دیاریکردنی رێژەی راستەقینەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە کۆی دانیشتووانی عێراق، تەنیا بابەتێکی ئاماری یان پەیوەست بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان نییە لە بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی عێراق دا، بەڵکو پرسێکی بنەڕەتیی دەستووری و نیشتمانییە، کە کاریگەریی لەسەر ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان و دانیشتووانەکەی هەیە.
لەڕووی دەستوورییەوە، ماددەی (٤٩/یەکەم)ی دەستووری عێراق ژمارەی دانیشتووانی کردووەتە بنەمای دیاریکردنی نوێنەرایەتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران. ماددەی (١٠٥) جەخت لە بەشداریی دادپەروەرانەی هەرێمەکان و پارێزگاکان لە دامەزراوە فیدڕاڵییەکان دا دەکاتەوە، ماددەی (١٠٦) پەیوەندی بە چاودێریی دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتە فیدڕاڵییەکانەوە هەیە، ماددەی (١٢١/سێیەم)یش رێژەی دانیشتووان وەک یەکێک لە پێوەرەکانی دیاریکردنی پشکی دادپەروەرانەی هەرێمەکان لە داهاتە نیشتمانییەکان دیاری دەکات.
لە بڕگەی (یەکەم)ی ماددەی (١٠)ی پێشنیازکراو لە رەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی عێراق بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٧، رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بە ١٢.٧٪ دیاریکراوە، لەکاتێکدا بەپێی ئەنجامی سەرەتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ساڵی ٢٠٢٤، ئەو رێژەیە ١٤.١٤٪ بووە.

ئەم جیاوازییەی ١.٤٤ خاڵی سەتی، پرسیارێکی جیدی لەسەر بنەما و رێکارە یاسایی و ئامارییەکانی کەمکردنەوەی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دروست دەکات.
گرنگتر لەوە، ئەگەر رێژەی ١٢.٧٪ لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧دا جێگیر بکرێت، ئەوا ئەو رێژەیە لە ئاستی ئەنجامێکی ئاماریی جێگەی ناکۆکییەوە دەگوازرێتەوە بۆ نێو دەقێکی یاسایی پەسەندکراو. ئەمەش مەترسیی ئەوە دروست دەکات کە لە داهاتوودا وەک بنەما و پاساوێکی یاسایی بەرامبەر هەرێمی کوردستان بەکاربهێنرێت.
هەرچەندە پەسەندکردنی ئەم رێژەیە لە یاسای بودجەدا بەخۆی ناتوانێت مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی یاسایی بۆ پشتبەستن پێی لە بڕیار و دابەشکارییەکانی داهاتوودا. لەبەرئەوە، چارەسەرکردنی ئەم بابەتە پێش پەسەندکردنی یاساکە گرنگییەکی بەپەلەی هەیە.
لەم وتارەدا، کە تەنیا بە پشتبەستن بە دەستوور، یاسا، بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵیی عێراق، نووسراوەکان و بەڵگە فەرمییەکانی خودی دامەزراوە فیدراڵییەکانی عێراق نووسراوە، هەوڵدەدەم لەڕووی یاساییەوە بیسەلمێنم کە کەمکردنەوەی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە ١٤.١٤٪ بۆ ١٢.٧٪، بە بڕیار و رەفتارێکی تاکلایەنەی وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵیی عیراق، بنەمای یاسایی نییە و لەگەڵ بڕیار و رێکارە پەسەندکراوەکانی خودی حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق دا ناکۆکە. هەروەها، بە بەڵگەکانی خودی لایەنی فیدڕاڵیی عێراق روونیدەکەمەوە کە ئەم هەنگاوە نەک تەنیا لەڕووی یاساییەوە جێگای رەتکردنەوەیە، بەڵکو لەڕووی دادپەروەریشەوە رەفتارێکی ناڕەوا و زوڵمێکی ئاشکرایە لە هەرێمی کوردستان و دانیشتووانەکەی.

