گره‌وی گه‌وره له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی حكومه‌تی ئه‌مجاره‌ی عێراق كراوه. چاوه‌ڕوانییه‌كان به ئه‌ندازه‌یه‌ك گه‌وره‌ن كه سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی كابینه‌ی تازه وه‌ك "یه‌كێك له كۆتا ده‌رفه‌ته‌كان" ده‌بینێت بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵ (دیداری مێری، نۆڤه‌مبه‌ری 2022). هۆكاری ئه‌و چاوه‌ڕوانییانه دیارن: زه‌وینه‌ی ئابووری و سیاسی ئێستای عێراق گونجاون بۆ چاره‌ی سێ ئاڵنگارییه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی به‌رده‌م ده‌وڵه‌تی عێراق كه بریتین له: گه‌نده‌ڵی رێكخراو، به‌ریه‌ككه‌وتنی به‌رده‌وامی هێزه سیاسییه‌كان و كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر (عه‌ره‌ب سه‌نته‌ر دی سی، دیسەمبه‌ری 2022).
ئه‌گه‌ری زۆری سه‌ركه‌وتنی حكومه‌تی نوێ، له راستیدا بۆ به‌هێزیی کابینەی ده‌ستبه‌كاربوو ناگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵكو بۆ شێوازی دابه‌شكردنی هێز له‌سه‌ر ئاستی باڵا و نێوان حیزبه سیاسییه‌كانی عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه كه وای كردووه سه‌رجه‌م هێزه‌كان (جگه له سه‌در) پێكه‌وه ده‌ست به‌و به‌رژه‌وه‌ندییه گه‌ورانه‌وه بگرن كه حكومه‌تی تازه بۆیان ئیداره ده‌دات. هه‌ر بۆیه‌شه لایه‌نه عێراقییەکان به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان له پاڵپشتیی حكومه‌تدا ده‌بیننه‌وه و له‌و رێگه‌یه‌وه له ماوه‌ی حوكمڕانیی سوودانیدا جۆرێك له سه‌قامگیریی سیاسی و ئه‌منی له وڵاته‌كه‌دا ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت. ئه‌مه وا ده‌كات ده‌ستی حكومه‌ت له بووژاندنه‌وه‌ی بازاڕی كاردا زۆر كراوه‌تر بێت، به تایبه‌ت به‌هۆی ئه‌و نزیكه‌ی 600 ملیار دۆلار نه‌ختینه‌یه‌ی كه له ماوه‌ی چوار ساڵی داهاتوودا وه‌ك بودجه‌ی گشتی له‌به‌ر ده‌ستی حكومه‌تدا ده‌بێت. گەشەی ئابووری لە کۆتایی ساڵی 2022 نزیکەی 9%ـە (بانكی جیهانی، نۆڤەمبەری 2022).
له راستیدا دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ده‌سته‌به‌ری به‌رژه‌وه‌ندیی هێزه سیاسییه‌كانی عێراقی كردووه: له 21 پۆستی وه‌زاریی حكومه‌تی نوێ، 10 پۆست بۆ به‌ره‌ی شیعه چووه، له ناویاندا وه‌زاره‌تی نه‌وت كه شاڕه‌گی ئابووریی عێراقه (بەربژێری مالیكی)، هەروەها سه‌ركردایه‌تیی پارچه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ده‌زگا گرنگه ئه‌منییه‌كان (بەربژێری عه‌سایب و كه‌تائیب). هاوكات هه‌ر له به‌ره‌ی شیعه‌دا هاوپه‌یمانیی فه‌تح توانیویه‌تی پاڵپشتیی دارایی گه‌وره و دامه‌زراوه‌یی بۆ حه‌شد وه‌ك به‌شێك له سیستمی به‌رگریی ده‌وڵه‌ت ده‌سته‌به‌ر بكات.
به‌ره‌ی سوننه له دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاتدا شه‌ش كورسیی به‌ركه‌وتووه، له نێویاندا وه‌زاره‌تی به‌رگری (بەربژێری عه‌زم) كه به دڵنیاییه‌وه بۆ سوننه گرنگییه‌كی تاکتیکی و خۆپارێزیی گەورەی هه‌یه، وەزارەتی گەورەی پیشەسازی (بەربژێری حەلبووسی). هاوكات ئه‌و داوایه‌شیان لێ وه‌رگیراوه كه كار بۆ دوورخستنه‌وه‌ی حه‌شد له ناوچه سوننه‌كاندا بكرێت.
