کۆمەڵگەی کوردی وەک بەشێک لە جوگرافیای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەژێر کاریگەریی سەختی نەریتی عەشایەری و ئایدۆلۆژیای پیاوسالاری ناوچەکەدا بووە. لەم ناوچەیەدا ناهاوسەنگیی رەگەزی، هەموو کەلێن و قوژبنەکانی ژیانی گرتووەتەوە. بۆیە کاتێک باس لە نەریتە باوەکان دەکەین، دەبێت بزانین بوونەتە دەستووری دیوەخان، کە تێیدا رەچەڵەکی خێزان تەنها بە پشتێنەی پیاو دەپێورێت.
ئافرەتان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی و ئافرەتانی کورد بەتایبەتی، لە کاتێکدا لە کایەی کار و ژیانی گوند دا کۆڵەکەی سەرەکی بەرهەمهێنان و رەنجکێشان بووە، کەچی لە دەقە نووسراوەکانی وەک نووسینەوەی شەجەرەکاندا وەک (نیوەی تاریک) و (ونبوو) ماونەتەوە و نازناو و میراتی مادی و مەعنەوی بنەماڵەکان، لە بازنەی ناوی پیاواندا قەتیسکراوە.
نووسینەوەی شەجەرەی بنەماڵەکان، تەنها نەخشەیەکی بێلایەنی بایۆلۆژی نین بۆ دیاریکردنی نەوەکان، بەو مەبەستەش نانووسرێنەوە، بەڵکو دەقێکی نووسراوی دەسەڵاتداری پیاون، کە لە لایەن سیستەمی باوکسالارییەوە بەرهەم هێنراون، لە روانگەی کۆمەڵناسیی رەخنەییەوە شەجەرە ئامرازێکی ئایدۆلۆژییە بۆ داڕشتنەوەی مێژوو بە جۆرێک، کە پێگەی پیاو وەک چەقی بوون و پێگەی ژن وەک پەراوێزخراوێک پیشان دەدات. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین، نووسینەوەی شەجەرە پرۆسەیەکی رێکخراوی سڕینەوەی جێندەرییە، تێیدا نیوەی کۆمەڵ لە مێژووی فەرمی خێزان دەردەکات.
لە روانگەی (مادیگەرایی کۆمەڵناسییەوە)، نووسینەوەی شەجەرە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە پاراستنی سەرمایە و زەویوزارەوە هەیە. لە کۆمەڵگە کشتوکاڵی و خێڵەکییەکاندا، شەجەرە بۆ ئەوە نووسراوەتەوە، تاوەکو سنووری خاوەندارێتیی پیاوان دیاری بکات. بە هۆکاری ئەوەی ئافرەت لە رێگەی هاوسەرگیرییەوە دەچێتە ناو خێزانێکی دیکە، سڕینەوەی ناوی لە شەجەرەدا رێگری لە گواستنەوەی سەرمایە دەکات بۆ دەرەوەی بنەماڵە یان عەشیرەتەکە. کەواتە جیاکاری رەگەزی لێرەدا تەنها نەریت نییە، بەڵکو ستراتیژێکی ئابوورییە بۆ بێبەشکردنی ئافرەت لە میرات و هێشتنەوەی دەسەڵاتی دارایی لە دەستی پیاواندا.
سڕینەوەی سۆسیۆلۆژی، کوشتنی هێمایی ناوی دایک
لە نووسینەوەی شەجەرەی بنەماڵە و عەشیرەتەکاندا، ناسنامەی دایک دەسڕنەوە، لەسەر هێڵی بنەماڵەیی ئافرەت تەنها وەک ئامرازێکی بایۆلۆژی بۆ گواستنەوەی جیناتی پیاو لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە ئەژماردەکرێت، کە هیچ پێگەیەکی ئابووری، کۆمەڵایەتی و رامیاری نییە، بە پێویستیش نازانرێت ناوی بچێتە ئەم مێژووەوە. لە کاتێکدا بنەڕەتی مێژوو ژنە و لە رێگەی ژنەوە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دروستبووە، بزوێنەری بزووتنەوەی مێژووش ژنە، ژن بکەر و خوڵقێنەری مێژووە، ئەو پیاوانەی شەجەرە دەنووسنەوە لە منداڵدانی ژنێکەوە دروستبوون و پەروەردەبوون. لێرەدا پیاوێک وا پەروەردە دەکرێت ناوی دایکی لە نووسینەوەی مێژوودا بسڕیتەوە. هاوکات ئێمە پێویستە مێژوویەکی مرۆڤایەتیمان هەبێ، کە هەردوو رەگەزەکە تێیدا تەواوکاری یەکتربن و رۆڵ و پێگەی ژنی تێدا نادیدە نەگیرێت. ئەو مێژووەی ئێستا هەمانە مێژوویەکی تەواو پیاوانەی سیاسییە، مێژووی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری ...تاد، ونە.
