هەموو نەتەوەیەک ئەو رۆژەی لەیادە تێیدا بۆ یەکەمجار خۆی بە ئازاد ناوبرد، بۆ عێراق، ئەو رۆژە 3ـی تشرینی یەکەمی 1932ـە، کاتێک دەسەڵاتێکی بیانی لە وڵاتەکە کۆتایی هات، وەکو دەوڵەتێکی سەروەر و یەکسان چووە ناو کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ ئۆکراینا، ئەو رۆژە 24ـی ئابە. ئەمساڵ، ئۆکراینا یادی 35مین ساڵڕۆژی سەربەخۆییەکەی دەکاتەوە.
من ئەم گۆشەیە بە مەبەست بە بەروارێکی عێراقی دەستپێدەکەم. لێرە، لەنێوان دیجلە و فوراتدا، بۆ یەکەمجار دەستی مرۆڤ قامیشێکی بە قوڕی تەڕدا نا و نووسین هاتە ناو جیهانەوە. لێرە چیرۆکی گلگامێش نووسرایەوە، کە کۆنترین چیرۆکە مرۆڤایەتی تاوەکو ئێستاش دەیخوێنێتەوە. عێراق لە هەر کەسێکی دیکە باشتر لەم راستییە سادەیە تێدەگات: ئەو گەلانەی خۆیان لە مێژوودا نووسیوەتەوە، ون نابن. ئۆکراینییەکان ئەو راستییەیان بە رێگەیەکی سەخت فێربوون. بۆ ماوەیەکی زۆر، زمانەکەمان لە چاپکردن، لە پۆلەکانی خوێندن و لە بەکارهێنانی رۆژانە وەدەرنرا، بۆ ئەوەی دواتر کەسێک بتوانێت باسی ئەوە بکات قەت گەلێکی جیاواز نەبووە.
35 ساڵ ماوەیەکی درێژ نییە بۆ نەتەوەیەک خاوەندارێتیی دەوڵەت و کولتوورەکەی بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. کەچی ئەم سێ دەیە و نیوە، زۆر شتی لەخۆگرتووە: بونیاتنانی دامەزراوە دیموکراسییەکان، گۆڕانکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، دوو شۆڕش بۆ بەرگریکردن لە ئازادی و لە کۆتاییشدا، خەبات بۆ خودی مافی هەبوونی دەوڵەتەکەمان. لەبەر ئەوەیە بۆ ئۆکراینییەکان، رۆژی سەربەخۆیی لە مێژووەوە تەنیا بەروارێکی سەر ساڵنامە نییە. ئەوە ئەو رۆژەیە لێی دەپرسین سەربەخۆیی لە راستیدا بە چ مانایەک دێت و پاراستنی چەندێک تێچووی دەوێت.
لە ساڵی 1991 ئۆکراینییەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە و دیموکراسییانە هەڵبژاردنی خۆیان کرد. لە 24ـی ئابدا پەرلەمانی ئۆکراینا سەربەخۆیی راگەیاند. لە 1ـی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵدا، زیاتر لە 90٪ی ئەوانەی بەشدارییان لە راپرسیی سەرتاسەری وڵاتدا کرد، ئەو بڕیارەیان پشتڕاستکردەوە.
لە گەڕاندنەوەی سەربەخۆییەکەیدا، ئۆکراینا دەستی بەسەر خاکی هیچ کەسێکی دیکەدا نەگرت، هیچ داواکارییەکی خاکی بەرامبەر دراوسێکانی نەبوو، هەڕەشەی لە کەس نەکرد. بڕیاریدا دەوڵەتێکی سەروەر لە چوارچێوەی سنوورە نێودەوڵەتییە ناسراوەکاندا بونیات بنێت و خۆی بڕیار لەسەر داهاتووی خۆی بدات.
