ناساندن
عێراق بەدەست کەمیی نەوتی خاوەوە نا-ناڵێنێت؛ بەدەست لاوازیی سیستەمی پاڵاوتنی قووڵەوە، یەکنەخستنی پترۆکیمیاییاتەکان، دۆخی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و ناکارامەیی لە تێکەڵکردنی سووتەمەنییەوە دەناڵێنێت. کەرتی وزەی عێراق رووبەڕووی پارادۆکسێکی ئاڵۆز دەبێتەوە: سەرەڕای خاوەندارێتیی پێنجەم گەورەترین یەدەگی نەوتی سەلمێنراو لە جیهاندا و پێگەی دووەم لە ئۆپێکدا، بەڵام وڵاتەکە لەگەڵ کەمییەکی توند و بەردەوامی قەیرانی بەرهەمە نەوتییە پاڵاوتەکان و گاز و پێکهاتە کیمیاییەکاندا دەجەنگێت.
ئەم قەیرانە لەلایەک بەهۆی خراپیی بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گاز و نەبوونی دیدگای رۆشن دروستبووە، لەلایەکیش بەهۆی گرژییە سەربازییە ناوچەییەکان کە رووبەڕووی عێراق بوونەتەوە، وەک ئەوەی لە 2026ـدا بەهۆی پەککەوتنی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بە شێوەیەکی بەرچاو ئەم قەیرانە توندتر بووە. نەبوونی ژێرخانێکی پتەو و خۆڕاگری پیشەسازییە نەوتییەکان لە دۆخی ئاساییدا بووەتە هۆی دابەزینی هەناردەکردنی نەوت و، رۆیشتنی پارەی عێراق بۆ دەرەوە، لە دۆخی جەنگیشدا چونکە پشت بەدەرەوەی خۆی دەبەستێت، بووەتە هۆی ئەوەی هاوردەکردنی پێویست بۆ دابینکردنی خواستی ناوخۆ بکەوێتە مەترسییەوە.
بیرخستنەوەیەک بۆ دیدگایەکی رۆشنتر و ستراتیژییەکی گشتگیرتر
لە تەممووزی 2026ـدا، لە میانەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی و شاندی هاوەڵی بۆ واشنگتۆن سێ راسپاردەی گەورە بۆ چارەسەریی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی وزە لە عێراقدا پێشکێشی لایەنی عێراقی کراوە:
یەکەمیان، زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەمەیان بۆ زیادکردنی داهات لەناوخۆ و رێگریکردنە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا.
دووەمیان، راگرتنی بەهەدەردانی گاز، بەپێی راپۆرتەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان عێراق ساڵانە پلەی سێیەم یان چوارەمی هەیە لە پیسکردنی ژینگە، دەبێت ئەم سووتانی گازە و بەفیڕۆدانی رابگرێت و، لەبری ئەوە کۆمپانیا ئەمریکییەکان هاوکاری بن لە بەرهەمهێنانی کارەبادا.
سێیەمیان، هەمەچەشنکردنی کەناڵەکانی هەناردەکردنی نەوت، تاوەکو چیتر بەتەنیا پشتبەستن بە گەرووی هورمز کۆتایی بێت. بەگشتی راکێشانی بۆڕیی نەوت لە بەسرەوە بۆ عەقەبە، لە کەرکووکەوە بۆ بانیاس، پێناسەکردنەوەی هێڵی کەرکووک-جەیهان، تەنانەت هەناردەکردن لەرێگەی "یەنبوع"ـەوە بە خاکی سعودیەدا، ئەمانە بەتەنیا هێڵەکانی وزە و ئابووریی هەمەچەشن ناکەن، بەڵکو رووگەی سیاسی و دیپلۆماسی و کرانەوەی زیاتری بازاڕ و دیالۆگی زیاتر لە ئاستی جیاجیادا دەهێننە رۆژەڤەوە.
