سیستەمی سیاسی و پرۆسەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا، سەرەڕای بوونی دامەزراوەی هەڵبژێردراو و پەرلەمان، بەڵام لە جەوهەردا سیستەمێکی دووحیزبییە کە لەلایەن "پارتی دیموکراتی کوردستان" و "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان"ـەوە بەڕێوەدەبردرێت. ئەم مۆدێلە لە حوکمڕانی، لە دەرەوەی دەقە دەستووری و یاساییەکان، کۆمەڵێک "یاسا و بنەمای نەنووسراو"ـی خۆی هەیە، کە وەک رێسای هاوکێشەی حوکمڕانی وان بۆ پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا. ئەم یاسایانە نە بەشێکن لە دیموکراسی و نە بەشێکیشن لە یاسا و بنەما دەستوورییەکان، بەڵام وەک یاسا و پرەنسیپ وان بۆ فۆڕمی حوکمڕانی؛ بە جۆرێک کە هەر لادانێک لەم فۆڕمەدا، کێشەی سەرەکی بۆ تەواوی پرۆسەی سیاسی دروستدەکات.
لەم شیکارییەدا، پێنج تایبەتمەندی و بنەمای سەرەکیی ئەم جۆرە مۆدێلەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا دەخەینە بەرباس، کە رەنگدانەوەی دۆخێکی تاڵ و دەرەنجامێکی نەرێنییە بۆسەر کۆی پرۆسەی دیموکراسی و بەرژەوەندیی گشتی، بەڵام لە هەمان کاتدا واقیعێکە و ناچارین دانی پێدابنێین:
یەکەم: حیسابنەکردن بۆ دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن و دەستبردن بۆ ڤیتۆی پەکخستنی حوکمڕانی: وەک ئاشکرایە، لە سیستەمە دیموکراسییە جێگیرەکاندا ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان پێوەری یەکلاکەرەوەیە بۆ پێکهێنان یان گۆڕینی حکومەت، بەڵام لە واقیعی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا پارسەنگی هێز و پێوەری حوکمڕانی، بە ژمارەی کورسییەکان دیاریناکرێت. پارتی و یەکێتی، بەهۆی باڵادەستیی سەربازی، ئەمنی و ئابوورییان بەسەر ناوچەکانی قەڵەمڕەویان (ئەوەی لە رووی سیاسییەوە بە زۆنی زەرد و سەوز دەناسرێت)، هەمیشە مافی ڤیتۆی نەنووسراویان لە پرۆسەی سیاسیدا هەیە. ئەم دوو هێزە دەتوانن لە هەر ساتێکدا بیانەوێت پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت پەکبخەن، یان کارەکانی حکومەت ئیفلیجبکەن، بێگوێدانە ئەوەی کام لایەن براوەی یەکەمە لە سندووقەکانی دەنگداندا. ئەمەش وایکردووە دامەزراوە شەرعییەکان ببنە بارمتەی رێککەوتنە حیزبییە دووقۆڵییەکان، نەک ئیرادەی دەنگدەر.
دووەم: ئیفلیجیی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی: یەکێک لە دەرکەوتە هەرە دیارەکانی ئەم مۆدێلە، ناکاریگەریی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنە؛ واتە کاتێک ململانێ و قەیران دەکەوێتە نێوان هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارەوە، ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا توانای هیچ جۆرە مانۆڕ و دەستپێشخەرییەکی نامێنێت - خۆی دەکات بە بێلایەن و لە کاری ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی دەکەوێت. بۆ نموونە، هێزەکانی دەرەوەی بازنەی ئەم دوو حیزبە، لەکاتی قەیرانەکاندا لەنێوان ترس و بێهەڵوێستیدا دەمێننەوە؛ وەک ئەوەی ئێستا لەئارادایە. ئەم دۆخە، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بێبەها و بێسەنگ کردووە؛ بە جۆرێک، بوون و نەبوونیان لە هاوکێشەی سیاسیدا گۆڕانکاری دروستناکات.
سێیەم: پەراوێزخستنی رای گشتی: سیاسەت لە هەرێمی کوردستاندا خەریکە دەبێتە مۆدێلێکی تەواو "نوخبەوی" (Elitist) و سەروو-کۆمەڵگەیی. لەکاتی سەرهەڵدانی قەیران و ململانێ، یان لەکاتی دانیشتن و دانوستاندنەکانی نێوان پارتی و یەکێتیدا، ئەوەی هیچ رۆڵ و ئامادەییەکی نییە، بریتییە لە رای گشتی و رەچاوکردنی بەرژەوەندیی خەڵک. بڕیارە سیاسییەکان و ئاراستەی ململانێکان، بەتەواوی لە فاکتەری هاووڵاتی و حیسابکردن بۆ شەقام دابڕاون. ئەم دوو هێزە چ لەکاتی دابەشکردنی دەسەڵات و سامان یان لەکاتی ململانێدا، تەنیا لە روانگەی پاراستنی بەرژەوەندییە حیزبییەکانەوە مامەڵە دەکەن؛ ئەمەش وایکردووە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا شەرعییەت و رەزامەندیی جەماوەری تاوەکو ئاستێکی زۆر لەدەستبدات، لە هەمان کاتیشدا متمانەی خەڵک بە دەسەڵاتی سیاسی و پرۆسەی حوکمڕانی لەوپەڕی نزمیدا بێت.
