کوردیKURDÎENGLISHTÜRKÇEعربي
Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
راستەوخۆ
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

ئاڵای کوردستان دەشەکێتەوە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

ئاڵای کوردستان دەشەکێتەوە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بیروڕا

ئەگەر ناکۆک نەباین!

0:00
0:00
قەبارەی دەق
عارف قوربانی
عارف قوربانی

25-11-2026

بابەتی پەیوەندیدار

چەتری دەستووریی قەوارەی هەرێمی کوردستان
بیروڕا24-11-2026

چەتری دەستووریی قەوارەی هەرێمی کوردستان

هاوڕێ تۆفیق
هاوڕێ تۆفیق
هەرێمی کوردستان پێویستی بە دوو پارت هەیە، نەک دوو پارچە!
بیروڕا23-11-2026

هەرێمی کوردستان پێویستی بە دوو پارت هەیە، نەک دوو پارچە!

خالید ئەحمەد
خالید ئەحمەد
یاسا و رێسا نەنووسراوەکانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا!
بیروڕا22-11-2026

یاسا و رێسا نەنووسراوەکانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا!

زوبێر رەسوڵ
زوبێر رەسوڵ

من بڕیارەکانى سەرۆکوەزیرانى عێراقم پێخۆشە، نەک لەبەر ئەوەى پێموابێت کۆتایى بە قاچاخچێتى نەوت و تاڵانى کوردستان دێنێت، چونکە دۆسیەى نەوت و قاچاخچێتى، دۆخى دەروازە سنوورییەکانى عێراق، بازرگانیی مادەى هۆشبەر و گواستنەوەى چەک و پارە لە خاڵە سنوورییەکانى ژێر دەسەڵاتى بەغدا هەزار جار لەوانەى هەرێمى کوردستان خراپترە. ئامانجى شیعەکانیش لەو بڕیارانە کۆتاییهێنان بە بەهەدەردانى سەروەت و سامانى دزراو نییە، بەڵکو کۆنترۆڵکردنەوەى کوردستانە.


بەدرێژایى ساڵانى رابردوو زۆرجار جەختم لەوە کردووەتەوە، ئەو هەلومەرجەى بۆ بەعس و سەدام رەخسابوو، ئەگەر بۆ شیعە بڕەخسێت، لە سەدام خراپتر بە کورد دەکەن. بڕیارەکانى دوێنێى عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بەرامبەر بە هەرێمى کوردستان، ئەو راستییەى سەلماند.


رۆژى 4-10-1992، پەرلەمانى کوردستان بە تێکڕاى دەنگ بڕیاریدا باشوورى کوردستان هەرێمێکى فیدراڵ بێت لە عێراق. دەسەڵاتى ئەوکاتى بەغدا، ئەوەى نەسەلماند، بەڵام لێگەڕا کورد لەو بەشە خاکەى باشوورى کوردستان کە لە دواى رووداوەکانى راپەڕین و کۆڕەو بە ئازادکراوى مابوونەوە، خۆیان حوکمى خۆیان بکەن. تەنانەت لە ساڵى 1995 کاتێ ئۆپۆزیسیۆنى عێراقى پلانێکیان هەبوو بۆ کردنەوەى چەند بەرەیەکى شەڕ لەدژى بەغدا، ئەوکات سەدام بە موکەڕەم تاڵەبانیدا نامەیەکى دەستنووسى بۆ مام جەلال نارد، تێیدا داوایکردبوو نەبنە بەشێک لەو (پیلانگێڕییە)، لە سنوورەکانى ئەوکاتى هەرێمى کوردستاندا دەوڵەتى کوردى رابگەیێنن عێراق دانى پێدا دەنێت، بەڵام کورد ئامادەنەبوون دەستبەردارى ئەو نیوەی دیکەى خاکى کوردستان بن، کە لەژێر دەسەڵاتى بەغدا بوو.


