لەو رۆژانەدا شەست و پێنجەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی 1961 بەڕێدەکەین. ئەم بۆنەیە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێینەوە بۆ یەکێک لە گرنگترین رووداوەکانی مێژووی هاوچەرخی کورد. (وەدیع جوەیدە) لە توێژینەوەکەیدا دەربارەی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، شۆڕشی ئەیلوول بە یەکەم ئەزموون دەزانێت کە تێیدا کوردی هەموو پارچەکانی کوردستان، لە چین و توێژ و ئایین و نەتەوەی جۆراوجۆر، لەژێر رێبەرایەتیی یەک رێبەردا یەکیان گرت؛ رێبەرێک کە لە ناوخۆ و دەرەوەدا پێگە و قورسایی خۆی هەبوو، و لەلایەن هەموویانەوە وەک رابەری نەتەوەی کورد دانپێدراو بوو. هەر لەبەر ئەوەش جوەیدە شۆڕشی ئەیلوول بە دەستپێکی راستەقینەی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی نوێی کورد دادەنێت.
هەڵگرتنی چەک ئامانجی سەرەکی و کۆتایی شۆڕش نەبوو. شۆڕش هەر لە سەرەتاوە پرۆژەیەکی سیاسیی هەبوو کە لە دوو ئامانجی پێکەوە گرێدراو پێکدەهات: دیموکراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان. داواکاریی ئۆتۆنۆمی لە چوارچێوەی عێراقدا بوو، بەڵام جێبەجێکردن و پاراستنی ئەو مافە پێویستی بە سیستمێکی سیاسی هەبوو، کە دان بە فرەنەتەوەییبوونی عێراق بنێت و پرسی کورد بە کێشەیەکی ئەمنی نەبینێت کە دەبێت بە هێز کۆنترۆڵ بکرێت.
لێرەدا نامەوێت باسی شەڕەکان و داستان و دانوستاندنەکان بکەم؛ دەربارەی ئەوان زۆر نووسراوە. مەبەستم ئەوەیە لە گۆشەیەکی دیکەوە سەیری شۆڕش بکەم؛ گۆشەیەک وەک پێویست سەرنجی نەدراوەتێ، ئەوەش: چواردە ساڵ شۆڕش چی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا گۆڕی؟ چ کاریگەرییەکی لەسەر ئەو خەڵکە هەبوو کە لەنێویدا ژیان یان بەشدارییان تێدا کرد؟
داڕشتنەوەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی
لەو سەردەمەدا شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتیی کوردستان، شێوازی گوندنشینی بوو. هۆز، خاوەندارێتیی زەوی و دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی ناوچەیی لە سەرچاوە سەرەکییەکانی پێگە و دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی بوون. لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشدا، زۆربەی سەرۆکهۆز و دەسەڵاتدارە کۆنەکان هەستیان کرد بنەماکانی شۆڕش، کە بنەماکانی رێبازی بارزانییان سەرچاوەی بوون، لەگەڵ بەرژەوەندی و پێگەی پێشوویان ناگونجێت. بۆیە هەندێکیان روویان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت کرد و هەندێکی دیکەش چەکی رژێمیان بەرامبەر بە شۆڕش هەڵگرت.
بە لاوازبوونی ئەو رێکخستنە کۆمەڵایەتییە کۆنە، بۆشاییەک دروست بوو کە دەبوو پڕ بکرێتەوە. شۆڕش ئەو بۆشاییەی بە بەرپرسانی حیزبی، کادر و فەرماندەکانی پێشمەرگە و رێبەرانی نوێی ناوخۆیی پڕ کردەوە. زۆر لەوانە رۆڵەی جووتیاران، کرێکاران و ئەو چین و توێژانە بوون، کە لە پەیکەری کۆمەڵایەتیی کۆندا لە پلەکانی سەرەوەدا نەبوون.
هۆز لەناو نەچوو، نەژاد و خاوەندارێتیش گرنگیی خۆیان بەتەواوی لەدەست نەدا، بەڵام رێگایەکی دیکە بۆ بەدەستهێنانی پێگەی کۆمەڵایەتی کرایەوە. لەوە بەدواوە بەشداری، لێهاتوویی، بەرپرسیارێتی هەڵگرتن و ئەو خزمەتەی تاک بۆ دۆزی کوردستان پێشکەشی دەکرد، بوونە پێوەرێکی دیکەی رێز و پێگە.
