بەرایی
ناڕوونییەکانی واشنتن و تاران لەسەر رێککەوتن و کردنەوەی تەنگەی هورمز بۆ هاتووچۆی کەشتییەکان، وایکردووە هەناردە و داهاتی نەوتی عێراق رۆژ بە رۆژ روو لە کەمبوونەوە بکات، بە شێوەیەک کە ئاستی هەناردەی مانگی ئایاری 2026 بووەتە کەمترینی دوو دەیەی رابردوو.
زیاتر لە دوو مانگ بەسەر ئەو ئاگربەستە لەرزۆکەی جەنگی 40 رۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا عێراق نەیتوانیوە ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی بگەیەنێتەوە بەشێک لە ئاستی پێش جەنگ (نەک هەمووی، تەنانەت نیوەشی). ئەمەش سەرەڕای بڕیارەکانی حکومەت بۆ هەمەچەشنکردنی بۆرییەکانی هەناردەکردن، گواستنەوەی نەوت بە تانکەر، و دانیشتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان.
لە راستی دا، ئەو دۆخەی ئێستا کەرتی نەوتی عێراق پێیدا تێدەپەڕێت، دەبوو دەیەیەک لەمەوبەر و لە کابینەکانی رابردوودا ئامادەکاریی بۆ بکرایە؛ چونکە بۆریی هەناردەکردن بە مانگێک بنیات نادرێت و رێککەوتنی پێویست بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو بە بڕی رۆژانەی سەروو 3 ملیۆن بەرمیل، بە شەو و رۆژێک جێبەجێ ناکرێت.
پێش جەنگ، رێژەی 94٪ی نەوتی عێراق لە بەندەری بەسرەوە و بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕی، بەڵام ئێستا ئەو بڕە رۆژ بە رۆژ لە کەمبوونەوەدایە و لە مانگی ئایاردا دابەزیوە بۆ 2.4 ملیۆن بەرمیلی مانگانە (کە دەکاتە نزیکەی یەک یان دوو کەشتی لە مانگێکدا). ئەم ئاستەش پێنج هێندە کەمترە لە کاتی جەنگەکە؛ واتە ئەگەر جەنگەکە بەردەوام بووایە، دۆخی ئێستای عێراق لە رووی هەناردەوە باشتر دەبوو.
بەردەوامیی ئەم دۆخە ئەگەر لەسەر ئاستی جیهان مەترسییەکانی هەڵاوسان، پاشەکشەی ئابووری و گرانبوونی نرخەکان بهێنێتە ئاراوە، ئەوا بۆ عێراق تا رادەی مایەپووچبوون دەڕوات. چونکە مانگ بە مانگ هەناردەی نەوت کەم دەکات و داهاتەکەشی بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، بە شێوەیەک لە مانگی رابردوودا داهاتی نەوت (بەبێ حەقدەستی کۆمپانیاکان) بۆ خوار 1 ملیار دۆلار دابەزیوە.
بڕی نەوتی هەناردەکراوی بەسرە، کەرکوک و هەرێمی کوردستان (کانوونی دووەم - ئایار 2026)
مانگی کانوونی دووەمی 2026: کۆی هەناردەکراوی هەردوو جۆری نەوتی بەسرە (مامناوەند و قورس) رۆژانە 3.2 ملیۆن بەرمیل بووە، واتە لەو مانگەدا کۆی هەناردەکردن بە تەنیا لە بەسرەوە 101 ملیۆن بەرمیل بووە. لە بەرامبەردا، کۆی هەناردەی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان 6.4 ملیۆن بەرمیل بووە (رۆژانە 208 هەزار بەرمیل). هەرچەندە لەو مانگەدا هەناردەی نەوتی کەرکوک و گەیارە سفر بووە.
مانگی ئایاری 2026: کۆی هەناردەی نەوتی بەسرە تەنیا لە جۆری مامناوەند بووە کە بڕەکەی زیاتر لە 2.4 ملیۆن بەرمیل بووە بۆ تەواوی مانگەکە (واتە بڕی رۆژانەی نزیکەی 80 هەزار بەرمیل). هاوکات، بڕی نەوتی هەناردەکراوی کێڵگەکانی کوردستان دابەزیوە بۆ 340 هەزار بەرمیل لە مانگەکەدا (رۆژانە 15 هەزار بەرمیل)، بەڵام هەناردەی نەوتی کەرکوک بەرزبووەتەوە بۆ 3.8 ملیۆن بەرمیل (رۆژانە 165 هەزار بەرمیل).
