تەنیا چەند رۆژێک بەرلەوەی بەرەو واشنتن بەڕێ بکەوێت بۆ ئەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ گفتوگۆ بکات، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، هاوشانی زۆر لە سیاسییەکانی دیکەی وڵاتەکە لە شاری نەجەف لە پێشوازیی تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێراندا راوەستابوو. ئەم دوو وێنەیە، واتە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران لە رێوڕەسمەکەی نەجەف و ئامادەکارییەکانی بۆ دیداری ترەمپ، لە بنەڕەتدا دوو عێراقی جیاواز پیشاندەدەن، دەشێ مەتەڵە ستراتیژییەکەی بەردەم حکومەتیش بێت. لایەنی یەکەم عێراقێکی پراگماتییە؛ عێراقێک کە دەیەوێت دوای بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی خۆی بکەوێت و نایەوێ لە بەرداشی بازنەی شەڕ و دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکادا بهاڕدرێت. لایەنی دووەمیش عێراقێکی ئایدیۆلۆژییە کە بە ئاسانی لەگەڵ ئەمریکا ئاشتی نابێتەوە. عێراقی پراگماتی و نزیکبوونەوەی ئابووری لە ئەمریکا حکومەتی زەیدی دەیەوێت لە رووی ئابوورییەوە سەرنجی ئەمریکا رابکێشێت، وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان زیاد بکات و شوێنێک بۆ عێراق لەو ئەندازیارییە جیۆئیکۆنۆمییەدا بدۆزێتەوە، کە پێدەچێت تۆم باراک یەکێک لە سوکاندارەکانی بێت. بەشێک لەم ئاراستەیە لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خودی عێراقەوە سەرچاوە دەگرێت و بەشێکی دیکەشی هەوڵێکە بۆ رازیکردنی واشنتن و کەمکردنەوەی گوشارەکانی ئەمریکا لەسەر حکومەت. شەڕی ئێران لاوازییەکی ستراتیژیی ئابووریی عێراقی دەرخست. بەشێکی زۆری نەوتی عێراق لە رێگەی بەندەرەکانی بەسرە و گەرووی هورموزەوە هەناردە دەکرێت. لەبەر ئەوە هەر هەڕەشەیەک لەسەر گواستنەوەی دەریایی لەو گەرووەدا، راستەوخۆ بە هەڕەشە بۆ سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی عێراق هەژمار دەکرێت. ئەمە بێجگە لەوەی کە لە ماوەی شەڕی 40 رۆژەدا خواستی ئێران بۆ کەمکردنی هەناردەنکردنی نەوت وەک گوشارێک لە سەر ئەمریکا لەگەڵ خواستی عێراقدا یەکی نەگرتەوەو ئەوەی دەرخست، کە مەرج نییە هەڕەشە لە سەر ئابووری عێراق تەنیا لەلایەن نەیارەکانییەوە بێت و دەشێ هەندێکجار سیاسەتی هاوپەیمانەکانیشی بۆی ببێتە مەترسی. حکومەتی عێراق لە سەرەتاکانی مانگی حوزەیراندا بڕیاریدا لە ماوەی نزیکەی دوو مانگ و نیودا ئاستی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆڕییەکانەوە لە 220 هەزار بەرمیلەوە بۆ 770 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز بکاتەوە. هەروەها پلانی هەیە گواستنەوەی نەوت لە رێگەی تانکەرەکانیشەوە بگەنێتە 420 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، کە ئێستا بەشێکی بۆ سووریا دەڕوات. ئەم سیاسەتە لەگەڵ بەرژەوەندیی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی گەرووی هورموزدا یەکدەگرێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا لە بەرژەوەندیی خودی عێراقیشدایە؛ چونکە بەشێکی زۆری داهاتەکە بە فرۆشتنی نەوتەوە گرێدراوە. بەڵام دەرئەنجامی ستراتیژیی ئەم هەنگاوە لەگەڵ خواستی واشنتن یەکدەگرێتەوە و توانای تاران بۆ بەکارهێنانی نەوت و گواستنەوەی دەریایی لە گەورووی هورمز وەکو کارتێکی گوشار کەم دەکاتەوە. هەمان ئاراستەی کارکردن لە کۆمەڵێک گرێبەست و بڕیاری دیکەی حکومەتیشدا دەبینرێت.