بەرایی
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نێوخۆ و دەرەوە باس لە پلانی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا دەکات، بەڵام گەیشتن بەم ئاستەی بەرهەمهێنان هێندەی زەحمەتە، دە هێندەش مەترسیدارە بۆ ئابووریی عێراق و دانیشتووانەکەی لە کەمتر لە دوو دەیەی داهاتوودا، چونکە رێژەی 92٪ـی داهاتی ئەم دەوڵەتە 46 ملیۆن کەسییە لە نەوتەوە سەرچاوە دەگرێت.
لەراستیدا، کاتێک باس لە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت دەکرێت، پێویستە پێش هەموو شتێک رێژەی یەدەگ بۆ بەرهەم (R/P) لەبەرچاو بگیرێت. لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا عێراق بە خەرجیی نزیکەی 80 تریلیۆن دینار یان دابینکردنی 78٪ـی کۆی وەبەرهێنانی ساڵانەی وڵاتەکە، تەنیا توانیویەتی ئاستی بەرهەمهێنان دوو هێندە بکات (لە 2.5 ملیۆن بۆ 4.5 ملیۆن بەرمیل). کەچی ئێستا باس لە دوو هێندەبوونی ئەم بڕە دەکرێت لە کەمتر لە چوار ساڵدا.
هەروەها، لە دەرەوەی توانا تەکنیکییەکان، ژینگەی وەبەرهێنان، هاتنی کۆمپانیا بیانییەکان، و رەوشی ئەمنی و سیاسیی ناوخۆیی و ناوچەیی، ئەم باسکردنەی ئێستا پرسیاری جیدی لەسەر ئابووریی وڵاتەکە لە داهاتوودا دەهینێتە ئاراوە، چونکە بەوپێیەی بەم ئاستە لە بەرهەمهێنانی نەوت، یەدەگی نەوتی عێراق تەنیا تاوەکو ساڵی 2045 بڕ دەکات و ئیتر دەگاتە قۆناخی رێڕەوی هەستیاری کە بەرهەمهێنان زیاتر دەبێت لە یەدەگی کێڵگەکان.
ئەگەر ئەم ستراتیژە نوێیە تەنیا بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بێت و داهاتەکەی نەگوازرێتەوە بۆ وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکاندا، ئەوا کاتێک ژمارەی دانیشتووانەکەی لە نزمترین سیناریۆدا دەگاتە سەرووی 63 ملیۆن کەس و خەرجیی ساڵانەشی بە کەمترینەوە 209 تریلیۆن دینار، ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات کێ ئەم دەوڵەت بێ داهاتە وەردەگرێت یان کێ لە ساڵی 2045ـدا عێراق بەڕێوەدەبات؟
سیناریۆکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئێستاوە تاوەکو 10 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە
ئەم رۆژانە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق دابەزیوە بۆ نزیکەی 3.6 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکەوە، لەکاتێکدا لە باشترین دۆخدا و پێش ئەم دۆخە رۆژانە 4.6 ملیۆن بەرمیل بوو. سەرەڕای ئەوەش، لە پلانی ستراتیژیی 2027-2030دا باس لە بەرزکردنەوەی دەکرێت بۆ 10 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە لە کەمتر لە چوار ساڵی داهاتوودا.
لە راستیدا، گەیشتن بە ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی 10 ملیۆن بەرمیل، تەنیا هێنانی وەبەرهێنانی دەرەکی و دانانی پلانی خەرجیی نێوخۆ ناگرێتەوە، بەڵکو پێویستی بە پەرەپێدانی توانای بەڕێوەبردن، دابینکردنی ژینگەی کارکردن، سەرمایەگوزاریی ملیاران دۆلار، بەرزکردنەوەی توانای ئەمبارکردن، و راکێشانی هێڵەکانی گواستنەوە و بەستنەوەیان بە دەرەوە هەیە، بەڵام خاڵێکی یەکلاکەرەوە لەم پرۆسەیەدا، بنەمای (رێژەی یەدەگی نەوت بۆ بەرهەم - R/P)ـیە.
ناوەڕۆکی ئەم بنەمایە ئەوەیە کە بڕی دەرهێنانی نەوت نابێت لە 10٪ـی کۆی یەدەگ زیاتر بێت، تاوەکو کێڵگەکان نەکەونە ناو «رێڕەوی هەستیاری دەرهێنان» و زووتر تووشی وشکبوون نەبن. بۆیە کۆمپانیا گەورەکان بەردەوام ئەم رێژەیە رێکدەخەنەوە.
