لە رۆژی 7ـی ئابی 2026 رێککەوتنامەی مەککە واژوکرا، لەبەرئەوەی خاوەنی ئەم رێککەوتنامەیە سێ وڵاتی گەورەی ئیسلامیی (تورکیا/ پیشەسازیی سەربازی، شانشینی سعودییە/ ئابووری، پاکستان/ هێزی ئەتۆمی) و هەرسێکیشیان سوننە مەزهەبن و، رکابەری ئێرانن لە ناوچەکەدا و لەسەر چەند دۆسییەک هەر یەک بە تاک لایەنە لەگەڵ ئێران دەرگیری سیاسی و سەربازیی بوون، هەندێک وا لێکیدەدەنەوە کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا ئەم سێ وڵاتە چوارچێوەیەکی ئاسایشیان بۆ خۆیان داڕشت، نامەی ئاگاردارکردنەوەی ئێرانە. ئەم بابەتە بە کورتی باس لە رەگ و ئامانجی ئەم رێککەوتننامەیە دەکات کە لە هەناوی ئەم جەنگەوە لە دایک نەبووە، ئەگەرچی هاوکات بووبن.
یەکەم: ئەم هەنگاوە وەک بیرۆکە تورکییە و کۆنە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرۆکوەزیرانی پێشوتری تورکیا (نەجمەدین ئەربەکان)، لە ساڵی 1996 لەو کاتەدا ئەربەکان هەوڵی پێکهێنانی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی دا، بەڵام ئەو دەیویست لە 6 وڵات پێکبێت، (ئێران و ئەندەنوسیا و لیبیاش) لەگەڵ ئەم سێ وڵاتەدا هەبن.. بڵاوکراوەکەی رێککەوتننامەی مەککەش ئاماژە بۆ برایەتی و هاریکاریی ئێسلامی دەکات، سەرکردە سیاسیی و فیکرییەکانی تورکیا بەتایبەت ئەحمەد داودئۆغلۆ، بەردەوام باسیان لە بۆشاییەک دەکرد لە سیستمی جیهانیدا لەپاش هەرەسهێنانی یەکێتیی سۆڤییەتەوە دروستبووە، ئەمریکاش بە تاک جەمسەری نەیتوانی بۆشاییەکە پڕبکاتەوە، بۆیە بێ سەروبەرییەک لە جیهاندا و بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە کایەدایە هۆکاری سەرەکی سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوە کە لەسەر هێز بونیاد نراوە نەک بەڵێننامە و یاسا نێودەوڵەتییەکان، وڵاتانیش لەوە تێگەیشتوون، بۆیە هەر وڵاتە و بە پشتبەستن بە هێزی خۆی دێت و ئەجێندای تایبەتی خۆی لە ناوچەکەدا جێبەجێدەکات و دەیسەپێنێت بەسەر بێهێزەکاندا، زەرەرمەندی یەکەم لەم دۆخەدا وڵاتانی ئەم هەرێمەن، جەنگی سەر ئێرانیش ئەوەی سەلماند، بۆیە پێکهێنانی سەرەتایی سیستمێکی ئاسایش لە ناوچەکەدا سەرەکیترینی خاڵەکانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بووە لە ساڵانی رابردوودا، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە و بە ئامانجی بونیادێکی ئاسایشی تۆکمەی فراوانتر، بەرژەوەندیی تورکیا بریتییە لە پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان سنووری وڵاتان کە دەڵێت "دەبێتە مایەی دروستبوونی تیرۆر".
دووەم: دووەمین هۆکار بریتییە لە ئیسرائیل.
- هەڵسوکەوتی ئیسرائیل لەپاش جەنگی 7ی ئۆکتۆبەرەوە بە پاساوی رۆژهەڵاتێکی نێوەڕاستی نوێ، بەتەواوی وڵاتانی بێزارکردووە، بە پاڵپشتی ئەمریکا و پارەی ئەمریکا و چەکی ئەمریکا بە هەموو لایەکدا بۆردوومان دەکات، لە عێراق، لوبنان، فەلەستین، تەنانەت قەتەریشی بۆردوومان کرد، سووریای هاوپەیمانی ئەمریکاش بەسەلامەت دەرنەچوو.
- بەزەبری هێزی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئیسرائیل دەیەوێت وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکان سەرشۆڕ بکات، بەزۆر بیانهێنێتە ناو رێککەوتنامەی ئەبراهام، چەند کاژێرێک پاش راگەیاندنی رێککەوتنامەی مەککە، رۆژنامەی ئەمریکی (ۆل ستریت جۆرناڵ) ناونیشانی سەروتارەکەی (سعودییەکان رێککەوتنامەکانی ئەبراهام رەتدەکەنەوە) بوو، لە درێژەی بابەتەکەیدا دەڵێت: هاوپەیمەنییەکی ئیسلامی دروست بوو، بەڵام ئەو هاوپەیمانییەی (سعودییە، ئیسرائیل، ئیمارات) نییە کە ئەمریکا دەیویست.