یەکەم: دەسەڵاتی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی پلاندانان و نەبوونی دەسەڵاتی یاسایی بۆ بڕیاری تاکلایەنە
بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵی سەبارەت بە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، بە تایبەتی بڕیاری ژمارە (٢٤٨٥٣)ی ٥/١١/٢٠٢٤ و بڕیاری ژمارە (٢٤٨٦٠)ی ١٢/١١/٢٠٢٤، بە دەقی روون بنەمای کاری هاوبەش و دەسەڵاتی هاوبەشی دامەزراوە ئاماری و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵیی عیراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیان دیاریکردووە.
بڕگەی (٣)ی بڕیاری ژمارە (٢٤٨٥٣) دەڵێت:
«تقارن هيئة الإحصاء وهيئة إحصاء إقليم كوردستان بالتعاون مع وزارة الداخلية الاتحادية جداول بيانات الوزارات المبينة في أدناه مع نتائج التعداد».
هەروەها بڕگەی (٤)ی هەمان بڕیار بە ڕوونی دەڵێت:
«نتائج التعداد العام ومقاطعة البيانات الخاصة بالتعداد بالسجلات المبينة بالفقرة (٣) تكون من اختصاص وزارتي (التخطيط الاتحادية، والتخطيط في إقليم كوردستان) بحسب الاتفاق المشترك حيث ينظم سجل خاص بهذه المناطق يتضمن نتائج مقاطعة البيانات وتحفظ وزارتا (التخطيط الاتحادية، والتخطيط في إقليم كوردستان) بنسخة هذا السجل».
ئەم دەقە دوو بنەمای یاسایی گرنگ جێگیر دەکات: یەکەم، مقاطعەی داتاکان لە ئەستۆی هەردوو دەستەی ئامارییە؛ دووەم، دەسەڵاتی ئەو رێکارانە بە دەقی «من اختصاص وزارتي» و «بحسب الاتفاق المشترك» بە هەردوو وەزارەتی پلاندانان سپێردراوە.
بۆیە لێرەدا بابەتەکە تەنیا هاوئاهەنگی (التنسيق) نییە، بەڵکو دەسەڵاتی هاوبەش (الاختصاص المشترك) ـە، کە پێویستی بە رێککەوتنی هاوبەش و بەشداریی هەردوو لایەنە.

هەروەها بڕگەی (٢)ی بڕیاری ژمارە (٢٤٨٦٠) لە بەشێکدا دەڵێت:
«تحت المسؤولية المشتركة للفنيين والمختصين من هيئتي الإحصاء في المركز والإقليم».
ئەمەش جەختکردنەوەیەکی دیکەیە لەسەر ئەوەی کە بەرپرسیارێتیی پرۆسەی ئاماری و مامەڵەکردن لەگەڵ داتاکانی ناوچە جێناکۆکەکان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە، نەک دەسەڵاتێکی تاکلایەنە.
لەڕووی یاسای کارگێڕییەوە، کاتێک ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵاتێک بە دەقی روون بە دوو وەزارەت دەسپێرێت و جێبەجێکردنی بە رێککەوتنی هاوبەش دەبەستێتەوە، هیچ کام لەو دوو وەزارەتە ناتوانێت بە تەنیا جێگای هەردوو لایەن بگرێتەوە یان لە دەرەوەی سنووری ئەو دەسەڵاتە هاوبەشە بڕیار بدات.
بەم پێیە، ئەگەر وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵیی عیراق بەبێ رێککەوتنی هاوبەش و بەبێ تەواوکردنی رێکارە دیاریکراوەکان، رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی لە ١٤.١٤٪ بۆ ١٢.٦٧٪ کەمکردبێتەوە، ئەوا ئەو هەنگاوە لەڕووی یاساییەوە دەتوانێت تووشی کەموکوڕی لە ڕوکنی دەسەڵاتی یاسایی (عيب عدم الاختصاص) و پێشێلکردنی شێوە و رێکارە یاساییەکان (عيب الشكل والإجراءات) بێت.
