ئێستا جیهان سەرقاڵە بە جەنگى نێوان رووسیا و ئۆکرایناوە. یەکێک لە مەترسییە گەورە و جدییەکانى ئەم شەڕە ئەوەیە هەر لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا نەمێنێتەوە، بەڵکو پەلبهاوێت بۆ وڵاتانى دیکە و بەهۆیەوە جەنگى جیهانیی سێهەم بەرپابێت کە مەترسى ئەوە لە ئارادایە چەکى ئەتۆمى تێدا بەکارببرێت و مرۆڤایەتى تووشى کارەساتى گەورە ببێتەوە.
با گریمانەى ئەوە بکەین زلهێزەکانى جیهان (ئەمریکا و رووسیا و چین و ئەورووپا)، بۆ رێگری لەو هەڕەشەیە، پووتین و ترەمپ وەک سەرۆکى دوو گەورە زلهێزى جیهانى رادەسپێرن بۆ ئامادەکردنى نەخشەڕێگەى چارەسەر، ئەوانیش پڕۆژەیەک بەناوى پرۆسەى ئاشتى و سەقامگیریى جیهانى رادەگەیێنن. ئەنجامەکەى بەو جۆرە بکەوێتەوە کە (ئۆکراینا) بکرێت بە چوار پێنج پارچەوە. بەشێکى بدرێت بە رووسیا، بەشێکى بخرێتە سەر بێلاڕوس، پارچەیەکى بدرێت بە پۆڵۆنیا، ئەوەشى دەمێنێتەوە بدرێتە رۆمانیا.
گەلى ئۆکراینا وەک نەتەوەیەکى دێرینى مێژوو، کە خاوەن خاک و زمان و شارستانیەتى خۆیانن، خاک و ناسنامەیان زەوتبکرێت و بە زۆر بکرێن بە هاووڵاتیى ئەو چوار دەوڵەتەى ناوم بردوون. چوار دەوڵەتى خواپێداو کە میراتى ئۆکراینا بەسەریاندا دابەشکراوە، بۆ ئەوەى هەستى خاوەندارێتى خاک و خۆخاوەنى نەتەوەیی لە دڵ و مێشکیان نەهێڵن، سیاسەتى پاکتاوکردن لە دژى ئۆکراینییەکانى ناو وڵاتەکانیان دەگرنەبەر، زمان و جلوبەرگ و دابونەریتیان قەدەخە دەکەن. تەنانەت رێگە نادەن لەمەودوا ناوى ئۆکراینى لە مناڵەکانیشیان بنێن و بە زۆر دەیانەوێت ئۆکراینییەکان لەناو نەتەوەکانى خۆیاندا بتوێننەوە. نەک هەر بۆ داهاتوو، بەڵکو هەموو بەڵگە و تۆمار و ئاسەوارە مێژووییەکانیشیان دەشێوێنن وەک ئەوەى گەلێک بەو ناوەو نیشتمانێک بەناوى ئەوانەوە نەبووبێت.
بێگومان لەو بارودۆخەدا ئۆکراینییەکان هەموو رێگەیەک دەگرنەبەر بۆ مانەوەى خۆیان و بەدواى دەروازەى رزگاریدا دەگەڕێن، دەیانەوێ نەتەوەکەیان لە فەوتان رزگار بکەن، سەربەخۆیى بۆ نیشتمانەکەیان دەستەبەر بکەن. قوربانى دەدەن، ئازار و مەینەتى دەچێژن، تووشى گرتن و زیندان و بەکۆمەڵکوشتن و ناڕەحەتى دەبنەوە.
بەڵام چەرخى رۆژگار تا سەر بە قازانجى کەس ناسوڕێت، دواجار هەلومەرجى ناوچەیى و نێودەوڵەتى گۆڕانکارى بەسەردا دێت، دەنگى ئۆکراینییەکان دەبیسترێت، پشتیوانیان بۆ پەیدا دەبێت، داوا و خواستەکانیان بە رەوا دەبیندرێت، بە شایستەى ئەوە دەزاندرێن مافەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە و وەک گەلانى دیکەى جیهان خاوەنى دەوڵەتى سەربەخۆى خۆیان بن.