بەئامانجگرتنی ئەو سێ خاڵەی سەرەوە، راستەوخۆ دەستبردنە بۆ برینە شێرپەنجەییەکانی عێراق، سەرەتایەکی گونجاوە بۆ چوونە سەر سکەی چارەسەرییەکی ریشەیی. بەڵام عێراق و ئەمریکا خاڵی چوارەمیان بیرچووە کە سەرچاوەی بەهەدەردانی دارایی و هۆکاری راستەقینەی پەکخستنی تواناکانی دەوڵەتەکەیە، ئەویش پێشخستنی پیشەسازیی پترۆکیمیاییات و فرەچەشنکردنە لە خودی بەرهەمە نەوتییەکاندا، ئێمە کلیک لەسەر ئەمەیان دەکەین.
قەیرانی ژێرخان و پێکهاتە نەوتییەکان
عێراق نەوتی خاوی هەیە و، هەناردەی دەکات، بەڵام ساڵانە سەرووی چوار ملیار دۆلاری بۆ هاوردەکردنی پێکهاتە نەوتی و کیمیاییەکانی کە لەرێگەی نەوتی خاوەوە بەرهەم دێن خەرجکردووە! لەرووی زانستییەوە لە پرۆسەکەدا سەرەتا نەوتی خاوت هەیە، لەرێگەی پاڵاوتنەوە، پێکهاتە نەوتییەکان بەرهەم دێن، دەرئەنجامی ئەمە "پترۆکیمیاییات"مان دەبێت، لەمەیشەوە دەگەین بە بەرهەمە پیشەسازییەکان، بەمە دەگوترێت ژێرخانی نەوت، وە بەمجۆرە دەستەبەرکردن و بەرزراگرتنی پیشەسازییە هایدرۆکاربۆنییەکان دەتوانێت تواناکانی دەوڵەت لە دەیان بواردا بەرز بکاتەوە.
ئەگەرچی لە تشرینی دووەمی 2025ـدا، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، کە هاوردەکردنی نەوتی سپی (کیرۆسین)، بەنزین و گازۆیل رادەگرن لە دەرەوە و، توانای دابینکردن لەناوخۆدا گەیشتووەتە ئاستی پێویست، کەچی هێشتا لە ئابی 2026ـدا کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئەبووزەبی (ADNOC) بەنزین بۆ عێراق دابین دەکات، عێراق لیتری بە 1500 دینار دەکڕێت و بە نرخی 450 دینار دەیدات بە هاووڵاتییان، هەروەک چۆن هەمان کۆمپانیای ئیماراتی لە 2024ـەوە نەوتەکانی عێراق خۆی لە بەندەرەکانی نزیک بە نرخی داشکێندراوی سۆمۆ دەکڕێت و، دواتر دەیکاتە بەنزین و بە عێراق خۆی دەفرۆشێتەوە!
ئەگەرچی لە بنچینەدا پێویستە فرەچەشنکردنەکە لە بازنە گەورەکەی "وزە"دا رووبدات، بەڵام با وای دابنێین وزە هەر بەتەنیا بریتییە لە سووتەمەنییە بەردینەکان (نەوتی خاو، گازی سروشتی و خەڵووز؛ ئەوانەی رێژەی کاربۆن تێیاندا بەرزە): لەرێگەی نەوتی خاوەوە ئەم بەرهەمە سەرەکییانە بەرجەستە دەبن: گازۆیل، نەفتا، بەنزین، کیرۆسین، سووتەمەنیی فڕۆکە، قیر، رۆنە چەورکەرەکان بۆ چەورکردنی ئامێرەکان و چەورکەرە سەرەتاییەکانی دیکە. لەراستیدا عێراق و هەرێمی کوردستان تەنیا لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی قیر (Bitumen)دا بەرەوپێشچوون کە بەتەواوی ژینگە پیس دەکات، ئەوەش سێ جۆری سەرەکی هەیە (جامبۆباگ، قیری گەرم، بەرمیل یان قیری 50-60).