لە هەمان کاتدا، ئەو دەسەڵاتە هاوبەشەی بۆ مقاطعەی داتاکانی ناوچە جێناکۆکەکان دیاریکراوە، نابێت وەک مۆڵەتێک بۆ گۆڕینی رێژەی دانیشتووانی سەرجەم هەرێمی کوردستان لێکبدرێتەوە.
بۆیە، نەک تەنیا هیچ دەقێکی ڕوون دەسەڵاتی تاکلایەنەی کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بە وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵیی عێراق نەداوە، بەڵکو دەقی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بە پێچەوانەوە جەخت لەسەر دەسەڵات و بەرپرسیارێتیی هاوبەش دەکەنەوە.

دووەم: پێشێلکردنی مەرجی تەواوبوونی مقاطعەی داتاکانی ناوچەکانی ماددەی (١٤٠)ی دەستوور، پێش راگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکانی سەرژمێری
بەپێی بڕگەی (٤)ی بڕیاری ژمارە (٢٤٨٦٠)ی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵیی عێراق، دەرچوو لە ١٢/١١/٢٠٢٤، ئەنجامە راگەیێندراوەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بە ئەنجامی سەرەتایی دادەنرێن و راگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکان بە تەواوبوونی پرۆسەی مقاطعەی داتاکان و وردبینیی تۆمارە تایبەتەکە دەبەسترێتەوە.
دەقی عەرەبیی بڕگەکە بەم شێوەیەیە:
«تعد النتائج المعلن عنها لعموم المحافظات بعد الانتهاء من عملية سجل الأسرة أولية وستعلن النتائج النهائية للمناطق المتنازع عليها والمحافظات الأخرى بعد استكمال مقاطعة البيانات والسجل الخاص الذي يعد لهذا الغرض بموجب قرار مجلس الوزراء (24853 لسنة 2024) ويعتمد السجل النهائي بعد التدقيق للمناطق المتنازع عليها والمحافظات الأخرى».
ئەم دەقە بە ڕوونی جیاوازی دەکات لە نێوان ئەنجامە سەرەتاییە ڕاگەیێندراوەکان و ئەنجامە کۆتاییەکان و راگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکانی ناوچە جێناکۆکەکان و پارێزگاکانی دیکە بە تەواوبوونی مقاطعەی داتاکان و وردبینیی تۆمارە تایبەتەکە دەبەستێتەوە.
یەکێک لە رێکارە گرنگەکانی ئەم پرۆسەیە، بەراوردکردنی داتاکانی ناوچەکانی ماددەی (١٤٠)ی دەستوورە لەگەڵ تۆمار و داتاکانی سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧. پێویستە ئەم بەراوردکردنە بە هاوبەشیی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و دەزگا ئامارییەکانی هەردوو حکومەت، بەپێی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵیی عێراق، ئەنجام بدرێت و وردبینی لە ئەنجامەکانی دا بکرێت.
بەڵام تاوەکو ئێستا پرۆسەی مقاطعەی داتاکانی ناوچە جێناکۆکەکان، بەو شێوەیەی لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵیی عێراق دا دیاریکراوە، ئەنجام نەدراوە و تەواو نەکراوە.
لەبەر ئەوە، راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی و پشتبەستن بە رێژەی کەمکراوەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، پێش تەواوبوونی ئەو پرۆسەیە هاوبەشە، جێگەی پرسیاری جیدی یاساییە.
لە هەمان کاتدا، ئەو رێکارە تایبەتەی بۆ ناوچەکانی ماددەی (١٤٠) دیاریکراوە، نابێت بەبێ بنەمایەکی یاسایی روون بگشتێندرێت بۆ سەرجەم دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، یان ببێتە هۆی گۆڕینی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.
بۆیە، ناتوانرێت ئەنجامێک کە بەپێی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران هێشتا پێویستی بە مقاطعەی داتا، بەراوردکردن و وردبینیی هاوبەش هەیە، وەک بنەمایەکی کۆتایی و یەکلایی بۆ دیاریکردنی شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنرێت.
