رەنگە بیستنى ئەو دەربڕینە و وێناکردنى ئەڵمانیا بە گۆڕستانى ژنان، شۆک بێت بۆ کەسانێک کە وێناى ئەڵمانیا بەو جۆرە لە هزر و بیرکردنەوەیاندا چەسپاوە، ئەڵمانیا وڵاتى ئازادى، دیموکراتى، دادپەروەری، یەکسانى و مافەکانى مرۆڤە؛ بەڵام ئەگەر راستیتان دەوێت لە واقیعدا ژیان لە ئەڵمانیا بەو جۆرە نییە کە لە دوورەوە وێنایەکى شاعیرانەى بۆ دروستکراوە.
ئەگەر تەنها تووندوتیژیى خێزانى و کوشتنى ژنان بە نموونە وەربگرین، ئەوا بەپێى ئەو ئامار و داتایانەى ساڵانە لەلایەن فەرمانگەى پۆلیسى تاوانەکان لە ئەڵمانیا بڵاودەکرێنەوە، رێژەى تووندوتیژیى خێزانى بە سەتان هەزارە و ساڵ لەدواى ساڵیش بەرزتر دەبێتەوە. کوشتنى ژنانیش لە ئەڵمانیا بە جۆرێکە، ئەگەر هەموو رۆژێک نەبێت، لانیکەم لە سێ رۆژدا دوو ژن دەکوژرێت، کە ئەمەش زیاترە لە وڵاتێکى دواکەوتووى وەک ئەفغانستان. ئایا ئەمە شۆک نییە؟
بە حوکمى پیشەکەم وەک رۆژنامەنووس و لێکۆڵەرێک لە بەدواداچوونى تاوانەکان، بەتایبەتى کە لە ساڵانى رابردوودا لەو بوارەدا کارم کردووە و ئێستاش لە ئەڵمانیا بەشوێن چەند کەیسێکەوەم، گەیشتووم بە دەرئەنجامێک رەنگە بۆ ئەڵمانیا شۆک بێت، گەر بڵێم رێژەى تووندوتیژیى خێزانى و کوشتنى ژنان بەشێکى زۆرى پەیوەندیى بە خودى یاساکانى ئەڵمانیاوە هەیە. بێگومان هەر کەس گوێبیستى ئەم قسەیە بێت لاى دەبێتە پرسیار، بۆچى یاسا هۆکار بێت بۆ زیادکردنى تووندوتیژی و تاوان، لە کاتێکدا یاسا بۆ رێگرییە لە تاوان؟
پێش هەر شت، دەبێت دوو شت لەبارەى یاسەوە باس بکەین، یەکەم هاوتەریببوونى یاسایە بە کولتوور و دابونەریتى کۆمەڵگە. دووەم شت ئەوەیە، یاسا جگە لە پرەنسیپە گشتییەکەى کە رێکخستنى پەیوەندى و ژیانى تاکەکانى ناو کۆمەڵگەیە، دوو ئەرکى دیکەى هەیە. ئەوانیش رێگرییە لە ئەنجامدانى تاوان و سزاى تاوانکارە.
سەبارەت بە هاوتەریببوونى یاسا بە کولتوور و دابونەریتى کۆمەڵگە، ئەڵمانیا 84 ملیۆن کەسە، لەم ژمارەیە نزیکەى 15 ملیۆنى نائەڵمانن. کولتوور و دابونەریت و ئایین و زۆر شتیان جیاوازە. بەڵام یاساکان بە شێوەیەکى گشتگیر بە رەچاوکردنى دابونەریت و ئایین و کولتوورى ئەڵمانەکان دەرچوێندراون. بۆیە دەتوانم بڵێم کولتوور و ئایین و دابونەریتى 15 ملیۆن کەس لەبەرچاو نەگیراوە.
سەبارەت بە دوو ئەرکە سەرەکییەکەى دیکەى یاسا، (رێگری لە تاوان و سزاى تاوانکار)، بۆ نموونە لە یاساکانى تایبەت بە هاتووچۆ، هەر کەسێک (بە سەرخۆشى) ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت سزاى تووندى هەیە. لە کاتێکدا هێشتا تاوانى ئەنجام نەداوە و رووداوى نەخوڵقاندووە، بەڵام بۆئەوەى پێش بە تاوان و رووداو بگیرێت، پرۆسەى (لێخوڕین بە سەرخۆشى) کراوە بە تاوان. یاخود رێگایەک تیژڕەوییەکى دیاریکراوى بۆ دانراوە، هەر کەسێک لەوە زیاتر لێبخوڕێت سزا دەدرێت. ئەمە بۆ چییە؟ بێگومان بۆ ئەوەیە رێگە لە رووداو و کارەسات بگرێت.
