شەوی 3ی ئابی 2014 مۆبایلەکەم دەستی بە زەنگلێدان کرد و نەدەوەستا. بیست پەیوەندی کرا و پاشان پەنجا، رەنگە سەتیش. هەر هەموویان لە شنگالەوە بوون، ناوچەی شنگال لە باکووری عێراق. هاوڕێیەکانم لە مۆبایلەکانیانەوە دەگریان و هاواریان دەکرد: "شتێکی لە گوتن نەهاتوو لێرە روودەدات. ئەوان خەڵک دەکوژن. ئەرێ کەسێک نییە یارمەتیمان بدات؟"، پەیوەندیم بە هەموو ئەوانەوە کرد کە دەمناسین. چەندین رۆژ بە مۆبایلەکەم لەسەر هێڵ بووم و چاوەڕێبووم. یەکەم جار لە هەموو شوێنێک ئەم پرسیارەم لێدەکرا: "باشە، سەرەتا پێمانبڵێ ئێزدییەکان کێن؟".
دوای 12 ساڵ، ئێستا ئەو پرسیارە وەڵام دراوەتەوە. ئەو پرسیارە بە وێنەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، وێنەی ئەو کەسانەی کوژران و سەریان پەڕێندرا، وێنەی کچانی بەکەنیزەککراو وەڵام درایەوە. ئێستا جیهان ئێزدییەکان دەناسێت، بەڵام راستەییە زەق و تاڵەکەی ئەم ساڵیادە شتێکی دیکەیە. ئەویش ئەوەیە کە جینۆساید کۆتایی نەهاتووە، تەنیا شێوەی خۆی گۆڕیوە.
لە نیسانی 2015، لە دهۆک لە نووسینگەیەکی کاتیدا کارم دەکرد و خەریکی هەڵسەنگاندنی ئەوەبووم کە کام لەو نزیکەی 1000 ژن و منداڵە ئێزدییانە پێویستیان بەوەیە دەستبەجێ بگوازرێنەوە (بۆ دەرەوەی وڵات) و چارەسەری دەروونی و جەستەیی خێرایان بۆ بکرێت. پێش ئەوەی بگاتە نیوەڕۆ، ئیدی تەواو گوێم لە چیرۆکەکانی کوشتنی بەکۆمەڵ، ئەشکەنجە و دەستدرێژی بوو.
پاشان دوو ژن و کوڕێکی بچکۆلە هاتنە ژوورەوە. کوڕەکە نزیکەی پێنج ساڵێک دەبوو، لە کۆشی یەکێک لە ژنەکان دانیشت. من لێرەوە بە (جەمیل) ناوی دەبەم. کاتێک پرسیاری دوو ژنەکەم لێیکرد، بە شەرمنییەوە ئاماژەی بۆ یەکێک لە ژنەکان کرد و گوتی: "ئەوەیان دایکی منە"؛ ئینجا ئاماژەی بۆ ژنەکەی دیکە کرد و گوتی: "ئەوەشیان هەر دایکی منە".
باشە چۆن دەکرێ منداڵێک دوو دایکی هەبێت؟ کاتێک چەکدارانی داعش هێرشیان کردبووە سەر گوندی ئەو منداڵە لە نزیک شنگال، جەمیل لەنێو دووکەڵ و شەڕەتەقەدا لە دایکی جیاببووەوە. لەنێو ئەو دەستگیرکراوانەدا کە بە زۆر خرابوونە پاسێکەوە، کچێکی 16 ساڵ هەبوو کە من لێرەوە بە (سارا) ناوی دەبەم. پێش ئەو رووداوە سارا خەونی بەوەوە دەبینی بخوێنێت و رۆژێک لە رۆژان ببێتە مامۆستا. سارا دەیزانی کە داعش چی لە کچان و ژنان کردووە.
سارا کوڕە بچووکەکەی بینیبوو کە دەگریێت، هەربۆیە چووبووە لای و، خستبوویە کۆشی خۆیەوە و بە دەنگی بەرز بۆ ئەوەی چەکدارەکان بیبیستن، گوتبووی: "کوڕەکەم، وەرە ئێرە". ئەوەی وەک هەوڵێک بۆ رزگاربوون و مانەوە لە ژیان دا دەستپێکرد، دوایی بووە راستی. هەردووکیان شەش جار فرۆشرابوون. سارا لێیدرابوو، سووکایەتی پێکرابوو و دەست و لاقی شکێندرابوون. لە یەکێک لەو شەوانەدا کە سارا دەیویست کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت، تەنیا بیرکردنەوە لە یەک شت رێگری لێدەکرد ئەو کارە نەکات، ئەویش ئەو کوڕە بچکۆلەیە بوو کە پشتی بەو دەبەست.
