لە قەیرانەکاندا، بەشێوەیەکی گشتی سەرنجەکان دەچنە سەر گۆڕەپانی جەنگ، کردەی سەربازی و هاوسەنگیی هێز، بەڵام ئەگەر بمانەوێت وێنەیەکی گشتگیرتر لە قەیرانێکمان هەبێت، دەبێت لەم چوارچێوەیە تێپەڕین.
لە تیۆرییەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، جەنگ تەنیا یەکێکە لە رەهەندەکانی قەیران؛ چونکە لە هەمان کاتدا ئابووری، وزە، بازرگانی، بازاڕە داراییەکان، زنجیرەکانی دابینکردن و چاوەڕوانییەکانی ئەکتەرە ئابوورییەکانیش دێنە ناو هاوکێشەکەوە. لەم روانگەیەوە، تەنانەت دوای کۆتاییهاتنی جەنگیش، زۆربەی لێکەوتە هەرە گرنگەکانی تازە دەست پێدەکەن.
ئەم قەیرانەی دوایی تەنیا تاقیکردنەوەیەک نەبوو بۆ توانای سەربازیی ئەکتەرەکان، بەڵکو توانای ئابووریی جیهانی، ئاسایشی وزە، سەقامگیریی بازاڕە داراییەکان و کارامەیی سیستەمی ئاسایشیی و ئابووریی ناوچەکەشی خستە ژێر تاقیکردنەوەوە. بۆیە تێگەیشتن لێی تەنیا بە شیکردنەوەی پێشهاتە مەیدانییەکان ناکرێت و دەبێت لە چوارچێوەیەکی بەربڵاوتردا لە ئابووری سیاسی نێودەوڵەتیدا بپشکنرێت، ئەو شوێنەی کە ئاسایش، ئابووری و ژێۆپۆلیتیک کاریگەری لەسەر یەکتر دادەنێن.
یەکێک لە دەرکەوتەکانی ئەم راستییە، گەڕانەوەی گرنگیی رێڕۆ ئاوییەکان و تەنگە ستراتیژییەکانە بۆ ناوەندی سەرنجی سیاسەتی نێودەوڵەتی. ئەم قەیرانەی بەم دواییە دەریخست کە جوگرافیا، بەپێچەوانەی تێگەیشتنی ئەو کەسانەی لە سەردەمی جیهانگیری و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا بە کەمتر لەبەرچاویان دەگرت، هێشتا یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی هێز، بەڵام گرنگیی ئەم تەنگانە تەنیا لە هەڵکەوتەی جوگرافییان دا نییە، بەڵکو لەو رۆڵەدا کورت دەبێتەوە کە لە بەستنەوەی ژێۆپۆلیتیک بە ئابووریی جیهانییەوە دەیگێڕن.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، بابەتی سەرەکیی وتارەکە گرنگیی تەنگەی هورمز نییە. پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە کە بۆ دەوڵەتان لە قۆناخە تایبەتەکاندا، ئامرازێک لە نێوان بژاردە جیاوازەکانیاندا هەڵدەبژێرن و ئەم هەڵبژاردنە چۆن دەتوانێت کاریگەری لەسەر هاوکێشە ستراتیژییەکانی ئەکتەرەکانی دیکە دابنێت. لەم روانگەیەوە، هورمز نموونەیەکە بۆ تێگەیشتن لە لۆژیکی هەڵبژاردنی ئامرازەکانی هێز لە مەرجەکانی ناهاوسەنگیی ستراتیژیدا.
بەرپەرچدانەوە؛ زۆرتر لە هێزی سەربازی
لە ئەدەبیاتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، بەرپەرچدانەوە زۆربەی جار بە هێزی سەربازی دەناسرێتەوە، بەڵام دەوڵەتان بۆ کاریگەریدانان لەسەر رەفتاری رکابەر تەنیا پشتبەستوو نین بە توانای سەربازی. تواناکانی ئابووری، هەڵکەوتەی ژێۆپۆلیتیکی، تەکنەلۆژیا، دیپلۆماسی و تەنانەت پەیوەندییە ئابوورییە بەستراوەکانیش دەکرێت ببنە ئامرازی کاریگەری بەرپەرچدانەوە.
