رووداو دیجیتاڵ
نمایشکردنی فیلمی (ماڵی نەنە) لە سینەماکانی باشووری کوردستان بەردەوامە، بەرهەمهێنەرەکەی دەڵێت، رۆژی پێنجشەممە فیلمەکە لە سەرجەم سینەماکانی پارێزگاکانی عێراق پێشاندەدرێت.
باهۆز نەسرەدین، بەرهەمهێنەری فیلمی (ماڵی نەنە)، ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لە رۆژی پێنجشەممەوە فیلمی (ماڵی نەنە) لە سەرجەم سینەماکانی عێراق لە ژێر ناوی (بیت بیبي) نمایش دەکرێت.
سەبارەت بەو پارێزگایانەی عێراق کە فیلمەکەی تێدا نمایش دەکرێت، باهۆز نەسرەدین دەڵێت: "هەر شارێک لە عێراق سینەمای تێدابێت فیلمەکەی تێدا نمایش دەکرێت". گوتیشی: "رۆژی پێنجشەممە، (ماڵی نەنە) لە سینەماکانی بەغدا، حلە، بابل و بەسرە بە ژێرنووسی عەرەبی نمایش دەکرێت.

فیلمی (ماڵی نەنە)، دووەمین فیلمی کوردییە کە باهۆز نەسرەدین وەکو بەرهەمهێنەر کاری تێدا کردبێت و لە سینەماکانی عێراق پێشانبدرێت، پێشتریش فیلمی (کفن)ی هەمان بەرهەمهێنەر لە سینەماکانی عێراق پێشاندرا.
پێشاندانی فیلمی (ماڵی نەنە)، لە سینەماکانی باشووری کوردستان بەردەوامە. باهۆز نەسرەدین دەڵێت، لە دوو هەفتەی سەرەتای نمایشدا ژمارەی ئەو کەسانەی فیلمەکەیان بینیوە گەیشتووەتە 11 هەزار کەس.
فیلمی (ماڵی نەنە) لە دەرهێنانی محەممەد مستەفایە و حەوتەمین بەرهەمی کۆمپانیای (میترۆنۆم پرۆدەکشن)ـە.


