رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێ، تیمەکانیان دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی زانیاری و وەرگرتنی بۆچوونی ئەو خێزانە ئاوارانەی جورف سەخر (جورف نەسر) کە دەیانەوێ بگەڕێنەوە زێدی خۆیان؛ گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت: "زیاتر لە شەش هەزار خێزانی ئەو ناوچەیە لە شارە جیاوازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان نیشتەجێن".
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، رۆژی شەممە (21ی تشرینی دووەمی 2026)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تیمەکانمان دەستیان کردووە بە تۆمارکردنی ناوی ئەو خێزانانەی دەیانەوێ بگەڕێنەوە جورف نەسر، بەڵام گەڕانەوەکە ناچاری نابێت".
بە گوێرەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، زیاتر لە شەش هەزار خێزانی جورف سەخر ئاوارەن کە بەشی زۆریان هەر لە سنووری پارێزگای بابل دەمێننەوە، بەتایبەت لە سنووری شاری موسەییب. پاشان، زۆرترین ئاوارە لە سنووری پارێزگای ئەنبارن و ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانی ناوچەکەش روویان لە پارێزگاکانی نەینەوا، بەغدا و باشووری کوردستان کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق باسی لەوەش کرد، گەڕانەوەکە قۆناخ بە قۆناخ دەبێت و پێویستی بە وردبینیی ئەمنی و هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە چەکدارەکان دەبێ؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "پاراستنی ناوچەکە و پاککردنەوەی لە پاشماوەکانی جەنگ رەنگە چەند مانگێک بخایەنێت، بۆیە ناتوانرێ هەموو خێزانەکان بە یەکجار و بە خێرایی بگەڕێندرێنەوە."
ناوچەی جورف سەخر لە باکووری پارێزگای بابل، لە ساڵی 2014 کەوتە دەست داعش و دواتر لە کۆتایی هەمان ساڵدا کۆنترۆڵکرایەوە، بەڵام بۆ 10 ساڵ لە ژێر کۆنترۆڵی تەواوەتیی گرووپە چەکدارەکان بەشێوەیەکی سەرەکی کەتیبەکانی حیزبوڵڵادا مایەوە و رێگە بە گەڕانەوەی هاووڵاتییان نەدەدرا.
رۆژی هەینی، 20ـی تشرینی دووەمی2026، سوپا و پۆلیسی فیدراڵی چوونە نێو قەزاکە و بارەگایەکی نوێی فەرماندەییان کردەوە.



