کوردیKURDÎENGLISHTÜRKÇEعربي
Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
راستەوخۆ
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Article hero image
بیروڕا

هەرێمی کوردستان پێویستی بە دوو پارت هەیە، نەک دوو پارچە!

0:00
0:00
قەبارەی دەق
خالید ئەحمەد
خالید ئەحمەد

23-11-2026

بابەتی پەیوەندیدار

یاسا و رێسا نەنووسراوەکانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا!
بیروڕا22-11-2026

یاسا و رێسا نەنووسراوەکانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا!

زوبێر رەسوڵ
زوبێر رەسوڵ
وەهمی سەقامگیری؛ دەوڵەتی سۆفتوێر و دەوڵەتی کۆنکرێت
بیروڕا22-11-2026

وەهمی سەقامگیری؛ دەوڵەتی سۆفتوێر و دەوڵەتی کۆنکرێت

رێباز عەلی
رێباز عەلی
دابەزینە گەورەکە؛ چی روویدا، چیمان لەبەرچاو نەگرت و دواتر چی دەبێت؟
بیروڕا21-11-2026

دابەزینە گەورەکە؛ چی روویدا، چیمان لەبەرچاو نەگرت و دواتر چی دەبێت؟

د. ئازاد گەیلانی
د. ئازاد گەیلانی


ئەزموونی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای ساڵانی نەوەتەوە تاوەکو ئێستا، بە قۆناخی جیاواز و زۆر سەختدا تێپەڕیوە. دوای هەڵبژاردنەکانی 1992، لە ئەنجامی رێککەوتنێکی سیاسی لەنێوان دوو هێزی سەرەکیی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سیستمێکی هاوبەشی حوکمڕانی لەسەر بنەمای 50-50 دانرا.


لە ماوەی 34 ساڵی رابردوودا، ئەم هاوبەشییە هەندێک جار بەرەو لووتکەی هەماهەنگی و هاوکاری چووە و، هەندێ جاریش گەیشتووەتە ئاستێکی بەرزی ناکۆکی و دووژمنایەتی. ئەمەش نیشانی دەدات کە هاوبەشیی سیاسی، ئەگەر لەسەر بنەمای دامەزراوەیی و یاسایی نەبێت، دەتوانێت ببێتە هۆکاری قەیرانی بەردەوام.


هەرێمی کوردستان لەبەردەم قۆناخێکی نوێدا


ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان لە قۆناخێکی نوێی سیاسی و حوکمڕانیدایە. بۆ یەکەمجار، پەرلەمان بەبێ ئەوەی رێککەوتنێکی سیاسیی پێشوەخت لەنێوان هەردوو هێزی سەرەکی دا هەبێت، بەرەو کارکردن دەچێت. ئەم گۆڕانکارییە، هەرچەندە دەرئەنجامێکی سرووشتیی پرۆسەی دیموکراسییە، لە هەمان کاتدا دەتوانێت دەرفەتێکی نوێ بێت بۆ پێشخستنی پەرلەمان و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە: ئایا هەر ناکۆکییەکی سیاسی لەنێوان هێزە سەرەکییەکاندا، پێویستە ببێتە هۆکاری لاوازبوونی هەرێمی کوردستان؟ ئایا چارەسەری قەیرانە سیاسییەکان، لە دابەشکردنی دەسەڵات بەسەر دوو ناوچە و دوو دەسەڵاتدایە؟


بە بۆچوونی من، هەوڵەکانی دابەشکردنی هەرێمی کوردستان، چ بە شێوەی راستەوخۆ بن و چ بە شێوەی ناڕاستەوخۆ، نە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان دەگونجێن و نە وەڵامدانەوەن بۆ ئاڵۆزییە سیاسی و ئابوورییەکانی ئێستا. بەتایبەتی کە هەرێمی کوردستان لەژێر کاریگەریی گۆڕانکارییە نێوخۆیی، عێراقی و هەرێمایەتییەکان دایە و داهاتوویەکی لەم شێوەیەی بێسەقامگیری، دەتوانێت زیانی گەورە بگەیێنێتە بەرژەوەندییە گشتییەکان.


پێویستیمان بە دوو بەرە هەیە، نەک دوو دەسەڵات!


بە بۆچوونی من، کاتی ئەوە هاتووە هەردوو هێزی سەرەکی لە بیرکردنەوە لە دابەشکردنی هەرێمی کوردستان تێپەڕن و لە جێگەی ئەوە، بیرکردنەوەی خۆیان بەرەو بنەمایەکی نوێی دیموکراسی ببەن؛ ئەویش دابەشکردنی دەسەڵاتە بەسەر دوو بەرەی سیاسی:


بەرەی حوکمڕان: حکومەتێکی بەهێز، کارا و بەرپرسیار، کە بەرنامە و پڕۆژەکانی بە شەفافیەتەوە بەڕێوەببات.