سێیەم: پابەندبوونی یاسایی بە پێوەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان
پەیڕەوکردنی پێوەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا داواکارییەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو بنەمایەکی یاسایی لە یاساکانی عێراق دا هەیە.
بەپێی ماددەی (١/دوازدەیەم)ی یاسای دەستەی ئامار و سیستەمەکانی زانیاریی جوگرافیی عێراق، ژمارە (٣٢)ی ساڵی ٢٠٢٣، پێناسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بە بنەما و پێوەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەستراوەتەوە. هەروەها ماددەی (٥/دەیەم)ی هەمان یاسا جەخت لە پەیڕەوکردنی پێوەر و پۆلێنکارییە ئامارییە نێودەوڵەتییەکان دەکاتەوە.
لە بەڵگەنامەی فەرمیی نەتەوە یەکگرتووەکان دا بە ناونیشانی: «مبادئ وتوصيات لتعدادات السكان والمساكن – التنقيح الثاني»
ژمارەی بەڵگە: ST/ESA/STAT/SER.M/67/Rev.2

دوو بنەمای سەرەکی بۆ سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان دیاریکراون:
یەکەم: بنەمای گشتگیری (الشمول)
سەرژمێری دەبێت هەموو ئەو کەسانە بگرێتەوە کە بەپێی پێناسە و سنووری دیاریکراوی سەرژمێری دەکەونە ناو ژمارەی دانیشتووان، بەبێ جیاکاریی نایاسایی.
دووەم: بنەمای یەککاتی (الآنية – Simultaneity)
زانیارییەکانی سەرژمێری دەبێت پەیوەست بن بە یەک کاتی دیاریکراو، واتە وێنەیەکی ئاماریی دانیشتووان لە ساتێکی دیاریکراودا پێشکەش بکەن.
هەروەها، یەکێک لە بنەما گرنگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان شوێنی نیشتەجێبوونی ئاسایی (محل الإقامة المعتاد – Usual Residence) ـە، نەک تەنیا شوێنی تۆماری باری شارستانی یان رەچەڵەکی کەسەکە.
بە واتایەکی دیکە، سەرژمێری دەبێت وێنەیەکی ڕاستەقینەی دانیشتووان لە کاتێکی دیاریکراودا پیشانبدات و شوێنی نیشتەجێبوونی ئاسایییان بەپێی پێناسە و مەرجە ئامارییە پەسەندکراوەکان دیاری بکات.
بەم پێیە، ئەگەر کەسێک لە پارێزگایەکی دیکەی عێراقەوە هاتبێتە هەرێمی کوردستان و مەرجە پەسەندکراوەکانی نیشتەجێبوونی ئاسایی تێدابێت، نابێت تەنیا بەهۆی شوێنی تۆماری باری شارستانییەکەی لە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەربکرێت.
لەبەر ئەوە، هەر گۆڕانکارییەک لە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دا دەبێت بەپێی ئەم بنەما نێودەوڵەتییانە، بە شێوەیەکی شەفاف و یەکسان و لەسەر بنەمای داتای پشتڕاستکراو ئەنجام بدرێت.
چوارەم: ئاوارەکان، هاتووەکان و نیشتەجێبووان و بارگرانیی خزمەتگوزارییە گشتییەکان
یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکان ئەوەیە کە ئایا لەکاتی دیاریکردنی رێژەی کۆتایی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دا، ئاوارەکان، هاتووەکان و ئەو کەسانەی تۆماری باری شارستانییان لە پارێزگاکانی دیکەیە، لە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەرهێنراون یان نا؟
ئەگەر ئەم کەسانە مەرجەکانی نیشتەجێبوونی ئاسایییان تێدابێت، دەرهێنانیان تەنیا لەسەر بنەمای شوێنی تۆماری باری شارستانییان، لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی سەرژمێریدا ناگونجێت.
