کوردیKURDÎENGLISHTÜRKÇEعربي
Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
راستەوخۆ
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

کۆشکی سپی. وێنە: AFP

کۆشکی سپی. وێنە: AFP

بیروڕا

وەهمی سەقامگیری؛ دەوڵەتی سۆفتوێر و دەوڵەتی کۆنکرێت

0:00
0:00
قەبارەی دەق
رێباز عەلی
رێباز عەلی

22-11-2026

بەڕێوەبەری بەشی بەرهەمهێنانی رووداو

بابەتی پەیوەندیدار

یاسا و رێسا نەنووسراوەکانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا!
بیروڕا22-11-2026

یاسا و رێسا نەنووسراوەکانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا!

زوبێر رەسوڵ
زوبێر رەسوڵ
دابەزینە گەورەکە؛ چی روویدا، چیمان لەبەرچاو نەگرت و دواتر چی دەبێت؟
بیروڕا21-11-2026

دابەزینە گەورەکە؛ چی روویدا، چیمان لەبەرچاو نەگرت و دواتر چی دەبێت؟

د. ئازاد گەیلانی
د. ئازاد گەیلانی
بۆچی نرخی زێڕ و زیو بەخێرایی دادەبەزێت؟
بیروڕا19-11-2026

بۆچی نرخی زێڕ و زیو بەخێرایی دادەبەزێت؟

عومەر ئەحمەد
عومەر ئەحمەد


دیموکراسیییە پڕ ژاوەژاوەکان لە دەرەوە لاواز دەردەکەون و سیستمە بێدەنگەکان پتەو؛ بەڵام هێزی راستەقینەی دەوڵەت لە بێدەنگیدا نییە، بەڵکو لە توانای خۆڕاستکردنەوەیدایە.


کاتێک لە دوورەوە سەیری سیاسەتی ئەمریکا دەکەیت، دیمەنێکی پڕ لە ژاوەژاو دەبینیت: سەرۆکێک لەگەڵ کۆنگرێس دا لە ململانێدایە، دادگەیەک بڕیارەکانی کۆشکی سپی رادەگرێت، میدیاکان بەبێ سڵەمینەوە رەخنە لە دەسەڵات دەگرن و، شەقامێک بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە. لە بەرامبەردا، زۆر سیستمی رەق و داخراو لە دەرەوە هێمن، بێدەنگ و سەقامگیر دەردەکەون؛ تەنانەت زۆرجار پەنجە بۆ ئەو ژاوەژاوە دیموکراسییە رادەکێشن تاوەکو کۆنترین درۆی سیاسی بە خەڵک بفرۆشنەوە: گوایە بێدەنگی واتە سەقامگیری و، ململانێ واتە داڕمان، بەڵام بێدەنگی هەمیشە نیشانەی هێز نییە؛ زۆرجار تەنیا رووکەشی سیستمێکە کە هەموو دەرچەکانی دەربڕین و هەناسەدانی لە خەڵک داخستووە.


لەم روانگەیەوە، دەکرێت سیستمە سیاسییەکان بەسەر دوو جۆردا دابەش بکەین: دەوڵەتی سۆفتوێر و دەوڵەتی کۆنکرێت. کۆنکرێت لە رووکەشدا پتەو و بەهێز دەردەکەوێت، تاوەکو ئەو چرکەساتەی لەژێر گوشاردا بە یەکجاری دەشکێت. لە دەوڵەتی کۆنکرێتدا، هەر درزێک بە چینێک بۆیە و بە فڵچەیەک دادەپۆشرێت تاوەکو کەس نەیبینێت، بەبێ ئەوەی کەس بوێرێت دەست بۆ هۆکاری درزەکە ببات، بەڵام دەوڵەتی سۆفتوێر سیستمێکە هەمیشە بەشێوەیەکی سرووشتی خۆی راستدەکاتەوە؛ دەتوانێت هەڵەکانی چاک بکاتەوە، یاساکانی هەموار بکاتەوە و تەنانەت سەرکردەکانیشی بگۆڕێت، بەبێ ئەوەی قەوارە و بینای دەوڵەت بەسەر خەڵک دا بڕووخێت.