لەو حاڵەشدا بەغدا داواى نەکرد سوپاى عێراق بگەڕێتەوە هەموو سنوورەکان، داواى نەکرد دەروازە سنوورییەکان بخرێنە ژێر کۆنترۆڵى بەغداوە. کاتێ بۆ یەکەم جار لە کێڵگەى (تەقتەق) دەست بە ھەڵکەندنى بیرى نەوت کرا و کوردستان نەوتى دەرهێنا، نەیگوت دەبێت بەغدا بەڕێوەی ببا. هیچ کات گوشارى ئەوەى نەکرد ئەمن و ئیستخبارات و سوپا و پۆلیسى عێراق لە بازگەى تاسڵوجە ئامادەییان هەبێت، لانى کەم سوپاکەى لە گەرمیان لە دامێنى کفرى و لە بەرزاییەکانى بانى مەقان بوو، بەڵام ئێستا زەیدى دەیەوێ بەدەر لە سنوورەکان، دەروازەى سلێمانى و هەولێر و دهۆکیش بکاتە بنکەی سەربازەکانى.


بەدرێژایى ئەو 11 ساڵەى نێوانى جاڕى فیدراڵى تاوەکو رووخانى سەدام، ئەوەى ئامادە نەبوون فیدراڵى بسەلمێنن، ئۆپۆزیسیۆنى عێراقى بوو، کە هێشتا هیچ پێگە و دەسەڵاتێکیان نەبوو، ئاوارەى وڵاتان بوون. لەدواى رووخانى بەعس و بونیاتنانەوەى عێراقى نوێدا وەک دۆخێکى ناچارى بە رووکەش فیدراڵییان پەسند کرد، بەڵام لەبەر ئەوەى باوەڕیان پێى نەبوو، لە پراکتیزەکردنى دەسەڵاتیاندا بە عەقڵیەتى ناوەندگەراییەکى مەزهەبگەرا مامەڵەیان لەگەڵ کوردستان کرد. ماجەرای ئەو دوو دەیەیەى رابردوو پڕن لە گوفتار و رەفتارى دووژمنکارانە، بەڵام هێشتا باریان خوارە و لەناو کۆمەڵێک تەنگەژەى ناوخۆ و هەرێمایەتى و نێودەوڵەتیدان. ئەگەر هەلومەرج بە ئاقارێکدا بڕوات پشتیوانى هەرێمیى و نێودەوڵەتییان هەبێت، بەدڵنیاییەوە ئەوەى چاوەڕوان ناکرێت دەرهەق بە کورد دەیکەن.


ئەوەى عەلى زەیدى بڕیارى لەسەر داوە، خواستى جەعفەری و مالکى و عەبادى و سوودانیش بوو، هەر کام لەو سەرۆکوەزیرانانە دەرفەتى بۆ بڕەخسابا، هەمان ئەو بڕیارانەى دەدا و هەمان رووپۆشى دەستوورى پێوە دەپێچا، بەڵام پرسیارى جەوهەرى لێرەدا ئەوەیە کە هێشتا شیعە لەبەردەم هەڕەشەى دەرەکیدان، بۆچى بەو ئەندازەیە پەردەیان لەسەر دید و تێڕوانین و ئامانج و ستراتیجی خۆیان لابرد بەرامبەر بە سیستمى فیدراڵى، بەرامبەر بە کورد وەک نەتەوە و قەوارەى هەرێمى کوردستان، وەڵامەکەى روونە، قۆستنەوەى ناکۆکى ناوماڵى کوردە. ئەگەر کوردستان لانى کەم لەسەر پرس و بابەتە نەتەوەیى و نیشتمانییەکان یەکهەڵوێست و یەکگرتوو بووایا، رەنگە بەو ئاسانییە دەسەڵاتى شیعەى فەرمانڕەوا، جورئەتى راگەیێندراوى لەو جۆرەى نەبووایە، بەڵام ئەوان دەزانن دۆخى ناوخۆى کوردستان، پەیوەندى نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان، پەیوەندیی نێوان دوو هێزە سەرەکییەکەى دەسەڵات، پەیوەندیی نێوان خەڵک و حوکمڕانییەکەى لەچى ئاستێکى خراپدایە، بۆیە دەیانەوێ لەم کاتەدا دەسەڵات و هەژموونى خۆیان بسەپێنن.