گریمان لە ئەمڕۆوە پاڵاوگەکانی کەربەلا، عەمارە، زیقار، شوعەیبە، بێجی، دۆرە، کار، لاناز و سەدان پاڵاوگەی بچووکی دیکە کە هەن، دەتوانن بەنزینی پێویست دابین بکەن، بەڵام هێشتا عێراق بۆ بەرهەمهێنانی بەنزین و بەرهەمە نەوتییەکانی دیکە پێویستی بە ماددەی چاککەر هەیە کە لە دەرەوە هاوردەی بکات، ئەوەش بۆ تێکەڵکردنی ئۆکتانە کە بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی و رێژەی ئۆکتان، ماددەی کیمیایی باشکەر دەکرێتە ناو نەفتاوە تاوەکو دەبێتە بەنزینی ئۆتۆمبێل. وەک چۆن بۆ دروستکردنی ماست پێویستە هەوێن بۆ شیرەکە هەبێت، کاتێک "هەوێن"ەکە دەست نەکەوێت، ماستەکە گران دەبێت. کاتێک کۆمەڵگەی پترۆکیمیاییەکانی ئێران خاپوور کرا، کە ئەم "هەوێن"ەی دابین دەکرد بۆ ناوچەکە، نرخی بەنزین لە عێراق و ئێرانیش دەستی بە بەرزبوونەوە کرد.
ئەو واقیعە قبووڵ دەکەین، کە لە عێراق وەزارەتی نەوت هەیە نەک وەزارەتی کاروباری وزە. فرەچەشنکردن نابێت تەنیا لە ئابوورییەکەدا رووبدات، بەڵکو دەبێت لەناو سێکتەرە جیاوازەکانی کە سەرچاوەی داهاتن رووبدات، بۆ نموونە لەناو کەرتی کشتوکاڵ خۆیدا دەبێت رووبدات؛ تەماتە و خەیار تەنیا بۆ زەڵاتە نین، دەکرێت بە تێکەڵکردنی خەیار و گۆگرد و هەندێک ماددەی دیکە دەیان کارگەی سابوون و کرێمی دەموچاو و جوانکاریی بونیاد بنرێت و هەناردە بکرێت. فرەچەشنکردن لە سەرچاوەکانی وزەشدا دەبێت (نەوت، گاز، خەڵووز، سۆلار، وزەی با، پەینی کیمیایی، بەرهەمهێنانی کارەبا لەرێگەی ریسایکلینگی پاشماوەکانەوە، لەرێگەی کارۆئاوی و رێگەکانی دیکەوە..)، ئینجا لەناو نەوت و گازدا دەیان پێکهاتە و جۆر و پرۆسەی تێکەڵکردنی دیکە هەیە، دەبێت رووبدات.
بەپێی راگەیێندراوی سۆمۆ، عێراق لە 2025ـدا زیاتر لە دوو ملیۆن و 100 هەزار تۆن بەرهەمە نەوتییەکانی لە دەرەوە هاوردەکردووە، کە زیاتر لە یەک ملیۆن و 523 هەزار تۆنی بەنزین بووە، بڕەکانی دیکەش بەگشتی گازۆیل بووە. سۆمۆ لە ئابی 2026ـدا بە 28 دۆلار خوار بازاڕ نەوتی خاو دەفرۆشێت، بەنزین و پێکهاتە چاککەرەکانی دیکەش بە نرخی گرانتر دەکڕێتەوە و هاوردەی دەکات! لە 2022ـدا ئەمە پێنج ملیار و 299 ملیۆن و 817 هەزار دۆلار لەسەر عێراق کەوتووە، لە 2023ـدا بەپێی داتاکانی بانکی جیهانی، تەنیا هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان چوار ملیار و 332 ملیۆن دۆلار لەسەر عێراق کەوتووە. ئیتر بەمجۆرە عێراق لە دوای 2003ـەوە هێناویەتی.
