رووداو دیجیتاڵ
سام ئاڵتمان، داهێنەری ژیریی دەستکرد نیگەرانە لەبارەی ئەو فیلمەی لەسەر ژیانی دروست کراوە و پێیوایە بە شێوەیەکی خراپ باسی کەسایەتیی کراوە. بڕیارە فیلمەکە لە کریسمس دا نمایش بکرێت.
فیلمەکە بەناوی (ئارتیفیشەڵ)ە و لە دەرهێنانی (لوکا گوادانینۆ)یە؛ ئەکتەری ئەمریکی (ئاندرۆ گارفیڵد) لە فیلمەکەدا رۆڵی ئاڵتمان دەگێڕێت.
ئەم بەرهەمە یەکێک دەبێت لە گەورەترین بەرهەمە سینەماییەکانی ئەم ساڵ. هاوشێوەی زۆربەی ئەزموونەکانی دیکەی هۆڵیوود لەم بوارەدا، لەم فیلمەشدا باس لەوە دەکرێت چۆن کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا، ویستی قازانجکردن دەخەنە پێش بەرژەوەندیی گشتی و ژیانی تایبەتییەوە.
بەرهەمە سینەماییە تەکنەلۆژییەکانی ئەم ساڵ
جیا لەم فیلمە بایۆگرافییەی ژیانی سام ئاڵتمان، کۆمەڵێک فیلم و زنجیرە فیلمی تەکنەلۆژیی دیکە ئەم ساڵ بەرهەم هێندراون کە لە داهاتوویەکی نزیکدا نیشان دەدرێن؛ لەوانە فیلمی (The Social Reckoning) کە تەواوکەری چیرۆکی ژیانی (مارک زوکەربێرگ)ی دامەزرێنەری فەیسبووکە.
هەروەها بەڵگەفیلمێکی 4 کاژێری لەبارەی ژیانی (ئیلۆن مەسک)، کە دامەزرێنەری ژمارەیەک کۆمپانیای تەکنەلۆژی و وەبەرهێنانە، لەگەڵ زنجیرە فیلمی (ئاڵتریستس) کە باسی ژیانی (سام بانکمان فرید)، دامەزرێنەری بۆرسەی کریپتۆ دەکات.
پڕۆژەیەکی دیکەش دیکۆمێنتارییەکی بێ ناوە کە باسی ژیانی (ئەلیزابێس هۆڵمس) دەکات؛ ئەو ژنەی بانگەشەی ئەوەی دەکرد بە دڵۆپێک خوێن سەدان نەخۆشی دیاری دەکات، بەڵام دواتر دەرکەوت سەرلەبەری بانگەشەکانی ساختە بوون.
بۆچوونەکان لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا
داهێنەرانی تەکنەلۆژیا لە رابردوودا وەک کەسانێک سەیر دەکران کە بە زیرەکییەکانیان جیهان دەگۆڕن، بەڵام لەگەڵ بەرەوپێشچوونی بەردەوامی ژیریی دەستکرد، نیگەرانییەکانی خەڵکی ئەمریکا گەیشتووەتە لووتکە و ترسیان لەبارەی داهاتووەوە هەیە.
کەیتی درامۆند، سەرنووسەری گۆڤاری (وایەرد) دەڵێت، "شێوازی ئەم جۆرە فیلمانە گوزارشت لە توڕەیی ئەمریکییـەکان دەکات، کە دەبینن خاوەن کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان چۆن لە ژینگەیەکی داخراودا دەژین، بێ ئەندازە دەوڵەمەندن و تەکنەلۆژیاکانیان بەسەر خەڵکی ئاساییدا دەسەپێنن."
جۆ ستریت، توێژەری بواری فیلم، ئاماژە بەوە دەکات، وێنەکێشانی هۆڵیوود بۆ تەکنەلۆژیا بە چەند قۆناخــێکدا تێپەڕیوە. لە سەرەتای ساڵی 2010دا، وێنەکان ئەرێنی بوون و ئەگەر کەسایەتیی داهێنەرەکەش بە خراپی باس کرابا، هێشتا رێزی لێ دەگیرا.
بەڵام لە دوای ساڵی 2010وە، کاتێک کۆمپانیایەکی راوێژکاریی سیاسی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەیسبووکدا داتای خەڵکیان "دزی"، متمانەی گشتی لە دەست چوو.
هۆڵیوودیش ئەم هەلەی قۆستەوە و داهێنەرانی وەک کەسانی "دڕندە و شەڕانگێز" لە بەرهەمە سینەماییەکاندا نیشان دا تاوەکو چیدیکە وەک فریادڕەس نەبینرێن.


.png&w=3840&q=75)

