رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەیەکی باراناوی مانگی ئاب، جین بووز-ی تەمەن 43 ساڵ، بەپەلە چووە
خواردنگەیەکی تایلەندی و سەیری مۆبایلەکەی کرد. بڕیاربوو (دۆنی)ـی خۆشەویستی چەند
کاژێرێکی دیکە بگاتە فڕۆکەخانە، بەڵام تەواوی رۆژەکە هیچ هەواڵێکی نەبوو.
جین بڕیاریدا، ئەگەر تاوەکو تەواوبوونی نانخواردنەکەی دۆنی پەیوەندیی پێوە
نەکات، ئیدی بۆ هەمیشە وازی لێدەهێنێت. بەڵام دۆنی پەیوەندیی نەکرد. چەند کاژێرێک
دواتر، نامەیەکی بۆ جین نارد و گوتی کە گیری خواردووە، لە مەترسیدایە و پێویستی بە
پارەیە.
جین لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا دەستی بە گریان کرد. لە خۆی تووڕە بوو، چونکە لە
قووڵایی ناخیدا دەیزانی کە کەسێک بە ناوی دۆنی نییە، ئەوی هەیە، تەنیا ئەوەیە کە فێڵی
لێ کراوە. هەرچەندە هەموو کەس هۆشدارییان پێدابوو، بەڵام پێش ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی
بخاتەکار، پارەکەی بۆ نارد!
دەستپێکی چیرۆکەکە
لە کانوونی دووەم (مانگی 1)ی 2025، جین تازە جیاببووەوە و کارەکەشی لەدەستدابوو.
لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکی ژواندارییەوە نامەیەکی لە دۆنییەوە پێگەیشت کە نووسرابوو:
"بەیانی باش، جوانکیلە."
جین ساڵانێک بوو کەس پێی نەگوتبوو جوانکیلە، بۆیە ئەم وشەیە دڵی برد. دۆنی
وای نیشان دا کە سەربازێکی ئەمریکییە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هاوژینەکەی مردووە و
کچێکی 4 ساڵانی هەیە.
پەیوەندییەکەیان بەخێرایی قووڵ بووەوە. جین هێندە عاشقی بوو، تەنانەت تاتۆیەکیشی
بۆ کێشا. کاتێک هاوڕێیەکی شارەزای کۆمپیوتەر پێی گوت کە هیچ زانیارییەک لەسەر ئەم
پیاوە لە ئینتەرنێت نییە، دۆنی بیانووی هێناوە و گوتی چونکە "سەربازی تایبەتە"
ناتوانێت زانیارییەکانی بڵاوبکاتەوە، جین-یش باوەڕی پێکرد.
دەستپێکردنی فێڵەکان
لە مانگی شوباتدا، دۆنی دەستی بە داواکردنی پارە کرد. یەکەم جار گوتی دایەنی
کچەکەم هەڕەشە دەکات و پارەی دەوێت، ئەگەرنا منداڵەکەم جێدەهێڵێت. جین سەرەتا
گومانی کرد، بەڵام دۆنی تووڕە بوو و گوتی "تۆ متمانەت بە من نییە". جین
داوای لێبووردنی کرد و 7 هەزار و 800 دۆلاری بۆ نارد.
ئەمە تەنیا سەرەتا بوو. هەموو جارێک کە دۆنی بڕیاربوو بگەڕێتەوە، کێشەیەکی
بۆ دروست دەبوو: گیرخواردن لە سووریا، لەدەستدانی پاسپۆرت لە تورکیا، پێویستی بە دەرمان
و خواردن، یان پارە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو خانووەی کە بڕیاربوو پێکەوە تێیدا بژین.
بۆچی قوربانییەکان ناتوانن واز بهێنن؟
ئامارەکان دەریدەخەن کە ساڵی رابردوو ئەمریکییەکان 1.3 ملیار دۆلاریان بەهۆی
فێڵی خۆشەویستییەوە (Romance Scams) لەدەستداوە.
شارەزایان دەڵێن، کێشەکە تەنیا پارە نییە. قوربانییەکان دەکەونە داوی خۆشەویستی
و خەونبینین بە داهاتوویەکەوە کە فێڵبازەکە بۆی دروستکردوون. کاتێک بۆیان دەردەکەوێت
درۆیە، نەک تەنیا پارەکانیان، بەڵکو ئەو "خۆشەویست و خەونە"ش لەدەستدەدەن،
بۆیە نایانەوێت باوەڕ بە راستییەکان بکەن.
گەڕان بەدوای راستییەکاندا
رۆژێک جین لە ئینستاگرام بەدواداچوونی بۆ هەژمارەکانی دۆنی کرد. وێنەیەکی بینی
کە دۆنی لە تەنیشت ژنێکەوە وەستاوە. کاتێک پرسیاری کرد، بۆی دەرکەوت ئەو وێنانە هی
پیاوێکی دیکەن و فێڵبازەکە دزیونی.
بەڵام کاتێک بە دۆنی گوت، ئەو زۆر بەتووندی رەتیکردەوە و جینی بە "شێت
و گومانکار" ناوبرد. جین بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت متمانەی پێیەتی، 9 هەزار دۆلاری
دیکەی بۆ نارد!
لە هەوڵێکی دیکەدا، جین سەردانی ئەو ناونیشانەی کرد کە دۆنی پێیدابوو بۆ
ناردنی پارە لە ویلایەتی مێریلاند. لەوێ ژنێکی تەمەن 40 ساڵانی بە ناوی ئیلیزابێس
بینی. دەرکەوت دۆنی هەمان فێڵی لە ئیلیزابێسیش کردووە و تەنانەت وای لێکردووە قەرز
بکات بۆ ئەوەی پارەی بۆ بنێرێت. ئەو پارەیەی جین بۆ دۆنی دەنارد، دەچووە سەر هەژماری
ئیلیزابێس و ئەویش بۆ دۆنی حەواڵە دەکرد!.
کۆتاییەکی دڵتەزێن و هەڵەیەکی نوێ
لە ماوەی 237 رۆژ و گۆڕینەوەی زیاتر لە 10 هەزار نامە، جین زیاتر لە 90 هەزار
دۆلاری دابووە دۆنی. پارەی کرێی خانووەکەی نەما، بێماڵوحاڵ بوو و ناچار بوو بگەڕێتەوە
لای دایک و باوکی.
بەڵام چیرۆکەکە لێرە کۆتایی نەهات. دوای دۆنی، کاتێک پیاوان نامەیان بۆ جین
دەنارد، ئەو یەکسەر پێی دەگوتن "دەزانم ئێوە فێڵکارن."
رۆژێک گەنجێکی تەمەن 27 ساڵانی نێجیری بە ناوی کلینتن دانی بەوەدانا کە بەڵێ
ئەو فێڵکارە، بەڵام لەبەر هەژاری ئەو کارە دەکات و بەڵێنی دا هەرگیز داوای پارە لە
جین نەکات.
ئەوان بوونە هاوڕێ و رۆژانە بە ڤیدیۆ قسەیان دەکرد. جین بە هاوڕێکانی گوت:
"هەندێک جار زۆر خۆشە کەسێک پێت بڵێت جوانکیلە."
بەڵام لە 7ـی تشرینی یەکەم، کلینتن داوای یارمەتیی لێکرد بۆ کڕینی پێڵاو
تاوەکو بازرگانی پێوە بکات و بچێت بۆ لای جین.
سێ رۆژ دواتر، جین 400 دۆلاری بۆ نارد.



