عێراق یەکێک لە گرنگترین بڕیارە ئابوورییەکانی چەند ساڵی رابردووی خۆی دا. رۆژی 6ـی تشرینی یەکەم، ئەنجوومەنی وەزیران چوارچێوەیەکی نوێی بۆ نرخی ئاڵوگۆڕی دراو پەسند کرد و هاوکات بانکی ناوەندیی عێراق رێنمایی داوەتە بانک و دامەزراوە داراییەکان کە لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە دەست بە جێبەجێکردنی بکەن. بەپێی ئەم سیستمە نوێیە، نرخی دۆلار بە 1,500 دینار بۆ وەزارەتی دارایی، 1,510 دینار بۆ بانکەکان و 1,520 دینار بۆ هاووڵاتییان دیاریکرا. بەراورد بە نرخی فەرمیی پێشوو (نزیکەی 1,310 دینار) بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوە. لەڕووی کردارییەوە، نرخی کڕینی دۆلار بۆ هاووڵاتیی ئاسایی بە دینار نزیکەی 16% گرانتر بووە، ئەمەش بەهای دۆلاری داهات و پاشەکەوتی دیناری هاووڵاتیان بە رێژەی نزیکەی 14% دادەبەزێنێت.
ئەم بڕیارە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە بودجەی ساڵی 2027ـی عێراقەوە هەیە. رەشنووسی بودجە کۆی خەرجییەکان بە نزیکەی 217.2 تریلیۆن دینار و کۆی داهاتەکان بە نزیکەی 174.2 تریلیۆن دینار دەخەمڵێنێت، کە بەوەش کورتهێنانێکی 43 تریلیۆن دیناری دروست دەبێت. لەبەرئەوەی نەوت زیاتر لە 80%ـی داهاتی دەوڵەت پێکدەهێنێت، بەغدا بە تەواوی لەبەردەم مەترسیی گۆڕانکارییەکانی نرخ و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتدایە.
رەشنووسی بودجە نرخی نەوتی بە 58 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک و بڕی هەناردەکردنی رۆژانەی بە نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل خەمڵاندووە. حکومەت چاوەڕوان دەکات بە جێبەجێکردنی نرخی نوێی 1,500 دینار، هەمان داهاتی نەوت بە دۆلار نزیکەی 19.2 تریلیۆن دینار زیاتر لە نرخی پێشوو بۆ گەنجینە دابین بکات. بەبێ ئەم دەستکاریکردنی نرخی دراو، کورتهێنانی پێشبینیکراوی بودجە زۆر لەمە گەورەتر دەبوو.
بڕیارەکە سەرمایەی نوێ دروست نەکردووە
ئەم هاوکێشەیە هۆکاری سەرەکیی پشت بڕیارەکە رووندەکاتەوە: عێراق داهاتی نەوتەکەی بە دۆلار وەردەگرێت، بەڵام زۆربەی پابەندییە نێوخۆییەکانی، لە مووچە، خانەنشینی، گرێبەست و خەرجییە گشتییەکان، بە دینار دەدات. کاتێک حکومەت هەمان دۆلار لە جیاتی 1,300 بە 1,500 دینار دەگۆڕێتەوە، هەر دۆلارێک بڕێکی زۆرتر لە دیناری بۆ دەستەبەردەکات. بۆ نموونە، یەک ملیار دۆلار داهاتی نەوت بە نرخی 1,300 دەکاتە 1.3 تریلیۆن دینار، بەڵام بە نرخی 1,500 دەبێتە 1.5 تریلیۆن دینار، واتە جیاوازییەکەی 200 ملیار دینارە. بەوشێوەیە حکومەت دەرفەتێکی گەورەی دارایی بۆ خۆی دەستەبەر دەکات بەبێ ئەوەی پێویستی بە بەرهەمهێنانی نەوتی زیاتربێت.
بەڵام دەبێ ئەوە بزانرێت کە ئەم هەنگاوە بە مانای دروستکردنی سامانی نوێی نیشتمانی نایێت. عێراق هەر هەمان بڕی دۆلاری هەیە، تەنیا بەهای دیناری ئەو دۆلارانە دەگۆڕێت.