سارا بە کوردی لایلایەی بۆ کوڕەکە دەکرد تاوەکو بە دەنگی خۆی قیژە و هاواری کچەکانی دیکە بشارێتەوە. دۆخەکە بەم شێوەیە بەردوام بوو تاوەکو دوای هەشت مانگ، مامێکی توانی ئازادییان بکڕێتەوە. کاتێک ئەو پیاوە کوڕەکەی دەبینێ، پرسیار دەکات: "ئەوە کێیە؟"، سارا دەیخاتە باوەشی و دەڵێ: "ئەمە کوڕی منە. من کە زیندووم، تەنیا بەهۆی ئەوەوەیە".
ئەم چیرۆکە دەگێڕمەوە، چونکە لە یەک کاتدا دوو شتی لەخۆگرتووە. یەکەم، ئەوپەڕی دڕندەیی جینۆساید. دووەم، بەهێزیی ئەو کەسانەی لە جینۆساید رزگاریان بوو. هەرکەسێک دەیەوێ بزانێت 3ی ئاب چییە، پێویستە ئەمە بزانێت: لە پشت هەر ژمارەیەکەوە جەمیل و سارایەک هەن.
رۆژی 3ی ئابی 2014 داعش هێرشێکی بەرنامەبۆداڕێژراوی کردە سەر ناوچەی شنگالی زۆرینە ئێزدی. هەزاران کەس کوژران. ئەو گرووپە 6 هەزار و 417 ئێزدی رفاند، دەستدرێژی کردە سەر کچان و ژنان، کۆیلایەتیی سێکسی و بەشوودانی زۆرەملێی کرد، هەروەها بازرگانی پێوەکردن و منداڵانی لە خێزانەکانیان جیاکردەوە. هێشتا نزیکەی دوو هەزار و 600 ئێزدی بێسەروشوێنن.
لەسەر چیای شنگال، ئەو خێزانانەی خەریکبوو لە تینووێتیاندا دەمردن، دەبووایە دوای ئەو ئاوە بکەون کە لە ئاسمانەوە بەردەدرایەوە و بەهۆی کەوتنەخوارەوەیان دەبەکان دەتەقین و بەسەر لێژایی چیاکەدا دەڕژا. جیهان وەک هەمیشە لە دوورەوە وەستا، وەک بڵێی ئیفلیج بووبێت.
ئێزدییەکان شاڵاوەکانی چەوساندنەوە و لەنێوبردنی خۆیان بە "فەرمان" ناودەبەن. لای زۆریان، هێرشەکەی داعش 74ـەمین فەرمان بوو بەرامبەریان. ئەم ژمارەیە هەر بۆ ئەوە نییە لە نووسینەوەی مێژوودا رووداوەکانی پێ پلەبەند بکرێت. بەڵکو گوزارشتە لە یادەوەرییەکی بەکۆمەڵ کە تێیدا هەموو هێرشێکی نوێ دەبێتە هۆی کوولانەوەی زامی هێرشەکانی رابردوو.
وەک دەروونناسێک لەکاتی کارکردنم لەگەڵ رزگاربوواندا، بینیومە کە چۆن تووندوتیژی نەک هەر تارمایی دەخاتە سەر ژیانی تاکەکان، بەڵکو باڵ بەسەر هیوا و ئاواتەکانی تەواوی کۆمەڵگەیشدا دەکێشێت. ترسی داپیرە و باپیرەکان دەبێتە مۆتەکەی نەوەکان، چونکە زەبری دەروونی لەگەڵ دوا تەقەی جەنگدا کۆتایی نایێت.
شوێنەواری دوای جینۆساید لە ژیانی سەرانسەری کوردستان و باکووری عێراق دەبیندرێت. ئەوەی راستی بێت، ئەو ژیانە بە واتایەکی دیکە درێژەی جینۆسایدە. زیاتر لە 200 هەزار ئێزدی هێشتا ئاوارەن. زیاتر لە یەک دەیە دوای هەڵاتن، زۆریان هێشتا لە کەمپەکاندا دەژین. ئەوانیدیکە گەڕاونەتەوە شنگال کە ماڵەکانیان رووخێندراون، قوتابخانە و خزمەتگوزاریی تەندروستیی گونجاو و پێویستیان نییە، خاکەکەیان پیس بووە و ناوچەکەیان لەنێوان هێزە سیاسی و لایەنە چەکدارە رکابەرەکاندا دابەش بووە.