بەمشێوەیەش بێت، کۆی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق (بە کێڵگەکانی کەرکوکەوە) نزیکەی 1.3 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بووە، و کۆی بەرهەمهێنانی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان تەنیا 65 هەزار بەرمیل بووە. ئەم جیاوازییەش بەهۆی ئەوەیە کە لە عێراقدا رۆژانە نزیکەی 1.1 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەکان بەرهەمدەهێنرێت، لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان بڕی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ پاڵاوگەکانی ناوخۆ تەنیا 50 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە.
لە رۆژانی رابردوودا، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بیانی و وەبەرهێنەرەکانی نەوت کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا بە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی زامنکردنی ئەمنییەتی کێڵگەکان و قەرەبووکردنەوەی کۆمپانیاکان لە داهاتوودا ئەگەر هێرشیان بکرێتەسەر. بەڵام لە یەکەم رۆژی بڕیارەکەی دادگای پاریسەوە بۆ راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیا بیانییەکان بۆ هەر هەنگاوێک داوای نووسراوی فەرمی دەکەن نەک بەڵێنی زارەکی. هەر بۆیەش تا کاتی نووسینی ئەم بابەتە، کۆمپانیا ئەمریکی و بەریتانییەکان کە یەک لەسەر سێی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنن، دەستیان بە کارەکانیان نەکردووەتەوە. ئەگەریش دەستبکەنەوە بە بەرهەمهێنان ناتوانن بگەنەوە ئاستی پێش جەنگ، چونکە هێرشەکان زیانی گەورەیان بە کێڵگەکان گەیاندووە.
خشتەی یەک: هەناردەی نەوتی بەسرە، کەرکوک و هەرێمی کوردستان لە مانگی کانوونی دووەم تا کۆتاییەکانی ئایاری 2026.

سەرچاوە: داتاکانی سۆمۆ و وەزارەتی نەوتی عێراق (25ی ئایاری 2026)
تێبینی 1: نیشانەی (-) بەواتای ئەوە دێت هەناردەکردن سفر بووە.
تێبینی 2: داتاکانی مانگی ئایار تەنیا تاوەکو 24ی ئایاری 2026 ئەژمار کراون.
داهاتی نەوت؛ لە سۆمۆوە تاوەکو بانکی ناوەندی عێراق
داهاتی نەوتی عێراق دوای لێدەرکردنی حەقدەستی کۆمپانیا بیانییەکان دەگەڕێتەوە بۆ بانکی ناوەندی عێراق. ئەو بڕە پارەیەی مانگانە وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ رایدەگەیەنن، ئەو داهاتە راستەقینەیە نییە کە دەگاتە خەزێنەی دەوڵەت؛ چونکە داتاکانی سۆمۆ تەنیا بەهای گشتیی نەوتی هەناردەکراون و حەقدەستی کۆمپانیاکانی لێ دەرنەکراوە (کە بۆ مانگێکی ئاسایی لە نێوان 17٪ بۆ 25٪ی بەهای نەوتەکەیە). لەلایەکی دیکەوە، ئەو داهاتەی دەگاتە بانکی ناوەندی، هی داهاتی فرۆشی هەمان مانگ نییە و کاتی دەوێت.
ئەگەر شیکارییەک بەپێی داتاکانی سۆمۆ بۆ مانگی کانوونی دووەمی 2026 بکەین، دەردەکەوێت کە لەو مانگەدا رێژەی 17٪ی داهاتی بەدەستهاتوو بۆ حەقدەستی کۆمپانیاکان رۆیشتووە:
کۆی هەناردەی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەو مانگەدا 107.6 ملیۆن بەرمیل بووە (رۆژانە 3.47 ملیۆن بەرمیل) و کۆی بەهاکەی 6.48 ملیار دۆلار بووە (کە تێکڕای نرخی هەر بەرمیلێک 60.26 دۆلار بووە). لەو بڕە، پشکی کۆمپانیا خزمەتگوزاری و بیانییەکان 18.5 ملیۆن بەرمیل بووە کە بەهاکەی دەگاتە 1.12 ملیار دۆلار.
