چوار ساڵە بەدەم ئازار و دێوەزمەی ''جوانکارییەکی هەڵە''ـی دەم و ددانی دەناڵێنێت! نە خەوی خەوە، نە خواردنی، نە پێکەنین و قسەکردن و دەربڕینی، وازی لە هونەرەکەشی هێناوە و بووەتە زەبری دەروونی. تەنیا دوێنێ: لە دەستپێکی رۆژ بە حاڵەتێک دەستمپێکرد و لە کۆتاییەکەشی بە حاڵەتێکی دیکە، ئاخر گووناح نییە؟ تەنیا دوێنی؛ ئەم دوو کەیسە قوربانییەم بۆ هات یەکەم؛ هونەرمەندێکی لاوی دەنگ خۆش ئەمە زیاتر لە 2 کاژێر رێگەی بڕیوە و هاتووەتە نۆرینگەکەم. رووخسارێکی ماندوو، جەستەیەکی شەکەت، سترێسی تەندروستیی دەم و ددانی بەسەر خۆی و هاوڕێکانیشییەوە دیار بوو، چوار ساڵە بەدەم ئازار و دێوەزمەی ''جوانکارییەکی هەڵە''ـی دەم و ددانی دەناڵێنێ! نە خەوی خەوە، نە خواردنی، نە پێکەنین و قسەکردن و دەربڕینی، وازی لە هونەرەکەشی هێناوە و بووەتە؛ زەبری دەروونی. من بەر لە چاککردنی ددانەکانی دەبێ ببمە پزیشکی دەروونی، مامۆستایەکی بلیمەت و واعزێکی دوازدە عیلمی. تاوەکو بتوانم ئەم گرێ کوێرەیەی بکەمەوە، خوا قوەتم دا، ئێ دە سوێند بە خودا دوعا دەکەم کە ئەو کەیسە دێت، ئەمنی نەوێ وەکو دکتۆر! لەبەر ئاڵۆزی چارەسەرییەکە، لەبەر دیوە ئینسانی، ئایینی و نیشتمانییەکەیەوە نەبێت، بەیەک وشە کۆتایی پێ دێنم و دەڵێم: ببوورە من سەری لێ دەرناکەم. لەوەتەی دەخوێنمەوە، لە فیزیا، کیمیا، بایۆلۆژی، دەروونی ئاڵۆزی مرۆڤ، بەڕێوەبردن، سیاسەت و بگرە دینیش، بابەتم نەبینیوە زەحمەتتر لە ئیتباقی ددانەکانی مرۆڤ؛ ئاڵۆز، ورد، تێکهەڵکێش و نادیار. هەموو شتێکیش کاریگەریی تێدەکات؛ لەگەڵ ژنەکەت تێکبگیرێ دەگۆڕێ، پارە زەرەرکەی حاڵێکی دیکەیە، پاڵدەیتەوە وەزعێکە و دانیشی دونیایەکی دیکەیە، دەستکەیتە مۆبایلیت دەڵێی چوویتەتە قاڕەیەکی دی، بە ئیسمی ئەعزەمی (اللە)؛ لە جەبر، هەندەسە، قەزا و قەدەر و هەموو بابەتێکی دیکەی تۆ پێت ئاڵۆزە و قورسە، ئاڵۆزتر و قورسترە. بڕوابکەن؛ دەبێ لە دەروونی مرۆڤ بزانی، لە فیسیۆلۆژیی جەستە بزانی، لە بایۆلۆژی بزانی، لە پەنهان لەگەڵ جنۆکە قسە بکەیت، دەبێ مامۆستایەکی بلیمەت بیت، پارێزەرێکی بە هەیبەت بیت، ئەندازیارێکی بەهرەمەند بیت، لە یەک کاتدا لە کیمیا، بایۆمیکانیک، فیزیکی و مێتافیزیکیش بزانی تاوەکو بتوانی بە حەقی خۆی ئیش لە حاڵەتێک بکەی لکاو بێت بەو بابەتەی لە دەم و ددانە! بۆ ئەو هونەرمەندە دەزانم زیاتر لە 50 بۆ 60 کاژێرم دەوێ تاوەکو تۆزەک وای لێبکەم بە رێگەدا بڕوا، بە ئەزموون و شارەزایی خۆم و ئەو تیمەی لەگەڵ منن، بەو هەموو تەکنەلۆژیا و ئامێرانەی لەدەست منن، ئەوجاش جارجار دەبێت راوێژی کەسانی دیکە بکەم بەتایبەت لە دەرەوەی وڵات، تاوەکو سەری لێ دەربکەین. دووەم؛ دایکێکی سەرووی (60) ساڵ، ژنێکی رۆشنبیر، خانەدان و کوردەواری لەگەڵ دوو لە کوڕە جوانەکانی هاتنە نۆرینگەکەم، هاوپیشەیەکی دڵسۆز رەوانی لای منی کردبوو، هەموو دانەکانی بوونەتە دەنکە برنج و زۆرینەشیان دەمار بڕ کراون، دوو یان سێ جاریش ددانەکانی گۆڕاون، کەچی هەر ئازاری هەیە، لەو دەرگە بۆ ئەو دەرگە، یەک خانەوادە گیریان خواردووە و دایکەکەش دیارە لەو ژنانەیە ئازار و چەرمەسەری زۆری بینیوە واتە بە نەستەلە گەورە نەکراوە تاوەکو ناز و گۆز بکات، بە خودا ئێستا دووجار پێ لە عەرز بدات ئەو دکتۆرانەی ئیشیان بۆ کردووە دەتۆقن! ئەویش قوربانیی لەخۆباییبوونی پزیشکەکەی و بێ سانسۆریی لایەنە پەیوەندارەکانە. هونەرمەندەکە و دایکەکە و سەتانی دیکە نەیانزانی و کەوتنە بەر شاڵاوی پووچی سۆشیاڵ میدیا، ئەی پزیشکە باشەکان چی؟ ئەی لایەنی پەیوەندیدار چی؟ یان گوناحی خەڵک چییە؟