زۆرجار ئەم قسەیەم کردووە کە مۆدێلى حوکمڕانى کوردى لە هیچ مۆدێلێکى دونیا ناچێت، کاڵایەکە بە باڵاى کوردستان دووراوە. قۆناخى شۆڕش و خەباتى چەکداریى، بە ناکۆکیى و ململانێ و دابەشبوونە سیاسییەکەیەوە گوێزراوەتەوە بۆ سەردەمى حوکمڕانییەکەى.
تەمەنى حوکمڕانییەکەى وا نزیک دەبێتەوە لە چوار دەیە، بەڵام بەهەمان نەزمى درێژکراوەى دابەشبوونە سیاسییەکەى دواى ئینشیقاقى شەستەکانى سەدەى رابردوو. جوگرافیای سیاسى و ئیدارى کوردستان دابەش بووە بەسەر دوو زۆندا، بە رەهایى هەر زۆنێکیان لەلایەن یەکێ لەو بەرە سیاسییە ناکۆکەوە بەڕێوە دەبرێت، کە پارتى و یەکێتیى نوێنەرایەتى دەکەن.
لە 35 ساڵى رابردوودا هەموو رێگایەک تاقیکرایەوە بۆ تێکشکاندنى ئەم دابەشبوونە، پەنابردنە بەر سندووقى هەڵبژاردن و بەشداریپێکردنى خەڵک لە یەکلایکردنەوە، دەرئەنجام دابەشبوونەکەى زیاتر چەسپاند. پەنا برایە بەر شەڕى ناوخۆ، هیچ نەما دەستى بۆ نەبرێت، ئەنجامەکەى سنوورەکانى دابەشبوونەکەى تۆختر کردەوە. ئاشتى و شەڕى ئیداری و نموونەیى، درێژەدان بە ناکۆکیى و ململانێ و دەستبادانى یەکدی، پەنابردنە بەر ئەم و ئەو و بەتەرەفکردنى لایەنى دیکە لە ناکۆکییەکان، کۆتایى ماجەرایى هەموو رووداوەکان هەر هاتەوە سەر ئەم واقیعە تاڵە چەسپیوە.
لەم نێوەندەدا پرسى کورد وەک نەتەوە، پێگە و سەنگى کورد لەناو هاوکێشە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان، ژیان و گوزەرانى دانیشتووانى کوردستان و تەنانەت سەنگ و پێگەى خۆیان و حیزبەکانیشیان، مەحکووم و وابەستەى ئەو هەڵکشان و داکشانە بووە لە جۆرى مامەڵە و پەیوەندیی نێوانیان. لەکوێ کێشە و ناکۆکییەکانیان وەلا نابێت و هاوهەڵوێست و پێکەوەبووبن، پرسى کورد چووەتە پێش، پێگەى کورد لەناو هاوکێشە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان باڵاى کردووە و ژیان و گوزەرانى هاووڵاتییان باش بووە و خۆیان و حیزب و بنەماڵەکانیشیان زیاتر سوودمەند بوونە. پێچەوانەى ئەمەش هەر کاتێک ناکۆکى و ململانێکانیان قوڵتر بووبێتەوە و خۆیان سەرقاڵى دەستبادانى یەکدی کردبێت، پرسى کورد پاشەکشێى کردووە، پێگەى کورد لە هاوکێشەکاندا پەراوێزخراوە، خەڵک کەوتووەتە دۆخ و ژیانێکى زەحمەتەوە، خۆیان و حیزبەکانیشیان زەرەرمەند بوونە.
بە لەبەرچاوگرتنى ئەو راستییەى ئەم دوو هێزە سیاسییە کە ئەزموونى قۆناخى تەبایى و قۆناخى ناتەباییان کردووە، سوود و زیانەکانى هەردوو قۆناخەکەیان بینیوە. پرسیارى هەرە گرنگ ئەوەیە بۆچى رێکناکەون؟ لەکاتێکدا بە رێککەوتنیان، خۆیان و پێگەى حیزب و دەسەڵات و بنەماڵەکانیان، سەروەت و سامان و ئایندەیان پارێزراوتر دەبێت. بەردەوامبوونیشیان لە ململانێ و درێژەکێشان و قووڵکردنەوەى ناکۆکییەکانیشیان، سەرى خۆیان و میللـەتەکەش دەخاتە ناو بەرداشى پیلانگێڕییە هەرێمایەتى و نێودەوڵەتییەکانەوە، کە ئێستا بەرانبەر بە کورد وەک نەتەوە لە ئارادایە.