بەپێی چەند سیناریۆیەک و بە بەکارهێنانی هاوکێشەی خوارەوە دەتوانین بە بەکارهێنانی یەدەگی سەلمێنراو و ئاستی بەرهەمهێنان بەپێی کات رێڕەوی مەترسیداری بەرهەمهێنان بدۆزینەوە، و هاوکێشەکە بریتییە لە:
Pt ≤ {(Rt)(Pt-1)} / {Rt-1}
لەراستیدا، رێژەی یەدەگ بۆ بەرهەمهێنان R/P کاریگەریی پێشبینییەکی جێگیر دەبەخشێت، چونکە شیکردنەوەی وردی ئەم بنەمایە ئەوەیە کە ئەگەر یەدەگ (Reserves) کە هێمای بۆ کراوە بە پیتەی (R) لە ساڵێکی دیاریکراودا بە رێژەیەکی دیاریکراوی بەرهەمهێنان (Production) کە هێمای بۆ کراوە بە (P) لە هەمان ساڵدا خەرج بکرێت، ئەوا یەدەگەکە لە ماوەی R/P ساڵدا تەواو دەبێت.
لەسەر بنەمای ئەم هاوکیشەیە، پێنج سیناریۆی جیاواز بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و یەدەگی عێراق پەرەپێدراوە. بەشێوەیەک سیناریۆی یەکەم لەسەر ئەو بڕەی ئێستا بەرهەمدێت، ئەگەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەسەر 3.6 ملیۆن بەرمیل بمێنێتەوە، یەدەگی نەوتی عێراق تاوەکو ساڵی 2118 سەلامەت دەبێت. بەڵام ئەگەر ئاستەکە بگەڕێتەوە بۆ 4.6 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، ئەوا مەترسیی یەدەگ پێش ساڵی 2100 دەستپێدەکات. لەو سیناریۆیەدا کە عێراق ئاستی بەرهەمهێنان بگەیەنێتە 6 ملیۆن بەرمیل، مەترسییەکە لە ساڵی 2073ـدا دەردەکەوێت. هاوکات ئەگەر توانای بەرهەمهێنان بگاتە 8 ملیۆن بەرمیل، لە ساڵی 2055ـدا وڵات دەگاتە قۆناخی مەترسی. لە خراپترین و مەترسیدارترین سیناریۆدا کە بریتییە لە بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان بۆ 10 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، تەمەنی یەدەگی سروشتیی نەوتی عێراق کەم دەبێتەوە بۆ ساڵی 2045، واتە لەو ساڵەوە بەرهەمهێنان دەگاتە قۆناخی مەترسی و بەرەو وشکبوون دەڕوات. جگە لەمانەش، کێڵگە نەوتییەکان ساڵانە بەڕێژەی 5٪ بۆ 12٪ بە شێوەیەکی سروشتی بەرهەمهێنانیان کەمدەبێتەوە ئەگەر بیر و پەرەپێدانی نوێیان بۆ نەکرێت.
لە رووی چاوگەی داتاکانەوە، کێشکردنی هێڵکاریی تەمەنی یەدەگی نەوت لە نێوان ساڵانی 2026 بۆ 2045 نیشانی دەدات کە چۆن بەرزکردنەوەی خێرای بەرهەمهێنان لە 3.6 ملیۆنەوە بۆ 10 ملیۆن بەرمیل، وەک «شەپۆلێکی داڕمان» وایە. لە کاتێکدا لە سیناریۆی ئاساییدا یەدەگی وڵات تاوەکو کۆتایی سەدەی داهاتوو دابینکردنی مسۆگەر دەکرد، بەڵام پلانی 10 ملیۆنییەکەی ئەم کابینەیە ماوەی تەمەنی ستراتیژیی نەوت بە رێژەی زیاتر لە 60٪ کورت دەکاتەوە و عێراق دەخاتە قۆناخی دەرچوون لە بازنەی دەوڵەتە خاوەن هەناردە گەورەکان پێش نیوەی ئەم سەدەیە.

