رووداو دیجیتاڵ
لە کۆتاییەکانی مانگی تەممووزەوە، فیلمە بە نێوبانگەکەی کۆمپانیای سۆنی، سپایدەرمان Spider-Man: Brand New Day هێشتا لە رکابەریی پڕ داهاتترینەکان هەر لە پلەی یەکەمدایە، ئەمە بەشی چوارەمی فیلمەکەیە و تەنیا لە پشووی کۆتایی هەفتەی رابردوو، 18 ملیۆن دۆلاری لە فرۆشتنی بلیت لە نێو ئەمریکا کۆکردووەتەوە، چاوەڕێش دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە داهاتەکەی بگاتە 23.3 ملیۆن دۆلار.
دوایین جار کە فیلمێک توانیبێتی داهاتێکی ئاوای هەبێت، بەشی دووەمی فیلمی ئاڤاتار Avatar The Way of Water بوو لە ساڵی 2022 کە ئەویش هەر بەرهەمی کۆمپانیای سۆنی بوو.
ئەم بەشە نوێیەی سپایدەرمان، کە لە پاڵەوانییەتی ئەستێرەی بەریتانی تۆم هۆلاندە، داهاتەکەی لە هەموو جیهاندا گەیشتووەتە 2.4 ملیار دۆلار.
لە پلەی دووەمی بۆکس ئۆفیس بۆ هەفتەی رابردوو، فیلمی ئۆدیسی The Odyssey دێت کە بەرهەمی کۆمپانیای یونیڤێرساڵ پیکچەرە.
بەرهەمەکەی دەرهێنەری بەنێوبانگی بەریتانی کریستفەر نۆڵانیش، لە هەمان هەفتەدا 13 ملیۆن دۆلاری لەنێو ئەمریکا بەدەست هێناوە و لە تەواوی جیهاندا داهاتەکەی گەیشتووەتە 1.63 ملیار دۆلار، بەوەش ریکۆردی بەشی یەکەمی فیلمی ئاڤاتاری ساڵی 2009ـی شکاند.
لە 31ی ئابەوە هەردوو فیلمی سپایدەرمان و ئۆدیسی توانیان داهاتی سینەما بگەڕێننەوە بۆ ئاستی سەردەمی پێش پەتای کۆرۆنا. داهاتی گشتیی هۆڵیوود لەم وەرزەدا بەراورد بە ساڵی 2025 بە رێژەی 26.1٪ بەرزبووەتەوە و 4.6 ملیار دۆلار بوو.
بەم هەڵکشانە، ئەو دوو فیلمە قەرەبووی هۆڵیوودیان لە شکستەکانی ساڵی 2013 کردەوە.
هۆکاری شکستەکەی هۆڵیوود لە ساڵی 2013 سیاسەتی هەڵەی هۆڵیوود بوو لە بەرهەمهێنانی فیلمی زۆر گەورە بە بودجەی زەبەلاح و، خستنەڕووی هەموو ئەم فیلمانە لە یەک کاتدا، خەڵک نەیدەتوانی هەموو هەفتەیەک بچێتە سینەما و بینەری فیلم بێت، بۆیە هەموو ئەم فیلمە گەورانە شکستیان هێنا، لەکاتێکدا بە بودجەی زۆر گەورە دروست کرابوون.
داهاتی وەرزی هاوینی سینەماکان لە ساڵی 2013 دا، 4.758 ملیار دۆلار بوو، ئەم ساڵیش تاوەکو ئێستا 4.759 ملیارە و بە جیاوازییەکی کەم داهاتی ئەو ساڵەی تێپەڕاندووە.
لە هاوینی 2013، خەرجی هەر فیلمیک نزیکەی (150 بۆ 250) ملیۆن دۆلار بوو و سێ فیلم کە بە بودجەی خەیاڵی دروستکرابوون شکستی گەورەیان هێنا.
کاتێک فیلمێک بە 250 ملیۆن دۆلار بەرهەم دەهێندرێت، پێویستی بە نزیکەی 150 ملیۆن دۆلاری دیکەیە بۆ رێکلام و بە بازاڕکردن، تێچووی فیلمەکە بەگشتی دەبێتە 400 ملیۆن دۆلار، ئەگەر ستودیۆکە تەنیا خەرجیی فیلمەکە دەربهێنێتەوە بەبێ قازانج، پێوستە ئەوکات فیلمەکە داهاتی 800 ملیۆن دۆلار بێت، چونکە نیوەی پارەی بلیتەکان بۆ ستودیۆکەیە و نیوەکەی دیکەی بۆ سینەماکەیە.
