ئيمارەتى ئیسلامى لە ئەفغانستان بەردەوامە لە کۆتوبەندکردنى ژن لەو وڵاتە، ئەمجارە بڕیاریدا تا کاتێکى نادیار دەرگاى زانکۆکان بە رووى کچاندا دابخات، لێرەوە بە پێویستى دەزانم هەڵوەستەیەک لەسەر ئەو بڕیارە و لێکەوتەکانی و شەرعیەتى لە شەریعەتى ئیسلامدا بکەم.
تاڵیبان وەک دژە ژن
رۆژى 20ى ئەم مانگە، رۆژێکى دیکەى قورس بوو بۆ کچانی ئەفغانستان، وەزارەتى خوێندنى باڵاى ئیمارەتى ئیسلامیی تاڵیبان لە بڕیاریکى خێرا و بەپەلەدا، دەرگەى سەرجەم زانکۆ و کۆلێژە تایبەتەکانى بە رووى کچاندا داخست، لەو بڕیارەشدا هاتووە کە پێویستە یەکسەر جێبەجێ بکرێت، رۆژێک دواى ئەو بڕیارەش کاتێک کچە قوتابییەکانی ئەو وڵاتە روویان لە کۆلێژەکانیان کرد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى تاڵیبانەوە دوورخرانەوە و رێگرییان لێکرا بچنەوە ناوەندەکانى خوێندن.
داخستنى دەرگەى زانکۆ و کۆلێژەکان بە رووى کچاندا لە کاتێکدایە کە پێشتر حکومەتى ئیمارەتى ئیسلامى لە دواى هاتنەسەر دەسەڵات لە ناوەڕاستى ئابی 2021 بڕیاریدابوو ناوەندەکانى خوێندنى ناوەندى بە رووى کچاندا دابخات، هەرچى خوێندنى باڵاشە کۆمەڵێک رێکارى دانابوو بۆ ئەوەى تێکەڵاوى دروستنەبێت، لەوانە: دەرگەى هاتن و چوونیان جیا کردەوە، پۆلەکانیان جیاکردەوە، تەنانەت مامۆستاى پیاویش بۆى نەبوو وانە بە کچان بڵێتەوە، مەگەر بەتەمەن بێت، بەڵام دیارە دڵیان بەوەش ئاوى نەخواردووەتەوە تا بەیەکجارى قەدەخەیان نەکەن لە خوێندن.
بێبەشکردنیان لە خوێندن تاکە کۆتوبەندى سەر کچانی ئەفغانى نییە لە سایەى تاڵیباندا، بەڵکو ئەو بزووتنەوە رادیکاڵە لەوەتەى هاتووەتەوە سەر دەسەڵات قەدەخەى کردووە رەگەزى مێ بچنە پارکەکان، دوورى خستوونەتەوە لە بازاڕى کار، مەگەر تەنیا لە شوێنێک نەبێت کە هەمووى رەگەزى مێ بن و بوونى ئەو جۆرە بازاڕ و کارانەش زۆر دەگمەنن، نابێ بچنە هۆڵەکانى وەرزش و گەرماوە گشتییەکان، لە هەر چوونە دەرەوەیەکیشیاندا دەبێت تەواو باڵاپۆشبن و پەچە (نیقاب)یان کردبێت.
ئەو رێکارانەش وایکردووە بزووتنەوەکە زیاتر وەک دژە مێ یان فۆبیاى هەبێت لە دەرکەوتنی رەگەزى مێ دەرکەوێت.
لێکەوتە نەخوازراوەکان
لەڕاستیدا قەدەخەکردنى ئافرەت لە خوێندن پێشهاتێکى دیکەى مەترسیدارە، چونکە وەک دوا بزمار دەبیندرێت لە تابووتى کچانی ئەفغانستان، ئیتر ئەفغانستان تەواو دەبێتە وڵاتێکى نێرینە و بەمەش هیچ سووچێک نامێنێتەوە بۆ کچ و ژن تا رۆڵى خۆیانی تێدا بگێڕن.