کاریگەریی ئەو گۆڕانە لە نەوەکانی دواتردا زیاتر دەرکەوت. ئەمڕۆ رۆڵە و نەوەکانی زۆر لەو سەرکردە نوێیانە لە باشترین زانکۆکان دەخوێنن، پلەی بەرزی زانستی و ئەکادیمی بەدەست دەهێنن و لە حیزب و دامەزراوەکانی حکومەتدا پۆستی گرنگ وەردەگرن. بەدڵنیاییەوە ناتوانرێت هەموو ئەم جووڵە کۆمەڵایەتییە تەنیا بە شۆڕشی ئەیلوولەوە ببەسترێتەوە، بەڵام هەروەها ناتوانرێت رۆڵی شۆڕش لە کردنەوەی ئەو دەرگا نوێیانە نادیدە بگیرێت.
لە ناسنامەی ناوچەییەوە بەرەو ناسنامەی کوردستانی
شۆڕش کەسانێکی لەیەک نزیک کردەوە، کە ئامرازەکانی هاتووچۆ و پەیوەندیی ئەو سەردەمە دەرفەتی ئەو هەموو تێکەڵبوونەیان پێ نەدەدان. خەڵکی خانەقین لەگەڵ خەڵکی زاخۆ یەکیان دەگرت و رۆڵەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک لەگەڵ کوردی هەکاری، شەمزینان، ورمێ و قامیشلۆ کار و خەباتیان دەکرد. پێکەوە دەژیان، مەترسییەکانیان دابەش دەکرد و ئامانجێکی هاوبەش کۆی دەکردنەوە.
تەنانەت زاراوە جیاوازەکانیش بوونە بەشێک لەو ئەزموونە. خەڵک ناچار بوون گوێ لە یەکدی بگرن و لە یەکدی تێبگەن. وشە و دەربڕین لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە دەگوازرایەوە و کەسانێک بە راستەوخۆ لەگەڵ زاراوەگەلێک ئاشنا دەبوون کە پێشتر کەمتر بیستبوویان. تایبەتمەندییە ناوچەییەکان ون نەبوون، بەڵام چیدی تەنیا چوارچێوەی ناسنامە و سەر بە شوێنێک نەبوون.
کوردستان لەلای زۆر کەس چیدی تەنیا ناوی خاکێک یان بیرۆکەیەکی رووتی نەتەوەیی نەبوو. کوردستان بووە ناسنامەی ئەو کەسانەی کە لە ناوچە دوورەکانەوە هاتبوون و ئەزموون و مەبەستێکی هاوبەش کۆی کردبوونەوە. لەناویاندا خوێندکار، رۆشنبیر، مامۆستا، پزیشک و خاوەنپیشەی جۆراوجۆر هەبوون؛ کەسانێک کە تێگەیشتن و بیرۆکەی خۆیان دەربارەی ماف، دیموکراسی، بەڕێوەبردن و جیهانی دەرەوە لەگەڵ خۆیان هێنابوو.
بارودۆخی جەنگ هەروەها ژنانیشی ناچار کرد بەرپرسیارێتیی زیاتر لە دابینکردنی بژێوی، پەروەردە، تەندروستی و پشتیوانیکردنی پێشمەرگە هەڵبگرن. ئەم رۆڵە، هەرچەندە هەمیشە بەقەدەر شایستەی خۆی لە مێژووی نووسراودا رەنگی نەداوەتەوە، بەشێکی گرنگی ئەو گۆڕانە کۆمەڵایەتییە بوو، کە شۆڕش خێراتری کرد.
لە بەڕێوەبردنی شۆڕشەوە بۆ ئەزموونی حوکمڕانی
هەرچەندە ناوچەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی عێراق فراوانتر دەبوون و رووبەری ناوچە ئازادکراوەکان گەورەتر دەبوو، رێبەرایەتیی شۆڕش زیاتر رووبەڕووی بەرپرسیارێتیگەلێک دەبووەوە، کە بە کاری سەربازی بەڕێوە نەدەچوون. خەڵک لەو ناوچانەدا دەژیا و ژیانی رۆژانەیان هەبوو؛ کاروباریان هەبوو کە نەیاندەتوانی چاوەڕێی کۆتایی ململانێکە بکەن.
لە ساڵی 1964دا ئەنجوومەنی رێبەرایەتیی شۆڕش دامەزرا و دواتر مەکتەبی جێبەجێکردنی لە 11 ئەندام پێکهات. ئەو مەکتەبە تەنیا چوارچێوەیەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو بەشێک لە بەڕێوەبردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕشی لەئەستۆ گرت و چاودێریی کاروباری کارگێڕی، دارایی، دادوەری و ئەمنیی دەکرد. بەم شێوەیە، لەناو بارودۆخی جەنگ و کەمبوونی توانادا، تۆوی بەڕێوەبردنێکی کوردی چێنرا.