لە پرس و بابەتێکى هەستیاردا کە راستەوخۆ پەیوەندیى بە زیادبوونى ئەو ژمارە بەرچاوەى تووندوتیژیى خێزانى و کوشتنى ژنانەوە هەیە لە ئەڵمانیا، دەوڵەت بەرپرسیارە لە خراپ مامەڵەکردن بەو دوو ئەرکەى یاساوە کە زەمینەى ئەو هەموو تاوانەى خۆشکردووە. ئەویش بابەتى (ناموسە).
هەر بەپێى ئامار و داتاکانى (فەرمانگەى پۆلیسى تاوان) نزیک بە هەموو تووندوتیژى و کوشتنەکان لەناو کۆمەڵگە نائەڵمانەکانى ناو کۆمەڵگەى ئەڵمانیان. سەروو 90%ی رووداوى کوشتن و تووندوتیژییەکانیش لەلایەن مێرد و برا و کەسوکارى ژنەکانەوە ئەنجام دراون و راستەوخۆ پەیوەندییان بە پرسى ناموسەوە هەیە.
کێشەکە چییە؟ روون و راشکاو بابەتى سێکس لە ئەڵمانیا ناچێتە ناو چوارچێوەى تاوانەوە. تەنها مەگەر لە حاڵێکدا زەبروزەنگ و زۆرلێکردن بەکاربرابێت، یاخود کەسێکى بە تەمەن گەورەتر لەگەڵ کەسانى خوار 18 ساڵ پەیوەندیى دروستکردبێت، کە ئەمەش لەناو ئەڵمانەکان خۆیان زۆر دەگمەنە.
ئەڵمانیا یان دەبوو رێگە نەدات کەسى نائەڵمان بێتە وڵاتەکەیەوە، یاخود کە رێگەیدا بەو ئەندازەیە چارەکى کۆمەڵگەکەى پێکهاتبن لە کەسانى نائەڵمان، بۆ سەقامگیریى کۆمەڵایەتیى وڵاتەکەى پێویستى بەوەیە لە پەیڕەوکردنى یاسا و رێساکانیدا رەچاوى کولتوور و دابونەریتى ئەو ملیۆنان هاووڵاتییە بکات.
لە ئەڵمانیا شتێک نییە بەناوى (خیانەتى زەوجى). ژن یان پیاو خیانەت لە هاوژینەکەى ناکات، تاوەکو ئەوکاتەى هەردووکیان یەکتریان بوێت پێکەوەن، هەر لایەکیان ئەوى ترى نەوێت، ناچێت بە نهێنى دۆستێک بگرێت، خیانەتى لێناکات و جیادەبنەوە.
هیچ بەند و بڕگەیەک نییە بۆ سزادانى کەسێک کە پەیوەندیى ناشەرعى لەگەڵ کەسێک دروستبکات کە هاوژینى هەبێت، چونکە ئەو شتە لەناو ئەڵمانەکان بوونى نییە، یاساش بۆ شتێک دەردەکرێت کە هەبێت. پێشتر یاسایەک هەبووە کە دروستکردنى پەیوەندیى سێکسى لەگەڵ ژنى مێرددار بە تاوان لە قەڵەم داوە، بەڵام ئەو یاسایەش لە ساڵى 1969وە کارى پێناکرێت. ئەسڵى کێشەکەیش ئەمەیە.
هۆکارى سەرەکیى ئەو رێژە و ژمارە زۆرەى تووندوتیژیى خێزانى و کوشتنى ژنان لە ئەڵمانیا بۆ ئەم پرسە دەگەڕێتەوە. بۆچى لە سەرەتاوە گوتم پەیوەندیى بە یاساکانى ئەڵمانیاوە هەیە، چونکە هەندێک یاسایان هەیە پەیوەست بە خێزان و جیابوونەوە و پرسى منداڵ و میرات، یاساکە نادادپەروەرانەیە و لایەنگریی زۆرى بۆ ژن تیایە، ئەمە بۆ کەسانێک ئاستى هۆشیارییان لاواز بێت خراپ بەکارى دەبات.