لەمەودوا ئیتر کچی ئەفغانستان هیچ داهاتوویەکى نابێت، بەزۆر بە شوو دەدرێت، یان هاوسەرگیرى پێشوەختەی پێدەکرێت، تەنیا لەماڵەوە بێت، مافەکانى دەفەوتێت و ئەگەرى تووندوتیژى بەرامبەری زیاد دەبێت.
ئافرەت لەنێوان تاڵیبانى کۆن و نوێدا
لەکاتێکدا هەموو جیهان چاوى لەسەر ئەکرانەکانى میدیا بوو چۆن دیمەنى راکردنى خەڵک بەگشتى و ئافرەتى ئەفغانستانى دەگواستەوە بەهۆى هاتنەوەى تاڵیبان، سەرکردەکانى ئەو پارتە لێدوانیان دەدا و دڵنیاییان دەدایە خەڵک کە مافیان پارێزراو دەبێت، ئەمە وایکرد قۆناخى ئێستاى حوکمڕانى تاڵیبان ناوبنێن تاڵیبانى نوێ، وەک ئەوەى بزووتنەوەیەکى دیکە یان گۆڕانى ریشەیی لە دید و بۆچوونیان روویدابێت.
بەداخستنى دەرگەى زانکۆ بەڕووى قوتابییانى رەگەزى مێ، تاڵیبان پەردەکەى لادا و رووى راستەقینەى خۆى دەرخستەوە، دیارە ئەوان نەگۆڕاون، هێشتا هەر ئەو تاڵیبانەن کە وڵاتەکەیان تووشى نەهامەتى شەڕ کرد و کاولکارییەکى زۆرى بەدواى خۆیدا هێنا، لە ویلایەتى یەکەمى تاڵیباندا هەموو شتێک لە رەگەزى مێ قەدەخە بوو، لە ویلایەتى ئێستاشدا وەک کوردەوارى گوتەنى هەر هەمان تاس و حەمامە، بەڵام لە قۆناخى یەکەمیاندا یەکسەر هەموو شتێکیان قەدەخەکرد و هەر لەسەرەتاوە رووى راستیان دیاربوو، بەڵام ئەمجارە سەرەتا خۆیان بە شێوەیەکى دیکە نیشاندا و هێدى هێدى رووە راستەقینە-کۆنەکەیان دەرخست.
تاڵیبان لەژێر کۆنترۆڵى رادیکاڵەکانیدایە
قەدەخەکردنى خوێندن لە ئافرەت بەسەرکەوتنى باڵى رادیکاڵى ناو بزووتنەوەکە لێکدەدرێتەوە، کە مەلا هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە رێبەرایەتی دەکات، ئەو بەتەواوى دژى خوێندنى سەردەمى ئافرەتە و پێیوایە پێچەوانەى شەریعەتى ئیسلامە.
لە بەرامبەردا شێخ رەحیموڵڵا حەقانى کە شێخێکى دیارى تاڵیبانە و لە ناوچەى پیشاوەرى سەر سنوورى پاکستان دەژی، پاڵپشتى مافى ئافرەت دەکات لە خوێندن، ئەو پێشتر لە لێدوانێکى رۆژنامەڤانیدا جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەى هیچ بەهانەیەک نییە بۆ قەدەخەکردنى خوێندن لە ئافرەت، بەپێچەوانەوە وەک ئەوەى ئەو بۆى دەچێت "هەموو کتێبە ئیسلامییەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە خوێندنى ئافرەت رێگەپێدراوە، بگرە پێویست و ناچاریشە، چونکە بۆ نموونە ئەگەر ژنێک لە ئەفغانستان تووشى نەخۆشى بێت و پێویستى بە چارەسەر بێت، وا باشترە بچێتە لاى پزیشکێکى ئافرەت نەک پیاو، باشە ئەگەر خوێندنیان لێ قەدەخە بکرێت چۆن دەبنە پزیشک؟!"
ئەو نموونەیەى حەقانى راستى ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە بزووتنەوەى تاڵیبان نەک هەر پێچەوانەى شەریعەت لە پێشێلکردنى مافى ئافرەت لەخوێندن کار دەکات، بەڵکو دژى پرەنسیپەکانى خۆشى دەجووڵێتەوە.
