ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەردەمى کشانەوەى یەکەمى ئەمریکا لەنێوان ساڵانى 2007 بۆ 2011، هەلومەرجى ئەوکاتەى ناوخۆى عێراق و وڵاتانى دەوروبەر، لێکەوتەکانى دواى کشانەوەى تەواوى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق بەراورد بکەین لەگەڵ دۆخى ئێستاى ناوچەکە و ناوخۆى عێراق و هاوکێشەى نێودەوڵەتى، هیچ گومانێکى تێدا نییە دەبێت چاوەڕوانى پێشهاتى مەترسیدار بین.
15 ساڵ پێش ئێستا کە ئەمریکا کۆتایى بە ئەرکى هێزە سەربازییەکانى هێنا و عێراقى رادەستی عێراقییەکان کردەوە. سەربارى ئەوەى ناکۆکیى نێوان سوننە و شیعە لەو پەڕى خراپی دا بوو، کێشە و ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا لە پەرەسەندن دا بوون، بەڵام بەراورد بە ئێستا تاوەکو ئەندازەیەکى زۆر دۆخى ناوچەکە و عێراق سەقامگیر بوو. ئەمریکا و ئێران وەک دوو جەمسەرى کاریگەر لەسەر رەوشى عێراق، ئەگەر لە راگەیاندن و پێشچاوى راى گشتى ناکۆک و نەیار بوون، بەڵام لە ژوورە داخراوەکان دا لەسەر ورد و درشتى رەوشى عێراق راوێژیان دەکرد و تەنانەت پۆستە باڵاکانى وڵات، سەرۆکى حکومەت و وەزارەتە گرنگەکانیش بە گفتوگۆى نێوانیان و بە رەزامەندى هەردوولا دادەنرا.
پریشکى بەهارى عەرەبى تازە گەیشتبووە سووریا و دەسەڵاتى سووریا هەموو سەرنجى لەسەر مانەوەى رژێمەکەى بوو. تورکیا ترسى ئەوەى هەبوو شەپۆلى ناڕەزایەتییەکان سنوورەکانى ببەزێنێت و کێشە ناوخۆییەکانى بتەقنەوە. ئێران هێشتا دەرفەتى ئەوەى بۆ نەڕەخسابوو بەتەواوى دەست بخاتەناو هەناوى عێراقەوە، بەڵام دواى تێپەڕبوونى دوو ساڵ بەسەر کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا و چۆڵکردنى ناوچەکە، بینیمان چى روویدا.
لە سووریا دەیان گرووپى چەکدارى تووندڕەوى ئیسلامى پەیدابوون کە دواتر بەرەى نووسرە و داعشى بەرهەمهێنا. لێکەوتەى باڵاکردنى ئەو دوو هێزە، ئەو رووداوە خوێناوییانەى ناو سووریا و عێراق و جەنگێکى فراوانى ناوچەیى و درێژمەوداى لێکەوتەوە کە نەک هەر ئەمریکا بە تەنیا بەڵکو هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانیشى پەلکێشى ناوچەکە کردەوە.
بەڵام ئەمجارە ئەمریکا لە هەلومەرجێکدا هێزەکانى لە عێراق کشاندەوە کە عێراق و ناوچەکە پڕن لە هێزى دژ بەیەک و کێشەو ناکۆکیى و بۆمبى تەوقیتکراو. عێراق نزیکەى هەشتا گرووپ و هێزى چەکدارى جیاوازى هەیە کە باشترین و پێشکەوتووترین جۆرەکانى چەکى سەردەمیان پێیە. ئێران و ئەمریکا نەک هەر لە خراپترین قۆناخى پەیوەندیدان، بەڵکو لە جەنگێکى راستەوخۆدان. رژێمى ئەسەد رووخاوە و دەسەڵات و سیستمێکى عەرەبى سوننەى جیهادى هاتوونەتە سەر حوکم و ئەمریکا و ئەورووپا و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى پشتیوانى لە بەهێزبوونى دەکەن. دەسەڵاتى نوێى سووریا رۆژ لەدواى رۆژ هەستى خۆبەخاوەنزانینى بۆ سوننەکانى عێراق لە زیادبووندایە.