بەرەی ئۆپۆزیسیۆن: ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز، بەرپرسیار و نیشتمانپەروەر، کە چاودێریی کاری حکومەت بکات، لەگەڵ پێشکێشکردنی بەرنامە و چارەسەری جێگرەوە.


ئەمە دابەشکردنی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو دابەشکردنی دەسەڵاتە بە شێوازێکی دیموکراسی، بۆیە پێویستە ڕکابەریی نێوان هێزە سیاسییەکان بەرەو خزمەتکردنی خەڵک و پێشخستنی هەرێم ئاراستە بکرێت، نەک بەرەو قەیران و ناکۆکیی بێکۆتایی.


دەستوورێکی روون، پێویستییەکی نیشتمانییە


لە راستیدا، یەکێک لە گرنگترین کارە هاوبەشەکانی هەردوولا، پێکهێنانی دەستوورێکی زەلال و روونە بۆ هەرێمی کوردستان؛ دەستوورێک کە سنووری دەسەڵاتە جیاوازەکان دیاری بکات، ماف و ئەرکەکانی حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن بە شێوازێکی یاسایی بپارێزێت و، بنەماکانی دەستاودەستکردنی دەسەڵات و چاودێری و بەرپرسیاریێتی دیاری بکات. هەرێمی کوردستان پێویستی بە سیستمێکی دامەزراوەیی هەیە، نەک سیستمێکی پشتبەستوو بە رێککەوتنی کاتی و هەژموونی سیاسیی هێزە سەرەکییەکان.


دوو جۆر سیستمی حیزبی، دوو ئەزموونی سیاسی


لە جیهانی دیموکراسیدا، سیستمەکانی هەڵبژاردن و سیستمە حیزبییەکان لە شێوە و ئەنجامەکانیاندا جیاوازن. سیستمی فرەحیزبی دەتوانێت ببێتە هۆکاری دروستبوونی پەرلەمانێکی فرەهێز، بەڵام ئەگەر هاوپەیمانی و هاوکاری نەبێت، پێکهێنانی حکومەت و پاراستنی سەقامگیری دەکەوێتە بەر سەختی. لە بەرامبەر ئەودا، سیستمی دوو حیزبی، یان سیستمێکی نزیک لەوە، زیاتر مەیلی بەرەو دروستبوونی دوو بەرەی سەرەکی هەیە؛ بەرەی حوکمڕان و بەرەی ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام ئەمەش پێویستی بە دامەزراوەی بەهێز، یاسای روون و کولتوورێکی سیاسیی دیموکراتی هەیە.


ئەوەی بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، وەرگرتنی ئەزموونی جیهانە، نەک کۆپیکردنی سیستمێک بەبێ گونجاندن لەگەڵ خەڵک و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان.


پەیامی کۆتایی


هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێویستی بە یەکگرتووییەکی سیاسی و ستراتیژی هەیە، نەک یەکسانبوونی هەموو هێزە سیاسییەکان. جیاوازی و رکابەری لەنێوان پارتەکاندا، بنەمایەکی سەرەکیی دیموکراسییە؛ بەڵام پاراستنی خاک، دامەزراوەکان و بەرژەوەندییە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان، دەبێتە بەرپرسیارێتیی هاوبەشی هەموو لایەک.


ئەگەر پارتەکانی کوردستان بەڕاستی بیر لە داهاتووی هەرێمی کوردستان بکەنەوە، دەبێت لە خۆیان بپرسن: ئایا پێویستمان بە دوو هەرێم هەیە، یان پێویستمان بە دوو بەرەی سیاسیی بەهێز، لەنێو هەرێمێکی یەکگرتوودا هەیە؟


بە بۆچوونی من، وەڵامەکە روونە: هەرێمی کوردستان پێویستی بە دوو پارتی بەهێز، دوو بەرەی سیاسیی رکابەر و، یەک خاک و یەک دەسەڵاتی یاسایی هەیە؛ نەک دوو پارچەی سیاسی و جوگرافی.



بابەتی پەیوەندیدار

یاسا و رێسا نەنووسراوەکانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا!
بیروڕا22-11-2026

یاسا و رێسا نەنووسراوەکانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا!

زوبێر رەسوڵ
زوبێر رەسوڵ
وەهمی سەقامگیری؛ دەوڵەتی سۆفتوێر و دەوڵەتی کۆنکرێت
بیروڕا22-11-2026

وەهمی سەقامگیری؛ دەوڵەتی سۆفتوێر و دەوڵەتی کۆنکرێت

رێباز عەلی
رێباز عەلی
دابەزینە گەورەکە؛ چی روویدا، چیمان لەبەرچاو نەگرت و دواتر چی دەبێت؟
بیروڕا21-11-2026

دابەزینە گەورەکە؛ چی روویدا، چیمان لەبەرچاو نەگرت و دواتر چی دەبێت؟

د. ئازاد گەیلانی
د. ئازاد گەیلانی
پێشنیازەکان

ئەمەنەش ببینە