لەکاتێکدا بەهۆى هاتنە ناوەوەى جارێکى دیکەى ئەمریکا بۆ ناو کێشەکانى ناوچەکە، ئەگەر و پێشهاتەکان چاوەڕوانى ئەوەیان لێدەکرێت کورد وەک نەتەوە سودمەنترینى گۆڕانکارییە ناوچەییەکان بێت، بەڵام بەهۆى سەرقاڵبوونى کورد بەخۆیەوە، خەریکە داوى پیلانگێڕییەکان دەست و پێى کورد کۆتوبەند دەکات، ئەوەى لە باکوور و رۆژئاواى کوردستان دەگوزەرێت، هەروەها ئەو گوشارانەى لەسەر کوردى رۆژهەڵاتن بۆ بێڕۆڵکردنیان لە گۆڕانکارییەکان، ئاماژەى روونن، کە نەک هەر دەرفەتەکان لەدەست دەچن، بەڵکو دەرفەتەکان دەبن بە مەترسى.
بۆیە بەهەڵسەنگاندنى کۆى هاوکێشەکان و لێکدانەوەى رووداوەکان، دەگەیتە ئەنجامێکى خراپ کە درێژەدانى بێپاساوى پارتى و یەکێتیى بەناکۆکى و ململانێکانیان لەم هەلومەرجەدا، دەستێکی دەرەکی تێدایە، ئەگینا هیچ بیانوویەکى لۆژیکى و هیچ هۆکارێک نییە بۆ بەردەوامبوونى ئەو دۆخەى لە باشوورى کوردستان دروستیان کردووە.
حیکایەتێکى بەڕێز محەممەدى حاجى مەحموود سکرتێرى حیزبى سۆسیالیستم بیرکەوتەوە، کە لە چاوپێکەوتنێکى تەلەڤزیۆنیدا گێڕایەوە لە سەردەمى شەڕى ناوخۆ هێزێکى تۆپهاوێژى ئێران هەبوو، لە سنوورى هەڵەبجە هاوکاریی بزووتنەوەى ئیسلامییان دەکرد دژ بە یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان. هەمان ئەو هێزە بۆ رۆژى دواتر دەچوون لە پشدەر یارمەتیی یەکێتییان دەدا دژ بە بزووتنەوەى ئیسلامى و پارتى، رۆژى دواى ئەوەش دەچوونە حاجى ئۆمەران بۆ پشتیوانیی پارتى لە دژى یەکێتیى نیشتمانى. ئێستاش بە دوورى مەبینن کەسانێکى گوێلێگیراوى هەرێمایەتى یان نێودەوڵەتى هەبێت بە جیاجیا هانى یەکێتى و پارتى بدات کە سازش بۆ یەکدی نەکەن و درێژە بە ململانێکانیان بدەن.
هیوادارم ئەم دوو هێزە سیاسییە بە ئاگابێنەوە لەوەى خەریکە خۆیان دەبن بە هەڕەشە و مەترسى لەسەر ئەو بەدەستهاتووانەى میللـەتەکەمان کە خۆیان رۆڵى سەرەکییان لە بەدەستهێنانیدا گێڕاوە. ئەگەر ئێستاش بەخۆیان بکەون، هێشتا دەرفەتەکان کراوەن بۆ ئەوەى هەرێمى کوردستان ببێتەوە بە سەنگى پاڵپشتى و دەستکەوت بۆ بەشەکانى دیکەى کوردستان، لە خەوى غەفڵەتیش بەردەوام بن، ئومێدى مانەوەى ئەو نیمچە بەشە ئازادەى کوردستانیش لاواز دەبێت.
سەرکردە و سیاسیی ژیر ئەوەیە کە لە چرکەساتى پێویستدا بە ئاگاییانە مامەڵە لەگەڵ پێشهات و رووداوەکان بکات، نەک دواتر پەشیمانى دەربڕێت لە هەڵوێست و بۆچوون و رەفتارەکانى. خۆزگەخواستن بەوەى رووداوەکان بەو جۆرە نەبووایان دادیان نادات و دەبێت بە کەپنەکى پاش باران، چونکە دەربڕینى پەشیمانى زەمەن ناگێڕێتەوە تا نەهێڵیت رووداوەکان بەو جۆرە بن کە روویانداوە، بەڵام سیاسەتى ژیرانە دەتوانێت نەهێڵێت هەڵەکان بەردەوام بن.