لە هاوینی 2013 دا فیلمی لۆن رانەر The Lone Ranger تێچووەکەی 250 ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام داهاتەکەی تەنیا 260 ملیۆن دۆلار بوو.
فیلمی دووەم R.I.P.D تێچووەکەی 130 ملیۆن دۆلار بوو، کەچی داهاتەکەتی تەنیا 78 ملیۆن دۆلار بوو. هەروەها فیلمی ئافتەر ئێرس After Earth تێچووی 130 ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام داهاتەکەی تەنیا 60 ملیۆن دۆلار بوو.
ستودیۆکان بڕێکی زۆر پارەیان خەرج کرد بۆ هەر فیلمێک، بەڵام زۆربەی فیلمەکان نەک هەر قازانجیان نەکرد، بەڵکو تەنانەت نیوەی تێچووەکەی خۆیشیان بۆ نەگەڕایەوە.
تەنیا چەند فیلمێک توانییان هەندێک باڵانسەکە رابگرن، وەک بەشی سێیەمی فیلمی ئایرۆن مان Iron Man 3 توانی داهاتەکە بە بەرزی بهێڵنەوە، ئەگەر نا ئەو ساڵە دەبووە کارەساتێکی دارایی گەورەتر.
پێش ئەم رووداوە لەو ساڵەدا هەردوو دەرهێنەری ئەمریکی ستیڤن سپێڵبێرگ و جۆرج لوکاس هۆشدارییان دا و گوتیان هۆڵیوود بەرەو گەورەترین شکست دەچێت، چونکە ئەوان گرنگی زۆر بەو فیلمانە دەدەن کە بودجەیان زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلارە بە ئامانجی قازانج، بەڵام شکستهێنانی تەنیا دوو یان سێ لەو فیلمانە بەسە بۆ تێکچوونی تەواوی پیشەسازییەکە. هۆڵیوود ریسکی کرد و ئەم فیلمە گەورانەی لە مانگەکانی حوزەیران، تەممووز و ئاب خستە سینەماکانەوە و گەورەترین شکستی هێنا.
خەرجیی بەرهەمهێنانی فیلمی سپایدەرمان 225 ملیۆن دۆلار بوو، ئەمە خەرجییەکی یەکجار زۆر بوو، جیا لە خەرجیی بەرهەمهێنان 225 ملیۆن دۆلاری دیکە خەرجکرا بۆ رێکلام و بە بازاڕکردن، بەوەش کۆی گشتیی تێچووی فیلمەکە 450 ملیۆن دۆلار بوو، بۆیە دەبوو ئەم فیلمە 900 ملیۆن دۆلار بەدەست بهێنێتەوە وەکو خەرجی خۆی بەبێ هیچ قازانجێک، بەڵام تاوەکو ئێستا داهاتی فیلمەکە لە تەواوی جیهان نزیکەی 2.3 ملیار دۆلارە و قازانجێکی خەیاڵی کردووە.
زیاتر لە 165 براندی جیهانی لە فیلمەکەدا بەشدارییان کردووە و هەریەکە لەو براندانەش لەسەر ئەستۆی خۆیان رێکلامیان بۆ فیلمەکە کرد، کۆی گشتی ئەو خەرجیەی کە براندەکان لە گیرفانی خۆیان بۆ بەبازاڕکردنی فیلمەکە خەرجیان کردووە بە نزیکەی 309 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
لەبارەی فیلمی ئۆدیسی، بە بودجەی 250 ملیۆن دۆلار بەرهەم هات و 150 ملیۆن دۆلاری لە رێکلام و مارکێتینگ بۆ خەرج کرا، خەرجییە گشتییەکەی گەیشتە 400 ملیۆن دۆلار، دەبوو ئەو فیلمە 800 ملیۆن داهات بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی نەبێتە فیلمێکی شکستخواردوو، بەڵام داهاتی ئۆدیسی تاوەکو ئێستا 1.63 ملیار دۆلارە و فیلمێکی پڕ قازانج بوو.
بەشێک لە هۆکاری سەرکەوتنی فیلمەکەش بۆ متمانەی ناوی دەرهێنەرەکەی کریستفەر نۆڵان دەگەڕێتەوە، خەڵک کوێرانە متمانە بە بەرهەمە سینەماییە ناوازەکانی ئەم دەرهێنەرە دەکەن و بێ ئۆقرە چاوەڕوانی دەبن.
20IMAGE.webp&w=3840&q=75)

