لەکاتێکدا لە زۆرێک لە وڵاتانى جیهان و لەناو بەشێکى زۆرى میللەتاندا تاکگەرایى و بۆخۆژیان، بووەتە دیاردەى سەردەمەکە، بەڵام هێشتا کوردستان لەڕووى پەیوەندىی کۆمەڵایەتى و رایەڵەى خوێن و خزمایەتییەوە، دەستیگرتووە بە کولتوور و ئایینى باو و باپیرانییەوە. هەروەها بەهۆى (حیزب سالارى) و سەروەرنەبوونى یاسا و نەبوونى دامەزراوەى دادپەروەر لە پاراستنى ئاسایش و ژیانى تەواوى تاکەکانى کۆمەڵگە، دیاردەى زیندووکردنەوەى عەشیرەت و دیوەخانى شێخ و ئاغایش وەک رایەڵەیەکى دیکەى پەیوەندیى کۆمەڵایەتى، لە جاران زیاتر پەرەى سەندووە.
رەنگدانەوەى ئەم پەیوەندییە خزمایەتى و عەشیرەتگەراییە، لە بۆنە کۆمەڵایەتى و پرسە و کێشە و نەخۆشى و ناخۆشیی ئەندامانى ناو ئەو گرووپانەدا بە زەقى رەنگیداوەتەوە، جارى وا هەیە لە بۆنەیەکدا بە دەیان هەزار کەس خۆڕسکانە و لەژێر سۆزى ئەو رایەڵانەدا بۆ مەرگى ئەندامێکى گرووپەکەیان کۆدەبنەوە. یاخود بە سەتان کەس ئامادەن خۆیان تووشى کێشە و سەرئێشە و دووژمنایەتى بکەن لەسەر پێگە و ناوى بنەماڵە و عەشیرەت و تەنانەت برادەریش.
بەڵام ئەوەى لەناو ئەم وێنا گشتییەى کۆمەڵگەى کوردیدا نامۆیە، کۆست و مەرگى بەشێک لە نووسەر و ئەدیب و دەستەبژێرە رۆشنبیرەکانێتى. لە کاتێکدا ئەوانیش هەر کوڕى ئەو کۆمەڵگایە و هەر بەشێکن لەو رایەڵە پێکەوەگرێدراوانەى ناو بنەماڵە و عەشیرەتەکانیان. با خۆیان وەک نووسەر و رۆشنبیرێک باوەڕیان بە عەشیرەتچێتى و رایەڵەکانى دیکەى پەیوەندى خوێن و خزمایەتى لاواز بێت، بەڵام خۆ ئەندامانى دیکەى بنەماڵە و عەشیرەتەکە زۆر پێکەوە گرێدراون. ئەى هۆکار چییە لە کۆست و مەرگى ئەو ئەستێرە گەشاوانەدا، وا هەست دەکرێت بێ کەسوکارن؟
مەرگى عومەر چاوشینى هونەرمەند و عەزیز گەردى و فارووق رەفیق و حوسێن عارف و دیمەنى دڵتەزێنى شیوەنى لەتیف هەڵمەت بۆ هاوژینەکەى، وێنایەکى تەواو پێچەوانەى وێنا گشتییەکەى کۆمەڵگەى کوردیمان نیشان دەدات. لەکاتێکدا هەریەک لەو ناوانە لە هەلومەرج و رۆژگارێکدا لە پێشەنگەکانى ناو دنیاى روناکبیری و ئەدەبى و هونەریى کۆمەڵگەى کوردى بوون، کە دەبوو بارتاقاى ئەو خزمەتە گەورە و رەنج و تێکۆشانەى بۆ میللەتەکە داویانە، لە هەواڵى راگەیاندنى کۆچى دواییاندا، هەموو خێزان و بنەماڵە و عەشیرەتێکى کوردستان واهەستیان بکردایا ئەندامێکى خێزان و گرووپەکەیان لەدەست داوە. دەبوو رێوڕەسمی بەخاکسپاردن و پرسەکانیان لەبەر ئاپۆڕاى جەماوەر دەرزیت هەڵبدایا بەر زەوى نەکەوێت، بەڵام رێوڕەسمی بەخاکسپاردنى هیچ کامیان بە ئەندازەى ژمارەى بەرهەمەکانیان، خەڵک ئامادەى بەخاکسپاردنەکانیان نەبوو.
ئەمە حاڵەتێک و دووان نییە، خەریکە دەبێت بە دیاردەیەکى بەرچاو، بەتایبەت کە دەسەڵات و ناوەندە رۆشنبیرییەکانى حکومەتى کوردستانیش بەهەمان شێوە ئاو دەکەن بە ئاشى ئەم خوێن ساردى و خەمساردیى خەڵکەوە بۆ مەرگى دەستەبژێرەکانى. ئەم دیاردەیە پێویستى بە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەى ورد هەیە و، پێویستە چارەسەرى خێراى بۆ بدۆزرێتەوە، ئەگینا وردە وردە واى لێدێت لە کوردستان وەک پیشەیەکى قێزەون لە بوارە هونەرى و روناکبیریى و ئەدەبییەکان بڕواندرێت. هەر کۆمەڵگەیەکیش ئەو کایانەى تیا لاواز بوون، ئومێدى ئەوەى لێناخوازرێت روناکى ببینێت.