ئامانجی بەرپەرچدانەوە پێویست ناکات ( مەرج نییە) بە شکستی سەربازیی لایەنی بەرامبەر بێت، بەڵکو گۆڕینی لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنەکانییەتی. بەو ئەندازەیەی ئەکتەرێک بتوانێت تێچووە سیاسی، ئابووری، ئاسایشی یان سەربازییەکانی بڕیارێک بەرز بکاتەوە، ئەگەری گۆڕینی رەفتاری رکابەریش زۆرتر دەبێت. بۆیە بەرپەرچدانەوە زیاتر لەوەی بە قەبارەی هێزەوە بەستراوبێت، بە توانای کاریگەریدانان لەسەر بڕیاری لایەنی بەرامبەرەوە بەستراوەتەوە.
لە بارودۆخێکی وەهادا، دەوڵەتان لە بەرامبەر پرسیارێکی بنەڕەتیدان: کام ئامراز، لە چ کاتێکدا و لە چ هەلومەرجێکدا، زۆرترین کارامەییی دەبێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەستراوە بە ئامانجە ستراتیژییەکان، سەرچاوەکان، بەربەستەکان و بارودۆخی قەیرانەکە. بۆیە، ناسینی رەفتاری دەوڵەتان تەنیا بە بەراوردکردنی توانای سەربازی ناکرێت، بەڵکو دەبێت لە لۆژیکی هەڵبژاردنی ئامرازی هێزیش بگەین.
ئەم لۆژیکە کاتێک گرنگیی زۆرتری دەبێت کە لە نێوان لایەنەکانی قەیرانێکدا، ناهاوسەنگییەکی روون لە توانای سەربازیی باودا ( نا-ئەتۆمی) هەبێت. لە بارودۆخێکی وەهادا، ئەکتەرە لاوازترەکە هەوڵدەدات کێبڕکێکە لە سەکۆیەکەوە کە تێیدا باڵادەست نییە، بگوازێتەوە بۆ بوارێک کە بتوانێت بە تێچوویەکی کەمتر، کاریگەری لەسەر هاوکێشە ستراتیژییەکانی رکابەرەکەی دابنێت.
چ کاتێک بەرپەرچدانەوەی ژێۆپۆلیتیکی دەبێتە بژاردەیەک؟
هیچ ئامرازێکی هێز بە تەنیایی یەکلاکەرەوە نییە. بەهای راستەقینەی هەر ئامرازێک کاتێک دەردەکەوێت کە لە گونجاوترین کاتدا و بەپێی مەرجەکانی قەیرانەکە بەکاربێت. بۆیە پرسیارە سەرەکییەکە ئەوە نییە بۆچی دەوڵەتێک سوود لە توانای ژێۆپۆلیتیکیی خۆی وەردەگرێت، بەڵکو ئەوەیە بۆچی لە قۆناخێکی دیاریکراودا، بە کاریگەرترین بژاردەی دەزانێت بۆ بەرزکردنەوەی تێچووەکانی رکابەر و کاریگەریدانان لەسەر بڕیارەکەی.
هەڵبژاردنی ئامرازی هێز، زیاتر لەوەی تەنیا رەنگدانەوەی ئاستی هێزی ئەکتەرێک بێت، بەستراوەتەوە بە هەلومەرج و ئەو بژاردانەی لەبەردەمیدان. بەو ئەندازەیەی ناهاوسەنگی لە توانای سەربازیی باودا زیاتربێت، گرنگیی ئامرازە ناهاوتاکانیش زیاد دەکات. ئەکتەری لاوازتر بەگشتی هەوڵ نادات کێبڕکێکە لە سەکۆیەکدا درێژە پێبدات کە رکابەرەکەی تێیدا باڵادەستە، بەڵکو هەوڵدەدات مەیدانی کێبڕکێکە بگوازێتەوە بۆ بوارێک کە بتوانێ بە تێچوویەکی کەمتر، گوشارێکی زیاتر بخاتە سەر لایەنی بەرامبەر.