ئامانجێکی دیکەی نرخی نوێ، کەمکردنەوەی جیاوازیی نێوان بازاڕی فەرمی و بازاڕی هاوتەریبە (بازاڕی ئازاد). پێش ئەم بڕیارە، نرخی فەرمی لە دەوروبەری 1,310 دینار بوو، لە کاتێکدا لە بازاڕی هاوتەریبدا دۆلار بە 1,570 بۆ 1,600 دینار مامەڵەی پێوەدەکرا. نرخی نوێی هاووڵاتی (1,520 دینار) زۆر لە نرخی بازاڕ نزیکترە. ئەمە بۆ بازرگانان گرنگە؛ ئەگەر هاوردەکارانی راستەقینە بتوانن لە رێگەی سیستمی فەرمیی بانکییەوە دۆلار بە نرخی 1,510 بۆ 1,520 دینار بەدەست بخەن، تێچووی کڕینی دراوی بیانی بەراورد بە کڕینی لە بازاڕی هاوتەریب بە 1,600 دینار یان زیاتر بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت. بۆ نموونە بازرگانێک کە پێویستی بە یەک ملیۆن دۆلار بێت، لە بازاڕی هاوتەریب بە نرخی 1,630 پێویستی بە 1.63 ملیار دینار دەبوو، لە کاتێکدا لە رێگەی کەناڵی فەرمیی بانکییەوە پێویستی بە 1.51 ملیار دینار دەبێت، واتە نزیکەی 120 ملیۆن دینار پاشەکەوت دەکات.
مەرجی سەرەکی، دەستگەیشتن بە دۆلار
مەرجی سەرەکی و یەکلاییکەرەوە بۆ سەرکەوتنی ئەم سیاسەتە تازەیەی حکومەتی فیدرالیی عێراق پەیوەستە بە ئاسانی دەستگەیشتن بە دۆلار بە نرخی حکومی، نەک تەنیا راگەیاندنی نرخێکی نوێ لەسەر کاخەز. ئەگەر بانک و بازرگانەکان بتوانن بە بڕی پێویست دۆلار بە نرخی 1,510 بۆ 1,520 دینار دەستبخەن، بڕیارەکە دەتوانێت قۆرخکاری، دەڵاڵی و جیاوازیی گەورەی نێوان هەردوو بازاڕەکە نەهێڵێت، بەڵام ئەگەر بازرگانان بە ناچاری بەردەوام بن لە کڕینی دۆلار لە بازاڕی هاوتەریب، ئەوا نرخی نوێی حکومی تەنیا دەبێتە هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخەکان، بەبێ ئەوەی کێشە بنەڕەتییەکەی دراو چارەسەر بکات.
گریمان هاووڵاتی بتوانێت دۆلار بە نرخی حکومی دەستبجات، مووچەیەکی 1.5 ملیۆن دیناری پێشتر بە نرخی 1,310 دینار بەهای 1,145 دۆلاری هەبوو، بەڵام بە نرخی 1,520 دینار بەهاکەی بۆ کەمتر لە 1,000 دۆلار دادەبەزێت. ئەو کەسەی پاشەکەوتێکی 100 ملیۆن دیناریی هەبێت، بەهای دۆلاریی پارەکەی لە نزیکەی 76,300 دۆلارەوە بۆ 65,800 دۆلار کەم دەبێتەوە. بێگومان زۆربەی هاووڵاتیان پێداویستیی رۆژانە بە دۆلار ناکڕن، بۆیە پێوەری راستەقینەی کاریگەرییەکە لە بەهای دۆلاریی مووچەدا دەرناکەوێت، بەڵکو لەوەدایە کە ئەو مووچەیە لە نێوخۆی عێراق دا دەتوانێت چەند کەلوپەل و خزمەتگوزاری بۆ دابین بکات .