بەپێى راپۆرتى دەزگا باوەڕمەندەکانى وڵاتانى زلهێزى جیهانى و زانیاریی دەزگا هەواڵگرییەکان، هەزاران چەکدارى پاشماوەى داعش لە ناوچەکەدا ماونەتەوە، هەزاران چەکداریشیان کە پێشتر دەستگیرکرابوون و لە زیندانەکانى سووریا و رۆژئاوای کوردستان و عێراق و هەرێمی کوردستان بوون، ئازاد کراون. گوشارێکى نێودەوڵەتیش لەسەر سووریا هەیە کە دەبێت ئەو گرووپ و چەکدارە تووندڕەوە ئیسلامییە ناسوورییانە لە وڵاتەکەى دووربخاتەوە کە ژمارەى ئەوانیش بە هەزارانن و لۆژیکیش پێمان دەڵێن ئەم هێزگەلە پێویستى بە جوگرافیایە.
هەموو ئەم پێدراوانە ئەوەمان پێدەڵێن کە ئەگەرى پێشهاتى مەترسیدار، ناسەقامگیریى و سەرهەڵدانى جەنگ و بەریەککەوتنى خوێناوى بژاردەى هەر ئامادەن، بەڵام لە کوێ؟ ئەمە پرسیارە هەرە گرنگ و پێویستەکەیە.
سووریا لە خولى یەکەمدا منداڵدانى دروستبوون و گەشەسەندنى گرووپ و هێزە تووندڕەوە ئیسلامییەکان بوو کە داعش بووە سیماى هەرە دیارى ئەو شەپۆلە تووندڕەوییەى ناوچەکە و جیهان، بەڵام هەلومەرجى ئێستاى سووریا جیاوازە، سەرەڕاى بوونى هێزگەلێکى فراوانى تووندڕەوى جیهادى کە لەناو (دەستەى تەحریر شام) جێیان کراوەتەوە. هەروەها بوونى گرووپگەلى دیکەى تووندڕەوى ئیسلامى کە لەژێر کۆنترۆڵى دەوڵەتدا نین و ئەوانیش لە دەرەوەى سووریاوە ئاراستە دەکرێن. هەروەها مانەوەى کێشەى دروز و عەلەوییەکان بەهەڵپەسێردراوى، بەڵام پشتیوانیی ئەمریکا و ئەورووپا و کەنداو بۆ شەرعیەتدان بە دەسەڵاتەکەى شەرع و چەسپاندنى پێگە و پایەکانى حوکمڕانییەکەى، ویستى رۆژئاوا بۆ سووریایەکى سەقامگیر وەک رێڕەوى بازرگانى و وزە بەسەر دەریاى سپى نێوەڕاستەوە، بەتایبەتیش دواى بێچەککردنى کورد، دەرفەتى ئەوەى نەهێشتووەتەوە سیناریۆى راپەڕین و بزاوت و بەریەککەوتنى چەکدارى دژ بە دەوڵەت لە سووریا سەرهەڵبدات.
تورکیاش لەلایەک بەهۆى رێنمایى و بڕیارەکانى ئۆجەلانەوە، هەروەها لەلایەکى دیکەشەوە بەهۆى گرتنەبەرى سیاسەتێکى نوێى دەرەکى کە هاوشێوەى ئێران دەستى خستووەتە ناو هەناوى کێشەکانى ناوچەکەوە و بووە بە بەشێک لە هێزى ئاراستەکردنى رووداوەکان، تاوەکو ئەندازەیەکى زۆر دەستەبەرى دڵنیایى بۆ خۆى کردووە کە لانى کەم لە ئێستایا جوگرافیاى تورکیا یارمەتیدەر نییە بۆ شانۆى پێشهات و رووداوەکان.
ئێرانیش هەرچەندە لە جەنگى راستەوخۆدایە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، لە ئاستى هەرێمایەتیش دۆستى بەخۆیەوە نەهێشتووە و هەمووى کردووە بە دووژمن. لەناوخۆشدا درزى نێوان دەسەڵات و خەڵک تا دێ گەورەتر دەبێتەوە و کێشەى نەتەوەکانى دیکەش زیاتر دەئاوسێ، بەڵام هێشتا زووە بگوترێت دۆخى ناوخۆى ئێران ئامادەیە و چاوەڕوان دەکرێت رووداوەکان پەلکێشى خۆى بکات.