بەپێی بڕیارێکی پێشوو، حکومەت نەیدەتوانی گرێبەستی نوێ لەگەڵ ئەو کۆمپانیا بیانییانەدا بکات، کە گرفتی باج، دارایی یان یاساییان لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا هەبوو. بەڵام کابینەی وەزیران لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا ئیکسۆن مۆبیلی ئەمریکی لەم بڕیارە ریزپەڕ کرد. بەمەش رێگە خۆش کرا بۆ ئەوەی کە سەرەڕای گرفتە یاسایی و داراییەکانی پێشوو، دانوستاندن و هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیاکەدا دەست پێ بکاتەوە. ئیکسۆن مۆبیل پێشتر بەڕێوەبردنی کێڵگەی قوڕنەی رۆژئاوای -1 جێهێشت، بەڵام 2025 لەسەردەمی سوودانیدا گەڕایەوە عێراق و پرۆژەی کێڵگەی مەجنوونی وەرگرت و ئێستاش حکومەت دەیەوێت ئەو بۆشاییە یاسایی و سیاسییانە لاببات، کە رێگرن لە بەشداریی ئەو کۆمپانیایە لەگەشەپێدانی ژێرخانی هەناردەکردنی نەوتدا. لە هەمانکاتدا حکومەت گەشەپێدانی نەوتی کێڵگەی حەمرینی بە کۆمپانیای HKN سپاردووەو لە هەمان کاتدا دوو گرێبەستی بەڕێوەبردن و خزمەتگوزاریی سێ تا پێنج ساڵەی لە نێوان کۆمپانیای نەوتی بەسرە و Halliburtonی ئەمریکیدا پەسندکردووە.لە رێککەوتنێکی دیکەشدا Chevronی ئەمریکی بڕێک پارەی کاش دەداتە عێراق و لە بەرامبەردا رێژەیەک نەوتی خاو لەهەردوو کۆمپانیای نەوتی باکوور، کۆمپانیای نەوتی بەسرە وەردەگرێت. هەروەها بە ریزپەڕکردنی هەندێک لە رێکارە ئاساییەکان، رێککەوتنێکیش لەگەڵ KBRی ئەمریکیدا کراوە تا راوێژکاریی تەکنیکی سەبارەت بە هێڵی گواستنەوەی نەوتی بەسرە–حەدیسە پێشکێشی کۆمپانیای نەوتی بەسرە بکات. بێجگە لە نەوت، GE ی ئەمریکی لە بواری کارەبا و وزەدا گفتوگۆ و رێککەوتنی لەگەڵ عێراقدا هەیە، کە وا پێدەچێت بەشێک لە دەرئەنجامە ئابوورییەکانی سەردانی زەیدی بۆ واشنتن بێت. کۆی ئەم گرێبەست و بڕیارانە دەریدەخات، کە حکومەت هەوڵدەدات گەڕانەوەی کۆمپانیا گەورە ئەمریکییەکان بۆ کەرتی وزەی عێراق ئاسان بکات. بۆریی گواستنەوەی نەوت و نەخشەی نوێی وزە کابینەی حکومەتی عێراق دەسەڵاتی داوە بە کۆمپانیای نەوتی بەسرە تا رێککەوتنێکی بنەڕەتی و رێککەوتنێکی نهێنیپارێزی لەگەڵ کۆنسۆرتیۆمێکدا واژۆ بکات، کە لە Chevron و Capital TIی ئەمریکی و UCCی قەتەری پێکهاتووە. ئامانجی ئەم رێککەوتنانە لێکۆڵینەوەی تەکنیکی و داراییە لەسەر دوو رێڕەوی ستراتیژی؛ رێڕەوی یەکەم نەوتی بەسرە لە رێگەی حەدیسەوە لە پارێزگای ئەنبار دەگەیەنێتە بانیاس لە سووریا. رێڕەوی دووەمیش بەسرە بە حەدیسە و لەوێشەوە بە کەرکووک و بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەبەستێتەوە. بەمەش