* رێبین تاڵیب
وتەیەک هەیە دەڵێت "تۆ شانازی مەکە بە نیشتیمانەوە، تۆ ئەو کەسەبە با نیشتیمان شانازیت پێوە بکات".
مێژووی مرۆڤایەتی قەرزاری مرۆڤە باڵا و جوامێر و دڵسۆزەکانە کە بوون و ژیانی خۆیان لەپێناو بەدەستهێنانی دەستکەوت بۆ نیشتیمانەکەیان دەبینن. لیۆنێل مێسیی ئەرجەنتینی وەک نموونەیەک.
بەوردبوونەوە لە کاروانی وەرزشیی مێسی بۆ من وەک هاندەرێکی سەرسەختی ئەو یاریزانە، بەدرێژایی کاروانی وەرزشی جیاواز لەوە دەیبینم، جگە لەوەی چالاکی وەرزشی سەرباری پەیامە گرنگ و گەورەی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتووری و نەتەوەیی، وەرزش ئەو هونەرە باڵایەیە کە کار دەکاتە سەر هەست و بیر و باوەڕ و هەڵچوونەکانمان و خۆشیەکانمان، ئەمە شتێکی سەرسوڕهینەرە کە بەبێ ئاگایی خۆت لە ساتێکدا و کتوپڕ قوڵدەبێتەوە لە خۆشەویستی و هاوشوناسبوون لەگەڵ کەسێک، یانەیەک یان وڵاتێک.
مێسی وەک گەوهەرێک بۆ هەمووان، بەپشتبەستن بە ئەزموونی ژیان و رابردووی لە کەوتن و هەستانەوە، تێدەگەین لەوەی ژیان پاداشتی کردار دەداتەوە نەک قسە، لە خۆبردووی و سادەیی سەرچاوەی هێزی مرۆڤەکانە. تێگەیشتن لە کەسایەتی خۆت کە هی خۆتە و کۆپی و لاسایی کەرەوەی کەس نییە، پاراستنی رەسەنایەتی و ئەو رەهەندە رۆحیە لە ئینتیما بۆ وڵات و بۆ تیپەکە وا دەکات سەروەری هەمووان بێت.
ئەرجەنتین وەک تیپێکی بەهێزی جیهان بەردەوام لەسەر شانۆیی تۆپی پێ، جوانترین و باڵاترین نماییشی کردووە، لە رابردوو و ئێستادا وەک لووتکەی تیپەکانی جامی جیهانی دەبینرێت. دەمەوێت بڵێم ئێستا هۆکارەکەی ئەوەیە سەرکردەیەکی باڵای وەک مێسی رابەرایەتی وڵات و ئاڵا و تیپەکە دەکات، بە مۆڕاڵێکی بەرزی ئەخلاقی و پیشەیی و هەوڵدانی بەردەوام، هەروەکو فەیلەسووفی گەورەی فەرەنسی دیکارت دەڵێت "ئەوەی پێگەیشتووە و تێگەیشتووە کەمتر لە خۆبایی دەبێت". ئەمە پڕاوپڕ راستە بۆ مێسی، ئەوەی دەزانێت کەمتر خۆیی دەردەخات، ئەوەی بەهێزەوە دەجەنگێت کەمتر نماییش دەکات.
مێسی وەکو یاریزانێک پەیامی گەورە و باڵای هەیە بۆ ژیان و مرۆڤایەتی، تەنانەت رکابەرەکانیشی خۆشیان دەوێت و رێزی لێدەگرن و هەڵدەستنە سەرپێ و چەپڵەی بۆ لێدەدەن، شانازی پێوە دەکەن و وێنەی لەگەڵ دەچرکێنن، یەکەم کەس پیرۆزبایی لێدەکەن.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئەمە بە چی دروست دەکرێت؟ وەک شەمسی تەبرێزی دەڵێت "لەگەڵ رکابەرە لاواز و بێدەسەڵاتەکان ئەخلاقت چۆنە؟ ئەوە بوون و مانای تۆیە. ئەمەش دەرئەنجامی سادەیی، خۆشەویستی، باوەڕبەخۆبوون و کۆڵنەدانە سەرەڕای ئالنگارییەکان".
مێسی عارفی تۆپی پێ لەگەڵ خودی خۆی و ناخی خۆیدا تووند، بەڵام لەگەڵ رکابەرەکانی هێمن و لەسەرخۆ.
