رووداو دیجیتاڵ
ئەم ساڵ 300 فیلم لە فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە نیۆیۆرک پێشکێشکراون و لەو ژمارەیەش تەنیا 30 فیلم بۆ نمایشکردن هەڵبژێردراون، بەڕێوەبەری هاوبەشی فێستیڤاڵەکە دەڵێ، دەیانەوێت سیمایەکی نوێ لە کورد نیشان بدەن و چیدیکە تەنیا بە شەڕکەرێکی بەهێز نەناسرێت.
ئارام حەسەن، بەڕێوەبەری هاوسەرۆکی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە نیویۆرک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ئەنجامدانی ئەم فێستیڤاڵە ئامانجمان ئاشناکردنی کۆمەڵگەی ئەمریکی و بینەرانی بیانییە بە کولتوور، هونەر و تواناکانی کورد و دەمانەوێ فەرهەنگ و کولتووری بەرزی کوردی وەک سیمایەکی نوێی نەتەوەی کورد نیشان بدەین نەک تەنیا نیشاندانی وێنەی شەڕ و تراژیدیا."
لەبارەی پێوەری هەڵبژاردنی فیلمەکانەوە ئارام حەسەن گوتی: "ئەو بابەتە جیاوازانە نیشان دەدەین کە تاوەکو ئێستا نیشانی جیهان نەدراون، وەک موزیک و هونەر و ئایین و ئایینزاکان، لەوانە یارسانەکان و تێکەڵ بوونیان لەگەڵ ئامێری تەمبوور، جلوبەرگی رەسەنی وەک فەرەنجی، زمان و بەهرە کەسییەکان."
فێستیڤاڵەکە رۆژی 29ـی ئەیلوول دەستپێدەکات و تاوەکو 4ی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی دەکات. جگە لە نمایشکردنی فیلمەکان، جلوبەرگ و خواردنی کوردییش لە فێستیڤاڵەکەدا نمایش دەکرێن.

20IMAGE.webp&w=3840&q=75)
