عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەم هەفتەیە واشنتنی بە جانتایەکی پڕ لە رێککەوتنی زیاتر لە 60 ملیار دۆلار لە بوارەکانی وزە، ژێرخان و بازرگانی جێهێشت. ئەمەش گەورەترین پابەندبوونی بازرگانیی ئەمریکایە بەرامبەر بە عێراق لە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵی رابردوودا. زەیدی تەواوی ئەم گەشتەی وەک پرۆژەیەکی فیدراڵیی بەڕێوەبرد، بە جۆرێک کە هەرێمی کوردستان تەنیا لە رێگەی یەک راوێژکارەوە نوێنەرایەتی دەکرا، کە لە چەند کۆبوونەوەیەکی دیاریکراودا ئامادە بوو. شاندەکەی حکومەتی فیدراڵیی عێراق هیچ وەزیر یان شاندێکی هەرێمی کوردستانی لەخۆ نەگرتبوو. هیچ رێککەوتنێکیش کە پەیوەست بێت بە هەرێمی کوردستانەوە، واژۆ نەکرا.
ژمارەکان روونی دەکەنەوە بۆچی واشنتن هێندە بایەخی بەم سەردانە داوە. کۆمپانیای (شیڤرۆن) کە بەم دواییە کۆمپانیای (هێس)ی بە 53 ملیار دۆلار کڕیوەتەوە، لە گفتوگۆی سەرەتاییدایە بۆ وەرگرتنی کێڵگەی (قورنەی رۆژئاوا-2) لە نزیك بەسرە، کە بەرهەمەکەی نزیکەی 460 هەزار بەرمیل نەوتە لە رۆژێکدا. هەروەها باس لە وەرگرتنی پشکێک لە کێڵگەی ناسریە و بوون بە ئەندام لەو کۆنسێرتۆمە دەکات، کە خەریکی لێکۆڵینەوەیە بۆ دروستکردنی بۆرییەک کە نەوتی خاوی عێراق لە رێگەی خاکی تورکیا و سووریاوە دەگوازێتەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، بۆ ئەوەی دواجار تەنگەی هورمز دەوربداتەوە.
کۆمپانیای (هالیبێرتن) گرێبەستێکی 5 ساڵەی واژۆ کردووە بۆ بەرهەمهێنانی 250 هەزار بەرمیل نەوت لە دوو کێڵگەی بەسرە. کۆمپانیای (کۆنۆکۆفیڵپس)یش پشکی لە پرۆژەکانی کۆمپانیای (BP) لە کەرکووک کڕیوەتەوە. جگە لەمانە، باس لە دامەزراندنی سندووقێکی فیدراڵی بۆ وزە دەکرێت، کە پێشبینی دەکرێت قەبارەکەی لە ماوەی سێ دەیەدا بەرز ببێتەوە بۆ 400 ملیار دۆلار. هەموو ئەمانە لە چوارچێوەی وەزارەتەکانی حکومەتی فیدراڵیی عێراق، یان لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی بەسرە واژۆ کران و هیچ ناوێکیش لە هەرێمی کوردستان نەهاتووە.
بۆ ماوەی دوو دەیە، هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە بۆ ئیدارە جیاوازەکانی ئەمریکا خۆی وا نیشان بدات، کە هاوبەشێکی جێی متمانەیە، دۆستی وەبەرهێنان و کۆمپانیا ئەمریکییەکانە و خاوەن توانای ئەمنییە لە عێراقێکی پڕ لە کێشەدا، بەڵام لەم هەفتەیەدا بەغدا هەمان ئەو تایبەتمەندییانەی پێشکێش کرد بە قەبارەیەکی گەورەتر و بە گرفتێکی یاسایی کەمترەوە. بە واتایەکی دیکە، حکومەتی عێراق هەمان سیاسەتی رابردووی هەرێمی کوردستانی بەکارهێنا بۆ ئەوەی بنەمای دۆستایەتی لەگەڵ ئەمریکا دابمەزرێنێت، ئێستاش هەوڵی ئەوە دەدات کە خۆی وەک هاوبەشێکی راستەقینەی ئەمریکا و کۆمپانیاکانی پێشان بدات. ئەمەش لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان لەنێوخۆدا لە رووی سیاسییەوە لەو پەڕی پەرتەوازەییدایە.
حکومەتەکەی زەیدی بەهۆی گوشارەکانی جەنگی ئێرانەوە، ئامادەیی نیشانداوە بۆ پێدانی ئەو ئیمتیازاتانەی کە عێراقی فیدراڵ پێشتر هەرگیز نەیاندەدا بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان. لەوانەش پێدانی مافی لەپێشینە بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان، خێراکردن و پەسندکردنی رێککەوتنەکان و گرێبەستەکانیان. کێڵگەی (قورنەی رۆژئاوا-2) بە تەنیا دەتوانێت هێندەی هەموو کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان نەوت بەرهەم بهێنێت. کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئەگەر لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق رێکبکەون بۆچی دەبێت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەونە رێککەوتن و دانوستاندن، کە رەنگە تووشی دەیان کێشەی یاسایی و دەستوورییان بکات؟ بۆ واشنتن، کە ئێستا زیاتر بە زمانی بەرژەوەندی و بازرگانی مامەڵە لەگەڵ رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەکات، واژۆکردنی دەیان رێککەوتن بە بەهای 60 ملیار دۆلار زۆر ئاسانترە لەوەی کە ژێر بە ژێر و بە نهێنی هەوڵی پاراستن و گەورەکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بدات.
بەشێک لە هۆکاری ئەوەی هەرێمی کوردستان نەیتوانی بە قورساییەکی سیاسیی گەورە لە واشنتن دەربکەوێت، پەیوەندی بەو لێکترازانە قووڵەوە هەیە کە لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان دا سەریهەڵداوە. نزیکەی دوو ساڵ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی مانگی 10ی 2024 تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکنەکەوتوون. ئەنجامی ئەم ناکۆکییە و بەردەوامبوونیان تاوەکو ئێستا بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی حکومەتێکی نوێ لە هەرێمی کوردستان دروستەنبێت، کە لەڕووی سیاسییەوە پاڵپشتی زۆربەی لایەنەکانی لە پشت بێت و وەک نوێنەری زۆرینەی خەڵک بە دەنگی بەرزەوە لەگەڵ بەغدا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی گفتوگۆبکات. ئەمە رێک لە کاتێکدایە کە ئیدارەی ئەمریکا بڕیار لەوە دەدات کە لە عێراق زیاتر گرنگی بە چ لایەنێک و ناوچەیەکی بدات و کێ لە مێزی دانوستاندنەکان بەرامبەر بە واشنتن دابنیشێت. هەرێمی کوردستان کە لە نێوخۆیدا نەتوانێت لەسەر پێکهێنانی کابینەی حکومەت، بودجە، یان کۆنترۆڵکردنی وەزارەتە ئەمنییەکان رێکبکەوێت، پێگەیەکی ئەوتۆی نابێت بۆ ئەوەی داوای کورسی یان دەنگێکی بەهێز بکات لە تەنیشت شاندی فیدراڵی عێراق لە واشنتن.
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)