دوای رێککەوتنی یازدەی ئاداری 1970، گرنگیی ئەو ئەزموونە زیاتر دەرکەوت. ساڵانی نێوان 1970 تاوەکو 1974 مەیدانێکی فراوانتریان بۆ کارکردنی ئاشکرا، پەروەردەکردنی کادر، مامەڵە لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت و ئامادەکاری بۆ حوکمی خودی رەخساند. بۆیە ئەزموونی حوکمڕانیی دوای راپەڕینی 1991 و هەڵبژاردنەکانی 1992 لە خاڵی سفرەوە دەستیپێنەکرد. بارودۆخ گۆڕابوو و بەرپرسیارێتییەکان گەورەتر ببوون، بەڵام بیرەوەری و ئەزموونێکی سیاسی و کارگێڕی لەپێشدا هەبوو. بزووتنەوەی کورد لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولەوە فێری ئەوە ببوو کە گواستنەوە لە بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی خەڵک و بەڕێوەبردنی ناوچەکان چ مانایەکی هەیە.
دیپلۆماسی و گەیاندنی دۆزی کورد بۆ دەرەوە
مستەفا بارزانی زوو درکی بەوە کردبوو، کە نابێت دۆزی کورد لەنێوان چیاکان و بەغدا قەتیس بمێنێتەوە. لەبەر ئەوە رێبەرایەتیی شۆڕش پەیامی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان نارد، نامەی بۆ سەرۆکی وڵاتان و کەسایەتییە نێودەوڵەتییەکان نووسی و هەوڵی دا داواکارییەکانی کورد بگەیەنێتە جیهان.
بارزانی بۆ ئەم ئەرکە کەسایەتیی ناسراو و لێهاتووی هەڵبژارد، تاوەکو ببنە نوێنەری شۆڕش لە دەرەوە. عیسمەت شەریف وانلی و کامەران بەدرخان لەو کەسانە بوون. دەوڵەت و باڵیۆزخانەیان لەپشت نەبوو، بەڵام زمان، رۆشنبیری و پەیوەندییەکانیان ئەو توانایەی پێدابوون کە لەگەڵ سیاسەتمەدار، رۆژنامەنووس و دیپلۆمات بە زمانی ئەوان قسە بکەن و راستیی دۆزی کوردیان بۆ روون بکەنەوە.
بزووتنەوەی کورد لە رێگەی ئەو کارەوە زوو بە راستییەک گەیشت کە دواتر چەندین جار دووبارە بووەوە: دەوڵەتان لە روانگەی بەرژەوەندی و حیساباتی خۆیانەوە سەیری پرسەکان دەکەن. هاوسۆزی شتێکە و وەرگرتنی هەڵوێستێکی سیاسی شتێکی دیکە.
راگەیاندن و کولتوور؛ گەیاندنی دەنگی شۆڕش
باوەڕ بە پێویستیی گەیاندنی دەنگی شۆڕش بۆ دەرەوە و هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان وای کردبوو رێبەرایەتی گرنگییەکی تایبەت بە راگەیاندن و چالاکیی کولتووری بدات. رۆژنامەی (خەبات) بەردەوام بوو لە دەرچوون و دەگەیشتە شار و شارۆچکە و ناوچە ئازادکراوەکان، لەکاتێکدا گۆڤاری (کادر) رۆڵێکی گرنگی لە پەروەردەی سیاسی و فکریدا دەبینی. لە ساڵی 1963دا رادیۆی دەنگی کوردستان دامەزرا. شۆڕش بەوە ئامرازێکی بەدەست هێنا کە سنووری چیا و دوورییەکانی دەبڕی و هەواڵ و هەڵوێستەکانی بە دەنگی خۆی دەگەیاندە خەڵک، نەک تەنیا بەو ریوایەتەی حکومەتی عێراق بڵاوی دەکردەوە.
