رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەندی نێوداری کورد، نەجمەدین غوڵامی نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی 'تەمەن' بە شێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە.
سەرەڕای ئەوەی گۆرانییەکە باس لە تێپەڕبوونی تەمەن و پیری دەکات، بەڵام نەجمەدین غولامی تەمەن ناناسێت و هەمیشە لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمە هونەرییەکانیدا چالاکە.
دیمەنەکانی ڤیدیۆکلیپی 'تەمەن' لە شاری سلێمانی وێنە گیراون و لە دەرهێنانی ئاودێر عومەرە. تێکستی گۆرانییەکە لەلایەن مازیار فایەقەوە نووسراوە و ئاوازەکەی لەلایەن نەجمەدین غوڵامی خۆیەوە دانراوە.
نەجمەدین غوڵامی لەبارەی کارە نوێیەکانییەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەرهەمەکانم زۆرن، دەمەوێت ماوە ماوە بە ڤیدیۆکلیپ بڵاویان بکەمەوە." گوتیشی: "هێشتا زیاتر لە 15 بەرهەمی دیکەم ماوە کە بڵاوم نەکردوونەتەوە."
چیرۆک و دیمەنی ڤیدیۆکلیپەکە زیاتر درامییە و باس لە کەسایەتییەکی بەتەمەن دەکات کە دەچێتە هەر شوێنێک، سەردەمی منداڵیی خۆی بیردەکەوێتەوە و یادگارییەکان ئازاری دەدەن؛ هیوا بە گەڕانەوەی منداڵی دەخوازێت، کە ئەوەش شتێکی مەحاڵە.
ئەو هونەرمەندە لە شەش مانگی رابردوودا چەندین بەرهەمی جیاوازی پێشکەش بە هەوادارانی کردووە.