دێوەزمەی هەڵاوسان و ئەزموونی ساڵی 2020
لێرەوە مەترسی هەڵاوسان دەبێتە خاڵی سەرەکیی نیگەرانییەکان. عێراق بەشێکی زۆری ئەو کەلوپەل و کەرەستە خاوانەی خێزان و کارگەکان بەکاریدەهێنن لە دەرەوە هاوردە دەکات. بەرهەمێکی هاوردەکراو کە بەهای 1,000 دۆلار بێت، پێشتر بە 1.31 ملیۆن دینار دەکەوت، بەڵام بە نرخی نوێ دەگاتە 1.52 ملیۆن دینار، ئەگەر تەواوی جیاوازیی نرخەکە بخرێتە سەر شانی کڕیار. هەروەها ئەم کاریگەرییە بە نێو تەواوی زنجیرەی دابینکردندا بڵاودەبێتەوە. بۆ نموونە، گرانبوونی ئالیکی هاوردەکراوی ئاژەڵان، تێچووی بەرهەمهێنانی هێلکە و گۆشتی مریشک بەرز دەکاتەوە، ئەوەش راستەوخۆ دەگاتە چێشتخانە و سفرەی خێزانەکان.
ئەزموونی دابەزاندنی بەهای دینار لە ساڵی 2020 وەک زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە. لەوکاتەدا عێراق نرخی فەرمیی لە 1,182 دینارەوە بۆ 1,450 دینار دابەزاند. دوای ئەوە هەڵاوسان بە خێرایی تەشەنەی کرد و سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) رایگەیاند کە هەڵاوسانی گشتی لە کۆتایی 2021 گەیشتە سەرووی 8%. هەرچەندە گۆڕانکاریی ئەم جارە کەمترە، بەڵام ئاراستەی گوشارەکە روونە: دابەزینی بەهای دینار تێچووی دیناریی کاڵا هاوردەکراوەکان زیاد دەکات و هەڵاوسان بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ئەم کاریگەرییەش بە یەکسانی بەسەر هەمووان دا دابەش نابێت. فەرمانبەرانی حکومەت، خانەنشینان و ئەو کەسانەی داهاتی جێگیریان بە دینارە، لە هەمووان زیاتر زەرەرمەند دەبن کاتێک نرخەکان خێراتر لە داهاتەکانیان بەرزدەبنەوە. لەلایەکی دیکەشەوە، کاتێک خەڵک نیگەران دەبن لەوەی دینار بەهای زیاتر لەدەستبدات، روو لە گۆڕینەوەی پاشەکەوتەکانیان بۆ دۆلار، زێڕ و خانووبەرە دەکەن، ئەمەش خواست لەسەر دراوی بیانی زیاد دەکات، نرخی بازاڕی هاوتەریب بەرزتر دەکاتەوە، بازرگانەکان نرخەکان گرانتر دەکەن و لە ئەنجامدا متمانە بە دینار زیاتر دادەڕمێت.
کەموکوڕییە بنەڕەتییەکان و پێگەی هەرێمی کوردستان
ئەم سیاسەتە ئەگەر لە درێژخایەندا چاوی لێبکەین، کەموکوڕیی گەورەی هەیە. راستە لەسەر کاخەز کورتهێنانی بودجە کەم دەکاتەوە، بەڵام کێشە پێکهاتەییەکەی دارایی عێراق چارەسەر ناکات. وڵات هێشتا بە تەواوی پشتبەستووە بە نەوت، هاوکات مووچە، خانەنشینی و خەرجییە کۆمەڵایەتییەکان بودجە هەڵدەلووشن. لە رەشنووسی 2027دا، زیاتر لە 68 تریلیۆن دینار بۆ قەرەبووی فەرمانبەران و زیاتر لە 33 تریلیۆن دینار بۆ چاودێریی کۆمەڵایەتی تەرخانکراوە، لە کاتێکدا خەرجیی وەبەرهێنان زۆر کەمترە. گۆڕینی نرخی دراو رەنگە بۆ ماوەیەکی کاتی هەناسەیەک بە دارایی حکومەت بدات، بەڵام کارگە دروست ناکات، هەناردە فرەچەشن ناکات، بەرهەمهێنان زیاد ناکات و داهاتی نانەوتی و گومرک بەرز ناکاتەوە.