لە هەمان کاتدا، ئەو ئاوارە و هاتوو و نیشتەجێبووانەی لە هەرێمی کوردستان دەژین، سوودمەندی خزمەتگوزارییە گشتییەکانن، وەک پەروەردە، تەندروستی، کارەبا، ئاو، رێگاوبان و خزمەتگوزارییە شارەوانییەکان.
دابینکردنی ئەم خزمەتگوزارییانە خەرجیی دارایی بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دا دەسەپێنێت، کە لە چوارچێوەی بودجەی کارپێکردن (النفقات التشغيلية) و بودجەی وەبەرهێنان (النفقات الاستثمارية) دابین دەکرێن.
بۆیە، ئەگەر ئەم کەسانە لە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەربکرێن، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆیان، نایەکسانییەک لە نێوان بەرپرسیارێتی و بارگرانیی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکانی دا دروست دەبێت.
ئەمەش لەگەڵ رۆح و مەبەستی ماددەی (١٢١/سێیەم)ی دەستووری عێراق ناگونجێت، کە لە دیاریکردنی پشکی دادپەروەرانەی هەرێمی کوردستان لە داهاتە فیدڕاڵییەکاندا، جەخت لە رەچاوکردنی بەرپرسیارێتی، پێداویستی و رێژەی دانیشتووان دەکاتەوە.
لەبەرئەوە، پێویستە خشتەیەکی ئاماریی روون و جیاواز بۆ ئاوارەکان، هاتووەکان و نیشتەجێبووان ئامادە بکرێت، لەگەڵ دیاریکردنی ژمارە و هۆکاری هەر دەرهێنانێک.
بنەمای دادپەروەری ئەوەیە کە ئەو دانیشتووانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتیی دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانیان هەڵدەگرێت، لەکاتی دیاریکردنی پێداویستی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دا رەچاو بکرێن، تەنانەت ئەگەر هەموویان بەپێی پێناسەی ئاماریی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان هەژمار نەکرێن.
پێنجەم: یەکسانیی پێوەرەکان لە سەرجەم عێراق و بنەمای یەکسانیی دەستووری
پێوەرە ئامارییەکان دەبێت بە یەکسانی لە سەرجەم عێراق جێبەجێ بکرێن و نابێت پێوەرێک تەنیا بەرامبەر هەرێمی کوردستان بەکاربهێنرێت، لە کاتێکدا هەمان پێوەر لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق پەیڕەو ناکرێت.
بەپێی خشتە و زانیارییە فەرمییەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ساڵی ٢٠٢٤، ژمارەی سەرەتایی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان (٦,٥١٩,١٢٩) کەس بووە، بەڵام دوای ئەنجامدانی رێکارە ئامارییەکان، بۆ (٥,٨٠٥,١٤٢) کەس کەمکراوەتەوە؛ واتە کۆی (٧١٣,٩٨٧) کەس لە ژمارەی سەرەتایی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لابراون. لەم ژمارەیە، (٢٢٠,٥٩١) کەس بیانی و ناعێراقین، بەڵام (٤٩٣,٣٩٦) کەسی دیکە هاووڵاتیی عێراقن، کە هەڵگری کارتی نیشتمانیی پارێزگاکانی دیکەی عێراقن، بەڵام بە شێوەیەکی راستەقینە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و سوودمەندی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی هەرێمی کوردستانن. سەرەڕای ئەوە، ئەم کەسانە لە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لادراون و بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق هەژمارکراون.
جێگای سەرنج و نیگەرانییە کە ئەم رێکارەی گواستنەوەی ئاماری، بە پشتبەستن بە شوێنی تۆماری کارتی نیشتمانی لەبری شوێنی نیشتەجێبوونی راستەقینە، تەنیا بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێکراوە و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق بە هەمان شێوە پەیڕەو نەکراوە. ئەمەش جیاکارییەکی نەرێنییە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و دانیشتووانەکەی، کە لەگەڵ بنەمای یەکسانی لەبەردەم یاسا، جێگیرکراو لە ماددەی (١٤)ی دەستووری عێراق دا، ناکۆکە؛ بە تایبەتی کە هەرێمی کوردستان بارگرانیی دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ ئەم دانیشتووانە هەڵدەگرێت، بەڵام لە دیاریکردنی پشکی دانیشتووان و شایستە داراییەکانیدا هەژمار ناکرێن.
