رووداو دیجیتاڵ
لە سەقز پێشانگایەک بۆ هۆنەرمەندی نیگارکێش فاتیح رەزایی کرایەوە و 30 بەرهەمی ئەو هونەرمەندە نمایش کران، کە گوزارشت لە ژینگە دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2026، فاتیح رەزایی، هونەرمەندی نیگارکێش بە رووداوی گوت، بە ناونیشانی (وانی سرووشت)، پێشانگایەکی نیگارکێشی کردووەتەوە. گوتیشی، "لە پێشانگاکە 30 بەرهەمم نمایش کردوون، کە دەرخەری ژینگەی کوردستانن."
بە گوتەی ئەو هونەرمەندە، ئامانجی لە کردنەوەی ئەو پێشانگایە ئەوە بووە، خەڵک هان بدات بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان و ئەو ئاژەڵانەی لەو ژینگەیە دەژین.
فاتیح رەزایی ئاماژەی بەوەش کرد، 24 دانە لەو بەرهەمانەی لە پێشانگاکە نمایش کراون، راستەوخۆ لەناو سرووشت کێشراونەتەوە.
رەزایی 20 ساڵە کاری نیگارکێشی دەکات، ئەمە چوارەم پێشانگای ئەو هونەرمەندەیە کە بە تەنیا کردوویەتەوە.
پێشانگاکە لە 11ی مانگەوە لە سینەما پەردیسی سەقز کراوەتەوە و سبەی دوایین رۆژیەتی.