وزە هەر سیاسەتی جیهانی و ناوچەیی ناگۆڕێت، بەڵکو خۆی لەخۆیدا لەرووی پێکهاتەییەوە بریتییە لە زنجیرەیەکی گۆڕانکاریی خێرا و زۆر و زەبەند، دەسەڵاتدارانی عێراق پێش ئەوەی بیر لە هەناردەکردنی خێرای نەوتەکەیان بۆ دەریای ناوەڕاست، کەنداوی عەرەبی، و دەریای سوور بکەنەوە، دەبێت لەخۆیان بپرسن چۆن گازی سروشتی دەگۆڕێت بۆ پەینی کیمیایی و زەوییە لەکارکەوتووەکان زیندوو دەکاتەوە و ئاسایشی خۆراک بەهێز دەکات، چۆن ئامۆنیا و یۆریا بەرهەم بهێنین لەم رێگەیەوە؟
با ئەوە بپرسین چۆن نەفتا دەگۆڕێت بۆ بەنزین؟ بێگومان ژمارەی ئۆکتانی نەفتا زۆر کەمە (زۆرجار لە نێوان 40 بۆ 60)، واتە خراپە بۆ بزوێنەری ئۆتۆمبێل، کەواتە دەبێت پێکهاتەی هایدرۆکاربۆنی پاک و خاوێنی تێکەڵ بکرێت، کە وەک گوتمان عێراق ئەمەشی نییە و هاوردەی دەکات، بۆیە تووشی قەیرانی کەمیی بەنزین و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بووەتەوە. بۆ نموونە، ئیتانۆڵ، کە سووتەمەنییەکی بایۆلۆجییە کە بە رێژەیەکی تایبەت زیاد دەکرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئۆکتان و کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی. ئۆکتانی کیمیایی زیادکەری دیکە وەکو پێکهاتەکانی وەک مێتانۆڵ یان MTBE.
گازی خۆی دەسووتێنێت و گازی دەرەوە دەکڕێت!
کێشەی عێراق کەمیی وزە نییە؛ پێچەوانەکەیەتی: عێراق نەوت و گازی هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی کارا سەرچاوەکانی ناگۆڕێت بۆ وزەی بەکارهێنراو. وڵاتەکە گازی خۆی بەهەدەر دەدات و گاز لە دەرەوەی وڵات هاوردە دەکات. نەوت هەناردە دەکات و پارەکەی دەدات بەو کارەبایەی دەیکڕێت، هێشتا بەدەست کەمیی کارەباوە دەناڵێنێت. بەم شێوەیە وڵاتەکە بەهای ئابووریی گاز و نەوتەکەی لەدەست دەدات. ئەمە هۆشدارییەکی سەرپێی نییە کە ساڵانە بانکی نێودەوڵەتی، سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هۆشداریی دەدەن کە ساڵانە ئەو گازەی عێراق بە هەدەری دەدات زیانەکەی لەنێوان پێنج بۆ هەشت ملیار دۆلاردایە، لەپاڵ ئەوەشدا ساڵانە بە بەهای چوار ملیار دۆلار گاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێران دەکڕێت.
ئینجا و هێشتاش؛ دەرئەنجامەکان تاوەکو دێت خراپتر دەبن، لە مانگی تەممووزی 2026ـدا وەزیری کارەبا بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی رایگەیاندووە کە بەرهەمی تۆڕەکانی کارەبای عێراق لە نزیکەی 27 هەزار مێگاواتەوە دابەزیوە بۆ 22 هەزار مێگاوات، لەکاتێکدا عێراق پێویستی بە 60 هەزار مێگاوات هەیە، ئەمەش واتا 38 هەزار مێگاوات کارەبا کورتهێنان هەیە لە عێراقدا (واتە 37%ـی کارەبا لە ناوخۆدا بەرهەم دێت).