بێگومان هیچ دەوڵەتێکی زیندوو بەبێ بناخەی پتەو بەپێوە ناوەستێت. هەموو کۆمەڵگەیەک پێویستی بە جۆرێک لە کۆنکرێت هەیە لە شێوەی دەستوور، سەروەریی یاسا و پاراستنی مافە بنەڕەتییەکان، بۆ ئەوەی بە هەر شەپۆلێکی کاتیی سیاسی نەلەرزێت. جیاوازییە گەورەکە لە یەک پرسیاردایە: ئایا ئەو بناخە پتەوە بۆ پاراستنی هاووڵاتییە لە ستەمی دەسەڵات، یاخود بۆ پاراستنی دەسەڵاتە تاوەکو دەستی خەڵکی پێ نەگات؟


ئەمە هەمان ئەو پرسیارە بوو کە کارڵ پۆپەر سیاسەتی پێ پیوا: گرنگ نییە کێ دەبێت حوکم بکات، گرنگ ئەوەیە چۆن دامەزراوەکان بە جۆرێک دروستبکەین کە سەرکردە خراپەکان نەتوانن زیانی قەرەبوونەکراو بگەیێنن و بتوانین بەبێ خوێنڕشتن بیانگۆڕین؟ هیچ سیستمێک ناتوانێ گەرەنتیی ئەوە بکات هەمیشە باشترینەکان دەگەنە لووتکە؛ بەڵام سیستمێکی زیندوو گەرەنتیی ئەوە دەکات کە هەمیشە دەرگەیەکی دەرچوون هەبێت.


مێژووی ئەمریکا بە هەموو کێشە و کەموکوڕییەکانییەوە، تاقیگەیەکی زیندووە بۆ ئەم هاوکێشەیە. ساڵی 1974، ریچارد نیکسن لەسەر ئابڕووچوونی وۆتەرگەیت ناچاربوو دەست لەکار بکێشێتەوە؛ چونکە رۆژنامەڤانان بەدواداچوونیان کرد، دادگە بڕیاریدا و کۆنگرێس، بە بەشێک لە سەرکردە باڵاکانی حیزبەکەی خۆشیەوە، لێپرسینەوەیان کرد. سەرۆک رۆیشت، بەڵام دەوڵەت نەڕووخا.


راستە ئەمریکای ئەمڕۆ، ئەمریکای زیاتر لە نیو سەدە لەمەوبەر نییە. جەمسەرگیرییەکی تووند کۆمەڵگەکەی دابەش کردووە؛ دۆناڵد ترەمپ بۆ ملیۆنان ئەمریکی سیمبوولی گەڕاندنەوەی هێز و شکۆیە و، بۆ ملیۆنانێکی دیکەش سەرچاوەی نیگەرانییەکی قووڵە بۆ سەر دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ. رەخنەگرانیش ناهەق نین کاتێک دەڵێن زۆرجار ناکۆکیی نێوان کۆشکی سپی و کۆنگرێس لەجیاتی نوێکردنەوەی سۆفتوێر، زیاتر لە پەککەوتنی سیستم دەچێت کە بڕیارە گرنگەکان رادەگرێت و دامەزراوەکان بەسەر هێڵی حیزبیدا دابەش دەکات.


بەڵام لەنێو ئەو هەموو چەقبەستوویی و ژاوەژاوەشدا، راستییەک هەر بە زیندوویی ماوەتەوە: دەسەڵات هەرگیز نابێتە تاکە داوەری کردارەکانی خۆی. سەرۆکی ئەمریکا، هەرچەندە بەهێزبێت، خاوەنی هەموو سیستمەکە نییە؛ دادگە دەتوانێت سنووری بۆ دابنێت، ویلایەتەکان قورسایی خۆیان هەیە و میدیا هێشتا دەتوانێت پەردە لەسەر ئەوە هەڵبداتەوە کە دەسەڵات دەیەوێت بیشارێتەوە. ئەو ژاوەژاوە نیشانەی داڕمان نییە؛ بەڵکو دەنگی سیستمێکی خۆڕاستکردنەوەیە کە گوشاری نێوخۆیی خاڵی دەکاتەوە، تاوەکو نەتەقێتەوە.


بەڵام چاککردنەوەی هەڵەکان تەنیا بە دەست دامەزراوەکانەوە نەبەستراوەتەوە؛ رووە هەرە گرنگەکەی دەوڵەتی سۆفتوێر ئەوەیە کە لە کۆتاییدا خەڵکیش دەتوانن ئاراستەکە راست بکەنەوە. هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی 3ـی تشرینی دووەمی 2026 نوێترین نموونەی ئەم توانایە بوون. لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ هێشتا لە کۆشکی سپی یە، دەنگدەران بە دەنگەکانیان هاوکێشەکەیان گۆڕی و دیموکراتەکان زۆرینەی هەردوو ئەنجوومەنی کۆنگرێسیان بەدەستهێنا، تاوەکو لە کانوونی دووەمی 2027ـەوە رۆڵێکی جیاواز لە چاودێری و سنووردارکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردندا ببینن. ئەمە نە کۆتایی بە هەموو کێشەکانی ئەمریکا دەهێنێت و نە گەرەنتیی حوکمڕانییەکی بێخەوشە؛ بەڵام دەیسەلمێنێت کە تووڕەیی خەڵک ناونیشانێکی هەیە و دەتوانێت بەبێ هەڵوەشاندنەوەی دەستوور و بەبێ قەیرانێکی رووخێنەر، هاوسەنگیی دەسەڵات بگۆڕێت.