ئەمڕۆ دوای 35 ساڵ، ئۆکراینییەکان ناچارن بە گیانی خۆیان بەرگری لەو هەڵبژاردنە بکەن، دەستدرێژیی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بەهۆی ناکۆکییەکی خاکی دەستی پێ نەکرد. هۆکارەکەی زۆر لەوە قووڵترە: نەویستنی قبووڵکردنی مافی ئۆکراینییەکان بۆ هەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان و لە راستیدا، قبووڵنەکردنی ئۆکراینییەکان وەک گەلێکی جیاواز. رێک لەبەر ئەمەیە ئەم شەڕە پەیوەندی بە شتێکی زۆر زیاتر لە ئۆکراینا هەیە، ئەو پرسیارەی خستوویەتییە بەردەم جیهان سادەیە. ئایا دەکرێت سنوورەکانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بە هێزی سەربازی سەرلەنوێ دابڕێژرێنەوە؟ ئایا دراوسێیەکی بەهێزتر دەتوانێت بڕیار بدات نەتەوەیەکی دیکە مافی هەبوونی نییە بە ناوی خۆیەوە؟
بۆ ئۆکراینا وەڵامەکە روون و ئاشکرایە، من دڵنیام بۆ گەلی عێراقیش بە هەمان شێوە روونە. ئۆکراینییەکان لەوانەیە زیاتر لە هەر کەسێک ئاواتی ئاشتی بخوازن: ئەم شەڕە دەستی بۆ هەموو خێزانێکی وڵاتەکەمان بردووە، ملیۆنان کەس ناچار بوون ماڵەکانیان جێبهێڵن، شارۆچکە و گوندەکان بوونەتە وێرانە، نەخۆشخانە، قوتابخانە و دامەزراوەکانی وزە دەکەونە بەر تەقە، و هەزاران مەدەنی کوژراون، بەڵام ئاشتی ناتوانێت بە مانای قبووڵکردنی پرەنسیپێک بێت تێیدا پاداشتی دەستدرێژی دەدرێتەوە.
ئاشتییەکی بەردەوام دەبێت لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان، رێزگرتن لە سەروەری و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت. دەنا ئەوەی ئەمڕۆ وەک "چارەسەر" بۆ شەڕێک پێشکێش دەکرێت، سبەی دەبێتە بانگهێشتنامەیەک بۆ شەڕی داهاتوو لە شوێنێکی دیکەی جیهان.
ئەم پرەنسیپە بەتایبەتی بۆ وڵاتانی دەرەوەی ئەورووپا گرنگە، ئۆکراینا ئەوە قبووڵ ناکات سیستمی نێودەوڵەتی دابەش بکرێت بۆ ناوچەگەلێک تێیدا رێسای جیاواز جێبەجێ دەکرێن. ناکرێت سەروەری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پیرۆز بێت و لە رۆژهەڵاتی ئەورووپا جێی دانوستاندن بێت، یان بە پێچەوانەوە، پاراستنی یەکپارچەیی خاک نابێت پەیوەست بێت بە قەبارەی سوپای وڵاتێک، جوگرافیاکەی، یان ناسنامەی دەستدرێژیکارەکە. یان ئەم پرەنسیپانە پارێزگاری لە هەمووان دەکەن، یان لە کۆتاییدا پارێزگاری لە کەس ناکەن.
ئۆکراینا بایەخێکی زۆر بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری عێراق دەدات، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان دەوڵەتەکانمان لە 16ـی کانوونی یەکەمی 1992 دامەزرا، کەمێک دوای ئەوەی عێراق دانی بە ئۆکراینایەکی سەربەخۆدا نا، لەو کاتەوە، هەردوو گەل کەمتر لە هۆڵەکانی پرۆتۆکۆڵدا و زیاتر لە زانکۆکان، نەخۆشخانەکان و بازرگانیدا یەکدیان بینیوە: ژمارەیەکی زۆر لە پزیشک و ئەندازیارانی عێراقی لە زانکۆکانی ئۆکراینا مەشقیان کردووە، لەکاتێکدا پسپۆڕانی ئۆکراینی بۆ چەندین دەیە لە پڕۆژەکانی سەرتاسەری عێراقدا کاریان کردووە.
ئەمڕۆ شتی زۆرمان هەیە پێشکێشی یەکدی بکەین، مەبەستم لیستێک لە کەرتەکان لە پرۆتۆکۆڵێکی نێوان حکومەتەکاندا نییە. ئۆکراینا شارەزاییەک بەدەست دەهێنێت هیچ وڵاتێک ئاواتەخواز نییە بەدەستی بهێنێت: پاراستنی ژێرخانی هەستیار لەژێر شەڕدا، گەڕاندنەوەی خێرای سیستمە زیانلێکەوتووەکانی وزە، پاککردنەوەی ناوچە مینڕێژکراوەکان، چارەسەرکردنی بریندارەکان، و ئاوەدانکردنەوەی کۆمەڵگەکان لە هەلومەرجێکی یەکجار سەختدا. عێراقیش لە لای خۆیەوە خاوەنی ئەزموونی خۆیەتی بە زەحمەت بەدەستی هێناوە لە ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی. زانیاری لەم جۆرە بازرگانی پێوە ناکرێت؛ بەڵکو بەش دەکرێت، کۆمەڵگەکانی ئێمە شتی زۆریان هەیە لە یەکدی فێربن.