سه‌باره‌ت به كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، بۆ یه‌كه‌مجار حكومه‌تی فیدراڵ به نووسراو رێككه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا واژۆ كردووه بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌كان، له‌وانه: رێككه‌وتن له‌سه‌ر یاسای گرنگی نه‌وت و گاز (له ماوه‌ی شه‌ش مانگی یه‌كه‌مدا)، 14%ی به‌شی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی گشتی (ده‌وروبه‌ری 18 ملیار دۆلاری ساڵانه)، هه‌روه‌ها جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی شنگال.
سوودانی ده‌بێت زۆر وریا بێت له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م هێز و سه‌ركرده ده‌ستڕۆیشتووه‌كانی ناو ئه‌و هاوپه‌یمانییه زۆر لهرزۆكهدا. مه‌رجی سه‌ركه‌وتنی به‌رنامه‌ی حكومه‌ت راسته‌وخۆ به‌ستراوه‌ته‌وه به‌وەوە كه پێشێلی به‌رژه‌وه‌ندییه گه‌وره‌كانی ئه‌و لایه‌نانه نه‌كات. به دڵنیاییه‌وه، فاكته‌ری سه‌ره‌كی كه سه‌قامگیری به‌و هاوپه‌یمانییه ده‌دات (كه سه‌قامگیریی عێراقی پێوه به‌نده)، پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و لایه‌نانه‌یه.
هاوکات، ئه‌گه‌ر هێزه سیاسییه‌كان به‌ربه‌ست بۆ حكومه‌ت دروست نه‌كه‌ن، سه‌رۆكوه‌زیرانی تازه‌ی عێراق ده‌توانێت له ماوه‌ی ئه‌م چوار ساڵه‌دا (ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی نوێ نه‌كرێت) كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وتی گرنگ بۆ وڵاته‌كه جێگیر بكات، به تایبه‌تی له كه‌رتی خزمه‌تگوزاریی گشتی و كاراكردنی ده‌زگاكانی حكومه‌ت. سوودانی له به‌رنامه‌ی كاری حكومه‌تدا كۆمه‌ڵێك به‌ڵێنی داون، له‌وانه: به‌رزكردنه‌وه‌ی گه‌شه‌ی ئابووری، دروستكردنی ده‌رفه‌تی كار، ژیاندنه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و له هه‌موو ئەوانە گرنگتر به‌رەنگاریی گه‌نده‌ڵی له ده‌زگاكانی حكومه‌تدا. ئه‌و هه‌روه‌ها به‌ڵێنی داوه كه له كۆتایی ئه‌و چوار ساڵه‌دا وابه‌سته‌یی بودجه‌ی وڵات به داهاتی نه‌وت له 90%وە بۆ 80% دابه‌زێنێت.
ئه‌گه‌ر هه‌نگاو به‌ره‌و چاره‌كردنی ئه‌و سێ پرسه سەرەکییە نه‌نرێت، دره‌نگ یان زوو ناسه‌قامگیریی سیاسی و دواتریش ناسه‌قامگیریی ئه‌منی و ئابووری ئه‌مجاره به‌رۆكی عێراقێك ده‌گرنه‌وه كه دوای كشانه‌وه‌ی سه‌ربازیی ئه‌مریكا، چیتر توانای پاراستنی سه‌روه‌ریی له‌رزۆكی خۆی له به‌رانبه‌ر به زلهێزه ده‌ره‌كییه‌كاندا نه‌ماوه. ئه‌مه راستییه‌كی ترسناكه كه سه‌ركرده باڵاكانی عێراق دره‌نگ په‌ییان پێ برد، بۆیه له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیانی ده‌بینن كه حكومه‌تی تازه ده‌ستی كراوه بێت و به پێچه‌وانه‌ی حكومه‌تی پێشوو پاڵپشتی ده‌كه‌ن.
هاوکات، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی تازه، سه‌رباری ئه‌و دۆخه ئابوورییه گه‌شه‌ی كه هه‌یه، ستراتیژێک بۆ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و سێ پرسە سەرەکییەدا نه‌دۆزێته‌وه، زهوینهكان زۆر ئاماده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی عێراق به‌ره‌و ئه‌و چاره‌نووسه ببەن كه به‌رۆكی دوو به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی ناوچه‌ی شامی - سووریا و لوبنان - گرتووه‌ته‌وه. به واتایه‌كی روونتر، ئه‌گه‌ر عێراق رێگه بۆ چاره‌ی ئه‌و سێ پرسه دانه‌نێت، ده‌وڵه‌تی عێراق هاوشێوه‌ی ده‌وڵه‌تانی لوبنان و سووریا، به‌سه‌ر ناوچه‌ی هه‌ژموونی سه‌ربازی و سیاسیی زلهێزانی هه‌رێمی و جیهانیدا دابه‌ش ده‌بێت و سه‌روه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی بۆ نامێنێته‌وه (فابریس بلانش، نۆڤه‌مبه‌ری 2022). هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وامی زلهێزانی ناوچه‌یی بۆ له‌شكركێشی بۆ ناو عێراق به پاساوی جیاواز (په‌كه‌كە، حدك و كۆمه‌ڵه)، مانه‌وه‌ی هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له عێراقدا ئاماژه‌ی روونن به‌و ئاراسته‌یه‌دا.
له راستیدا، هه‌ستكردن به‌و مه‌ترسییه گه‌ورانه بوو كه له چه‌ند ساڵی رابردوودا زۆر به‌هێزه‌وه هانی سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستانی‌دا بانگه‌شه و كار بۆ روانگه‌یه‌كی هاوبه‌شی عێراقی و گرێبه‌ستێكی نیشتمانی له نێوان سه‌رجه‌م لایه‌نه عێراقییه‌كاندا بكات به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه. كه ساڵێك به‌ر له ئێستا سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی زنجیره كۆبوونه‌وه‌كانی له به‌غدا له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی عێراق ده‌ستپێكرد، كه‌م چاودێری سیاسی له‌و باوه‌ڕه‌دا بوون كه لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق بتوانن له‌سه‌ر كێشه‌كانیان بگه‌نه رێككەوتنێكی نیشتمانی. له خراپترین دۆخی سیاسی و ئابووریی عێراقی دوای كۆرۆنادا، سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی باوه‌ڕی هه‌بوو كه هه‌م ئاسۆ ئابوورییه‌كانی وڵات و هه‌م مه‌ترسییه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان ده‌توانن ببن به هۆكاری به‌هێز بۆ لێكنزیكبوونه‌وه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كان، له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی سه‌رجه‌م گه‌لانی عێراق و رێگری له هه‌ڕه‌شه ده‌ره‌كییه‌كان رێكبكه‌ون.
هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه بوو كه به راشكاویی ده‌ستپێشخه‌ریی كرد و رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه نه‌ك هه‌ر تاكلایه‌نانه متمانه ببه‌خشێت بۆ گه‌یشتن به رێككه‌وتنێكی تازه له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا (كۆڕبه‌ندی ئاسایش و ئاشتی، دهۆک، نۆڤەمبەری 2021)، به‌ڵكو ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستانی بۆ كۆمه‌ك و ناوبژیوانی نێوان لایه‌نه عێراقییه‌كان راگه‌یاند.
روانگه و نه‌خشه‌ڕێگه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان راشكاو و روونبوون: هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه نه‌ك هه‌ر كار بۆ پاراستنی سه‌روه‌ریی عێراق بكات، به‌ڵكو له‌وه زیاتر، هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی عێراق وه‌ك ناسنامه‌ی هاوبه‌شی گه‌لانی عێراق له‌سه‌ر زه‌مینی كوردستاندا وه‌ك ناسنامه‌ی نیشتمانیی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی عێراق (به كوردیشه‌وه) بپارێزێت و په‌ره‌پێبدات، جیاخوازی وه‌ك ئامانجی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان سڕبكات، به مه‌رجێك ده‌وڵه‌تی عێراق ببێته ده‌وڵه‌تی هاوبه‌شی عه‌ره‌ب و كورد و سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی وڵاته‌كه، هه‌رێمی كوردستان له ناو ده‌وڵه‌تی عێراقدا و به‌پێی ده‌ستوور سه‌روه‌ریی نیشتمانی، نه‌ته‌وه‌یی، سیاسی، ئابووریی و سه‌ربازیی پارێزراو بێت كه دواجار هه‌موو ئه‌و سه‌روه‌رییانه بۆ پاراستن و په‌ره‌پێدانی سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌تی عێراق كه ده‌وڵه‌تی هاوبه‌شی كورد و عه‌ره‌ب و سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانه ده‌كه‌ونه كار.
ئه‌م روانگه‌یه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه سه‌رنجی سه‌ركرده عێراقییه‌كانی راكێشا تا ئه‌و شوێنه‌ی كه یه‌کێک له كاریگه‌رترین سه‌ركرده سیاسییه‌كانی عێراق، سه‌در، داوای له سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان كرد ببێته بەربژێری سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه بۆ پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق.
له‌و جه‌مسه‌ربه‌ندییه ترسناكه‌ی كه كه‌وتووه‌ته ناو پەیوهندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه، له‌و دۆخه پێشبینینهكراوهی كه ناوچه‌ی شام و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی تێكه‌وتووه، سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان باوه‌ڕی نه‌گۆڕی به‌وه هه‌یه كه به‌رژه‌وه‌ندییه ئه‌منی و ئابوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له ناو و له‌گه‌ڵ عێراقدا زۆر باشتر ده‌پارێزرێن و په‌ره‌یان پێ ده‌درێت. هه‌ر بۆیه‌شه به به‌رده‌وامی جه‌خت له هاوئاهه‌نگیی نێوان هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق ده‌كاته‌وه هه‌م بۆ به‌رەنگاریی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و هه‌م بۆ بهرپەرچدانهوهی هه‌ژموونی سه‌نگینی ده‌ره‌كی.
هۆكاری ئه‌م باوه‌ڕه سیاسییه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان ئاشكرایه: واقیعی ئێستای یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پاڵپشتی له هه‌رێمی كوردستان له ناو ده‌وڵه‌تی عێراقدا ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ ده‌ستكاریكردنی ئه‌و سنووره جیهانییانه‌دا نین كه به گشتی دوای 1945 دانراون و ئه‌مریكا وه‌ك به‌شێك له سیستمی نێوده‌وڵه‌تی ده‌یانپارێزت (ده‌یڤید رۆمانۆ، نۆڤه‌مبه‌ری 2022). ئه‌مه بۆ هه‌رێمی كوردستان هەقیقەتێکی تاڵ بوو كه له رووداوه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری كه‌ركووكدا به روونییه‌كی راچڵهكێنهرهوه ده‌ركه‌وت.
سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی له چه‌ند ساڵی رابردوودا به نیگه‌رانییه‌كی قووڵه‌وه سه‌یری پێشهاته‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستانی كردووه. ئه‌و زیاد له جارێك هۆشداریی داوه‌ته بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی عێراق و كوردستان له دۆخی نزیك له هه‌ڵدێری وڵاته‌كه. ئه‌و نیگه‌رانی ئه‌وه‌یه كه داخوازییه‌كانی نه‌وەی نوێی عێراق كه له ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی تشرینی 2019دا گه‌یشتنه لووتكه، تا ئێستا ئاوڕیان لێ نه‌دراوه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی هه‌ر رۆژێكدا زیاتر بارگاوی ده‌بن و ئه‌گه‌ر به هه‌ند وه‌رنه‌گیرێن ده‌توانن ئه‌مجاره زۆر تووندتر سه‌ر هه‌ڵبده‌نه‌وه و وه‌ك ئاگری ناو كا سه‌رانسه‌ری عێراق بگرنه‌وه به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه. هه‌ر بۆیه‌شه به به‌رده‌وامی به بیری نوخبه‌ی سیاسی‌دا ده‌هێنێته‌وه كه خه‌ڵكی عێراق به گشتی و نه‌وه‌ی نوێ به تایبه‌ت شایسته‌ی گوزه‌رانێكی باشترن. هه‌ر له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی به به‌رده‌وامی داوا ده‌كات سه‌رجه‌م هێزه‌كان و به تایبه‌ت سه‌در كه پاڵپشتی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان بوو، هه‌رچی زووتره بگه‌ڕێنه‌وه ناو پرۆسه‌ی سیاسییه‌وه.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به قووڵی نیگه‌رانی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سه‌روه‌ریی عێراقه له‌ژێر هه‌ژموونی زلهێزانی ناوچه‌كه. ئه‌و ده‌ڵێت، لاوازبوونی سه‌روه‌ریی عێراق نه‌ك هه‌ر به‌هێزبوونی سه‌روه‌ریی هه‌رێمی كوردستانی لێ ناكه‌وێته‌وه، به‌ڵكو دروست به پێچه‌وانه‌وه، لێكترازانی شیرازه‌ی ده‌وڵه‌ت له عێراق زۆر خێرا و راسته‌وخۆ قه‌واره‌ی ده‌ستووریی هه‌رێمی كوردستان له‌ق ده‌كات، چونكه هه‌رێمی كوردستان ره‌وایه‌تی نێوده‌وڵه‌تیی خۆی له ده‌ستووری عێراق كه ده‌وڵه‌تی عێراق خاوه‌نداریه‌تی ده‌كات بە دەستهێناوە و بۆیه لاوازبوونی ده‌وڵه‌ت، لاوازبوونی ده‌ستوور و لاوازبوونی قه‌واره‌ی یاسایی هه‌رێمی كوردستانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه و زه‌وینه بۆ هه‌ژموونی ماڵوێرانكه‌ری سه‌ربازی و سیاسیی ده‌ره‌كی له‌ناو هه‌رێمی کوردستاندا زۆر زیاتر ده‌كات. هه‌ر بۆیه له پرسی كێشه‌كانی نێوان عێراق و كوردستاندا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگه‌شه‌ی براوه‌ی هاوبه‌ش ده‌كات كه تێیدا هه‌ردوولا براوه بن، پێكه‌وه سه‌روه‌ریی عێراق به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه راست بكه‌نه‌وه و رێگه له دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌زموونی تاڵی ده‌وڵه‌تانی تری ناوچه‌ی شام له عێراقدا بگرن، له‌و ناوه‌دا چاره‌ی كێشه‌كانی هه‌رێمی کوردستان به كلیلی سه‌قامگیری و سه‌روه‌ریی عێراق پێناسه ده‌كات.
سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی به نیگه‌رانییه‌كی یه‌كجار زۆره‌وه سه‌یری رووداوه سیاسی و پێشهاته‌كانی ناو هه‌رێمی كوردستان ده‌كات. ئه‌و نیگه‌رانی ئه‌و کەمتەرخەمییە ترسناكه‌ی ناو بزووتنه‌وه‌ی سیاسییه كه بانگه‌شه‌ی زۆنی زه‌رد و سه‌وز ده‌كات بێ‌ئاگا له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر دوو ئیداره‌یی رووبداته‌وه، كۆی ئه‌زموونی ده‌ستووریی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و نه‌مان ده‌بات و یه‌كسان به سفری ده‌كات.
پێداگریی سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی له رێككه‌وتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بهرلهوەی پەیوه‌ندیی به به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و دوو هێزه نیشتمانییه‌وه هه‌بێت، پەیوه‌ندیی به چاره‌نووسی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی دانپێدانراوەوە هەیە. هه‌ر رۆژێك كه به‌سه‌ر ناكۆكییه‌كانی ئه‌و دوو هێزه‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێت، هه‌ر گرژییه‌كی نوێ كه له نێوان ئه‌و دوو هێزه‌دا دروست ده‌بێت، مه‌ترسیی هه‌ژموونی وێرانكه‌ری سه‌ربازی و سیاسیی ده‌ره‌كی و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی قه‌واره‌ی ده‌ستووریی هه‌رێمی كوردستان زیاتر و زیاتر دەکات. هه‌ر بۆیه‌شه سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان سه‌رباری گرژییه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی ئه‌م دواییانه، پێداگره له رێككه‌وتنی نێوان پارتی و یه‌كێتی و له گوشارهێنان بۆ ئەو دوو هێزه نیشتمانییە به‌و ئاراستهیەدا سڵ ناكاته‌وه.
مەترسیی جیددی لەسەر قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان هەیە (سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دیسەمبەری 2022)، هەروەک چۆن هەڕەشەی جیددی لەسەر سەروەریی دەوڵەتی عێراق هەیە. ئەم مەترسی و هەڕەشانە لێکەوتەی جەمسەربەندیی گرژی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی سەردەمی ئێمەیە؛ هاوکات بەرهەمی ناڕاستەوخۆی چارەسەر نەبوونی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر ئاستی عێراق و گرژبوونەوەی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی کوردستانە.
ئەو کێشانە دەتوانن چارە بکرێن، بە مەرجێک روانگەیەکی هاوبەشی نیشتمانی لەسەر هەردوو ئاستدا هەبێت. رەنگە لە هیچ کاتێکی دیکەی دوای رووخانی سەدامەوە، عێراق و هەرێمی کوردستان بەو ئەندازەیە پێویستییان بە یەک نەبووبێت بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە گەورانەی کە دەتوانن سەقامگیریی هەردوولا بخەنە تەنگەژەی ماڵوێرانکەر و درێژخایەنەوە. هاوکات، رەنگە لە هیچ کاتێکی دیکەی دوای راپەڕینەوە پارتی و یەکێتی بۆ ئیدارەدانی لێکەوتەکانی باری شڵەژاوی ناوچەکە لەناو هەرێمی کوردستاندا، بە ئەندازەی ئێستا پێویستیان بە یەکتری نەبووبێت.
هەرێمی کوردستان دەتوانێ قەیرانی ئێستای ناو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان وەک دەرفەتێک بۆ راستکردنەوەی پێگەی خۆی لە عێراقدا ببینێت؛ سەروەری بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە و سەروەریی دەستووریی خۆی لەناو هەرێمدا جێگیرتر بکات. هەنگاوی مەزن و یەکەم لە رێککەوتنەوەی پارتی و یەکێتییەوە دەستپێدەکات.



