕوانن لە چەند هەفتەی داهاتوودا، یەکەم بەشداریکردنی تیپەکەیان لە جامی کەنداودا ببین، بڕیارە هەولێر لە فرانسۆ هەریریدا میوانداریی رکابەرەکانی بکات، بەڵام میوانداریی بەو جۆرە دەچێتە سەر؟ یاریگاکە نیوە کورسییەکانی شکاون و نیوەکەی دیکە، دۆخیان لە نیوەکەی یەکەم، خراپتر نەبێت باشتر نییە.
ئەوەی بینیم، هاوکات بوو لەگەڵ ئەو قسانەدا کە مەحموود عەزیز، بەڕێوبەری تیپی هەولێری خولی ئەستێرەکانی عێراق بە رووداو سپۆرتسی گوت، "دۆخەکە بەو شێوەیە بێت، ناتوانین لەم یاریگایەدا میوانداریی یارییەکانی جامی کەنداو بکەین!".
قەرەباڵخییەکە زۆر بوو، ئەمڕۆ رۆژی کۆبوونەوەی هەموو ئەوانە بوو کە دڵیان لەگەڵ هەولێرە. ئەوانەی بەدڵ بۆ بردنەوەی تیپەکەیان هاتبوون، بەر لە هەرشت، بێسەروبەرییەکی زۆریان لە چواردەوری یاریگاکە، بەر لە چوونە ژوورەوە بینی، ئەوەی دێتە یاریگاکەوە، دەبێ بەر لە هەرشت، دەست لە ئینتەرنێگەکەی بشووات، بۆ منیش هەروابوو.
ساختەکاری لە بلیتی یاریی؟ شتی وا هەیە؟
هاندەرێکی هەولێر هاواری لێکردم، ئاساییە لێدوانێک بدەم؟ وەڵامیم دایەوە لەسەر چی؟ هەندێک بلیتی پێشاندا و گوتی وەڵڵا ئەم بلیتانەم کڕی بوو، بەڵام نەیانهێشت بێمە ژوورە گوتیان ساختەیە؟! گوتم، یانی چۆن ساختەیە؟ گوتی: وەڵا سێ دانەم لەوە کڕی و گوتیان ئەوە ساختەیە، هەربۆیە ناچار بلیتە ئۆرجیناڵەکەم کڕی. سەیربوو، لە یارییەکی بەوشێوەیەدا، چۆن بلیتی ساختە وا بەئاسانی دەفرۆشرێنە هاندەر؟
لە بەشە گەرموگوڕەکەی یاریگاکە نزیکبوومەوە کە سەید تادانۆ و دەستەکەی لەوێن، ئەوان هەرزوو گەرمیان کردبوو، هاندان لەوپەڕیدابوو، چوومە سەر ستەیجەکەیان و یەکێک لە جوانترین دیمەنەکانم بینی، هاندانێک کە تەنیا لە هاندەری هەولێرم بینیوە، هەندەی پێنەچوو حوسێن عەلیی گۆڵپارێز هەڵەیەکی کرد و هەولێر گۆڵی یەکەمی لێکرا.
دیمەنەکە شۆکهێنەربوو، هەڵەکە هاندەرەکانی ساردنەکردەوە لە هاندان، ئەوان دەستیان بە هاوار کرد، حوسێن.. حوسێن.. یەڵڵا، یەڵڵا حوسێن، لە کاتێکدا هەمووان چاوەڕێبوون حوسێن بەخۆبکەوێت و بدرەوشێتەوە، کەچی حوسێن، گۆڵێکی دیکەشی دا.
هاندەرێک بەدەم حەسرەتێکەوە هاواری کرد: سەرهەنگ لۆ دوو گەمەی ئاوها باش بوو.
گێمی یەکەم تەواو بوو، بەشێک لە هاندەران بەتووڕەیی و مڕومۆچییەوە یاریگایان بەجێدەهێشت، ئەوان لەبەر خۆیانەوە دەیانگوت: وەرە جێت نەبی لێی دانیشی، دوو گۆڵیش لەپاش بی!.
گێمی دووەم دەستیپێکرد، هاندەران بێ ئومێدییان پێوە دیاربوو، بەڵام بەردەوام بوون لە هاندان.
هەولێر گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، یاریگا و هاندەر هەمووان خرۆشان، بەئومێدی ئەوەی گۆڵی دووەمیشی لەدوا بێت، هەمووان هەر چاوەڕێی ئەو ساتەبوون کە هەولێر ئەنجامەکە یەکسان دەکاتەوە، بەڵام کاتی یارییەکە رۆیشت و ئەو ساتە هەر نەهات.
ناوبژیوان فیکەی کۆتایی لێدا و هاندەران وەک ئەوەی یاریی کۆتاییان دۆڕاندبێت، چاویان پڕ بووبوو لە ئاو، هەموویان شۆک بووبوون بەئەنجامی یارییەکە، لەسەر هەموو خەمان، تەنیا یەک دەرگا کرابووەوە بۆ ئەو هەموو هاندەرە! بەڵێ تەنیا یەک دەرگا، چۆن پێش چوونە یاریگا قەرەپەستانێ بوو، ئاوهاش لە کاتی چوونە دەرەوە قەرەپەستانێیەکە گەورەتر بوو.
کە چوومە دەرەوە، بیرم لەوە دەکردەوە ئەو چەند ڤیدیۆیەی تۆمارم کردبوون، چۆن بۆ رووداو سپۆرتسی بنێرم و چییان لێبکەم، بەڵام بۆنی میز لە چواردەوری یاریگاکە، بیرکردنەوەمی راگرت، بیرکردنەوەم گۆڕا، برووسکەیەک بە مێشکمدا هات و راستییەکم بۆ دەرکەوت، یاریگای فرانسۆ هەریری، ئاودەستی تێدا نییە!! ئەو بیست هەزار هاندەرەی دێنە یاریگاکە، لەکاتی پێویستدا، چۆن و لە کوێ، خۆیان بەتاڵ بکەنەوە؟
خۆم گەیاندەوە لای ئۆتۆمبێلەکەم و کەمێک لە قەرەباڵخییەکەی چواردەوری یاریگاکە دوورکەوتمەوە، ئەوکات ئیدی ئینتەرنێتم گەڕایەوە، یەکەم ڤیدیۆ بینیم، سەفین یاسینی سەرۆکی یانە بوو باسی ئەوەی دەکرد کەناڵی تایبەت بە یانەی هەولێر دادەنێین!! لەبەرخۆمەوە گوتم، ئەگەر کەناڵەکەت بۆ پێشاندانی کەموکورتییەکانی یاریگاکەت دەکەیتەوە، زەحمەت مەکێشە و ئەو خەرجییە مەکە، چونکە من لە چیرۆکێکدا، هەمووی دەگێڕمەوە.