تەنانەت لەنێو دەوڵەتەکانى رووسیا و بێلاڕووس و پۆڵۆنیا و رۆمانیاش کەسانێک پەیدا دەبن پشتیوانى لە داخوازییەکانى گەلى ئۆکراینا دەکەن و بە شایستەى ئەوەیان دەبینن کە مافى لەمێژینەیان بۆ بگەڕێندرێتەوە، بەڵام کارەساتى گەورە ئەوەیە لەنێو ئۆکراینییەکان گرووپ گەلى جۆراوجۆر سەرهەڵبدەن بەناوى نوخبەى رۆشنبیر و سیاسى و ئەکادیمى و نووسەر و رۆژنامەوان و کەمپینچى و چالاکوانەوە داوا لە ئۆکراینییەکانى ناو ئەو چوار دەوڵەتە داگیرکەرەى ئۆکراینا بکەن سەردەمى دەوڵەتى نەتەوەیى بەسەرچووە و پێویستە خۆتان لەگەڵ (مۆسکۆ و مینسک و بوخارست و وارشۆ) بگونجێنن. ئەگەر ئەم گریمانەیە رووبدات، ئایا بۆ هەتا هەتایە لەناو گەلى ئۆکراینا چۆن لەوانە دەڕوانن کە هانى گەلەکەیان دەدەن لەگەڵ ژێردەستەى رابێن و ببن بە بەشێک لە نەتەوەى دەوڵەتى داگیرکەر؟
بۆیە ئەم نموونە گریمانەکراوەم لەسەر ئۆکراینا هێنایەوە، تا یارمەتیدەربێت لە تێگەیشتن و گەیشتنى مەبەستەکەم ئاسانتر بکات بۆ خوێنەر کە ئێستا کوردستان لەناو ئەم بارودۆخەدایە. پاش فیداکاری و قوربانیدانى سەت ساڵى میللـەتەکە، پاش چەندین جار جینۆسایدکردن، لە بەشێکى نیشتمانەکەى نیمچە قەوارەیەکى سەربەخۆى دروستکردووە و لە پارچەکانى دیکەش بزاوتى سەربەخۆییخوازیى خەریکى باڵاکردنە. لە دونیاشدا دۆست و پشتیوانێکى زۆر بۆ دۆزى رەواى کورد پەیدا بوون، تەنانەت لەناو دەوڵەت نەتەوە داگیرکەرەکانى تورک و عەرەب و فارسیشدا کەسانى زۆر هەن دان بە رەوایەتى مافى کورد و داخوازیى وەرگرتنەوەى خاک و ناسنامەکەیدا دەنێن. کەچى نوخبەیەکى بەرفراوانى (سیاسى و منەوەر) لەناو بەشە جیاجیاکانى کوردستان پەیدابوون دژایەتى هەر رەوت و دەنگ و ئاراستەیەک دەکەن داواى ئازادى و سەربەخۆیى بۆ گەلى کوردستان بکات. پڕوپاگەندە بۆ تێزێک دەکەن بەناوى خۆگونجاندن لەگەڵ دەوڵەتانى داگیرکەر.
لە هیچ قۆناخێکى مێژوودا لەناو هیچ گەل و نەتەوەیەکى خاک داگیرکراو شتى وا رووینەداوە، ئەشێ ئەمە وەک تێزێک لەلایەن نەتەوە و دەوڵەتى داگیرکەرەوە پەرەى پێبدرێت بۆ ئەوەى نەتەوەى داگیرکراو بەداگیرکراویى بهێڵێتەوە، بەڵام نەبووە و نەگونجاوە لەناو نەتەوەى داگیرکراوەوە ئەم دەنگانە ببیسترێن.
بەتایبەت لە کاتێکدا کە دەوڵەت نەتەوەى داگیرکەر لەسەر سیاسەتى پاکتاوکردن بەردەوام بێت، ئامادە نەبێت تۆى داگیرکراو وەک هاووڵاتیی ئاسایى ببینێت و بەردەوام لە بۆسەدا بێت چۆن تۆ لەناوخۆیدا بتوێنێتەوە، تۆ بێیت بە پاساوى چەمکى هاووڵاتیبوون و پڕوپاگەندەى دیموکراسى و برایەتى، دژى ئازادیخوازانى نەتەوەکەت بجەنگیت و داوا بکەیت دەبێت کورد خۆى بگونجێنێت، ئەمە ناو دەنێن چى؟ ئەمە تێزى خۆگەوجاندنە، نەک خۆگونجاندن.
هێشتا هیچ کام لە دەوڵەت نەتەوە داگیرکەرەکانى کوردستان نە لە زهنیەت و نە لە رووى کردارییەوە دەستبەردارى چەوساندنەوە و سیاسەتى پاکتاوکردنى رەگەزیى کورد نەبوون، تۆ بەچى لۆژیکێکەوە دەتەوێت میللـەتەکەت وەک کەلەپچەکراوێک بخەیتە بەر شمشێرى ئەوان، بە پاساوى هەندێ چەمک و دەستەواژەى ناو کتێبگەلێک کە لە هیچ کونجێکى ئەم جیهانە شوێنى بەدیهێنانیان نابێتەوە.
کورد هێشتا لە قۆناخى بەرگریکردندایە لە خۆى بۆ مانەوە، سادەترین پێویستییەکانى بەرگریکردنیش لە بەرانبەر ستەمکاریى دووژمنەکانى، ئەو چەکە سادەیەى دەستێتى، بڕوانن تێزى خۆگەوجاندن چى پڕوپاگەندەیەکیان دروستکردووە بۆ نەهێشتنى چەک لە دەستى کورد بە پاساوى ئەوەى سەردەمى خەباتى چەکدارى بەسەرچووە، دەیانەوێت کورد ئەو چەکە نابەرانبەرەى هەیەتى، ئەویش بداتەوە دەستى داگیرکەرەکانى. لەکاتێکدا کورد ئەو چەکەى بۆ بەرگریکردن لە مانەوەى هەڵگرتووە. روونیشە هەرکات بێ چەک کرا، گورگەکان چۆن پەلامارى دەدەن. هەموو ئەوانەى پڕوپاگەندەى ئەوە دەکەن سەردەمى چەک و خەباتى چەکدارى بەسەرچووە، خۆیان ئەو راستییە دەزانن کە مانەوەى کورد لە رابردوو، بۆ ئێستا و داهاتوویش هێشتا تاکە دڵنیایى مانەوەى، بەهۆى ئەو چەکى دەستى خۆیەتى.
رەنگە رۆژگارێک بێت روون ببێتەوە سەرچاوەى ئەو بایە لە کوێوە هەڵیکردووە، دەزگاى هەواڵگریى کام وڵات لە پشت داڕشتن و پەرەدان بەو دەستەواژە و چەمکانە بوو کە هانى کوردەکانى دەدا لەگەڵ ژێردەستەیى خۆیان رابهێنن بە پاساوى چەمکى هاووڵاتیبوون و خۆگونجاندنەوە کە لە راستیدا چەمکى گەوجاندنە.



.jpg&w=3840&q=75)