ئەوەى وەک گۆڕەپانێکى کراوە چاوەڕوانکراوە رووى رووداوەکانى بۆ ئاراستە بکرێت، عێراق و هەرێمى کوردستانە. عێراق لەلایەک بەهۆى بوونى فرەهێزى چەکدارى نادەوڵەتى کە بەشێکیان لە دەرەوەى ناوەندەکانى بڕیارى عێراقەوە ئاراستە دەکرێن، لەلایەکى دیکەشەوە بەهۆى سەپاندنى هەژموونى شیعەگەریى بەسەر ناوچە سوننییەکاندا و پەیڕەوکردنى سیاسەتى پاکتاوکردن، هەروەها مەیلى پاوانخوازى و ناوەندگەراییەکەى چاوەڕوانى ئەوەى لێدەکرێت کێشەکانى لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش پەلبکێشێت بۆ رووداوى نەخوازراو و بەو هۆیەوە ببێتە ناوەندى پەلکێشکردنى هێز و گرووپگەلە جۆراوجۆرەکانى ناوچەکە.
ئەوەى وادەکات چاوەڕوانکراوبێت کوردستانیش ببێتە گۆڕەپانێکى دیکەى رووداوەکان. بە پلەى یەکەم بەهۆى ئەو پیلانگێڕییە هەرێمایەتییەوەیە لەسەر کورد هەیە وەک نەتەوە، بەتایبەتیش دواى بێچەککردنى کورد لە رۆژئاوا و لە باکووریش بەهۆى پرۆسەى تورکیای بێ تیرۆر و گوشارەکانى سەر کوردانی رۆژهەڵات بۆ بێڕۆڵکردنیان لە رووداوەکان، سەرنجەکان کەوتووەتە سەر هەرێمى کوردستان وەک تاکە پەناگە و مانەوەى ماڵى کورد کە لە دوو سێ دەیەى رابردوو داینەمۆى باڵاکردنى کورد بوو لە بەشەکانى دیکەى کوردستان. خواستى کوێرکردنەوەى ئەم کوانووە خەریکە دەبێتە بەشێک لە ستراتیژی دەوڵەتە هەرێمییەکان و مانەوەى وەک مەترسى لەسەر ئاسایشى نەتەوەیى خۆیان دەبینن.
هەورەها بەهۆى بوونى کێشە و ململانێى ناوخۆیی دوو هێزە سەرەکییەکەى هەرێمى کوردستان کە سەرى کێشاوە بۆ پیلانگێڕى گەورە لەدژى یەکترى، ئەمەش دەرگاى بۆ مەترسى گەورە کردووەتەوە و جوگرافیاى کوردستانى کردووە بە یەکێک لە بژاردە ئامادەکان بۆ پەلکێشکردنى گرووپ و هێزگەلى ناوچەیى. بەتایبەتیتریش بەهۆى بەگەڕنەخستنەوەى پەرلەمان لەدواى بڕیارى دادگاى فیدراڵى بۆ هەڵوەشاندنەوەى، دروستنەکردنى حکومەتى نوێ، بوونى چەند سکاڵایەکى ئامادە لە دادگاى فیدراڵى لەدژى دامەزراوە دەستوورییەکانى وەک سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەت، ئەگەرى سیناریۆى ناجۆر بەڕووى کوردستاندا دەکاتەوە.
بۆ ئەوەى هیچ کام لەمانە روو نەدات و کوردستان و عێراقیش پارێزراو بێت، پێش هەر شت تێگەیشتنە لە مەترسییەکان لەلایەن بەغداوە هەولێرەوە، دەبێت وەک قۆناخێکى راگوزەرى پڕ لە مین لەم قۆناخە بڕوانن.
پارتى و یەکێتى بگەنە قەناعەتێک دەستبەردارى دووژمنایەتى و پیلانگێڕیى نهێنى و ئاشکراى سەر یەکتریى بن، بە زوویى دامەزراوە شەرعى و دەستوورییەکانى هەرێمى کوردستان مشت و ماڵ بکەنەوە و بڕیار بدەن رێنمایى و راسپاردەى کەس جێبەجێ نەکەن جگە لە پلانى هاوبەشى دراسەکراوى پێکەوەیى هەردوولایان، چونکە دابەشبوونیان بەسەر جەمسەرە ناکۆک و جیاوازە نێودەوڵەتى و هەرێمایەتییەکان، لە پەناى دۆستایەتى و پشتیوانیکردنیانەوە بە ئاقارێکدا ئاراستەیان دەکات کە ئاو بکاتە ئاشى تێکدانى ماڵى کوردەوە. بەو شێوەیە دەتوانن خۆیان و میللـەتەکە و جوگرافیاکەش لە کێشە و مەترسیی گەورە بپارێزن. ئەگەر وانەکەن، دەبنە رێگەخۆشکەر بۆ هەڵبژاردنى کوردستان وەک جوگرافیایەکى بێخاوەن بۆ رووداوەکان.