لەو روانگەیەوە، بەرپەرچدانەوەی ژێۆپۆلیتیکی نابێ تەنیا بە نیشانەی هێز دابنرێت. هەندێک جار پەنابردن بۆ ئامرازێکی وەها، خۆی نیشانەی سنوورداربوونی بژاردەکانی ئەکتەرێکە. چەندە بژاردە باوەکان سنووردارترببن، تواناکانی جوگرافی و ژێۆپۆلیتیکی گرنگیی زیاتر پەیدا دەکەن، چونکە دەتوانن تێچووی بەردەوامبوونی قەیرانەکە بەرز بکەنەوە و هێزی گفتوگۆکردنی ئەکتەرەکە بەهێزتر بکەن.
لەم قەیرانی دواییشدا دەکرێت ئەم لۆژیکە لەسەر ئێران ببینرێت. دیارە تاران لە بارودۆخێکدا پەنای بردە بەر توانای ژێۆپۆلیتیکیی خۆی کە بەرامبەر بە گوشارە ئابوورییەکان و سنوورداربوونی سەرچاوەکان بووەوە، هەروەها بەشێک لە ئامرازەکانی بەرپەرچدانەوەی پێشتری، بە تایبەتی لە ئاستی ناوچەکەدا، رووبەڕووی ئاڵنگاریی جیدی ببوونەوە. لە بارودۆخێکی وەهادا، بەکارهێنانی ئەم توانایە دەکرێت وەک هەوڵێک بۆ بەرزکردنەوەی تێچووەکانی بەردەوامبوونی قەیران، کڕینی کات و رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ گفتوگۆکردن تەماشا بکرێت.
بەڵام ئەم ئامرازە سنووردارییەکانی خۆیشی هەیە. بەرپەرچدانەوەی ژێۆپۆلیتیکی بە تەنیایی ناتوانێت ئەنجامی قەیرانێک یەکلا بکاتەوە و کارامەیییەکەی بەستراوەتەوە بە خۆڕاگریی ناوخۆیی، توانای ئابووری، پێشهاتەکانی ناوچەکە و کاردانەوەی زلهێزەکان. لەبەرئەوە، بەهای ئەم ئامرازە زیاتر لەوەی زامنی سەرکەوتن بێت، لە توانای دروستکردنی تێچوو، کڕینی کات و گۆڕینی کەشوهەوای بڕیارداندا خۆی دەبینێتەوە.
لە کۆتاییدا، گرنگیی ئەم ئامرازە نەک تەنیا لەو هێزەدایە کە دروستی دەکات، بەڵکو لەو سنووردارییانەشدایە کە هەڵبژاردنی دەکەنە پێویستی. ئەمە رێک ئەو خاڵەیەکە کە بەرپەرچدانەوەی ژێۆپۆلیتیکی لە توانایەکی تەنیا جوگرافییەوە دەگۆڕێت بۆ بەشێک لە لۆژیکی ستراتیژیی دەوڵەتان.
بۆچی زلهێزەکان ناتوانن بێباک و دەستەوەستان بن؟
ئەگەر ئامانجی بەرپەرچدانەوە کاریگەریدانان بێت لەسەر بڕیاری لایەنی بەرامبەر، پرسیاری گرنگتر ئەوەیە بۆچی زلهێزەکان بەرامبەر بە ئاسایشی رێڕۆ ئاوییە ستراتیژییەکان هەستیارن؟
وەڵامەکە نابێت تەنیا لە نەوت، گاز یان قەبارەی بازرگانی دا ببینینەوە. بەشێک لە هێز و کاریگەری زلهێزەکان دەگەڕێتەوە بۆ توانایان لە پاراستنی سەقامگیریی ئابووریی نێودەوڵەتیدا. ئازادیی کەشتیوانی، ئاسایشی رێگە بازرگانییەکان، بەردەوامیی زنجیرەکانی دابینکردن، سەقامگیریی بازاڕە داراییەکان و توانای پێشبینیکردنی ئابووریی جیهانی، لە بنەما سەرەکییەکانی ئەم سیستەمەن.
لەم سونگەیەوە ، تێکچوونی جیدی لە ئاسایشی رێڕۆیەکی ئاویی ستراتیژیدا تەنیا قەیرانێکی ناوچەیی نییە، بەڵکو دەتوانێت بڕواپێکراویی یاسا و سازوکارانێک بخاتە ژێر پرسیارەوە کە بازرگانیی جیهانییان لەسەر دامەزراوە. لێکەوتەکەشی رەنگە لە بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە، دڵنیایی (بیمە)، وزە و بازرگانی تێپەڕێت و ببێتە هۆی دابەزینی متمانە و پێشبینیکردن لە ئابووریی جیهانی دا.