ئەم ئاوارەبوونە نەبڕاوەیە، وەستانێکی بێلایەن نییە، بەڵکو دەبێتە هۆی داخوورانی خێزانەکان و سەرچاوەکانی بژێوی و ژیانی کۆمەڵایەتی. لەو نۆرینگە و کەمپانەی من و هاوکارەکانم کاریان تێدا دەکەین، خەمۆکییەکی تووند، قەیرانی خۆکوشتن و ئەو منداڵانە دەبینین کە دەستبەسەری و کۆستی ئازیزان و چەندین ساڵی نائارامی شوێنپەنجەی لەسەر گەشەیان بەجێهشتووە.
مەترسییەکە تەنیا مرۆیی نییە. ئێزدییەکان پێکهاتەیەکی ئایینیی دێرینی رەسەنی مێزۆپۆتامیان. داوونەریتیان لە کۆنەوە لە رێگەی سروود و سرووت و چیرۆک و یادەوەریی هاوبەشەوە پارێزراوە. هەر ئەمەیشە وایان لێدەکات هێندە تایبەت و دۆخیان ناسک بێت. ئەو کولتوورەی لە گۆرانی و سرووت و چیرۆکدا دەژی، کاتێک چیرۆکبێژەکان دەمرن، ئیدی ئەویش دەمرێ و کۆمەڵگەکە لێک هەڵدەوەشێت. جیابوونەوە لە ناسنامەیان و کۆچی زۆرەملێ، شتێک دەکات کە بۆمبەکان ناتوانن بە تەنیا بیکەن، ئەویش بریتییە لە قڕکردن لە رێگەی تواندنەوەوە.
شنگال هەر ئەوە نییە شوێنێکی سەر نەخشە بێت، بەڵکو نیشتمانی ئێزدییەکانە: شوێنی کێڵگەکانیان، مەزارگەکانیان، گۆڕستانەکانیان و مێژووی خێزنەکانیانە. هەرگیز نابێ کەسێک خاکەکەی جێبهێڵێت. هەرگیز نابێ ماڵەکانیان، کێڵگەکانیان، گۆڕی دایک و باوکانیان جێبهێڵن. ئێزدییەکان دەیانەوێ بگەڕێنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، نە دەبێ بۆ هەمیشە لە خێوەت دا جێبهێڵدرێنەوە، نە لە کەمپەکان دەربکرێن و بخرێنە نێو کەلاوە و مەترسییەوە. هێشتا خاکەکەیان وێرانە. زۆربەی ژێرخانەکەیان رووخێندراوە، زەوییەکەی پڕە لە مین، ناوچەکە لەلایەن میلیشیا رکابەرەکانەوە شەڕی لەسەر دەکرێت. لەنێوان ئاوارەیی هەمیشەیی و گەڕانەوەی زۆرەملێدا تەنیا شتێک هەیە کە گرنگ بێت، ئەویش گەڕانەوەیە بۆ زێدی خۆیان بە پارێزراوی و شکۆمەندییەوە.
ئەو کارە شتی زیاتری پێویستە و گوتارەکانی ساڵیاد بە تەنیا بەس نین. پێویستە بەغدا و هەولێر ناکۆکییەکانیان لەسەر شنگال چارەسەر بکەن و بەشێوەیەکی کاریگەر لە بڕیارەکانی تایبەت بە بەڕێوەبردنی ناوچەکە و پەروەردە و ئاسایشەوە بەشداری بە ئێزدییەکان بکەن. ماڵەکان، قوتابخانەکان، نەخۆشخانەکان، سیتسمی ئاو و رێگەوبان پێویستە بنیات بنرێنەوە. پێویستە پاشماوەکانی تەقەمەنی هەڵبگیرێنەوە. پێویستە هێزی ئەمنی خزمەتی دانیشتووان بکات، نەک خزمەتی بەرژەوەندیی هێزە رکابەرەکان بکات.
داننان بە جینۆسایددا لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرلەمانی زۆر لە وڵاتانەوە هەنگاوێکی مێژوویی بوو، بەڵام دانپێدانانێک کە کرداری بە دوادا نەیێت، هەر بە قسەی بەتاڵ دەمێنێتەوە.