بەڵام لە بەرانبەر ئەم بێئەمەکى و نائومێدییە گەورەیەدا، چاومان دەچێتە سەر هەوڵێکى دیکە بۆ بەرزڕاگرتنى ناو و پێگەى نووسەر و رووناکبیران و بەزیندوویى هێشتنەوەیان. ئەویش هەوڵە تاکە کەسییەکانى کەسایەتیى نیشتمانى، رووناکبیر و سەرمایەدار بەڕێز تەنها رەسووڵە، کە خاوەندارێتیى هەر یەک لە سەنتەرى مارگرێت و دەزگاى جەمال عیرفان و دامەزراوەى کەریمى ئەلەکە دەکات. هەر هەڵبژاردنى ناوى کەسایەتییەکان بۆ دامەزراوەکانى جێگەى پێزانینى گەورەیە. جیا لەوەى کە هەر یەک لەم دەزگا روناکبیرییانە بوونەتە پشکۆى گەشانەوەى کایەى روناکبیرى و پەروەردەیى لە سلێمانى. هەروەها لەپشتى بەڕێوەچوونى دەیان دامەزراوەى رووناکبیرى و چاپ و بڵاوکردنەوەى گۆڤار و کتێب و درووستکردنى پەیکەرى گەورە ئەدیب و نووسەرانە لە کوردستان.
لە هەرێمى کوردستان بەهۆى بارودۆخى تایبەتى حوکمڕانى و زاڵبوونى هەژموونى حیزب بەسەر دامەزراوەى حوکمڕانییەوە، زۆر سەرمایەدارى هەڵتۆقیوو دروستبوون و پێچەوانەى سەرمایەدارى نیشتمانى، بوون بە بار بەسەر نیشتمانى ئێمەوە، بەڵام کەسانێکیکش هەن سەرمایەدارى رەسەنن و بە رەنج و ماندووبوون و ژیریى و لێهاتوویى خۆیان لە بوارى کار و بازرگانى، سەرکەوتوون و هەڵکەوتوون. خزمەتى زۆر گەورە بە ژێرخان و سەرخانى کوردستان دەکەن، کە سەرمایەدارێک کارگە و کارخانەیەک دادەمەزرێنێت، قوتابخانە و نەخۆشخانە، مۆڵ و میوانخانە دروست دەکات، لەپاڵ ئامانجەکەى بۆ دەستکەوت و کەڵەکەبوونى سەروەت و سامان بۆخۆى، لەگەڵ رەخساندنى هەل و دەرفەتى کار و بژێوى بۆ کەسانى دیکە، بەشدارى دەکات لە کەڵەکەبوونى سەروەت و سامانى نیشتمان.
دکتۆر تەها رەسووڵ لەو کەسانەیە کە لەناو بنەماڵەیەکى دڵسۆز بە خاک و میللەتەکەى، لە بوارى زانستى و کار و کەسابەت، بە رەنجى خۆى دروستبووە. لە سایەى حیزب و حوکمڕانى کوردیدا دەوڵەمەند نەبووە، زەویوزارى نیشتمانى بەسەردا تەخشان و پەخشان نەکراوە، سیتى و گوند و شارى پێنەبەخشراوە. پارە و سامانى نیشتمانى نەبردووەتە دەرەوە، ساڵانێکى زۆر کار و کەسابەتى لە دەرەوەى کوردستان بووە و سەروەت و سامانى هێناوە بۆ نیشتمان. لەپاڵ کار و کەسابەتى خۆیدا کاتێ بەشێک لە سەروەت و سامانەکەى تەرخان دەکات بۆ زیندووکردنەوەى یاد و یادەوەرى ئەوانەى لە رابردوودا رووناککەرەوەى بیرى کۆمەڵگەى ئێمە بوون، شایستەى ئەوەى لەم سەردەمى نائومێدییەدا وەک ئومێدێک لێى بڕوانرێت و چاکەکانى لە بەرچاو بگیرێت.
قسەیەک هەیە زۆر جار هونەرمەند و نووسەران دەیڵێنەوە کە تا خۆمان لە ژیانداین رێزمان بگرن، لەپاش خۆمان تاجە گوڵینەمان بۆچییە. بەداخەوە کە ئێستا کوردستان کەوتووەتە ناو بارودۆخێکەوە نە بە زیندووێتى و نە لە مردن و نە دواى خۆشیان رێز لە ئەستێرەکانى ناگرێت. ئەگەر هەوڵە تاکە کەسییەکانى دکتۆر تەها رەسووڵیش بخرێتە لاوە، مرۆڤ تووشى نائومێدیى گەورە دەبێت لەو کۆمەڵگەیە. بۆیە تاوەکو دکتۆر تەها رەسووڵ خۆى لە ژیاندایە، وەک پێزانین بۆ ئەو هەموو کارەى کردوویەتى، هەروەها وەک هاندان بۆ سەرمایەدارانى دیکەش، بە پێویستى دەزانم و داواکارم وەزارەتى رۆشنبیرى هەرێمى کوردستان پەیکەرێک بۆ دکتۆر تەها رەسووڵ دروست بکات، چونکە دڵنیام وەک چۆن ئێستا ناوى کەریمى ئەلەکە بووەتە هێماى بەخشندەیى و یاد و یادەوەرى بەرز رادەگیرێت، رۆژگارێکیش دێت خودى تەها رەسووڵ کە ئێستا بووەتە وەفادار بۆ ئەوانەى رابردوو، ناوى خۆیشى بە بەرزى دەمێنێتەوە. جا بۆ شادکردنى خۆى و وەفادارى بەرانبەر بە هەوڵ و کارەکانى و لە هەمانکاتدا تا ببێت بە هاندەر بۆ خاوەن سامان و سەرمایەدارانى دیکەش کە وەک ئەو بن، باشترین کارێک ئەوەیە کە وەزارەتى رۆشنبیرى وەک لایەنى پەیوەندار بە هونەر و ئەدەب و کایەى رۆشنبیرى، ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت.