چوارەم: ململانێ لە چوارچێوەی یاریی دۆڕاو-دۆڕاو (Lose-Lose Game): لە روانگەی "تیۆریی گەمە" (Game Theory) لە زانستی سیاسەتدا، ململانێکانی نێوان پارتی و یەکێتی هەمیشە لەسەر بنەمای یاریی "سفری"ـیە، کە تێیدا لایەنێک براوەیەکی رەها و لایەنەکەی دیکە دۆڕاوێکی رەها بێت؛ بەڵام لە راستیدا ئەزموونی مێژوویی ململانێکانی ئەم دوو لایەنە سەلماندوویەتی، کە رووبەڕووبوونەوە درێژخایەنەکانیان هەمیشە یارییەکی "دۆڕاو-دۆڕاو"ـە. دوای تێپەڕبوونی قۆناغێکی سەخت لە گرژی، وەستاندنی پرۆسەی حوکمڕانی، بەفیڕۆدانی کات، سەرمایەی نیشتمانیی و وزەی کۆمەڵگەیی، هەردوو لایەن ناچار دەبن بگەڕێنەوە بۆ خاڵی سەرەتا و لەسەر مێزی گفتوگۆ رێکبکەونەوە. بەم فۆڕمە، کەسیان نابنە براوەی کۆتایی؛ لەم نێوەندەدا ئەوەی کە بەسەختی زەرەرمەند دەبێت و باجەکەی دەدات، خەڵکی کوردستان و پێگەی دەستووری و ئابووریی هەرێمی کوردستانە لە ئاستی نێوخۆیی و ناوچەییدا.
پێنجەم: دوو حیزبی ناکۆک، لە هەمان کاتدا لێکچوو: لە رووی پێکهاتەیی و سیستەمییەوە، پارتی و یەکێتی پەیوەندییەکی ئۆرگانیی ئاڵۆزیان هەیە، کە دەکرێت بە "پێکەوەژیانی ناچارەکی" ناوزەدبکرێت. رەنگە لە رووی تیۆرییەوە، یەکێتی، لایەنە سیاسییەکانی دیکە بە باشتر بزانێت لە پارتی بۆ ئەوەی حوکمڕانیی ناوچەکانی قەڵەمڕەوی "زەردی" لەگەڵدا بەشبکات (هەرچەندە لە واقیعدا ئەمە زۆر قورسە)؛ بەڵام بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، لەم قۆناغەدا هیچ جێگرەوەیەکی گونجاوتر لە یەکێتی بوونی نییە تاوەکو حوکمڕانیی ناوچەی سەوز، یان کۆی هەرێمی کوردستانی لەگەڵدا بەشبکات. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە سەرەڕای ناکۆکییە قووڵەکانی پارتی و یەکێتی، ئەم دوو حیزبە لە رووی مۆدێلی حیزبییەوە، شێوازی بەڕێوەبردن، سیستەمی دارایی و تەنانەت لە رووی هێزی چەکدار و ئەمنیشەوە، زۆر زیاتر لە یەکتر دەچن، وەک لە هەر حیزبێکی دیکەی گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستان. ئەم لێکچوونە پێکهاتەییە وایکردووە، لە کۆتایی هەموو ململانێکاندا، هەردوولا دوای گەڕێکی دوورودرێژی ململانێ، بەناچاری یەکتر قبووڵبکەنەوە.
بەکورتی، لە قۆناغی ئێستای حوکمڕانیدا لە هەرێمی کوردستان، پێوەر دەرهاوێشتەی کورسیی هەڵبژاردن نییە، بەڵکو دەرهاوێشتەی لۆژیکی هێز و بەرژەوەندیی دووحیزبییە نەک لۆژیکی دامەزراوەیی و دیموکراسی. بێسەنگبوونی دەنگی دەنگدەر، ئیفلیجبوونی ئۆپۆزیسیۆن و ونبوونی بەرژەوەندیی گشتی لەنێوان قەیرانە دووبارەبووەکانی پارتی و یەکێتیدا، ئەو راستییە دەسەلمێنن کە فۆڕمی سیاسی و ئیداریی هەرێمی کوردستان، پێویستیی بە چاکسازییەکی ریشەیی و داڕشتنەوەی پەیمانێکی نوێی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە؛ ئەگەرنا بەردەوامبوون لەسەر ئەو مۆدێلە، بە پێوەری یاریی "دۆڕاو-دۆڕاو"، نەک تەنیا حوکمڕانی، بەڵکو دواجار "قەوارەی هەرێمی کوردستان"ـیش رووبەڕووی مەترسیی مانەوە دەکاتەوە.