سیناریۆکانی گەشەی دانیشتووان و خەرجییەکان لە عیراق تاوەکو 2045
بەرزکردنەوەی فرۆشتنی نەوت پێش ئەوەی جیهان پشت لە بەکارهێنانی بکات، رەنگە لە بنەڕەتدا خراپ نەبێت، بەڵام بۆ عێراق کارەساتبارە؛ چونكە راستەوخۆ دەبێتە خەرجیی بەکارخستن و زۆرینەی بۆ دابینکردنی مووچە دەجێت، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و هەڵکشانی گەورەی ساڵانەی خەرجییە گشتییەکان بە رێژەیەکی بەرچاو و پشت بەستنی وڵات بە داهاتی نەوت.
خەمڵاندنەکانی دانیشتوان لە ساڵانی داهاتوو وەکو لە گرافیکی خوارەوەدا هاتووە لەسەر مۆدێلی رێژەی گەشەی پێکهێنراوی ساڵانە (CAGR) بنیاتنراون. ئەم مۆدێلە هاوتەرازووکراوە لەگەڵ ئەو رێژانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتی World Population Prospects 2024 بۆ عێراق دایناون، خاڵی دەستپێکردنیش ئامارەکانی سەرژمێری کۆتاییی عێراق ٢٠٢٤ بووە، کە کۆی دانیشتوانی بە (٤٦٫١ ملیۆن کەس)، کە لەلایەن COSIT کۆمیسیۆنی ئامارو زانیاریی فیدراڵی بڵاوکراوەتەوە.
لەسەر ئەو بنەمایایەی سەرەوە سێ سیناریۆمان پەرەپێداوە، یەکەمیان بەرزترین کە دۆخی ئێستا بەردەوام دەبێت و رێژەی لەدایکبوون بەرز دەمێنێتەوە. دووەمیان مامناوەند، کە هێڵی بنەڕەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە (UN WPP 2024) و کەمبوونێکی ئاستەواری رێژەی لەدایکبوون پێشبینی دەکات. سێیەمیان کەمترین، کە شارستانیبوونی خێرا، بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندن، و گۆڕانکاریی بەهێز لە ئابووری و تەندروستی دەبێتە هۆی کەمترین رێژەی لەدایکبوون. پێشبینییەکان تاوەکو ساڵی ٢٠٤٥ درێژ کراوەتەوە.
بەپێی خەمڵاندنەکان لە نزمترین سیناریۆدا ژمارەی دانیشتووانەکەی دەگاتە 63.8 ملیۆن کەس، لە ئاستی مامناوەنددا دەگاتە 67.8 ملیۆن کەس، و لە بەرزترین ئاستیشدا دەگاتە 70.7 ملیۆن کەس. ئەمە بە واتای زیادبوونی 20 بۆ 30 ملیۆن کەس دێت. ئەگەر ساڵانە تەنیا 250 هەزار کەس چاویان لە کەرتی گشتی بێت، ئەوا لەماوەی دوو دەیەدا 5 ملیۆن کەس چاویان لە دامەزراندن و کەرتی گشتییە.
ئەم زیادبوونەی ژمارەی دانیشتووان، ئەگەر بەبێ خزمەتگوزاری و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان و رەخساندنی هەلی کار بێت، بەدڵنیاییەوە پێویستی بە دامەزراندن لە کەرتی گشتیدا دەبێت. بەپێی پێشبینییەکان، ئەمەش واتە زیادبوونی نزیکەی 2 ملیۆن فەرمانبەری نوێ بۆ کەرتی گشتی تاوەکو ساڵی 2045، واتە هەر دەیەیەک 1 ملیۆن فەرمانبەر وەکو لە دوای دیکتاتۆرەوە، لەکاتێکدا رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO) ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵانە لەنێوان 250 بۆ 400 هەزار کەسی نوێ دەچنە ناو هێزی کارەوە لە عێراق.

لە رووی داراییەوە، بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی، خەرجییەکان لە دەیەی رابردوودا بەراورد بە پێشتر زۆر زیادیان کردووە و لەسەر بنەمای داتاکانی دوو دەیەی رابردوو سێ سیناریۆمان بۆ زیادبوونی خەرجییەکان لە دوو دەیەی داهاتوو تاوەکو 2045 داناوە. سیناریۆی یەکەمیان نزمترین رێژەی 1٪ زیادبوونی خەرجی ساڵانە کە لە رێژەی مێژوویی داتاکانی ٢٠٠٤–٢٠٢٥ وەرگیراوە. سیناریۆی دووەمیان مامناوەند کە رێژەی 4.5٪ بە بنەمای گەشەی دانیشتوان و زیادبوونی خەرجییەکان بۆ بەکارخستن و وەبەرهێنان دانراوە. سیناریۆی سێیەمیان کە بەرزترین رێژەی زیادبوونی ساڵانەی خەرجییەکان کە 10٪ و لەسەر بنەمای زیادبوونی خەرجی ماوەی 2016 بۆ 2024 دانراوە، کە لەو ماوەیەدا بەتێکڕا رێژەی زیادبوونی خەرجییەکان 9.8٪ بووە. ئەم سیناریۆنەش لەسەر دوو بنچینەی جیاواز لە 2025وە خراوەتەڕوو.
