گرنگیدان بە هەواڵ و داهێنانە ئەدەبییەکان، نیشانەی زیندوویی ژیانی رۆشنبیری و هۆشیاریی کۆمەڵگایە، بەڵام ئەوەی گرنگە، تەنیا گرنگیدانی رووکەش بە رووداوە ئەدەبییەکان نییە، بەڵکو شێوازی وەرگرتن، خوێندنەوە و تێگەیشتن لە مانا و بەهای ئەو رووداوانەشە.
لەبەرئەوەی لە کەنەدا دەژیم و ئەندامی نووسەرانی نێودەڵەتی و پێن کەنەدام، تاوەکو رادەیەک ئاگاداری چالاکی و رووداوە ئەدەبی و رۆشنبیرییەکانی ئەم وڵاتەم. لێرە، زۆر جار هەواڵە پەیوەندیدارەکان بە ئەدەب و نووسەران، بە شێوەیەکی ئاسایی و ئارام، دوور لە حەماسەت و هەڵچوونی زیادەڕۆیانە وەردەگیرێن. رۆژنامەکان هەواڵەکە بڵاودەکەنەوە، رادیۆ و میدیاکان گفتوگۆ و مێزگرد لەسەر بەرهەمەکانی نووسەر ساز دەکەن، رەخنەگرانیش هەوڵدەدەن بە خوێندنەوەیەکی جیدی و قووڵ بچنە ناو جیهانی فیکری و هونەریی نووسەرەکەوە. لەم پرۆسەیەدا، گرنگی تەنیا بە ناو و نێوبانگی نووسەر نادرێت، بەڵکو بە بەرهەمەکانی و ئەو پرسیار و بیرۆکانەش دەدرێت کە لە ئەدەب دا دەیانورووژێنێت.
نموونەیەکی تازەی ئەم رووداوانە، بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی بوو ئەم ساڵ ( 2026) بە (ئانە کارسۆڵ)، ئەم سەرکەوتنە جگە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و پیرۆزبایی، بووە هۆی سەرنجڕاکێشان بۆ بەرهەمە ئەدەبییەکانی و شێوازی داهێنانەکەی. ئەمەش دەرفەتێکە بۆ ئەوەی خوێنەران زیاتر لە جیهانی شیعری، فیکری و هونەریی نووسەرەکە نزیک ببنەوە.
بەڵام لە کوردستان، هەندێک جار لە بەرامبەر هەمان ئەو جۆرە رووداوە ئەدەبییانە، شێوازێکی جیاواز دەبینین. هەواڵێکی ئەدەبی دەبێتە بابەتی حەماسەتێکی فراوان؛ دەیان کەس هەمان هەواڵ و دەق کۆپی دەکەنەوە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتی فەیسبووک، پڕ دەبێت لە پۆستی هاوشێوە و پیرۆزباییە دووبارەکان.
ئەمەش لە دوای راگەیاندنی بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی لەلایەن ئان کارسۆنەوە، لە هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە کوردییەکاندا بینرا. هەواڵەکە بە شێوەیەکی فراوان بڵاوکرایەوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئەم هەموو سەرنج و حەماسەتە تاوەکو چەند بووە هۆی خوێندنەوە و ناسینی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە؟
لەو کەشەدا، هەندێک جار هەواڵەکە زیاتر لە خودی بەرهەمە ئەدەبییەکە گرنگی پێدەدرێت. ناوی نووسەر دەبێتە ناوەندی سەرنج، بەڵام جیهانی فیکری و هونەریی بەرهەمەکانی لە پەراوێزدا دەمێنێتەوە.
بێگومان، ئەم حەماسەتە لە بنەڕەتدا شتێکی نەرێنی نییە. دڵخۆشبوون بە سەرکەوتنی ئەدیبێک، شایانی رێزە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئەم حەماسەتە دەبێتە دەروازەیەک بۆ ناسینی زیاتر و خوێندنەوەی قووڵتری بەرهەمەکان، یان تەنیا وەک هەڵچوونێکی کاتی دەمێنێتەوە و دوای چەند رۆژێک لەبیر دەچێتەوە؟
کێشەکە ئەوە نییە کە بۆچی بە سەرکەوتنی ئەدیبێک دڵخۆش دەبین؛ بەڵکو ئەوەیە کە ئایا ئێمە بە حەماسەتەکەمان خزمەت بە ئەدەب دەکەین، یان بە خوێندنەوە، تێگەیشتن و رەخنەی رۆشنبیری؟
ئەدەب تەنیا هەواڵێک نییە بۆ بڵاوکردنەوە و نووسەر تەنیا ناوێک نییە بۆ پیرۆزکردن.
ئەدەب جیهانێکە لە بیرکردنەوە، پرسیارکردن، داهێنان و گۆڕینی شێوازی بینینی ژیان. بەرهەمی ئەدەبی تەنیا بۆ ئەوە نییە ستایشی بکەین، بەڵکو بۆ ئەوەشە کە لێی بپرسین، لەگەڵیدا گفتوگۆ بکەین، هەندێک جار رەخنەی لێبگرین و تەنانەت لەگەڵ بیرۆکەکانیدا ناکۆک بین. بۆیە، رێزگرتن لە نووسەر تەنیا بە پیرۆزبایی و بڵاوکردنەوەی ناو و وێنەکانی نییە؛ بەڵکو بە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی، تێگەیشتن لە جیهانی فیکریی ئەو و گفتوگۆکردن لەسەر بەها و سنوورەکانی داهێنانەکەیەتی.
رۆشنبیری بە ژمارەی پۆست و لایکەکان ناپێورێت، هەروەها بە بڕی حەماسەت و هەڵچوونیش نا؛ بەڵکو بە ئاستی تێگەیشتن، کوالێتیی گفتوگۆ، توانای رەخنەکردن و بوێریی بیرکردنەوەی سەربەخۆ پێوانە دەکرێت.
کۆمەڵگایەک کە تەنیا نووسەرەکانی دەست خۆش دەکات، بەڵام بەرهەمەکانیان ناخوێنێتەوە، لەوانەیە لەڕووی حەماسەتەوە دەوڵەمەند بێت، بەڵام لەڕووی گفتوگۆی ئەدەبی و رەخنەییەوە هەژار بمێنێتەوە. پێشکەوتنی ئەدەب لەوکاتەدا دەست پێ دەکات کە لە قۆناخی ستایشکردنی نووسەرەکانەوە بپەڕینەوە بۆ قۆناخی خوێندنەوەی قووڵ و تێگەیشتن لە بەرهەمەکانیان.
ئەدەب بە حەماسەت زیندوو نامێنێتەوە؛ بە خوێندنەوە، پرسیارکردن و گفتوگۆی رەخنەیی بە زیندوویی دەمێنێتەوە. لە کۆتاییدا، گرنگ ئەوە نییە چەند جار ناوی نووسەرێک دووبارە دەکەینەوە؛ چەند لایک لە فەیسبووک دەهێنێت. گرنگ ئەوەیە چەند جار دەگەڕێینەوە بۆ ناو بەرهەمەکانی و چەندە توانای بینینی جیهانمان پێدەگۆڕێت.



