رووداو دیجیتاڵ
فیلمی نوێی دەرهێنەری ناوداری کورد، هەڵکەوت مستەفا، لە یەکێک لە گەورەترین سەکۆ سینەماییەکانی جیهان نمایش دەکرێت. فیلمەکە چیرۆکی کچە پێشمەرگەیەکی قەناس بەدەست دەگێڕێتەوە کە بۆ رزگارکردنی خوشکەکەی دەچێتە ناو داعش و بڕیاریشە لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵدا لە کوردستان نمایش بکرێت.
فیلمی سینەمایی "بەهەشت نابینی ئەگەر ژن بتکوژێت"، نوێترین بەرهەمی هەڵکەوت مستەفایە. بڕیارە رۆژی 7ـی ئەیلوولی 2026، لە 83ـەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس لە ئیتاڵیا، یەکەمین نمایشی جیهانیی بۆ بکرێت و فەرشی سووری بۆ رابخرێت.
نمایشکردن لە هەرێمی کوردستان
هەڵکەوت مستەفا رایگەیاند، دوای نمایشی نێودەوڵەتی، بڕیارە رۆژی 22ـی ئەیلوولی 2026، فیلمەکە لە سەرجەم سینەماکانی هەرێمی کوردستان نمایش بکرێت.
هەڵکەوت مستەفا، نووسەر و دەرهێنەری فیلمەکە، خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا کە بینەری کورد لە پێش هەموو جیهانەوە بەرهەمە نوێیەکەی دەبینن و گوتی: "ئامانجم راکێشانی سەرنجی دنیایە بۆ قارەمانێتیی ژنی کورد کە سەدان ساڵە خەبات دەکەن."
چیرۆکی فیلمەکە؛ لە قەناسەوە بۆ ناو داعش
ئەم بەرهەمە کە بە گەورەترین رووداوی مێژووی سینەمای کوردی دادەنرێت، باس لە کچە پێشمەرگەیەکی قەناس بەدەست دەکات کە بۆ رزگارکردنی خوشکە بچووکەکەی، بە نهێنی دزە دەکاتە ناو رێکخراوی داعش.
فیلمەکە وێنەیەکی شیعریی ئەو ژنە پێشمەرگەیە پێشان دەدات کە رەتیدەکاتەوە لە بەردەم تارییکیدا سەر دابنەوێنێت. دەرهێنەر بۆ نووسینی ئەم چیرۆکە، دیداری لەگەڵ ژمارەیەک ژنە پێشمەرگە کردووە کە دژی داعش جەنگاون.
ئەم فیلمە بە هاوبەشی لە نێوان کۆمپانیای (هێنێ فیلم)ـی نەرویجی، (لا میدیا) لە هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای (چیمنی پۆت)ـی سویدی بەرهەم هێنراوە.
هەڵکەوت مستەفا پێشتریش بە فیلمی "کلاسیکۆ" ناوبانگێکی نێودەوڵەتیی بەدەستهێنا کە لە 56 وڵات نمایش کرا. دوایین بەرهەمیشی فیلمی دۆکیومێنتاریی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" بوو، کە وەک پڕبینەرترین فیلمی دۆکیومێنتاری لە مێژووی سینەمای عەرەبیدا تۆمار کرا.
ئێستا ناوەندە سینەماییەکان چاوەڕێی نمایشی "بەهەشت نابینی ئەگەر ژن بتکوژێت" دەکەن لە فیستیڤاڵی ڤێنیس، کە رۆژی 2 تاوەکو 12ـی ئەیلوول لە ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت و وەک دەروازەیەک بۆ ناساندنی فیلمەکە بە رەخنەگرانی جیهان دەبینرێت.