پرسیاری گرنگتر، ئەگەری بوونی کردارێکی وەهایە بە مۆدێلێکی رەفتاری. ئەگەر دەوڵەتان بزانن دەکرێت بە پشتبەستن بە هەڵکەوتەی ژێۆپۆلیتیکی، گوشار بخەنە سەر رەوتە ئابوورییە جیهانییەکان بۆ بەرزکردنەوەی هێزی دانوستاندن یان دروستکردنی بەرپەرچدانەوە، لەوانەیە دەوڵەتانی دیکەش هەوڵی بەکارهێنانی تواناکا هاوشێوەکان بدەن.لەوکاتەدا، بابەتەکە تەنیا ئاسایشی رێڕۆیەک نییە، بەڵکو تێچووی پاراستنی سیستەمی ئابووری و ئاسایشی بازرگانی نێودەوڵەتی بەرز دەبێتەوە.
لەبەر ئەم هۆکارە، کاردانەوەی زلهێزەکان نابێ تەنیا وەک بەرگریکردن لە رێگەیەکی دەریایی یان سەرچاوەیەکی وزە تەماشا بكرێت. ئەوان لەکاتی بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان، هاوکات پارێزگاری لەو یاسا و سازوکارانەش دەکەن کە سەقامگیریی بازرگانی، وەبەرهێنان، رەوتی وزە و ئابووری جیهانیان پێوە بەستراوەتەوە.
لێرەدایە کە هەڵبژاردنی ئامرازێکی هێز لە ئاستی بڕیارێکی نیشتمانی تێدەپەڕێت، کاتێک ژێۆپۆلیتیک بتوانێت کاریگەری لەسەر ئابووری جیهانی دابنێت، هەڵبژاردنێکی ناوچەیی دەتوانێت ببێتە کێشەیەک بۆ سیستەمی نێودەوڵەتی.
لۆژیکی هەڵبژاردن ، هێز لەکاتی گونجاودا؟
قەیرانی هورمز دەریخست کە بەهای ئامرازێکی هێز، تەنیا بە توانای شاراوەیی (پۆتێنشیال)یەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵکو بەستراوە بەوەی کە کەی و بۆ چ ئامانجێک بەکار دەهێنرێت. ئامرازێک کە لە قۆناخێکدا دەتوانێت هێزی گفتوگۆکردن دروست بکات، لەوانەیە لە قۆناخێکی دیکەدا تێچووەکەی لە قازانجەکەی زیاتر بێت.
لەم روانگەیەوە، هەڵبژاردنی ئامرازی هێز هەمیشە جۆرێک لە هەڵسەنگاندن لەنێوان توانا، تێچوو، دەرفەت و سنوورداربوون دا. ئەکتەری لاوازتر هەوڵدەدات سوود لە توانایەک وەربگرێت کە بتوانێ بەشێک لە باڵادەستیی لایەنی بەرامبەر بێ کاریگەر بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێ ئاگاداربێت کە بەکارهێنانی ئەو ئامرازە، هاوپەیمانییەکی بەربڵاوتر لە دژی دروست نەکات یان تێچووی ئابووری و سیاسیی بەرگەنەکراو بەدوای خۆیدا نەهێنێت.
لەبارەی ئێرانەوە، ئەم بابەتە گرنگیی زیاتر پەیدا دەکات. ئەگەر ئامانج لە بەکارهێنانی توانای ژێۆپۆلیتیکی، کڕینی کات، بەرزکردنەوەی تێچووی بەردەوامبوونی قەیران یان رەخساندنی کەشێکی باشتربێت بۆ دانوستاندن، ئەوا دیاریکردنی کات خۆی بە ئەندازەی ئامرازەکە گرنگیی دەبێت. بەکارهێنانی پێشوەختە لەوانەیە بەشێک لە توانای بەرپەرچدانەوە لەنێوببات و بەکارهێنانی درەنگوەختەشی لەوانەیە دەرفەتی کاریگەریدانان لەنێوببات.