کێڵگەکانی باشوور بە ناوەڕاست ، باکوور و هەرێمی کوردستان و لەوێشەوە بە دەریای ناوەڕاستە دەبەسترێنەوە. بڕیارەکە بە روونی باسی ئەوە دەکات، کە نابێت رێککەوتنە سەرەتاییەکان هیچ جۆرە پابەندییەکی یاسایی یان دارایی بخەنە ئەستۆی وەزارەتی نەوت. بۆیە هێشتا یەکلانەبوونەتەوە، بەڵام هەر خودی بڕیاری لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی ئەم رێڕەوانە نیشانی دەدات، کە حکومەت بە جیدی بەدوای فرەچەشنکردنی دەرچەکانی هەناردەی نەوتەوەیە. دەشێ ئەمەش وەک ئاماژەیەکی نزیکبوونەوەی عێراق لە نەخشەیەکی جیۆئیکۆنۆمی بخوێندرێتەوە، کە کۆمپانیا و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا تێیدا رۆڵێکی سەرەکییان هەیە. لەم نەخشەیەدا عێراق، سووریا و تورکیا بە رێڕەوەکانی وزە و بازرگانییەوە بە یەکەوە دەبەسترێنەوە. لەماوەی رابردوودا تۆم باراک نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاورباری سووریا و عێراق کە باڵیۆزی ئەمریکاشە لە تورکیا باسی پرۆژەی چوار دەریای زیندووکردبووەوە، کە باسی پێکەوە بەستنەوەی هەر چوار دەریای رەش، سپی، سوور و خەلیجی بەیەکەوە کردبوو. لە وشکانییەکەی نێوان ئەو چوار دەریایەشدا تورکیا، سووریا و عێراقی بە سێکوچکەیەکی ستراتیژی بۆ سەقامگیری ناوچەیی ناوبردبوو. خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە، کە کۆمپانیاکانی لێکۆڵینەوە لە هێڵەکانی نەوت لە عێراق، هەر هەمان ئەو کۆمپانیایانەن کە لە سووریای دوای ئەسەدیشدا لە کەرتی وزەدا چالاکن. UCCی قەتەری، لەگەڵ Cengiz Energy و Kalyon GESی تورکی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی Power International، لە پڕۆژەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە بایەخی نزیکەی حەوت ملیار دۆلاردا لە سووریا بەشدارە. لە پڕۆژەیەکی جیاوازدا Chevron و لایەنی قەتەری لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی سووریادا رێککەوتنیان بۆ گەڕان بە دوای نەوت و گاز لە سنوورە ئاوییەکانی سووریادا هەیە. هەروەها لە دیوی سووریاوە گفتوگۆ و لێکۆڵینەوەی Chevron، UCCی قەتەری و Capital TIی ئەمریکی لەبارەی نۆژەنکردنەوەی هێڵی کەرکووک–بانیاس بەردەوامە. هەرچەند هەبوونی هەندێک لە هەمان کۆمپانیا لە کەرتی وزەی عێراق و سووریادا بە تەنیا بەڵگەی بوونی پلانێکی یەکگرتووی ئەمریکی نییە، بەڵام دەتوانێت ئاماژەیەک بێت بۆ ئەوەی گۆڕانکارییە سیاسی و جیۆپۆلیتیکییەکان پەیوەندییەکی راستەوانەیان بە پڕۆژە ئابوورییە ستراتیژییەکانەوە هەیە. لەبەر ئەوە هێڵەکانی بەسرە–بانیاس و بەسرە–جەیهان نابێت تەنیا وەک دوو پڕۆژەی تەکنیکی گواستنەوەی نەوت نین، بەڵکو دەتوانن عێراق زیاتر بە تورکیا، سووریا، قەتەر و کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە ببەستێتەوە و بەشێک لە جوگرافیای هەناردەی نەوتی عێراق لە کەنداوەوە بەرەو دەریای ناوەڕاست بگوازنەوە. ئەمەش لە درێژخایەندا کاریگەریی سیاسی و ئەمنیی خۆی دەبێت و وەک چۆن لایەنگری هەیە، دژ و نەیاریشی هەیە. بانک، دۆلار و تێکەڵبوون بە سیستەمی دارایی رۆژئاوا نزیکبوونەوەی ئابووریی عێراق لە ئەمریکا تەنیا بە کەرتی نەوت و وزەوە سنووردار نییە، بەڵکو دەشێ چاکسازیی بانکی، کۆنترۆڵکردنی گواستنەوەی دۆلار، دژایەتیی گەندەڵی، سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی دارایی گرووپە چەکدارەکان بەشێکی دیکەی هەمان سیاسەت بن. لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، ئەمریکا ژمارەیەک بانک و کەسایەتیی عێراقیی سزا داوە، یاخود دەستگەیشتنی ئەوانی بە دۆلار سنووردار کردووە. لە ساڵی 2026یشدا بۆ ماوەیەک گواستنەوەی بەشێک لە دۆلاری کاشی بۆ عێراق راگرت. لە مانگی حوزەیرانی 2026دا FATF یش عێراقی خستە ناو لیستی وڵاتانی خۆڵەمێشی، کە لەژێر چاودێریی ورددا دەبن. حکومەتی عێراقیش لە ئاستێکی بەرزی سیاسییدا بەڵێنی داوە لەگەڵ FATF و MENAFATFدا کار بکات و کاریگەریی رژێمی دژایەتی سپیکردنەوەی پارە و رێگرتن لە پارەدارکردنی تیرۆر واتە AML/CFT بەهێز بکات. ئەم بەڵێنەی حکومەت، کە بە FATFی داوە وادەخوازێت کۆنترۆڵی زیاتر بەسەر گواستنەوە نافەرمییەکانی پارەدا بسەپێنێت، خاوەنداریی راستەقینەی کۆمپانیاکان ئاشکراتر بکات، لێکۆڵینەوە لە مامەڵە گوماناوییەکان و دۆسیەکانی پارە سپیکردنەوە و پارەدارکردنی گرووپە تووندڕەوەکان بەهێزتر بکات. دەشێ هەڵمەتەکانی ئەم دواییەی دژایەتیی گەندەڵی کە حکومەتی زەیدی دەستیپێکردووە، وەک بەشێک لەو داواکارییانە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بە سیستەمی دارایی عێراق بخوێندرێتەوە. جێبەجێکردنی ئەم چاکسازییانەش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ توانای واشنتن بۆ کاریگەریدانان بەسەر رەفتاری بەغدا زیاتر دەکات. تەگەرەی بەردەم حکومەت؛ عێراقی ئایدیۆلۆژی بەدەر لەو دیمەنە پراگماتییەکەی عێراق، دیمەنێکی جیاوازی دیکە هەیە، کە دەتوانێت تەگەرە بۆ سیاسەتەکانی حکومەتی زەیدی دروست بکات. گرووپەکانی "موقاوەمەی ئیسلامیی عێراق" لە بەیاننامەیەکی نۆ خاڵیدا دژایەتیی خۆیان بۆ سەردانی زەیدی بۆ ئەمریکا نیشان داوە. لانیکەم چوار خاڵی بەیاننامەکەش پەیوەندییان بە هەوڵەکانی حکومەتی عێراقەوە بۆ کارکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا هەیە. گرووپەکان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەم جۆرە گرێبەستانەیان بە گۆڕینی "داگیرکاریی سەربازی" بۆ "داگیرکاریی ئابووری" ناوبردووە. بەم پێیەش، ئێستا ئیدی ململانێی نێوان حکومەت و گرووپە چەکدارەکان تەنیا لەسەر چەک یان مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا نییە؛ بەڵکو لەسەر ئاراستەی ئابووری و ستراتیژیی وڵاتەکەشە. گرووپە چەکدارەکان رۆژ دەژمێرن بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان. هێشتا بەشێکی دیاریشیان بە بڕیاری رادەستکردنی چەکەکانیان بە حکومەت قایل نەبوون. لە بەرامبەردا، حکومەتیش هەوڵدەدات کۆتایی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بکاتە