لەگەڵ شۆڕشدا بەرهەمی هونەری، میوزیکی و شانۆییش پەیدا بوون کە لە دەربڕینی دۆزی کورد و دروستکردنی یادەوەرییەکی هاوبەشدا بەشدار بوون. هەندێک لەو شتانەی لە دەروون و بیرەوەریی خەڵکدا لەو ساڵانە ماونەتەوە، لە بەڵگەنامە سیاسی و سەربازییەکانەوە نەگوازراونەتەوە؛ گۆرانییەک، هۆنراوەیەک یان وێنەیەک پاراستوویەتی کە ناوی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە گرێ دراوە. کەواتە شۆڕش تەنیا لە بەرە و ناو رێکخستندا خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی کۆ نەکردەوە، بەڵکو بوارێکی راگەیاندن و کولتووریشی دروست کرد، کە هەواڵ و بیرۆکە و هێما نەتەوەییەکان لە رێگەیەوە لەنێوان ناوچە دوورەکانی کوردستاندا دەگوازرانەوە.
چۆن ئەمڕۆ شۆڕشی ئەیلوول بخوێنینەوە؟
دوای شەست و پێنج ساڵ، چیدی بەس نییە شۆڕشی ئەیلوول تەنیا لە رێگەی شەڕ و دانوستاندنەکانییەوە بخوێنینەوە. ئەو شۆڕشە خەڵکی ناوچە و پاشخانی جیاوازی کۆ کردەوە، دەرفەتی بۆ چین و توێژی نوێ پەیدا کرد، بەشداریی لە بنیاتنانی ناسنامەیەکی فراوانتری کوردستانیدا کرد، بناغەی بەڕێوەبردن و راگەیاندنێکی دانا و دۆزی کوردی گەیاندە دەرەوە. لەگەڵ ئەوەی شۆڕشێکی سیاسی و چەکداری بوو، ئەزموونێکیش بوو بۆ بنیاتنانی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەیەک کە دەیویست کاروباری خۆی بەدەستی خۆی بەڕێوە ببات.
ئەزموونی شۆڕش نیشانی دەدات کە هێزی هیچ دۆزێک تەنیا لە یەک لایەنەوە دروست نابێت. شۆڕش پێویستی بە پێشمەرگە هەبوو، بەڵام لەهەمان کاتدا پێویستی بە سیاسەتمەدار، مامۆستا، پزیشک، راگەیاندنکار، دیپلۆمات و ئەو کەسانەش هەبوو کە ژیانی رۆژانەی خەڵکیان بەڕێوە دەبرد. کوردستانی ئەمڕۆش، بە حکومەت و پەرلەمان و زانکۆ و دامەزراوە و پەیوەندییەکانی دەرەوەیەوە، پێویستە هێزی خۆی لە لێهاتوویی ئەم دامەزراوانە و توانایان بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە دروست بکات.
توانای شۆڕش بۆ کۆکردنەوەی کوردانی ناوچە و پاشخانی جیاواز، یەکێک لە سەرچاوەکانی هێزی بوو. شۆڕش داوای لەوان نەکرد ناوچە و زاراوە و تایبەتمەندییەکانی خۆیان وەلابنێن، بەڵکو لە تەنیشت ئەواندا دۆزێکی فراوانتری دانا کە هەموویانی کۆ دەکردەوە. رەنگە کوردستانی ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستی بەو واتایە هەبێت: جیاوازیی سیاسی، ناوچەیی و کۆمەڵایەتی دژ بە ناسنامەی کوردستانی نییە؛ ئەو ناسنامەیە بە قبووڵکردن و لەخۆگرتنی جیاوازی بەهێزتر دەبێت، نەک بە سڕینەوەی.
وەفاداری بۆ شۆڕشی ئەیلوول تەنیا بەوە نییە هەموو ساڵێک وێنە و یادەوەرییەکانی دووبارە بکەینەوە. وەفاداریی راستەقینە بە گەشەپێدانی ئەو بنەمایانەیە کە شۆڕش لە دامەزراندنیاندا بەشدار بوو. شۆڕشەکان بەوە هەڵدەسەنگێندرێن کە لە سەردەمی خۆیاندا چییان بەدەست هێناوە، بەڵام لەوەشەوە دەخوێندرێنەوە کە بۆ نەوەکانی دواتر چییان بەجێهێشتووە.
لە شەست و پێنجەمین ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولدا، ئەرکی هەموومانە بە رێز و ستایشەوە یادی ئەو شەهید و قوربانییانە بکەینەوە کە بە خوێنیان رێگەی گەیشتن بە ئەمڕۆیان دروست کرد. پێویستیشە لەخۆمان بپرسین: ئێمە دەتوانین چی زیاد بکەین بۆ ئەوەی ئەو نەوەیە دەستی پێکرد؟


.jpg&w=3840&q=75)
