رووداو دیجیتاڵ
دوای 14 ساڵ لە داخستنی، فەرماندە سەربازییەکانی عێراق پردی ستراتیژیی فازڵییەیان لەنێوان پارێزگاکانی بەغدا، بابل و کەربەلا بەڕووی هاووڵاتییاندا کردەوە. کردنەوەی رێگەکە لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان زەیدی و حیزبوڵڵادایە و شانەی راگەیاندنی ئەمنیش دەڵێت ئامانجی داهاتوویان گەڕانەوەی ئاوارەکانە.
پێشتر بەهۆی مەترسیی تیرۆریستی و دواتریش باڵادەستیی حیزبوڵڵا لە ناوچەکەدا، رێگەی سەرەکیی نێوان بەغدا، بابل و کەربەلا بە ساتری خۆڵ داخرابوو و تەنیا لە کاتی زیارەتی چلەی ئیمام حوسێندا بۆ زیارەتکارانی شیعە دەکرایەوە. ئەمڕۆ وەک بەندێک لە رێککەوتنەکەی نێوان زەیدی و حیزبوڵڵا، پردی فازڵییە بۆ هەمیشە بەڕووی هاووڵاتییاندا کرایەوە و زەیدی داواشی کردووە دۆخی ناوچەکە بەتەواوی ئاسایی بکرێتەوە.
سەعد مەعن، فەرماندەی شانەی راگەیاندنی ئەمنی لەبارەی کردنەوەی رێگەکەوە دەڵێت: ئەمڕۆ رێگاکە کرایەوە کە ناوچەکانی فازڵییە، جورف نەسر و کەربەلا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئەم رێگەیە پێشتر تەنیا لە رۆژانی زیارەتی چلەی ئیمام حوسێن دەکرایەوە، بەڵام ئێستا لەبەردەم هەموو هاووڵاتییاندا کراوەیە. لە داهاتووشدا سەرجەم رێگەکانی دیکە دەکرێنەوە، بەڵام ئەوە پێویستی بە هەوڵی ئەندازیاری هەیە و لە دوای ئەو رێکارانەش گەڕانەوەی ئاوارەکان ئامانجمانە.
دانیشتووانی ناوچەکە خۆشحاڵن بە ئاساییبوونەوەی دۆخەکە و کردنەوەی رێگەکە بە هەنگاوێکی گرنگ و بەسوود بۆ هاووڵاتییان و جووڵەی بازرگانی دادەنێن.
سەلمان جاسم، خاوەنکار لە ناوچەکە دەڵێت: بەدڵنیاییەوە رێگەکە سوود بە هەموو ناوچەکە و ئەو کەسانە دەگەیێنێت کە لێرەوە هاتووچۆ دەکەن. راستە کەمێک دوورە، بەڵام جووڵە دەخاتەوە ناوچەکە و لە زۆر رووەوە سوودمەند دەبین لێی.
هاوکات ئەحمەد حوسێن، کە کاسبکارە دەڵێت: ئەمە بیرۆکەیەکی زۆر باش بوو، سوپاسی حکومەتی عێراق دەکەین بۆ ئەو هەوڵانەی بۆ ناوچەکەی دەدات، دانیشتووانی لەتیفییە و فازڵییە سوپاسگوزاری ئەو هەنگاوەن.
حوسێن عامر، کاسبکارێکی دیکەیە و ئاماژە بەوە دەکات: سوودی بۆ جووڵەی بازرگانی دەبێت و کاریگەریی لەسەر بازاڕ دادەنێت، چونکە ئەم رێگەیە بەغدا و کەربەلا بەیەکەوە دەبەستێتەوە و جووڵەیەکی باش دروست دەکاتەوە.
ناحیەی جورف نەسر سێ رێگە و دەروازەی سەرەکیی هەیە کە بریتین لە موسەیەب، فازڵییە و عامرییەی فەلوجە. لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەی نێوان زەیدی و حیزبوڵڵا، سەرەتا رێگەی موسەیەب و ئەمڕۆش فازڵییە بەڕووی هاووڵاتییاندا کرایەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە رێگەی سێیەم کە بەتەواوی ناوچەی سوننەنشینە، کەی و چۆن دەکرێتەوە.


