دوو ئابووریناسی ئەمریکی، (رۆبێرت هۆڵ) و (مایکڵ وودفۆرد) خەڵاتی نۆبڵی ئابووریی ئەم ساڵیان بردەوە بەهۆی شیکردنەوەی ئەوەی کە چۆن سیاسەتەکانی حکومەت، چاوەڕوانییەکانی خەڵک و بریاری خێزانەکان، دەبنە هۆکار بۆ سەقامگیربوونی ئابووریی.
بۆچی کاتێک خێزانەکان لە کەمبوونەوەی داهاتەکانیان دەترسن، دەست بە خەرجییەکانیانەوە دەگرن؟ بۆچی کۆمپانیا و بازرگانەکان، پێش ئەوەی تێچووەکانیان بەرزبێتەوە، نرخەکان گران دەکەن؟ بۆچی بەڵێنەکانی حکومەت لەبارەی سیاسەتی ئابووریی داهاتوو، دەتوانن لەئەمڕۆوە کاریگەری لەسەر ئاراستەی بازاڕ دابنێن؟
ئەم پرسیارانە لە چەقی ئەو توێژینەوە زانستییانەدان کە خەڵاتی نۆبڵی ئابووریی ئەمساڵیان بۆ دوو ئابووریناسی ئەمریکی، (رۆبێرت هۆڵ) و (مایکڵ وودفۆرد) دەستەبەر کرد.
وەڵامی ئەم پرسیارانە زۆر گرینگن بۆ تێگەیشتن لە دۆخی ئابووری و دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و لەبەر ئەوەش بۆ ئەو کەسانەی ئێستا بەرپرسن لە دارشتنی سیاسەتە ئابووریی گرینگە.
بیرۆکەی ئەو دوو ئابووریناسە ئەوەیە کە بۆ تێگەیشتن لە ئابووریی وڵاتێک، دەبێت ئابووریناسان لەوە تێبگەن کە تاکەکان، خێزانەکان و کۆمپانیاکان چۆن بریار دەدەن، و چۆن حکومەت و بانکە ناوەندییەکان کاریگەری دەخەنە سەر ئەو بریارانە.
لە بریاری خێزانەکانەوە بۆ کۆی ئابووریی
توێژینەوەکانی (رۆبێرت هۆڵ) ، هاوکارن لە شیکردنەوەی ئەوەی بۆچی بریاری خەرجکردنی پارە لەلایەن تاکەوە تەنیا پەیوەست نییە بەوەی ئەمڕۆ چەند داهاتی هەیە و چەندی دەستدەکەوێت، بەڵکو بەستراوەتەوە بەوەی کە چاوەڕوان دەکات سبەی چەندی دەستدەکەوێت.
بۆ نموونە، خێزانێک کە لە دواکەوتنی مووچە نیگەرانە، لەوانەیە کڕینی ئۆتۆمبێل، نۆژەنکردنەوەی ماڵەکەی، یان دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی نوێ دوابخات. کاتێک بەشێکی زۆری خێزانەکان بەم شێوازە هەڵسوکەوت دەکەن، کۆی خەرجی گشتی بەکاربەران ( هاووڵاتیان) دادەبەزێت، فرۆشی بازاڕ کەم دەبێتەوە و ئابووری و چالاکییە ئابوورییەکان لە جووڵە دەکەون.
لە لایەکی دیکەوە، (مایکڵ وودفۆرد) چوارچێوەیەکی فراوانتری داڕشتووە و روونی دەکاتەوە چۆن چاوەڕوانییەکان بۆ سیاسەتی نەختی داهاتوو، بەتایبەت رێژەی سوودی بانکی یان رێژەی ئاڵوگۆڕی دراو، لەئەمڕۆوە کاریگەری لەسەر بریارە ئابوورییەکان دادەنێن.
بەرهەمی هاوبەشی دوو ئابووریناسە ئەمریکییەکە، بنەمای زانستی ئابووریی ئەم سەردەمایەن دووبارە دارشتووەتەوە. ئەوەش ئەوەیە سیاسەتەکانی حکومەت بەتەنیا لە رێگەی پارەوە کار ناکەنە سەر دۆخی ئابووری، بەڵکو چاوەڕوانییەکانی خەڵک بۆ داهاتوو و دوارۆژیان، کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر دۆخی ئابووری ئێستا دەبێت.
بۆچی ئەمە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق گرنگە؟
ئەم تیۆرییە پەیوەندییەکی زۆر راستەوخۆی بە وڵاتێکی وەک عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هەیە کە تێیدا دۆخی دارایی گشتی بە تووندی بەستراوەتەوە بە داهاتی نەوتەوە و خەرجییەکانی حکومەت بزوێنەری سەرەکیی جووڵەی بازاڕن.
با باسی دابەزینی نرخی نەوت یان کەمبوونەوەی هەناردەکردنی نەوت بکەین. ئەگەر داهاتی حکومەت کەم بکات، گوشار لەسەر خەرجییە گشتییەکان و پێدانی مووچە زیاتر دەبێت. ئەو خێزانانەی کە ترسی دواکەوتنی مووچەکانیان هەیە، کڕینی رۆژانەیان کەمدەکەنەوە. دووکانداران و بازرگانانیش بەهۆی ئەوەی هەست دەکەن خەڵک شت کەمتر دەکڕن، پڕۆژە و وەبەرهێنانەکانیان رادەگرن.