مێسی لە ساڵەکانی رابردوودا شایستەی بەدەستهێنانی جامی جیهانی بوو ، سەرەڕای چەندینجار شکست، بەڵام ئەو بێهیوا نەبوو، هەستایەوە و دواتر گەورەتر و بەهێزتر بوو. مێسی تێگەیشت زۆرن ئەوانەی رکابەریان هەیە لە ژیان و ئەمە شتێکی سروشتییە، بەڵام تێگەیشتن لە روحی رکابەرایەتی و ململانێی بەشێوەیەکی پۆزەتیڤ لە مرۆڤی باڵا دەوەشێتەوە نەک کەسی هەرزە و تازە پیاکەوتوو. زۆر لە باڵندەکان دەتوانن بفڕن، بەڵام هەڵۆ نین ناگەنە لووتکە، زۆرن ئەوانەی سەرکەوتنێک یان دەستکەوتێک لەخۆبایی و ملهوڕیان دەکات، هەرزوو دەخلیسکێن و لەخۆبای بوون لەناویان دەبات و لە بچووکترین تاقیکردنەوەدا شکست دەخۆن. مرۆڤی کامڵ دەبێت لەوە تێبگات ژیان پلەبەندی و ئەزموون و دادپەروەرییە، هەرکەسەو توانا و هێزێکی هەیە، بەڵام ئەوەی لە کۆتایی دەمێنێتەوە جوانی و رۆحیەتی یەکتر قبوڵکردن و ڕوحیەتی کاری پێکەوەیی و دەست گیرۆیی ئەوانی دیکەیە، ئەمە مرۆڤی باڵایە کە دەیکات پێچەوانەی خۆبەگەورەزانی و لوتبەرزی و شانازیکردن بە دەستکەوتێکی کاتی دەرئەنجامەکەی وەک ئەو پووشەی بەردەم رەشەبای لێدێت سووک و ئاسان پەرش و بڵاودەبێتەوە.
مێسی وانەیەکی جوانی پیشەییە بۆ جیهان و ژیانی مرۆڤ، بەڵام ئەوەی تۆزێک بەئاگابێت و تێبگات سەرکەوتن لە هەموو کارێک بەپیشەیی و بوونی ئەخلاقی بەرز و راستگۆیی بەدەست دێت نەک بە شتی بچووک.
مێسی عارفی تۆپی پێ پڕە لە جوانی و خۆشەویستی و ژیری بەپێچەوانەی گەمژەکان بە چەپڵەلێدان و پیاهەڵدان خۆی ون ناکات، تەنیا بیر لە خۆی و بەرژەوەندیەکانی ناکاتەوە، بەڵکو سەرکەوتنی خۆی لەگەڵ هاوکاران و تیپەکەیدا دەبینێت، بەرژەوەندی گشتی و خزمەتی ئەوانی دیکە پێش خۆت ئەمە تۆ دەکاتە سەرکردە و پاڵەوان، وادەکات هەمووان شانازیت پێکەوە بکەن ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بێ ئاگا لەوەی ئێمە مەحکومین بە گەردوون و بە هێزێکی خوایی کە نیەتە باشەکان و رۆحە پاکەکان و جوامێرەکان سەردەخات، نیەتە پاکەکان دەیباتەوە لە ئەهریمەن و رۆحە شەیتانیەکان دەیدۆڕێنن.
لە کۆتاییدا چێژ و خۆشی لە رۆحی بەرزی وەرزشی ببینە، رکابەرەکانت قبوڵ بکە، رێزیان لێبگرە و واز لە ئیرەیی و حەسوودی بهێنە، چونکە زیاتر دەرووخێیت ،قبوڵیان بکە کە لە تۆ باشترو سەرکەوتووترن، سوود لە ئەزموون و دەسکەوتەکانیان وەربگرە، دواتر خەریکی خۆتبە و بەرە و پێشەوە هەنگاو بنێ. مێسی بکەرە نموونەیەکی باڵا بۆ خۆت لە ژیان ،کە ئەو جۆرە لە کەسایەتی و مرۆڤایەتی لەبیری ناکات بە کارەکانی نەک بە شتی دیکە، ژیان چییە و واتای چییە؟ کەواتە لە ئەزموونی مێسییەوە دوو هەنگاوی جدی، پێکەنینێک، خەمێکی قوڵ،کەوتن و هەستانەوە، یارمەتی و خۆشەویستی ئەوانی دیکە قبوڵ کردنی رکابەرەکانتە، ریزگرتن لەتوانای کەسانی دیکە، کە لە تۆ باشترن لە بوارێک لە بوارەکانی ژیان، هەنگاوە بۆ داهاتوو بە ئەخلاقێکی بەرزی پیشەییانەوە.
لە کۆتاییدا وەک دەڵێن دەوران دەوڵەتت لە دەست دەسەنێت، بەڵام ناوی چاک تاوەکو سەر دەمێنێت. نەمری بۆ مێسی و مۆڕاڵە بەرزەکانی،کە بەردەوامە لە سوپاسگوزاری و گەشبینی ئەوە فەلسەفەی ژیانی پیاوە نەمر و باڵاکان،ە کە لەپێناوی بەهای بەرز و فەزیلەت دەجەنگێن بۆ مرۆڤایەتی و بۆ خاک و نیشتیمانیان.
مێسی دەڵێت "هەرچیم ویستووە لەژیانمدا خودا پێیبەخشیوم، بۆیە ناتوانین لەمە زیاتر داوا لە خوا بکەین، هەمیشە دەڵێم خوا ویستی لەسەر چی بێت هەر ئەوە روودەدات، خودا گەورەیە و من سوپاسگوزاری خودام".
مێسی مرۆڤێک بۆ تێڕامان و تێگەیشتن لە ژیان و مرۆڤەکان زیاتر لە تۆپی پێ .
* قوتابی دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان



