رووداو دیجیتاڵ
پیسبوونی هەوا یەکێکە لە کێشە ژینگەییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، بە تایبەتی لەو پارێزگایانەی بەهۆی بارودۆخی جوگرافیا، گەرما، سەرما و بەکارهێنانی سووتەمەنیی پیس، رووبەڕووی کۆبوونەوەی گازی پیس و تۆزوخۆڵ دەبنەوە.
لەنێو ئەو پارێزگایانەدا، ئیدر یەکێکە لەو شوێنانەی کە کێشەی پیسبوونی هەوای بەردەوامی هەیە.
بەگوێرەی راپۆرتی کۆمەڵەی (نەخۆشانی سی) لە تورکیا، پارێزگای ئیدر لە ساڵی 2025دا لە پیسبوونی هەوادا پێشەنگ بووە.
دۆخی جوگرافیی ئەو شارە کاریگەریی زۆری لەسەر پیسبوونەکە هەیە، چونکە شارەکە لە ناوچەیەکی دەفرئاسا هەڵکەوتووە و بە چیا دەوردراوە. ئەمەش وای کردووە لە هەندێک کاتدا با بە ئاسانی هەوای پیس لە شارەکە دوور نەخاتەوە.
هۆکارە سەرەکییەکانی پیسبوونی هەوا
بەگوێرەی پلانی چالاکییەکانی تایبەت بە هەوای پاکی ئیدر، بەکارهێنانی سووتەمەنیی رەقی وەک خەڵووز و دار بۆ گەرمکردنەوەی خانووەکان، هاتووچۆی ئۆتۆمبێل، زیادبوونی بیناسازی و گەشەی شارنشینی لە هۆکارە سەرەکییەکانی پیسبوونی هەوان لەو شارەدا.
پیسبوونی هەوا لە شارەکانی دیکە و کاریگەریی تەندروستی
کێشەی پیسبوونی هەوا تەنیا تایبەت بە ئیدر نییە؛ بەڵکو پارێزگاکانی مەلەتێ و مەڕەش لە باکووری کوردستان و عوسمانیە و هاتای لە تورکیا لەو ناوچانەن کە ساڵی 2025 لە شارە هەرە هەواپیسەکان بوون.
کەمکردنەوەی ئەو کێشەیە، پێویستی بە زیادکردنی بەکارهێنانی سووتەمەنیی پاک هەیە، بەجۆرێک سیستمی گەرمکردنەوەی خانووەکان باشتر بکرێت بەردەوام چاودێریی سەرچاوەکانی پیسبوون بکرێت.
10 پارێزگا بە پیسترین هەوایان هەیە (داتاکانی 2025)
1-ئیدر: 118.17
2- مەلەتی: 111.73
3- عوسمانییە: 111.23
4- مەڕەش: 97.40
5- هاتای: 89.35
6- ئاگری: 69.09
7-هەکاری: 62.26
8- مێرسین: 58.29
9-شرنەخ: 57.96
10-بورسە: 57.08
پێوانەکانی پیسبوونی هەوا
پیسبوونی هەوا بە پێوانەکردنی چڕیی ماددە پیسکەرەوەکان لە هەوادا دیاری دەکرێت و یەکەی پێوانەکردنی ئەو ماددانە زۆرجار (مایکرۆگرام/ مەتر سێجا)یە.
پۆلێنی ئاستی پیسبوونی هەوا
بۆ پۆلێنکردنی کوالیتیی هەوا، پێوەری AQI کە تایبەتە بە کوالێتیی هەوا بەکاردەهێنرێت و ژمارەکانی بەمجۆرە دابەش دەبن:
50-0: باش
51-100: مامناوەند
101-150: ناتەندروست بۆ گرووپە هەستیارەکان
151-200: ناتەندروست
201-300: زۆر ناتەندروست
500-301: مەترسیدار