کاریگەریی ئەم ترسە لە کەرتی گشتی تێدەپەڕێت و دەگاتە کەرتی تایبەت. کەمبوونەوەی خەرجی خێزانەکان راستەوخۆ کار دەکاتە سەر دووکانداران و بازاڕ، چێشتخانەکان، کۆمپانیاکانی بیناسازی، کەرتی خانووبەرە و ئەو کرێکارانەی بژێویی ژیانیان لەسەر کەرتی تایبەتە.
بۆ هەرێمی کوردستان، کە مووچەی فەرمانبەران، داهاتی نەوت و پەیوەندییە داراییەکان لەگەڵ بەغدا، پرسە سەرەکییەکانن، ئەم زنجیرە کاریگەرییە، تێگەیشتنێکی روونمان پێدەبەخشێت لەبارەی ئەوەی کە چۆن دڵەڕاوکێ و نادڵنیایی لە وەزارەتی داراییەوە دەگوازرێتەوە بۆ نێو گیرفانی خێزانەکان و بازاڕ.
هەڵاوسان لە چاوەڕوانییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت
ئەو بیرۆکەیە کە خەڵاتی نوبڵی ئابووریی پێبەخشراوە، بە هەمان شێواز پەیوەستە بە پرسی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخەکان. بەتایبەتی ئەم رۆژانە کە بەهۆی بریاری دابەزاندنی بەهای دینار، خەڵک نیگەرانن لە گرانبوونی زیاتری نرخی هەموو پێداویستی و خزمەتگوزارییەکان.
کاتێک بازرگانان پێشبینی دەکەن تێچووەکانیان لە داهاتوودا بەرزدەبێتەوە، پێشوەختە نرخەکان گران دەکەن. کاتێک هاووڵاتییانیش چاوەڕوانی گرانبوونی زیاتری نرخی کاڵاکان دەکەن، دەکەونە پەلەپەل بۆ کڕین و کۆگاکردنی پێداویستییە رۆژانەکانیان. ئەم بریارانە راستەوخۆ دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی خواست و بازدانی نرخەکان.
گوتاری روون و متمانەپێکراوی بانکی ناوەندی، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە گۆڕینی چاوەڕوانییەکان لەسەر بازاڕ. بەڵام گوتار بە تەنیا ناتوانێت چارەسەری ئەو هەڵاوسانە بکات کە بەهۆی کەمی کاڵا، بەرزبوونەوەی تێچووی هاوردەکردن، یان دابەزاندنی بەهای دراوی نیشتمانی، دروست دەبێت.
بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، جیاکردنەوەی ئەم دوو لایەنە زۆر گرنگە. راگەیاندنی سیاسەتێکی دارایی لەوانەیە متمانە لای بازاڕ دروست بکاتەوە، بەڵام کاریگەرییەکەی لەسەر بژێویی ژیانی هاووڵاتیان، بەستراوەتەوە بە سەقامگیرکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو، نرخی کاڵای هاوردەکراو و شێوازی دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان.
ئایا سیاسەتی دروست دەتوانێت شۆکە ئابوورییەکان هێور بکاتەوە؟
پرسیارێکی سەرەکی لەنێو توێژینەوەی هاوبەشی دوو ئابووریناسی ئەمریکی ئەوەیە کە چۆن حکومەت و بانکە ناوەندییەکان دەتوانن قورسایی قەیرانە ئابوورییەکان کەم بکەنەوە؟
لە کاتی پاشەکشە یان سستبوونەوەی ئابووریدا، ئەو کەسانەی سیاسەتی ئابووری دادەڕێژن، دەتوانن لە رێگەی نەرم کردنی سیاسەتی نەختی ( کەمکردنەوەی سوودی بانکی و ئاسانکردنی رێوشوێنەکانی قەرزکردن) ، یان لەڕێگەی زیادکردنی خەرجییە گشتیەکانەوە، پاڵپشتی لە بەرزبوونەوەی خواست بکەن.
بۆ ئابوورییەکی پشتبەستوو بە نەوت، پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە، کاتێک داهاتی نەوت بەردەوام هەڵبەز و دابەز دەکات، چۆن دەکرێت خەرجییە گشتییەکان (دابینکردنی مووچە و خزمەتگوزارییەکان) دەستەبەر بکرێن و بەردەوامیان پێبدرێت؟ رەنگە باشتر بەڕێوەبردنی سندووقی یەدەگی دراوی عێراق و باشترکردنی یاسای بودجە و روونکردنەوەی سیاسەتەکانی حکومەت، یارمەتیدەر بن بۆ رەواندنەوەی ئەو نادڵنیاییەی لەلای خێزانەکان و کاسبکارانەوە سەری هەڵداوە.

.jpg&w=3840&q=75)