بەپێچەوانەوە، لە دەوڵەتە کۆنکرێتییەکاندا کێشەکە نەبوونی ناوی دامەزراوەکان نییە. لەوێشدا پەرلەمان هەیە، دادگە هەیە، دەستەی چاودێری و سندووقی دەنگدانیش هەن، بەڵام کاتێک لە کرداردا هەموو ئەمانە بە یەک ناوەندی بڕیارەوە گرێدەدرێن و دڵسۆزی بۆ دەسەڵاتدار جێگەی یاسا و لێپرسینەوە دەگرێتەوە، دامەزراوەکان تەنیا دەبنە دیکۆرێکی یاسایی و توانای خۆڕاستکردنەوە لەنێو سیستمەکەدا دەمرێت. لەوێدا مانەوەی سەرکردە یاخود گرووپی دەسەڵاتدار دەبێتە هاوتای مانەوەی دەوڵەت و، هەر داواکارییەکی چاکسازیش وەکو هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری دەبینرێت.


لە دەوڵەتی کۆنکرێتدا، قەیران چارەسەر ناکرێت؛ تەنیا دوادەخرێت تاوەکو خەڵک ماندوو دەبن. سندووقی دەنگدان لەجیاتی ئەوەی دەرگەیەک بێت بۆ گۆڕانکاری، دەبێتە ئاوێنەیەک کە هەمان دیمەنی کۆن دەگێڕێتەوە. مەترسیدارترین شت لەم سیستمانەدا تووڕەیی خەڵک نییە؛ بەڵکو ئەو بێدەنگییە ساردەیە کە کاتێک دروست دەبێت، ئیتر کەس باوەڕی بەوە نامێنێت دەنگەکەی بتوانێت بەردێک لە جێی خۆی بجووڵێنێت. تووڕەیی هێشتا جۆرێک لە ئومێدی تێدایە، بەڵام نائومێدیی بێدەنگ متمانەی نێوان هاووڵاتی و دەوڵەت لە رەگەوە وشک دەکات.


هێزی راستەقینەی هەر سیستمێکی سیاسی بەوە ناپێورێت کە شەقامەکانی چەند بێدەنگن، یان چەند دەتوانێت دەسەڵاتداران لە لێپرسینەوە بپارێزێت؛ بەڵکو بەوە دەپێورێت کە چەندە توانای خۆڕاستکردنەوەی هەیە و، تاوەکو چەند دەسەڵاتی گۆڕانکاری دەداتە دەستی خەڵک.


چونکە لە دەوڵەتی سۆفتوێردا، سیستم بۆ ئەوەیە خەڵک بتوانن دەسەڵات بگۆڕن؛ بەڵام لە دەوڵەتی کۆنکرێت دا، دەسەڵاتداران سیستم بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی خەڵک نەتوانن ئەوان بگۆڕن.


هەر ئەمەشە نهێنیی بەردەوامیی ئەمریکا؛ وڵاتێک کە هەر چوار ساڵ جارێک و تەنانەت لە نیوەی رێگەشدا خۆی دەخاتە بەر تاقیکردنەوەی گۆڕانکاری، تاوەکو هەرگیز نەبێتە کۆنکرێت.


بابەتی پەیوەندیدار

یاسا و رێسا نەنووسراوەکانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا!
بیروڕا22-11-2026

یاسا و رێسا نەنووسراوەکانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا!

زوبێر رەسوڵ
زوبێر رەسوڵ
دابەزینە گەورەکە؛ چی روویدا، چیمان لەبەرچاو نەگرت و دواتر چی دەبێت؟
بیروڕا21-11-2026

دابەزینە گەورەکە؛ چی روویدا، چیمان لەبەرچاو نەگرت و دواتر چی دەبێت؟

د. ئازاد گەیلانی
د. ئازاد گەیلانی
بۆچی نرخی زێڕ و زیو بەخێرایی دادەبەزێت؟
بیروڕا19-11-2026

بۆچی نرخی زێڕ و زیو بەخێرایی دادەبەزێت؟

عومەر ئەحمەد
عومەر ئەحمەد
پێشنیازەکان

ئەمەنەش ببینە