شەشەم: بەڵگە فەرمییەکانی خودی وەزارەتی پلاندانانی عێراق
یەکێک لە پرسیارە گرنگەکان ئەوەیە کە چۆن دەکرێت خودی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠٢٢دا رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی بە نزیکەی ١٤٪ دیاریکردبێت، بەڵام لە ئەنجامی سەرژمێریی ساڵی ٢٠٢٤دا ئەم رێژەیە بۆ ١٢.٦٧٪ کەمکرابێتەوە؟
یەکەم: نووسراوی ساڵی ٢٠١٨
بەپێی نووسراوی فەرمیی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارە (١١٥٤٧) لە رۆژی ٢٥/١٠/٢٠١٨، بە واژۆی د. سەلمان عەلی جومەیلی، وەزیری پلاندانانی ئەوکاتی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٨ بە (٥,٣٠٩,٥٩٢) کەس دیاریکراوە، لە کۆی (٣٨,١٢٤,١٨٢) کەسی دانیشتووانی عێراق.
واتە رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان نزیکەی ١٣.٩٣٪ بووە.
دووەم: نووسراوی ساڵی ٢٠٢٢
بەپێی نووسراوی فەرمیی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارە (٣٦٦/١/١) لە رۆژی ٢/٩/٢٠٢٢، بە واژۆی پڕۆفیسۆر د. خالید بەتاڵ نەجم، وەزیری پلاندانانی ئەوکاتی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بەم شێوەیە دیاریکراوە:
- دهۆک: ١,٤٣٢,٣٦٩ کەس
- هەولێر: ٢,٠٥٥,٤٤٨ کەس
- سلێمانی: ٢,٣٩٦,٢٠٦ کەس
- کۆی گشتی: ٥,٨٨٤,٠٢٣ کەس
لە هەمان نووسراودا رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە کۆی دانیشتووانی عێراق بە ١٤٪ دیاریکراوە.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە:
ئەگەر خودی وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵیی عێراق لە ساڵی ٢٠١٨دا ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی بە نزیکەی ١٤٪ دیاریکردووە و لە ساڵی ٢٠٢٢یشدا هەمان رێژەی پشتڕاستکردووەتەوە، چۆن دەکرێت دوای چەند ساڵێک، لە ئەنجامی سەرژمێریی ساڵی ٢٠٢٤دا، ئەم رێژەیە بۆ ١٢.٦٧٪ کەم ببێتەوە؟
ئەم دوو نووسراوە فەرمییە بەڵگەیەکی گرنگن بۆ داواکردنی ڕوونکردنەوە و پێداچوونەوە بە ئەنجامە نوێیەکانی سەرژمێری دا.
حەوتەم: رێکارە دەستووری و یاساییەکان و مەترسیی جێگیرکردنی رێژەی ١٢.٧٪ لە یاسای بودجەدا
ماددەی (١٠)ی پێشنیازکراو هێشتا لە چوارچێوەی رەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧دایە و نەبووەتە یاسایەکی پەسەندکراو. لەبەر ئەوە، لە قۆناخی ئێستادا تانەی دەستووری لە خودی رەشنووسی یاساکە، بەشێوەیەکی گشتی، پێش پەسەندکردنی لە دادگای باڵای فیدڕاڵیی عیراق وەرناگیرێت.
بەڵام مەترسیی سەرەکی لەوەدایە کە ئەگەر رێژەی ١٢.٧٪ لە یاسای بودجەدا پەسەند بکرێت، ئەوا ئەم رێژەیە پشتیوانیی دەقێکی یاسایی وەردەگرێت و دەتوانێت لە داهاتوودا وەک بنەمایەکی یاسایی بۆ دیاریکردنی پشک و شایستەکانی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنرێت.