لێرەوە روون دەبێتەوە کە داهاتی راستەقینەی مانگی کانوونی دووەمی 2026 کە گەیشتووەتە بانکی ناوەندی عێراق 6.48 ملیار دۆلار نەبووە، بەڵکو دوای لێدەرکردنی حەقدەستی کۆمپانیاکان، بڕی 5.38 ملیار دۆلار بووە.
خشتەی دووەم: بڕی هەناردەکردن و داهاتی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان و حەقدەستی کۆمپانیا بیانییەکان لە کانوونی دووەم تا ئایاری 2026.

سەرچاوە: داتاکانی سۆمۆ و وەزارەتی نەوتی عێراق (25ی ئایاری 2026)
تێبینی 1: نیشانەی (-) بەواتای ئەوە دێت هەناردەکردن سفر بووە.
تێبینی 2: داتاکانی مانگی ئایار تەنیا تاوەکو 24ی ئایاری 2026 ئەژمار کراون
کۆتایی
لە کۆتایی مانگی ئایاری 2026دا، نرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق 13 دۆلار لە سەروو تێکڕای نرخی هەر سێ بازاڕە سەرەکییەکەی ئاسیا، ئەورووپا و ئەمریکاوە بوو. بەشێوەیەک تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراق 113.74 دۆلار بوو، لە کاتێکدا تێکڕای ئەو سێ بازاڕە 100.48 دۆلار بوو بۆ هەر بەرمیلێک. بەڵام کاتێک دەرچەی هەناردەکردن و ئەمنییەتی بەرهەمهێنان نەبێت، نرخەکان سوودیان نابێت و وڵات دەکەوێتە ناو ئەو دۆخە ئێستاوە کە خەرجی زۆرە و داهات کەمە.
لە سەرەتای جەنگەکە و داخستنی تەنگەی هورموزدا، وەزارەتی نەوتی عێراق و بەرپرسانی کۆمپانیا نەوتییە حکومییەکان لێدوانی گەشبینانەیان دەدا و باسیان لە چاککردنەوەی بۆریی نەوتی کەرکوک - تورکیا لە ماوەی دوو رۆژ یان دوو هەفتەدا دەکرد، بەڵام دوو مانگ تێپەڕی و هێشتا بۆرییەکە بە تەواوی چاک نەکراوەتەوە.
هەروەها لەو رۆژانەی کە هێرش دەکرایە سەر کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و باشووری عێراق (تەنانەت کێڵگەی مەجنوونیش)، وەزارەتی نەوت باسی لە گرێبەستی هەناردەکردنی نەوتی خاو بە تانکەر بۆ سووریا و بنیاتنانی بۆریی بەسرە – حەدیسە دەکرد، بەڵام تائێستا هیچ کامیان بەدی نەهاتوون.
بنیاتنانی بۆرییەکی هەناردەکردنی نەوت بە درێژایی 685 کیلۆمەتر لە بەسرەوە بۆ حەدیسە، پێویستی بە 4.5 بۆ 5 ملیار دۆلار بودجە و زیاتر لە 2 ساڵ کارکردن هەیە، نەک 2 مانگ. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دۆخی دارایی ئێستای عێراق لە قەیراندایە و داهاتەکەی تەنیا بەشی یەک لەسەر نۆی (1/9) خەرجییەکانی دەکات.
لەکۆتاییدا، دەرچوون لەم قەیرانە دارایی و نەوتییەی بەهۆی داخستنی دەرچەکانی هەناردەوە دروستبووە، تەنیا بە گەڕانەوەی کۆمپانیا بیانییەکانی هەرێمی کوردستان و زیادکردنی هەناردەکردن بە بڕی 200 هەزار بەرمیل (کە تەنیا دەکاتە یەک لەسەر پانزەی ئەو بڕە نەوتەی لەدەستچووە) بەدی نایەت. بەڵکو عێراق پێویستی بە پلانێکی ریشەیی هەیە بۆ کۆتایهێنان بە پشتبەستن بە تاکە سەرچاوەی لەهەموو رووەکانەوە، بەتایبەتیش داهات.


.png&w=3840&q=75)