بارگرانی لەسەر بوودجەی عێراق
گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان هەموو کاتێک کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر ئاسایشی وزەی جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆیی هەیە. لەنێوان 28ـی شوبات بۆ ئابی 2026 عێراق بەهۆی جەنگ و داخرانی هورمزەوە 75%ـی هەناردەکردنی نەوتەکەی لە دەست دا. عێراق 80%ـی نەوتە بەرهەمهێندراوەکەی هەناردە دەکات و 20%ـی لەناوخۆدا بەکاردەبات. رێژەی پشتبەستنی ئابووریی عێراق بە نەوت نزیکەی 95%ـە، قورساییەکی گەورە و بێمانا لەسەر کەرتی گشتییەکەیەتی، چوار ملیۆن و 450 هەزار فەرمانبەری هەیە، بە سەدان هەزار کەسی دیکەش لەژێر ناوی جیاجیادا مووچە لە حکومەت وەردەگرن، بە دەیان هەزار کەس دوو مووچە و سەرووتریان هەبووە، بە جۆرێک لەناو سەرۆکایەتییەکان و دامەزراوە پلە یەکەکانی عێراقدا هەزاران کەس هەن مووچە وەردەگرن بە بێ ئەوەی هیچ دەوام یان هیچ ئەرکێک جێبەجێ بکەن و، بە لیستی جیاجیا دامەزراون، فەرمانبەر هەیە لە زانکۆکانی عێراق بڕوانامەی بەدەستهێناوە بێ دەوامکردن و لە وڵاتەکەشدا ناژی! کۆی گشتیی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی حکوومی مانگانە هەشت تریلیۆن دیناری عێراقییە (کە یەکسانە بە پێنج ملیار دۆلار).
ئەگەر تەماشای بکەیت، داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراق لە 2023ـدا لە نێوان 87.6 تاوەکو 97.5 ملیار دۆلاردا بووە، لە 2024 داهاتەکەی بە نزیکەی 94 ملیار دۆلار بووە، لە 2025ـدا داهاتی نەوت 69.41 ملیار بووە. لە 2026ـدا ئەم بڕە لە کوێ بهێنێت!؟ چارەسەرە بنچینەییەکە ستراتیژییەتێکی گشتگیر و هەمەلایەنەیە بۆ سەرپێخستنی ژێرخانی پترۆکیمیاییاتەکان لە عێراقدا، بەمجۆرە لە نەوتی خاوەوە حکومەت هەنگاو دەنێت بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی وزە و خۆڕاگریی ئابووریی.
کۆتایی
دەوڵەتداریی و حوکمڕانی هونەرە، زانستە، کارامەییە. ستراتیژییەتی خێرا بۆ هەمەچەشنکردنی کەناڵەکانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بەس نییە، بەڵکو خاڵە جەوهەرییەکە ئەمەیە؛ عێراق بەدەست کەمیی نەوتی خاوەوە نا-ناڵێنێت؛ بەدەست لاوازیی سیستەمی پاڵاوتنی قووڵەوە، یەکنەخستنی پترۆکیمیاییاتەکان و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و ناکارامەیی لە تێکەڵکردنی سووتەمەنییەوە دەناڵێنێت. چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بە هاوئاهەنگیی نێوان لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمانی عێراق، حکومەت، ناوەندەکانی توێژینەوە دەکرێت. پاکسازی و پێداچوونەوەیەکی گشتی بە رێژەی راستەقینەی فەرمانبەران و کارمەندانی حکومەت کە بەتەواوی زانراوە و لە ئەرکدان لەگەڵ ئەوانەی هەر بەتەنیا بەناو ئامادەییان هەیە لە لیستەکانی مووچەدا، بێ ئەوەی لە ئەرکێکدا بن. بە پێچەوانەوە، نەبوونی سیستەمێک بۆ پاکسازی و نەبوونی ژێرخانێکی تۆکمە و فرەچەشنکراو بۆ وزە، بەردەوامیی ناسەقامگیرییە ناوچەییەکان دەبنە هۆی دەرهاویشتەیەکی گەورەی ئابووریی، ئەمنی و کۆمەڵایەتی بۆ عێراق.

.jpeg&w=3840&q=75)

