رووداو دیجیتاڵ
لە دوو رۆژی داهاتوودا بەرهەمە نوێیەکەی سیڤان پایەدار بڵاودەبێتەوە، ئەم بەرهەمە گۆرانییەکی ستایلی فەنکی ئەفریقی-ئەمریکییە بە تێکەڵکردنی دەنگی هونەرمەند حەسەن سیساوە و سنوپدۆگ.
سیڤان پایەدار لە لێدوانێکدا بۆ رووداو رایگەیاند، "ئەمە یەکەمجارە گۆرانییەکی کوردی بەم ستایلە بەرهەمبهێندرێت، ئامێرە میوزیکییەکانی نێو بەرهەمەکە بە شێوەیەکی راستەوخۆ و زیندوو ژەنراون."
بەڵام بۆ دەنگە زیادکراو و لاوەکییەکان سوود لە تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد وەرگیراوە، هاوکات ڤیدیۆیەکی 15 چرکەییان دروست کردووە کە گوزارشت لە جیاوازیی بەرهەمەکە دەکات.
سیڤان گوتیشی، "بە شێوەیەکی یاسایی مافی بەکارهێنانی دەنگ و بەرهەمی هەریەک لە هونەرمەندان حەسەن سیساوە و سنوپدۆگم وەرگرتووە."
بیرۆکە و دابەشکردنی میوزیکی ئەم بەرهەمە لەلایەن سیڤانەوە دانراوە و بڕیارە 10ی ئەم مانگە کاژێر 08:00ی ئێوارە بڵاوبکرێتەوە.
فەنکی ستایل چییە؟
لە کۆتاییەکانی ساڵی 1960 لەلایەن میوزیسیانە ئەفریقی-ئەمریکییەکانەوە سەریهەڵدا و لە تێکەڵکردنی چەند شێوازێکی وەک (سۆڵ، جاز، ریتم و بلوز).
لە ستایلی فەنکیدا ریتم زاڵ دەبێت و میوزیکەکە بە جۆرێک دادەڕێژرێت کە بە گوێلێگرتنی بێ ئاگایانە سەرت یان جەستەت دەکەوێتە جووڵە.
ئامێرە سەرەکییەکانی ئەم ستایلە بریتین لە بەیس گیتار، گیتاری کارەبایی، درەمس و ئامێرە فوودارەکانی وەک ترۆمپێت و ساکسیفۆن.
ناودارترین پێشەنگەکانی ئەم ستایلە، جەیمس براون، پەرلەمێنت فەنکادێلیک، ئێرسویند ئاندفایەر و مایکڵ جاکسنن.

.png&w=3840&q=75)