لە لایەکى دیکەشەوە لە بوونى حاڵەتى (خیانەتى زەوجی)، بەپێى یاساى ئەڵمانیا ئەگەر کەسێک پیاوێک لە ماڵەکەى خۆى بگرێت کە پەیوەندیى ناشەرعیى لەگەڵ ژنەکەى هەبێت، مافى ئەوەى نییە هیچ ئازارێکى جەستەیى و دەروونیى پیاوەکە بدات. هەروەها ئەگەر هەر تووندوتیژییەک بەرانبەر بە ژنەکەى خۆشى بەکاربەرێت، بەپێى یاسا تاوانبار دەکرێت. لەو دۆخە دەروونییەدایە پیاو ژنەکەى خۆى دەکوژێت. ئێستا لە ئەڵمانیا ئەمە دیاردەى رۆژانەیە.
لێرەدا هەست بە دووڕووییەکى ئاشکراى سیستمى بەڕێوەبردنى وڵاتى ئەڵمانیا دەکرێت، لە لایەک سەتان یاساى هەیە تایبەت بە مافى ژنان و منداڵان، لە بەرانبەریشدا ساڵانە سەتان رووداوى کوشتنى ژنان دەبینیت و هەزاران منداڵ سەرگەردان دەبن. کاتێک ژنێک دەکوژرێت، کارەساتەکە هەر بە تەنها کوشتنى ژنەکە نییە، کە زۆرجار تاوانەکە لەبەرچاوى منداڵەکانى روویداوە، لێکەوتە و کاریگەرییە دەروونییەکانى لەسەر منداڵەکانیان بۆ هەتاهەتایە ئەگەر لە کوشتنى ژنەکە زیاتر نەبێت، کەمتر نییە.
وەک چۆن لە یاساکانى هاتووچۆدا چەندین رێکارى یاسایى هەن رێگا لە دروستبوونى رووداو و تاوان دەگرن، دەبوو لە پرسێکى لەو جۆرەشدا کە بووە بە دیاردەى رۆژانە و هۆکارەکەشى ئاشکرایە پەیوەستە بە (ناموسەوە)، رێکارى یاسایى هەبێت بۆ ئەوەى تاوانەکە روونەدات. بەڵام لەبەر ئەوەى هیچ قەدەغەیەکى یاسایى نییە رێگە لەو پرۆسەیە بگرێت، کەسانێکى زۆر کە لە وڵات و کۆمەڵگە دواکەوتووەکانەوە هاتوون و وەک ئاژەڵى کێوى ئەو ئازادییەیان قۆستووەتەوە و سەتان خێزانیان سەرگەردان کردووە بێ ئەوەى هیچ سزایەک بدرێن. تەنانەت کاتێک بەهۆى پیاوێکەوە کە پەیوەندیى ناشەرعیى لەگەڵ چەند ژنێک دروستکردووە، کاتێک ئەمە دەبێت بە کێشە و ژنەکە دەکوژرێت لەلایەن برا یان هاوژینەکەیەوە، ئەو کابرایەى هۆکارى پشت کوشتنى ژنەکەیە، هیچ سزایەک نادرێت. واتە وەک سزایەکى پێشوەختە نییە بۆ رێگرى لە دروستبوونى ئەو تاوانە، دواى ئەنجامدانى تاوانەکەش هیچ بەند و بڕگەیەکى یاسایى نییە بۆ سزادانى هۆکارەکە.
دەبێت ئەو راستییە لەبەرچاو بگیرێت ئازادى بەبێ بەرپرسیارێتى، دەبێتە بەرەڵایى. ئەوەى لە ئەڵمانیا هەیە قۆستنەوەى ئەو ئازادییە، ساڵانە بووەتە هۆکارى کوشتنى سەتان ژن و بێ دایک و باوککردنى هەزاران منداڵ. تاوەکو رێکارێکى یاسایى بۆ رێگریکردنى پێشوەختە لە دروستبوونى هۆکارەکانى پشت کوشتنى ژنان نەدۆزرێتەوە، ئامارەکانى کوشتنى ژنان زیاتر و زیاتر دەبن.


.jpg&w=3840&q=75)