ئەگەر گەشەی خەرجیی ساڵانە بە نزمترین سیناریۆ 1٪ بێت و دوو ملیۆن فەرمانبەری نوێ زیادبکرێت لە دوو دەیەی داهاتوو دا، وەکو ئەوەی لە دەیەی رابردوو روویداوە، ئەوا کۆی خەرجییەکان تاوەکو 2045 دەگاتە 209 تریلیۆن دینار، و لە سیناریۆی مامناوەنددا دەگاتە 413 تریلیۆن دینار. ئەگەر رێژەی گەشەی خەرجییەکان وەک ساڵانی 2016 بۆ 2024 نزیکەی 10٪ ساڵانە زیاد بکات، ئەوا لەو کاتەی بەرهەمهێنان دەگاتە قۆناخی هەستیار و یەدەگ بەرەو تەواوبوون دەچێت، خەرجیی ساڵانەی عێراق 1,152 تریلیۆن دیناری تێپەڕاندووە.
لەراستیدا، فشار بۆ دامەزراندن و زیادبوونی خەرجییە گشتییەکان بە رێژەیەکی بەرچاو هەیە و ساڵانە بە تەنیا لە زانکۆ و پەیمانگاکانەوە زیاتر لە 250 هەزار گەنج دەردەچن و داوای دەستی کار و دەرفەتی کار دەکەن، کە تاوەکو 2045 واتە 5 ملیۆن کەس، کە ئەمەش واتە فشارێکی بەردەوام لەسەر حکومەت و حوکمڕانی لە عێراق.

کۆتایی
ئاڕاستەی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت، گەشەی دانیشتووان، و زیادبوونی خەرجییەکان لە عێراقدا لە دوو دەیەی رابردوودا هەڵکشانێکی هاوتەریب نەبوون؛ لە کاتێکدا بەرهەمهێنانی نەوت و دانیشتووان تەنیا دوو هێندە زیادیان کردووە، کەچی خەرجییەکان زیاتر لە 12 هێندە و بەرێژەی 1182٪ زیادیان کردووە و تەواوی ئابووریی وڵاتەکەیان بارمتەی فرۆشتنی نەوت کردووە.
ئەگەر لەم دوو دەیەی پێشماندا پلانی بەرهەمهێنانی نەوت تەنیا بۆ دەرهێنان و دابەشکردنی مووچە بێت بەبێ گۆڕینی ستراکچەری ئابووری و کۆتایهێنان بە بەرخۆریی نەوتی، ئەوا پرسیارە جیدییەکەی سەرەتا بە تەواوی خۆی دەسەپێنێت: کێ تێچووی عێراقێکی 70 ملیۆن کەسی و خەرجییەکی سەرووی 400 تریلیۆن دیناری بەبێ داهاتی نەوت دەگرێتە ئەستۆ؟
لە کۆتاییدا، بۆ رێگریکردن لەو کارەساتە چاوەڕوانکراوەی کە لە ژمارەکانەوە بەڕوونی دەردەکەوێت، کاتی ئەوە هاتووە حکوومەتی عێراق داهاتی نەوت بۆ وەبەرهێنان و نەوەی داهاتوو تەرخان بکات و لە دەرەوەی سندووقی «تاکە سەرچاوەی داهات» بیر بکاتەوە. فرەچەشنکردنی ئابووری، پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ، گەشتیاری، پیشەسازیی پترۆکیمیایی لەبری فرۆشتنی نەوتی خاو. هەروەها، نەخشەرێگای بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و بچووککردنەوەی کەرتی گشتی پەێڕەوبکات، چونکە تاکە گرەوی مانەوەی ئەم وڵاتەیە پێش ئەوەی دوا دڵۆپی نەوت لە کێڵگەکاندا دەربهێنرێت و دەرگای قەیرانە گەورەکان بکرێتەوە.



