رووداو دیجیتاڵ
یادی 18 ساڵەی دامەزراندنی گرووپی میوزیکی لوڕ لە سلێمانی کرایەوە و بەرهەمێکی نوێی گرووپەکەش نمایشکرا.
لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبوونی موحسین ئەدیب، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری سلێمانی و ژمارەیەک لە هونەرمەندان، یادی دامەزراندنی گرووپەکە کرایەوە و و بەرهەمێکی نوێی گرووپەکەش بە ناونیشانی (نیشتمان) نمایشکرا، هەروەها کۆنسێرتێک بۆ هونەرمەند پشکێو کەریم ئەنجامدرا.
هونەرمەند کۆسار فەتاح کە یەکێکە لە ئەندامانی گرووپەکە بە رووداوی گوت: "گرووپەکەمان لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، ئامانجی ئەوەیە ئەرشیفی هونەری کوردی کۆبکاتەوە. دەمانەوێ گۆرانییە کۆنەکان بەشێوازێکی نوێ تازە بکەینەوە، هەوڵیش دەدەین ئەو گەنجانەی توانایان هەیە، بەرهەمی باشیان بۆ تۆماربکەین."
هەروەها هونەرمەند بێژەن جەزای گۆرانیبێژ بە رووداوی گوت: "من بەشداری چەند بەرهەمێکی گرووپەکەم کردووە. ئەوان رۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە زیندووکردنەوەی ئاوازە رەسەنەکان و ناساندنیان بە گەنجانی وڵاتەکەمان."