لە لایەنی بەرامبەردا، زلهێزەکان بەگشتی بژاردەی زیاتریان لەبەردەستە: توانای ئابووری، دیپلۆماسی، تەکنەلۆژی و سەربازی، لەگەڵ ئەگەری بەکارهێنانی هاوپەیمانییەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان. هەر ئەم جۆراوجۆرییەی ئامرازەکان دەستکراوەیی زیاتریان پێدەبەخشێت و وایان لێدەکات بتوانن پەرچەکرداری خۆیان بەپێی درێژبوونەوە یان دژواربوونی قەیرانەکە بگۆڕن.
لەبەر ئەم هۆکارە، چەندە قەیرانەکە درێژە بکێشێت، ئەگەری جووڵەکردن لە ئامرازە کەم تێچووەکانەوە بەرەو ئامرازە رەقەکان زیاد دەکات، بەتایبەتی ئەگەر لایەنە بەهێزەکان بگەنە ئەو دەرئەنجامەی کە تێچووی بەردەوامبوونی رەوشی ئێستا لە تێچووی کردەوەکان زیاتربووە.
لە کۆتاییدا، هێز تەنیا بوونی ئامرازێک نییە، بەڵکو زانینی کاتی گونجاوە بۆ بەکارهێنانی. لەوانەیە سەختترین بەشی بەرپەرچدانەوەش، نەک هەڵبژاردنی ئامرازەکە، بەڵکو هەڵبژاردنی ئەو ساتەوەختە بێت کە زۆرترین کاریگەری بە کەمترین تێچوو دروست بکات.
بەستنەوەی ژێۆپۆلیتیک بە ئابووری جیهانییەوە
قەیرانی هورمز دەریخست کە لە جیهانی ئەمڕۆدا، کێبڕکێی دەوڵەتان ئیتر تەنیا لە گۆڕەپانی جەنگ دا پێناسە ناکرێت. ژێۆپۆلیتیک، ئابووری، وزە، بازرگانی، تەکنەلۆژیا و بازاڕە داراییەکان بە یەکترەوە بەستراونەتەوە و رێک ئەم بەستراوەییە دوولایەنەیە، مەودای ئامرازەکانی هێز و بەرپەرچدانەوەی بەربڵاوترکردووە.
لەم گۆشەنیگایەوە، گرنگیی رێڕۆیەکی ئاویی ستراتیژی تەنیا بۆ هەڵکەوتەی جوگرافییەکەی ناگەڕێتەوە، بەڵکو بەو توانایەوە بەستراوەتەوە کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر تێچووەکانی بڕیاردانی ئەکتەرەکان و تەنانەت لەسەر سەقامگیریی ئابووریی جیهانیش دابنێت. لە گەڵ ئەوەشدا هیچ ئامرازێکی هێز بە تەنیا یەکلاکەرەوە نییە. بەرپەرچدانەوەی ژێۆپۆلیتیکیش نە گەرەنتیی سەرکەوتنە و نە شوێنگرەوەی هێزی سەربازی، ئابووری یان دیپلۆماسییە، بەڵکو یەکێکە لە بژاردەکان کە دەوڵەتان بەپێی ئامانج، توانا و سنووردارییەکانی خۆیان هەڵیدیبژێرن.
لەوانەیە گرنگترین وانەی قەیرانی هورمز ئەوەبێت کە هێز تەنیا بەوەوە بەستراوە نییە کە دەوڵەتان لەبەردەستیاندایە، بەڵکو بەوەشەوە بەستراوەتەوە کە لەکاتی گونجاودا چی هەڵدەبژێرن. توانایەکی شاراوە (پۆتێنشیال) کاتێک دەگۆڕێت بۆ هێزێکی راستەقینە کە ئامانج، کات و تێچووی بەکارهێنانی بە دروستی هەڵسەنگێندرابێت.
هەر بۆیە، لە زۆربەی قەیرانەکانی هاوچەرخدا، بابەتەکە تەنیا ئەوە نییە کێ هێزی زیاتری هەیە، بەڵکو ئەوەیە کێ باشتر دەزانێت لە کام ئامراز، لە چ کاتێکدا و تاوەکو کوێ کەڵک وەربگرێت.



.jpg&w=3840&q=75)