هەر بەوەندەشەوە ناوەستێ، دڵنیابن ساڵێک و دووانى دیکە، داوا دەکەن دەبێت پێشمەرگە چەکى گەورەى لە دەست نەبێت، مەرجى پێدانى مووچە دەبەستنە تەسلیمکردنى چەکى دەستى پێشمەرگەوە. گرووپگەلێکى کوردى وابەستە و چاوخوارى خۆیان دەخەنە سەر کەناڵەکانى راگەیاندن و دەڵێن پێشمەرگەمان بۆ چییە، عێراق دەمانپارێزێت. بوونى پێشمەرگە مەترسییە لەسەر میللـەتەکە و هەر کاتێ پارتى و یەکێتیى تێکبچن، شەڕی ناوخۆ دروست دەبێت. دەیان بەیت و بالۆرەى لەم جۆرە دەکوتنەوە.


گرفتى بنەڕەتى لێرەدا ئەوەیە بەهۆى خراپ بەڕێوەبردنى کەرتى نەوت و گومرگ و دەوازە سنوورییەکان، لە گەندەڵى و قاچاخچییەتییەوە بیگرە تا ئەوەى هەرێمى کوردستان وەک ترانزێتى گواستنەوەى تلیاک وێنا بکرێت، رەوایەتى داوە بە عێراق بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات. لە کاتێکدا لە هەموو روویەکەوە دۆخى حوکمڕانى بەغدا باشتر نییە لە کوردستان. دۆسیەى گەندەڵى و قاچاخچیەتى و مادەى هۆشبەر، سەتان جار زیاترە لەو خراپەکارییانەى لە کوردستان هەن، بەڵام ململانێ و ناتەبایى ناوماڵى کورد دەرفەتى ئەوەى رەخساندووە هەموو چاوەکان لەسەر کوردستان بن.


پارتى و یەکێتى وەکو دوو هێزى سەرەکى لە کوردستان، بەرپرسیارێتی گەورەیان لە ئەستۆیە کە بەجۆرێک حوکمڕانى بکەن پاساو نەدەنە دەستى بەغدا، کە دەزانن بەغدا هەر دەرفەتێکى بۆ رێککەوێت قەوارە دەستوورییەکەى کوردستان هەڵدەوەشێنێتەوە. ئەسڵى بابەتەکە گەندەڵى نییە، باوەڕ نەبوونە بە فیدراڵى و بەشێکە لەو پیلانگێڕییە هەرێمى و نێودەوڵەتییەى لەدژى کورد لە ئارادایە. بەتایبەتى دواى ئەو رووداوانەى لە رۆژئاواى کوردستان روویاندا، چاوەڕوانکراوە بیانەوێت هەمان سیناریۆ لە باشوورى کوردستانیش جێبەجێ بکرێت، ئەمە وەک پێشهاتێکى چاوەڕوانکراو، وەک هەڕەشە و مەترسییەکى راستەقینە بوونى هەیە.


تازە زەمەن ناگەڕێتەوە، ئەوەى پێى گەیشتووین دەرئەنجامە، بەڵام سیاسەتى دروست دەتوانێت قەرەبووى لە دەستچووەکان بکاتەوە. پێویستە دوو هێزە سەرەکییەکەى هەرێمی کوردستان بەخێرایى کێشە و ناکۆکییە ناوخۆییەکانیان چارەسەر بکەن، کۆتایى بەو ململانێ و دەستبادانەى یەکدى بێنن، کە ئێستا بۆ هەردوولایان دەرکەوت چەند بۆسەیان بۆ دانراوە. سەرقاڵبوونیان بە یەکدییەوە، دەرگاى چى دۆزەخێکیان لێدەکاتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

چەتری دەستووریی قەوارەی هەرێمی کوردستان
بیروڕا24-11-2026

چەتری دەستووریی قەوارەی هەرێمی کوردستان

هاوڕێ تۆفیق
هاوڕێ تۆفیق
هەرێمی کوردستان پێویستی بە دوو پارت هەیە، نەک دوو پارچە!
بیروڕا23-11-2026

هەرێمی کوردستان پێویستی بە دوو پارت هەیە، نەک دوو پارچە!

خالید ئەحمەد
خالید ئەحمەد
یاسا و رێسا نەنووسراوەکانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا!
بیروڕا22-11-2026

یاسا و رێسا نەنووسراوەکانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا!

زوبێر رەسوڵ
زوبێر رەسوڵ
پێشنیازەکان

ئەمەنەش ببینە