رووداو دیجیتاڵ
بەوە دەستپێدەکەم کە دەزگاکەمانتان پێبناسێنم، چونکە یارمەتیتان دەدات بۆ ئەوەی زیاتر لە نووسینەکەم تێبگەن. من و دیاری و رێبوار کارمەندی رووداوین، ئەو دەزگایەی زۆر پڕۆفیشناڵانە کاردەکات. بەخوا جگە لە وەرزش کاتێک رووداو کارمەندێک لە هەر بوارێکی دیکەش وەردەگرێت هەرگیز پێیناڵێت "تۆ لایەنگری کام حزبی؟ تۆ چۆن بیردەکەیتەوە؟ تۆ دەبێ ئەمە بکەی و ئەمە نەکەی". تەنیا دەیەوێت رۆژنامەنووسێکی باش بێت و ئەتەکێتی رۆژنامەڤانی پەیڕەو بکات.
من و دیاری
من و دیاری هەمان باج دەدەین، باجی ئەوەی کە راستگۆین لە بۆچوونەکانماندا و هەرگیز بۆ مجاملە و عاتیفە لەسەر دوو گوریس یاری ناکەین.
دەزانن رووداو تەنیا یەک داواکاری لە ئێمە هەبووە، ئەویش ئەوەیە کە پێیگوتووین "بێلایەنانە کاربکەن و دووربکەونەوە لە نماییش و جووڵەی ناشیرین، کە کاریگەرییان لەسەر منداڵ و خێزان و کۆمەڵگا هەبێت".
من لە هەمووتان زیاتر نزیکم لە دیاری، رۆژانە 8 کاژێر پێکەوەین، ئەو ئەندازیارێکی جوانە، وازی لە کاری ئەندازیاری هێناوە بۆ ئەوەی شرۆڤەی تۆپی پێ بکات، چونکە سەرکەوتنی خۆی لەو بوارەدا دەبینێت، کە هەر واش بوو، ئەو زۆر بەخێرایی بووە باشترینی کوردستان، پێشم سەیر نەبوو، چونکە من دەزانم چەند دڵسۆزە بۆ کارەکەی و چەند خۆی ماندوو دەکات.
حەزدەکەم ئەوە بزانن کە دیاری ئەلحەمدولیڵڵا نە هاندەری مێسی و نە هاندەری رۆناڵدۆ و نەهاندەری ریال و نە بارسێلۆنایە، هەر ئەوەش یارمەتی داوە کە بەڕاستی پیشەگەرانە کارەکەی بکات و نەکەوێتە ژێر کاریگەری عەتف و لایەنگری، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە نابێت دیاری هیچ شتێک بڵێت کە بەدڵی تۆ نییە، ئەو بۆچوونی خۆی دەڵێت، وەکئەوەی منیش دەیکەم، بەڵام مەرج نییە ئیلا بەدڵی تۆ بێت، لە هەمانکاتدا مەرج نییە هەموو بۆچوونەکانیشمان راست بێت.
برایان، من و دیاری پێکەوە جوانین، پۆدکاستێکی جوانمان هەیە، ئەوەندەی دیاری رێزم دەگرێت، هەندێکجار هەستدەکەم زۆر زیادەڕوویی دەکات، خۆی گفتووگۆش بەجیاوازی بیروبۆچوونەوە جوانە، زۆرجار لێکتووندی دەکەین لەنێو پۆدکاستدا، بەڵام دوای پۆدکاستەکەی دەچین پێکەوە قاوە دەخۆینەوە. زۆرجار لە بابەتێکی پۆدکاستدا بۆچوونی من و ئەو نزیکە لە یەکدی، بەخۆمان دەڵێین ئەمڕۆ پۆدکاستەکەمان گەرموگوڕ نەبووە.
برایانی بەڕێزم، من زۆر سوپاسی هەمووتان دەکەم، ئەوانەی دژایەتی من و دیاری دەکەن یان پشتگیریمان دەکەن، بەڵام یەک راستی هەیە، دەبێت بزانن، من خۆم بە مامۆستای دیاری دەزانم و کار لەسەر ئەو دەکەم ئەو زیاتر بچێتە پێشەوە، چونکە ئەو گەنجێکی تا بڵێی رەوشتبەرز، پاک و دڵسۆزو بەتوانایە، ئەو بووەتە نموونەیەکی جوانی شرۆڤەکاری لە کوردستان. ئەویش خۆی بە قوتابی من دەزانێت، بۆیە تکاتان لێدەکەم ئەوەی منی خۆش بوێت دەبێت دیاریشی خۆش بوێت، چونکە هەر بۆ خۆیشی لەڕووی کەسایەتییەوە زۆر سیفەتمان بەیەکدەچێت.
من و رێبوار
رێبوار محەممەد یەکێکە لەو کەسانەی دەستی گرتووم بۆ ناو بواری رۆژنامەگەری و زۆر شت لێی فێربووم. ئەو رۆژنامەڤانێکی زۆر بەتواناو و کوردیزانێکی زۆر باشە و بەکردەنی مامۆستای منە، ئێستاش زۆر شت لێی فێر دەبم، بەڵام ئەو پێشکەشکارە و ئەوانەی لەبواری رۆژنامەگەری شارەزان باشتر لەو راستییە تێدەگەن کە رۆڵی پێشکەشکار جیاوازە، پێشکەشکار پرسیار لە هەر میوانێکی بکات دەبێت بەو ئاراستەیە بێت کە جیاواز بێت لە بۆچوونەکانی میوان، بۆ ئەوەی وەڵامی پێبێت.
هەمیشە کاتێک پێشکەشکار دوو میوانی هەیە، کاتێک پرسیار لە یەکێکیان دەکات، وادەزانی بەئاشکرا لایەنگری میوانەکەی دیکەیە، بەڵام کاتێک پرسیار لە لایەنی دیکە دەکات، شۆک دەبێ، وادەزانی ئەمجارە لایەنگری میوانی یەکەمە. بەڵێ ئەمە سرووشتی کارکردنی پێشکەشکارە، لەبەرئەوە ئەوەی رێبوار محەممەد لە مۆندیالدا کردی لەم چوارچێوەیەدا بوو، ئەگەرنا هەر رێبوار بوو بەئاشکرا گوتی "لەبەرئەوەی مێسی بەتەنیا تیپەکەی گەیاندە یاریی کۆتایی حەزدەکەم مۆندیال بباتەوە".
ئێوە بەهەموو بیروبۆچوونەکانتانەوە بەڕێز و هێژان و دڵنیابن رووداو واتا پیشەگەری
ئیحسان تاهیر، برای بچووکتان
.jpg&w=3840&q=75)