دادپەروەرییش هێندەی ئەوە گرنگ و پێویستە. تیمێکی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە داعش دژی ئێزدییەکان جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگی کردووە. چەندین دادگەی وڵاتانی ئەورووپا دەستیان کردووە بە تاوانبارناساندنی ئەو کەسانەی کە ئەو کارەیان کردووە، بەڵام هێشتا زۆربەی ئەوانەی لە جینۆساید رزگاربوون، دەبینن تاوانکاران لە سزا و لێپرسینەوە دەربازبوون. پێویستە گەڕان بۆ بێسەروشوێنبووان، ئاشکراکردنی ناسنامەی رووفاتەکان و لێپێچینەوە لە تاوانباران بەردەوام بێت. پێویستە عێراق بە تەواوی یاسای رزگاربووانی ئێزدی جێبەجێ بکات و رزگاربووان پێویستیان بە دەستکەوتنی خزمەتگوزاریی درێژخایەنی تەندروستی، پەروەدە و چارەسەری دەروونییە.
تەندروستیی دەروونی، تایبەتمەندییەک نییە بە بژاردە بخرێتە نێو پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەوە، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایش. خێزان ناتوانێت ماڵەکەی دروست بکاتەوە، لەکاتێکدا لە ترس و تۆقینی بەردەوامدا بژی. کۆمەڵگە ناتوانێت خۆی بەڕێوەببات، لەکاتێکدا بێ هیوایی بووەتە شتێکی ئاسایی. سارێژبوونەوە و چاکبوونەوە پێویستی بە دادپەروەری، سەقامگیری و زانینی ئەوەیە کە چیدیکە رێگە نەدرێت فەرمانێکی دیکە رووبداتەوە.
دەزانم بانگەوازێکی لەم چەشنە دەشێت چۆن ببینرێ. دەکرێ وا ببینرێت کە لەژێر کاریگەریی هەست و سۆزدایە و رەنگە تەنانەت وەک بێ هیواییش لێکبدرێتەوە، بەڵام فێربووم کە مرۆڤ بریتی نییە لەو رابردووەی کە هەیبووە؛ بریتی نییە لەو زەبرە دەروونییەی تووشی بووە. بریتیش نییە لەو شتەی بەسەری هێنراوە. مرۆڤ هەمیشە زۆر لەوە زیاترە. ئەوەیشم دیوە کە هەر کاتێک رزگاربووان پەنا بدرێن و داهاتوویەکیان بۆ دەستەبەر بکرێ، چ شتێک بەدی دێت. ئێستا لە شوێنێک لە شوێنەکانی کوردستان، سارا و جەمیل سەرقاڵی ژیانی خۆیانن. دایک و کوڕێک کە بە خوێن هیچی یەکدی نین، کەچی هەر یەک خێزانن. ئەوان بەڵگەی زیندووی ئەوەن کە خۆشەویستی دەتوانێت لە تیرۆر بەهێزتر بێت.
ئەگەر ئێزدییەکان نەمێنن، ئەوا تەنیا عێراق نییە کە زیانی بەردەکەوێ، تەنیا کوردستانیش نییە، بەڵکو مرۆڤایەتی بەشێک لە هەمەڕەنگیی فەرهەنگیی خۆی لەدەستدەدات. کوردیش بەشێک لە ناسنامەی خۆی لەدەستدەدات، چونکە ئێزدییەکان سەربە دێرینترین ریشەکانی ئەو فەرهەنگەن. 3ی ئاب ئەوەمان یاد دەخاتەوە کە درووشمی "هەرگیز جارێکی دیکە نابێت دووبارە ببێتەوە"، تەنیا ئەوکاتە واتای دەبێت کە هەنگاو بنێین، ئێستاش هێشتا کاتمان بەدەستەوە ماوە. نابێ هەرگیز خۆڕاگری ببێتە بیانوویەک بۆ پشتگوێخستنی سیاسی. نابێ رزگاربووان ناچاربن پەرجوو بئافرێنن، تەنیا بۆ پاراستنی ئەو شتەی کە جیهان لە پاراستنی دا شکستی هێنا.
12 ساڵ لەمەوبەر خەڵک لێیان دەپرسیم: ئێزدییەکان کێن؟ ئەمڕۆ پرسیارەکە جیاوازە. ئایا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و عێراق هەنگاو دەنێن، بەر لەوەی کەسانێک کە لە جینۆساید رزگاریان بووە، لە لێکەوتەی کارەساتەکەدا لەنێوبچن؟