- هەندێک لە سەرکردە و رۆژنامەکانی ئیسرائیلی داگیرکار ناو بەناو دەیانوت لەپاش میحوەری شیعە نۆرەی میحوەری سوننەیە و پاش ئێران پاکستان وەک هێزێکی سوننی کە هەمیشە خۆی دەخزێنێتە نێو پرسەکان، هاوشانی هێرشی گەرم و تووندی بەردەوام دژ بە تورکیا، ئەم رێکەوتنامەی مەککەیە دەیەوێت سیاسەتی خۆسەپێنەری ئیسرائیل لە ناوچەکەدا راگرێت، ئەو لاوازییە سیاسی و دیپلۆماتییەی کە باڵی بەسەر هەرێمەکەدا کێشاوە کۆتایی پێبێت، هیچ لایەک لەبری ئەمان بڕیار نەدات.
سێیەم: پرسی ئێران
لەم جەنگەدا و بەوشێوە دەرکەوتنەی ئێران و نەسڵەمینەوەی لە بەکارهێنانی هەر رێگە و هۆکارێک بۆ شکستپێهێنانی واشنتن، بەرگەگرتن و نەڕوخان و راگرتنی هێزی چەکداری و سەربازی ئەمریکای زلهێز، ترسێکی لای وڵاتانی کەنداو دروستکرد، دەترسن لەوەی ئێران بە سەلامەتی و بەهێزەوە لەم جەنگە دەربازی بێت و پاشان بە بچووک تەماشای ئەو وڵاتانە بکات و، هەژموونی خۆی بسەپێنێت بەسەریاندا لە رێگەی سەپاندنی سەروەریی بەسەر تەنگەی هورمزدا. ئەمەش کەشەکەی سازاندووە تا هەندێک دور بڕۆن لە راڤەکردن و دیاریکردنی ئامانج لە رێکەوتنی مەککە، وا وێنای دەکەن دژ بە ئێرانە، ئەمەش دورە لە راستییەوە چونکە:
1- پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ ئێران ئاساییە. پاکستان هاوکاری ئێرانە، سعودییەکانیش پێش ئەم جەنگە بە نێوەندگیریی چین ئاشتەوایەکییان کرد و ئێستەش نایانەوێت پردی پەیوەندی لەگەڵ ئێرانییەکان بپچڕێنن.
2- پێش بەرپابوونی ئەم جەنگە بەڵێننامەیەکی ئاسایشی لەنێوان پاکستان و شانشینی سعودیە دا هەبوو، کەچی پاکستان هیچ بەشدارییەکی نەکرد دژ بە ئێران، بە پێچەوانەوە ئەوەندە جێگەی متمانەی ئێران بوو کاری نێوەندگیریی لەنێوان تاران و واشنتندا ئەنجامدا.
3- بڵاوکراوەی وڵاتە بەشداربووەکان ئاماژەیانکرد بە ئەوەی کە ئەم رێککەوتنە تەنها بە مەبەستی (بەرگریکردنە) و، هەرکام لەم سێ وڵاتە هێرشی کرایە سەر، ئەوە وایە کە هێرش کرابێتە سەر هەرسێکیان، ئەم بڕگەیە کۆپیکردنی بڕگەی (5)ی پەیماننامەی ناتۆیە، بەڵام ئەوەتا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهێزترینی وڵاتانی ئەندامانی ناتۆیە، بەڵام لەگەڵ هەموو هاوار و ناڵەی ترەمپ وڵاتانی ئەندام بە دەمیەوە نەچوون. کەواتە لێرەدا ئەو پرسیارە دەکرێت: ئایا ئەگەر لە خاکی میرنشینی سعودییەوە هێرش کرایە سەر ئێران و پاسداران وەڵامی دایەوە، لەو کاتەدا بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان سعودیە هێرشبەر دەبێت یان بەرگریکەر؟
4- بە پێچەوانەوە، ئەم رێککەوتنەی مەککە ئێرانییەکان دەتوانن بەکاری بێنن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، ئەم هەڵوێستەش زیاتر لە عەقڵ بیرکردنەوەی ئێرانی نزیکە، لە لایەک سنووردانانە بۆ پاوانخوازیی ئیسرائیل لە کەنداو و رزگارکردنیانە لە لووتبەرزیی نەتەنیاهوو، لە لایەکیدیەوە لە رێگای تورکیا و پاکستانەوە ئاشتی لە نێوان سعودییە و ئێراندا فەراهەم بێت، یان هیچ نەبێت ئەوەندە هێزی بدەنێ کە بەرامبەر فشاری ئەمریکا خۆگربێت و دوربێت لە بەشداریکردنی جەنگ دژ بە ئێران.
چوارەم: ئەم رێککەوتننامەیە دوورکەوتنەوەی واژۆکەرانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناگەیێنێت، بەتایبەت بۆ خودی تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە و بەردەوام عەوداڵی کڕینی فڕۆکەی جەنگاوەری F35ی ئەمریکییە، سعودییەکانیش بە هەمانشێوە لەڕووی ئابوورییەوە ئاوێتەی رۆژئاوا بوون. لەم رێککەوتنامەدا پاکستان سوودمەندی سەرەکییە.