خاڵێکی دیکەی مەترسیدار ئەوەیە کە سەرەڕای دانانی نرخی نەوت بە 58 دۆلار لە بودجەدا، نرخی هاوسەنگبوونی دارایی (Fiscal break-even) لەژێر سایەی نرخی نوێی دراودا بە نزیکەی 77.64 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دەخەمڵێندرێت. بە واتایەکی دیکە، ئەگەر نرخی نەوت لە ئاستی 58 دۆلار بمێنێتەوە، عێراق هێشتا رووبەڕووی کەلێنێکی دارایی گەورە دەبێتەوە و هەر دابەزینێکی نەوت کورتهێنانەکە زەقتر دەکاتەوە.
لە نێو ئەم هاوکێشەیەدا، هەرێمی کوردستان بە تایبەتی زیانمەند دەبێت. ئابووریی هەرێمی کوردستان بە شێوازێکی بنەڕەتی پشت بە کاڵای هاوردەکراو دەبەستێت، بەتایبەتی لە تورکیا و ئێرانەوە. بۆیە دابەزینی بەهای دینار زۆر خێرا کار دەکاتە سەر نرخی خۆراک، ئۆتۆمبێل، کەرەستەی بیناسازی و ئەلیکترۆنیات. هاوکات لە رەشنووسی بودجەی 2027ـدا پشکی هەرێمی کوردستان تەنانەت ئەگەر رێژەکەی بۆ 14.1٪ بەرزبکرێتەوە، هێشتا بەراورد بە ساڵانی رابردوو، پارەی زۆر کەمتری بۆ دێت، ئەمەش زیانی گەورە لە کۆی ئابووری هەرێمی کوردستان دەدات.
پرسیاری سەرەکی لە بەردەم عێراق
سەرکەوتن یان شکستی سیاسەتی نوێی دراوی عێراق، بەوە دیاری ناکرێت کە ئایا نرخی فەرمی 1,500 یان 1,520 دینارە، بەڵکو پرسیارە یەکلاییکەرەوەکە ئەوەیە کە لە دوای ئەمە چی روودەدات؟
ئەگەر نرخی فەرمی لە 1,520 جێگیربێت و بازاڕی هاوتەریب بەرەو ئەم ئاستە داببەزێت و هاوکات بازرگانە راستەقینەکان دەستیان بە دۆلاری فەرمی بگات، عێراق دەتوانێت شێواوییەکی گەورە لە بازاڕی دراودا بنبڕ بکات، بەڵام ئەگەر نرخی فەرمی 1,520 بێت و بازاڕی هاوتەریب بەرەو 1,700 یان 1,800 دینار هەڵبکشێت، وڵات رووبەڕووی قەیرانێکی زۆر مەترسیدارتر دەبێتەوە، ئەوەش گرانبوونی نرخەکان و بەردەوامی بازاڕی رەشە.
بۆ حکومەتی فیدرالیی عێراق ، نرخی نوێ ملیاران دۆلاری نەوت بە بەهای دیناریی زیاتر دەستەبەر دەکات کە نزیکەی 19 تریلیۆن دینار دەخاتە سەر داهاتی بودجە، بەڵام بۆ خێزانەکان، هەمان سیاسەت واتە هەر دینارێک لەمەودوا توانای کڕینی کەمتری هەیە بەرامبەر دراوی بیانی. کەواتە هاوکێشەی دارایی حکومەت ئاسانتر بووە، بەڵام باجە ئابوورییەکەی، بە تەواوی یان بەشێکی، خراوەتە سەر شانی هاووڵاتیان و کەرتی تایبەت.
پرسیارە سەرەکییەکەی کە عێراق ئێستا رووبەڕووی بووەتەوە ئەوەیە، ئایا دەکرێت ئەم دەرفەتە داراییە نوێیە بۆ سەقامگیرکردنی ئابووری بەکاربهێنرێت، یاخود تەنیا بە مەبەستی دواخستنی ئەو چاکسازییە قووڵانەیە کە پێویستن بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی عێراق بە نەوت و رزگارکردنی وڵات لە کەوتنە ژێر رەحمی هەموو جووڵەیەکی دۆلار؟
* عومەر ئەحمەد، بەرپرسی دێسکی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو.