بنەمایەک بۆ ئەو ئارگومێنتەی کە دوای کشانەوەی هێزە بیانییەکان، هیچ پاساوێک بۆ بەردەوامبوونی "موقاوەمە" و مانەوەی چەک لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەت نامێنێت، بەڵام ئەمە تەنیا کاتێک کاریگەر دەبێت کە حکومەت توانای سیاسی و سەربازیی پێویستی بۆ جێبەجێکردنی هەبێت. ئەبو حوسێن حەمیداوی، سکرتێری گشتیی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق و یەکێک لە کاریگەرترین گرووپەکانی نێو "موقاوەمەی ئیسلامیی عێراق"، بە روونی باسی ئەوەی کردووە، کە گرووپەکەیان بە فەرمانی رێبەری پێشووی ئێران دامەزراوە و لەسەر رەوتی خۆیان بەردەوام دەبن. ئەو هەروەها هۆشداریی داوەتە حکومەتیش کە ئەگەر لە هێڵی خۆی لابدا، هەڵوێستی تایبەتی خۆیان دەبێت. هەڵبەت قسەی ئەم گرووپانە کاتێک دەبێتە هەڕەشەیەکی جیدیتر بۆ حکومەت کە ئەگەری سازانی نێوان ئێران و ئەمریکا کەم بێتەوە. ئەگەر تاران و واشنتن جارێکی دیکە بەرەو ململانێی سەربازیی فراون بچن، حکومەتی عێراق دەکەوێتە ژێر گوشاری هەردوولا. بەتایبەتی ئەگەر واشنتن داوای کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان و پاراستنی بەرژەوەندی و کۆمپانیاکانی بکات؛ لە کاتێکدا تاران یان گرووپە نزیکەکانی، بیانەوێت عێراق وەک یەکێک لە گۆڕەپانەکانی وەڵامدانەوە بەکاربهێنن. لەو دۆخەدا ئەستەمە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بتوانن پرۆژە زەبەلاحەکانیان لە باشوور، ناوەڕاستی عێراقدا بە ئاسایی جێبەجێ بکەن. ئەزموونی ئیکسۆنمۆبیل دەریدەخات کە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان تەنیا بە هۆی حیساباتی بازرگانییەوە بڕیار نادەن بەڵکو گرژییە سیاسی و ئەمنییەکانیش کاریگەری لەسەر بڕیارەکانیان هەیە. ئەگەر دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا بە باشی بڕوات، لەوانەیە کاری حکومەتی عێراق ئاسانتر بێت. کەمبوونەوەی گرژییەکان دەرفەتی زیاتر بە زەیدی دەدات تا لەگەڵ گرووپە چەکدارەکاندا گفتوگۆ بکات، چەکەکان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت و لە هەمان کاتدا هاوکاریی ئابووری لەگەڵ ئەمریکادا فراوان بکات. بەڵام ئەگەر بازنەی شەڕ و دانوستاندن هەروا بەردەوام بێت، هەر هەنگاوێکی حکومەت بۆ نزیکبوونەوە لە واشنتن دەتوانێت تووشی تەگەرەی گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئێران بێت. بێچەککردنی گرووپەکانیش تەنیا پرۆسەیەکی سادەی کۆکردنەوەی چەک نییە. ئەم گرووپانە تەنیا یەکەی سەربازی نین؛ بەڵکو رۆڵیان لە پەرلەمان، حیزبە سیاسییەکان، دامەزراوەکانی دەوڵەت، کۆمپانیاکان، بانک و ئابووریی ناڕەسمیدا هەیە. هەندێکیان ئامادەی گفتوگۆ و تێکەڵبوون بە دامەزراوە فەرمییەکان و رادەستکردنی بەشێک لە چەکەکانیان بوون؛ بەڵام گرووپەکانی وەک کەتائیبی حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا هەڵوێستی تووندتریان هەیە. ناشێ پەیوەندیی نێوان ئەو گرووپانە و ئێرانیش تەنیا لە دەلاقەیەکی ماددییەوە سەیر بکرێت. رەنگە بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق لە رووی دارایی و لۆجستییەوە وەک پێشتر پێویستیان بە ئێران نەمابێت. تەنانەت لەوانەیە بە مەرجی دوورکەوتنەوە لە تاران، دەستکەوتی ماددی و سیاسیی زیاتریان لەلایەن بەغدا یاخود واشنتنەوە پێشکێش بکرێت. وەک چۆن تۆم باراک لە باسی چەکدانانی گرووپە چەکدارەکاندا، باسی لە هاندەرە ئابووری و سیاسییەکان کردبوو وەک یەکێک لە رێگاکانی هێنانی ئەو جۆرە گرووپانە بۆ ناو سیستەمی دەوڵەت. بەڵام گرفتی ئەو بۆچوونە لەوەدایە کە رەنگە ئەو راستییە پشتگوێ بخات کە کەمبوونەوەی وابەستەیی ماددی بە واتای کۆتایی پەیوەندیی سیاسی و ئایدۆلۆژی نییە. لای بەشێک لەم گرووپانە، رووداوەکانی وەک رووخانی ئەسەد لە سووریا و هاتنی دەسەڵاتێکی سووننەی حەنەفی لە شام، هەروەها شەڕەکانی حەماس و ئیسرائیل، لاوازبوونی حیزبوڵڵا، شەڕی حوسییەکان و شەڕەکانی 2025 و 2026ی ئێران، وەک زنجیرەیەک رووداوی پێکەوە بەستراوی جیۆپۆلەتیکی سەیر دەکرێن. لەو تێڕوانینەدا، کێشەکە تەنیا ململانێی نێوان دوو دەوڵەت یان چەند لایەنێکی سیاسی نییە؛ بەڵکو هەڕەشەیەکی فراوانترە کە تەنگی بە جوگرافیای سیاسیی شیعی هەڵچنیوە. بۆیە بەشێک لە گرووپەکان پاراستنی چەکی خۆیان تەنیا بە پاراستنی بەرژەوەندیی ئێران نازانن؛ بەڵکو وەک بەشێک لە بەرگری لە خۆیان و هاوسەنگیی ناوچەیی تەماشای دەکەن. کاریگەری ئەم بۆچوونە و هەستکردن بە هەڕەشەیە بەجۆرێکە، کە تەنانەت موقتەدا سەدر بۆ خۆی بەشداری لە مەراسیمی پێشوازی لە تەرمی عەلی خامنەیی کرد و ئایەتوڵلا عەلی سیستانی لە کاتی شەڕی 40 رۆژەدا دژی هێرشی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەرکەوت. کۆتایی حکومەتی عەلی زەیدی دەیەوێت لەگەڵ گوشارەکانی ئەمریکادا هەڵبکات و لە رێگەی راکێشانی سەرمایەی ئەمریکی و جێگرتن لە نەخشەی جیۆئیکۆنۆمیی ناوچەکەدا لەسەر پێ بمێنێتەوە، هاوئاهەنگی لەگەڵ سیستەمی ئابووریی رۆژئاوا و بیرکردنەوە لە پرۆژەکانی هێڵەکانی بەسرە–حەدیسە–بانیاس و بەسرە–حەدیسە–کەرکووک–جەیهان، گەڕانەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان و چاکسازییەکانی سیستەمی بانکی هەموویان بەشەکانی ئەم ئاراستەیەن. هەڵبەت ئەو هەنگاوانە لە بەرژەوەندیی خویشی دەزانیت، نەک ئەوەی کە تەنیا بە سوودی ئەمریکا بێت. بەڵام روانگەیەکی دیکە هەیە کە پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا لە دووتوێی گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکە سەیر دەکات و هەوڵەکانی ئەمریکا وەک زیانێک بۆ سیاسەتی شیعی لە ناوچەکە سەیر دەکات. پرسیاری جەوهەری لێرەشدا ئەوەیە، کە لە نێوان ئەم دوو عێراقەدا، بەغدا چۆن دەتوانێت هەردوو سەری ئەمریکی و ئێرانی لە مەنجەڵێکدا کۆ بکاتەوە؟ ئایا حکومەت دەتوانێت بە دڵ لەگەڵ ئێران و بە مەسلەحەتیش لەگەڵ ئەمریکا بێت؟ رەنگە وەڵامی ئەوەش تەنیا لای بەغدا نەبێت؛ بەڵکو گرێدراوی رەفتاری واشنتن و تاران، دەرئەنجامی شەڕ و دانوستاندنەکانیان و هەڵوێستی گرووپە چەکدارەکانیش بێت.