ئەمەش دەتوانێت هەڵوێستی یاسایی هەرێمی کوردستان ئاڵۆزتر بکات، چونکە ناکۆکییەکە چیتر تەنیا لەسەر بڕیارێکی کارگێڕی یان ئەنجامێکی ئاماری نابێت، بەڵکو لەسەر دەقێکی یاسایی پەسەندکراویش دەبێت کە تاوەکو هەڵوەشاندنەوە یان دەستکاریکردنی، دەکرێت پشتی پێببەسترێت.
لەبەرئەوە، پێویستە ئێستا هەوڵە یاسایی و دامەزراوەییەکان چڕبکرێنەوە، بۆ ئەوەی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێش پەسەندکردنی یاسای بودجە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.
ئەمەش بەبێ دەستبەرداربوون لە مافی پەنا بردنە بەر دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق یان دادگای دەسەڵاتداری پەیوەندیدار، ئەگەر یاسا یان بڕیارێکی کۆتایی و شیاوی تانەدان دەرچوو کە پێچەوانەی دەستوور یان یاسا بێت.
هەشتەم: پێویستیی چارەسەری هاوبەشی یاسایی و تەکنیکی
چارەسەرکردنی ئەم ناکۆکییە پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی هاوبەشی یاسایی و تەکنیکی هەیە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق دا.
ئەم پێداچوونەوەیە دەبێت داتاکانی سەرژمێری، بنەما یاساییەکانی گۆڕینی رێژەی دانیشتووان، چۆنیەتی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵیی عێراق و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی سەرژمێری بگرێتەوە.
پێویستە ئەنجامی ئەم پێداچوونەوەیە پێش یەکلاییکردنەوەی ماددەی (١٠)ی ڕەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ بخرێتە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ ئەوەی بڕیارێکی یاسایی و زانستی لەسەر بنەمای داتای دروست بدرێت.
کۆتایی و بانگەواز
سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان دەبێت پرۆسەیەکی زانستی، پیشەیی، بێلایەن و شەفاف بێت، کە رەنگدانەوەی ژمارەی راستەقینەی دانیشتووان بێت.
کەمکردنەوەی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە ١٤.١٤٪ بۆ ١٢.٦٧٪، بەبێ روونکردنەوەی بنەمای یاسایی و ئاماری و بەبێ پشکنینی هاوبەش، جێگای پێداچوونەوەی جیدییە.
لە هەمان کاتدا، ئەم وتارە بانگەوازێکە بۆ سەرجەم لایەن و هێزە سیاسییە کوردستانییەکان، بەبێ جیاوازیی هەڵوێست و ئاراستەی سیاسی، هەروەها نوێنەرانی کوردستان لە دەسەڵات و دامەزراوە فیدڕاڵییەکان لە بەغدا، بە تایبەتی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق و بەرپرسانی کوردستانی لە عێراق، بۆ ئەوەی بە یەک دەنگ و هەڵوێستێکی هاوبەش، لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا، داکۆکی لە رێژەی راستەقینەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و ماف و شایستە دەستووری و داراییەکانی بکەن.
پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی پێش پەسەندکردنی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧، ئەم بابەتە بە شێوەیەکی یاسایی و زانستی چارەسەر بکرێت و رێگە نەدرێت رێژەیەکی جێگای ناکۆکی، بەبێ روونکردنەوە و یەکلاییکردنەوەی بنەماکانی، لە یاساکەدا جێگیر بکرێت و ببێتە پاساوێکی یاسایی بەرامبەر مافەکانی هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا.
چونکە ئەم بابەتە تەنیا پرسێکی حکومی یان حیزبی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانییە و پەیوەندی بە ماف و بەرژەوەندیی سەرجەم دانیشتووانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.

.jpg&w=3840&q=75)