بۆ ئێمە، سەربەخۆیی چەمکێکی سیاسی داماڵڕاو نییە، ئەوە مافی قسەکردنە بە زمانی خۆت، پاراستنی کولتووری خۆتە. هەڵبژاردنی حکومەتەکەت و گۆڕینیەتی، مشتومڕکردن و رەخنەگرتنە، گەشتکردنە، دەستپێکردنی بازرگانییە، پەروەردەکردنی منداڵەکانتە بەبێ ئەوەی دەوڵەتێکی دیکە بڕیار دەدات وڵاتینامەیان چی بێت یان چ مێژوویەک بخوێنن. سەربەخۆیی، بە واتایەکی دیکە، مافی ژیانی خۆتە.
لەبەر ئەمەیە لە 24ـی ئابدا، ئۆکراینییەکان بە شێوەیەکی جیاواز لە پێش هێرشی سەرتاسەریی رووسیا لە ساڵی 2022دا یادی ئەو رۆژە دەکەنەوە، شانازی هەیە، بەڵام یادکردنەوەش هەیە: یادکردنەوەی ئەوانەی لە نەوەکانی پێشووتردا بۆ ئازادیی ئێمە جەنگاون، ئەوانەی لە دوای دەستپێکردنی دەستدرێژیی رووسیاوە گیانیان سپاردووە، ئەو سەربازانەی ئەمڕۆ بەرگری لە شارەکان و خێزانەکانمان دەکەن، ئەو مەدەنییانەی شەڕ کۆتایی بە ژیانی ئاسایییان هێنا.
لەگەڵ ئەوەشدا، سی و پێنجەمین رۆژی سەربەخۆیی، پێش هەموو شتێک، راگەیاندنی متمانەیە بە داهاتوو، دەوڵەتی ئۆکراینا بە تەواوی کاردەکات: دامەزراوەکانی کاردەکەن، ئابوورییەکەی بەرهەم دەهێنێت، منداڵان دەچنە قوتابخانە، جووتیاران دەچێنن و دروێنە دەکەن، ملیۆنان ئۆکراینی خەریکی داڕشتنی پلانن بۆ ژیان لە نیشتمان. ئامانجی دەستدرێژییەکە قەت تەنیا داگیرکردنی خاک نەبووە، بەڵکو قایلکردنی ئێمە و جیهان بوو بەوەی ئۆکراینایەکی سەربەخۆ دیاردەیەکی کاتییە، دوای سی و پێنج ساڵ، و سەرەڕای هەموو شتێک، ئێمە پێچەوانەکەی دەسەلمێنین.
ئێمە لێرەین. دەزانین کێین. دەزانین بەرگری لە چی دەکەین.
گوتەیەکی عەرەبی هەیە هەمووان لێرە دەیزانن: میسر دەنووسێت، لوبنان چاپ دەکات، عێراق دەخوێنێتەوە، بۆ وڵاتێک شانازی بە کتێبەوە دەکات، باشترین دیاری کتێبە، لەبەر ئەوەیە لەم حوزەیرانەدا، کتێبخانەیەکی ئۆکراینیمان لە کتێبخانە و ئەرشیفی نیشتمانیی عێراقدا کردەوە: ئەدەبیاتمان، مێژوومان و کتێب بۆ منداڵان. ئەوە رێگەی ئێمەیە بۆ گوتنی ئەوەی ئێمە بە کتێبەوە هاتین نەک بە دروشم. ئەگەر دەخوازن بزانن کێین، خۆتان بمانخوێننەوە.
ئێمە بە گیانی دۆستایەتی و هاوبەشییەوە هاتینە ئێرە. نە بۆ وانەگوتنەوە، و نە بۆ راکێشانی عێراق بۆ ناو ململانێی کەسانی دیکە، ئێمە بۆ بازرگانیکردن، فێربوون لە یەکدی، تیمارکردن، بونیاتنان و دۆستایەتیکردن هاتین. بۆ ئۆکراینا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕەپانێک نییە بۆ ململانێی کەسانی دیکە، بەڵکو ناوچەیەکی هاوبەشی یەکسانە. 35 ساڵ پێش ئێستا چارەنووسی خۆمان هەڵبژارد، ئەمڕۆ دەیسەلمێنین مەبەستمان ئەوە بووە، بۆیە رەنگە هەر یەک لە خاکەکانمان، باخە خورماکانی میزۆپۆتامیا و دەشتاییەکانی ئۆکراینا، تاهەتایە لەژێر ئاسمانی تایبەت بە خۆیاندا بژین. ئازاد و سەربەرز.



