رووداو دیجیتاڵ
نووسەر و رۆشنبیرێکی کورد باس لە نوێترین بەرهەمی ئەدەبیی خۆی، کە توێژینەوە و رەخنەییە دەکات و دەڵێت: "خوێندنەوەیەکی جیاوازم بۆ دەقی کۆمەڵێک شاعیری کلاسیک و هاوچەرخی کورد کردووە."
ئەمڕۆ دووشەممە 24-8-2026 دڵزار حەسەن، نووسەر و رۆشنبیر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم کتێبە کۆمەڵێک توێژینەوە و لێکدانەوەی رەخنەییە لە نووسینی چەند شاعیرێکی کلاسیک و هاوچەرخی کورد. شێوازی تازەم بۆ قسەکردن لەبارەی تێکستی ئەو شاعیرانە پەیڕەو کردووە کە بە تەواوی لە خوێندنەوەکانی پێشوو جیاوازە."
دیزاینی کتێبە لەلایەن (رێمان محەممەد)ەوە کراوە. بە گوتەی نووسەری کتێبەکە، لەم بەرهەمەدا ویستوویەتی دەرگەیەکی جیاواز لەسەر نووسینی شاعیران بکاتەوە و بۆ هەر تێکستێک زیاد لە واتایەک بەرهەم بهێنێ.
ئەو نووسەرە ئاماژەی بەوەش کرد کە لە کارەکەیدا پشتی بە رێبازە تازەکانی رەخنە بەستووە و دەڵێ: "بە دیدێکی فەلسەفی، عیرفانی و هەندێک جاریش بونیاتگەرییانە کارم لەسەر دەقەکان کردووە، بەڵام زیاتر سەرنجی تایبەتی خۆمم تێدا بەکار هێناوە. مەبەستی سەرەکیم هەبوونی خوێندنەوەیەکی نوێ بووە بۆ ئەو تێکستانە و شرۆڤەکردنی لایەنە شاراوەکانیانە بە جۆرێک کە پێشتر کەس بەو شێوەیەی نەکردووە."
وەک نموونەیەک بۆ کارەکانی نێو کتێبەکە، دڵزار حەسەن باسی لە دەقەکانی (قوبادی جەلی زادە) کرد و گوتی: "بۆ نموونە، لەسەر دەقە شیعرییەکانی قوبادی جەلی زادە بە شێوازێک کارم کردووە کە خوێنەر پێشتر هەستی پێنەکردووە. لە رێگەی ئەم کتێبەوە، شاعیرانی کلاسیک و هاوچەرخی کوردم بە شێوازێکی جودا و فۆرمێکی نوێ بە خوێنەر ناساندووەتەوە."
ئەم بەرهەمە نوێیەی دڵزار حەسەن، نزیکەی 400 لاپەڕەیە و هەوڵێکە بۆ تێپەڕاندنی خوێندنەوەی باو و چوونە نێو قووڵایی کایە هزری و مەعریفییەکانی شیعری کوردی. ئەو نووسەرە روونیکردەوە، "بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بکەوێتە دەست خوێنەران. بەرهەمەکە لەلایەن دەزگەی چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی بە تیراژی 500 دانە چاپ دەکرێ و بڵاودەکرێتەوە."