ئیمارەتى ئیسلامى نا ئیسلامى
بزووتنەوەى تاڵیبان بانگەشەى پابەندیی بە شەریعەتى ئیسلام دەکات، هەمیشە لە لێدوانەکانیان جێبەجێکردنى شەریعەت وەک بەهانە بۆ کارەکانیان دەهێننەوە، بەڵام ئایا بەڕاستى ئیسلام دژى ئەوەیە ئافرەت بخوێنێت؟
بە گەڕانەوە بۆ دەقە پیرۆزەکانى قورئان و فەرموودە راست و دروستەکانى سەروەرمان محەممەد (د.خ) دەبینین؛ کە ئیسلام مافى بە ئافرەت داوە بخوێنێت، لە هەموو ئەو دەقە پیرۆزانەدا کە باسى خوێندن و گەورەیى فێرکردن دەکەن، هیچ ئاماژەیەک نییە بە جیاکارى رەگەزى و هەرگیز ئیسلام خوێندنى قەتیس نەکردووە لە رەگەزى نێردا، بەڵکو هەموو ئەو دەقانە بۆ ژن و پیاو وەکو یەکن، لەوەش زیاتر پێغەمبەر (د.خ) لەفەرموودەیەکی دروستدا باسى کەس دەکات کە دوو پاداشتیان بۆ هەیە، یەکێک لەوانە کەسێکە بە باشى ئافرەتێک پەروەردە بکات و فێرى بکات. بۆ خۆیشى (د.خ) عائیشەى دایکى باوەڕدارانى فێرى ئایین کردبوو، فەرمانیشى بە باوەڕداران دەکرد نیوەى ئایینیان لە عائیشە وەربگرن.
لەبەر ئەوە مامەڵەى تاڵیبان بە دژە ئایین لێکدەدرێتەوە نەک جێبەجێکردنى ئایین، بەڵام ئەگەر بڵێین جێبەجێکردنى بەشێکى کەلەپوورى ئیسلامییە ئەوە راستە، چونکە لە توراسى ئیسلامیدا راى لەو شێوەیە هەیە، کە پاڵپشتى ئەو بزووتنەوەیەن بۆ قەدەخەکردنى ئافرەت لەمافە سەرەکییەکانى ژیانیان.
ئیسلامییەکانى کوردستان و بێدەنگى
یەکێک لەو دیاردە سەیرانەى لەلایەن بەشێکى دیار لە ئیسلامى و موسڵمانانى کوردستان هەیە، کەوتنە ژێر سۆز و عاتیفەى لەڕادەبەدەى ئیسلامێتییە، ئەمە وایکردووە کە راستییەکان نەبینن، ئەمە بۆ زۆربەى کایەکانى ژیان راستە، تاڵیبانیش لەو دوورەوە بەشێکى ئەو خێر و بێرەى بەرکەوتووە، هەر کە دەستکەوتێک یان خاڵێکى باشى تاڵیبان دەبینن دەکەونە پێدا هەڵگوتن، پەخشان و شیعر و رازاندنەوە دەبێتە سیماى کارەکەیان بەگشتى و فەیسبووکەوانەکانیان بەتایبەتى، بەڵام کاتێک شتى زۆر ناڕەوا بە دینى ئیسلامیش دەبینن، چاوى خۆیانی لێ دادەخەن و هیچ نابیستن و نقەیان لێوە نایەت، زمانیان ناگرێت بەرگریی لە ئیسلامیش بکەن لەبەر خاترى خاتران، ئێستا کە چەند رۆژێک تێپەڕیوە هیچ یەکێک لەو دڵسۆزە بەئەمەکانەى تاڵیبان نابینم بە یەک دێڕیش دڵتەنگى خۆیان دەرببڕن لە بەرامبەر کارێکى وا ناڕەوا کە بەناوى ئیسلامەوە دەکرێت و ئیسلامى پێ ناشیرین دەکرێت.



