رووداو دیجیتاڵ
بەپێی توێژینەوەیەکی پێگەی جیهانی MyHeritage، مارلین مۆنرۆ و سیدنی سوینی ئامۆزای پلە نۆیەمی یەکدین و دەگەڕێنەوە سەر باپیرەگەورەیەکی هاوبەش بە ناوی ئەزرا پێری.
ئەزرا پێری لە 1625 بۆ 1689 ژیاوە و یەکێک بووە لە یەکەمین کۆچبەرە ئینگلیزەکان لە ناوچەی ساندویچ لە ویلایەتی ماساچووسێتسی ئەمریکا.
پلاتفۆرم و ماڵپەڕی جیهانی تایبەتمەند بە مێژووی خێزانی و رەچەڵەکناسی MyHeritage، لە 7ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ بڵاویکردەوە خزمایەتی لە نێوان ئەو دوو ئەستێرەیە هەیە و دەگەڕێنەوە سەر یەک رەچەڵەک.
بەراوردکردنی بەردەوامی هەواداران و راگەیاندنەکان وایانکرد توێژینەوە لەبارەی رەچەڵەکی ئەو دوو ئەستێرەیە بکرێت، سیدنی سوینی هەمیشە لە ستایلی جل، رەنگی قژ و رواڵەتەکانی لاسایی مۆنرۆی دەکردەوە.
سوینی لە کانونی یەکەمی 2025 لە نمایشی فیلمی The Housemaid، درێسێکی سپی پۆشیبوو هاوشێوەی درێسەکەی مۆنرۆ، کاتێک با دەیبات لە دیمەنێکی فیلمی The Seven Year Itch.
هەروەها لە فێستیڤاڵی فیلمی سانتا باربارادا ئەم ساڵ سوینی درێسیکی کلاسیکی (سیل چاپمان)ی پۆشی کە هاوشێوەی دەرکەوتنەکەی مۆنرۆ بوو لەسەر بەرگی گۆڤای لایف LIFE لە ساڵی 1952.

رۆی ماندێل، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە گوتی: "بەراوردەکانی خەڵک ئیلهامبەخش بوون تاوەکو لە ئەرشیڤەکانماندا بە دوای پەیوەندییەکی راستەقینەدا بگەڕێین، دۆزینەوەی ئەو رەگە خێزانییە هاوبەشە سەرسوڕهێنەر بوو."
ماندێل گوتیشی: "ئەمە بیرخەرەوەیەکی بە هێزە کە مرۆڤایەتی یەک دارە خێزانی گەورەیە و هەرکاتێک بە قووڵی دەگەڕێیت دەردەکەوێت تا چ رادەیەک هەموومان پێکەوە بەستراوینەتەوە."
لەم کۆتاییانەدا دەرکەوت کە خانمە ئەکتەری ئەمریکی دکۆتا جوانسن، بەهەمانشێوە دەبێتەوە خزمی مارلین مۆنرۆ و ئامۆزای پلە نۆیەمی یەکدین بە جیاوازیی سێ نەوە، لەکاتێکدا دکۆتا لە کورتە فیلمی فلێش ئیمپاکت Flesh Impact رۆڵی مارلین مۆنرۆ بەرجەستە دەکات.
لەبارەی مارلین مۆنڕۆ
مارلین مۆنرۆ بەرهەمی پەیوەندییەکی سۆزداری کاتی بوو لە نێوان دایکی (گڵادیس) و باوکی (چارلز گیفۆرد) کە هەردووکیان کارمەندی کۆمپانیایەکی سینەمایی بوون.
پاش ئەوەی گڵادیس دووگیان دەبێت، گیفۆرد رەتیدەکاتەوە کە منداڵەکە لە ئەستۆبگرێت بە هۆی ئەوەی کە هاوژینی هەیە، بۆیە سەرەتا مۆنرۆ لەسەر ناوی هاوژینی یەکەمی دایکی دەبێت (مارتن مۆرتنسن) و ناوی نۆرماجین مۆرتسن دەبێت.
مۆنرۆ لە گەنجیدا و پاش بە نێوبانگبوونیشی هەمیشە هەوڵی دەدا لە رێگەی تەلەفۆن و نامەوە پەیوەندی بە باوکیەوە بکات، بەڵام باوکی هەمیشە رەتیدەکردەوە کە وەڵامی بداتەوە.
مۆنرۆ تاوەکو ئەوکاتەی کۆچی دواییکرد نەیتوانی بە باوکی ئاشنا بێتەوە. پاش سێ ساڵ لە مردنی مۆنرۆ لە ساڵی 1965 چارلزی باوکی بەهۆی نەخۆشی دڵەوە لە تەمەنی 66 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.