هەروەها ناوهێنانی ئافرەتان بە (دایکی فڵان) و (خێزانی فڵان) جۆرێک لە مردن یان کوشتنی کۆمەڵایەتیی ناسنامەی ژنە، ئەم رەگەزە لەناو دەقی خێزانەکەیدا دەبێتە تارماییەک، کە هیچ شوێنپێیەکی مێژووییی لێ بەجێنامێنێت.
پۆلێنکردنی سیمبولی بۆ بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵات
کۆمەڵناسی بەناوبانگ (پیێر بۆردیۆ) باس لە (تووندوتیژی سیمبولی) دەکات، نووسینەوەی (شەجەرە) نموونەیەکی باڵایە بۆ ئەم باسە، کاتێک منداڵێک سەیری شەجەرەی بنەماڵەکەی دەکات، دەبینێت تەنها ناوی پیاوەکان لە (قەدی دارەکە) نووسراوە، لە رووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە ئەو بیرۆکەیە لە مێشکیدا دەچەسپێت، کە پیاو رەگەزی باڵادەستە و ژن رەگەزی پاشکۆ و پەراوێزخراوە، ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی نادادی بەهۆی رەگەزەوە ببێتە (ئەمری واقیع) لە سرووشتی بیرکردنەوەی ئەو منداڵەدا. بۆیە کاتێک منداڵەکانمان دەگەن بە تەمەنی پێگەیشتن کوڕ خۆی بە باڵادەست و کچ خۆی بە پلە دوو دەناسێت، کوڕ دەسەڵاتدار و کچ پەراوێزخراوە، کوڕ فەرمان دەکات و کچ جێبەجێی دەکات، لەم حاڵەتەوە دەگەن بە بواری بۆشایی لە پێداویستییە غەریزییەکانی مرۆڤ، کاتێک کچ پێویستی بە سۆز و خۆشەویستی و گرنگیپێدانە و لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەکەیەوە دەستی ناکەوێت، زۆر بە ئاسانی دەکەوێتە داوی ئەو پیاوە چاوچنۆکانەی، لە دەرەوە شانازی بە راوکردنی ئافرەتانەوە دەکەن. لە ئەنجامدا دووبارە کچەکە دەکەوێتەوە بەر چەندین جۆر و فۆرمی دیکە لە تووندوتیژی (هێمایی)، (دەروونی) و (جەستەیی) بە هۆکاری ئەوەی کە سنوورەکانی نەریتی باوی بەزاندووە.
ئەم جۆرە مامەڵە و پەروەردە نازانستییەی کچ لە کۆمەڵگە نەریتییەکاندا، ئەوپەڕی تووندوتیژییە بە هەموو فۆرمەکانییەوە دەرهەق بە رەگەزی مێ ئەنجام دەدرێت، لە کۆتاییدا سزای تاوانێک دەدرێت، کە نەیکردووە و دەبێتە هۆکاری بەرهەمهێنانەوەی تووندوتیژی بەردەوام لە کۆمەڵەگەدا.
ئەم قەیرانە مەعریفییەی لە پەروەردەکردنی کچاندا بەرۆکی کۆمەڵگە نەریتییەکانی گرتووە، لەگەڵ گۆڕانکارییە سەردەمییە خێراکان گونجاو نییە، گۆڕانکارییە یاسایی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و زانستییەکان داواکاری گۆڕینی ئەم نەریتەن، کە گرنگیدان بە هێڵی دایک لە نووسینەوەی شەجەرە و پەروەردەی نەوەکاندا دەبێت تۆمارێکی مرۆییی هاوسەنگ بێت، کە تێیدا هێڵی (دایک) و (باوک) بە یەکسانی بنووسرێتەوە، چونکە مێژووی مرۆڤایەتی بەبێ نیوەکەی دیکەی، مێژوویەکی شێوێنراو و ناتەواوە، چونکە شەجەرەی بنەماڵەکان تەنها بەڵگەنامەی رابردوونین، بەڵکو نەخشەی داهاتووی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانن. بەردەوامبوون لە نووسینەوەی شەجەرە بە شێوازی باڵادەستی پیاو بە واتای بەردەوامیدانە بە جیاکاری و چەوساندنەوەی سیمبولیی ئافرەتان، بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر، بۆ رۆشنبوونەوەی نیوەی تاریکی شەجەرەکان، پێویستە پێداچوونەوە بەم دەقەخێزانییانەدا بکرێت و ئافرەتان بهێنرێنەوە ناو رۆشنایی مێژوو.
فەلسەفەی نووسینەوەی شەجەرە لە چوارچێوەی بابسالاریدا
شەجەرەی خێزان بە درێژایی مێژوو وەک ئامرازێک نەبووە تەنها لە ناسینەوەی ناوی باب و باپیراندا کورتکرابێتەوە، بەڵکو رەنگدانەوەی سیستەمی دەسەڵات، ناسنامە، بەردەوامی کۆمەڵگەیە لە سەرهێڵی دەسەڵاتی (بابسالاری)، تۆمارکردنی (نەسەب) بە ناوی نێرینەوە دیاردەیەکی بایۆلۆجی و سیستەمێکی رێکخراوە بۆ گواستنەوەی سەرمایەی (مادی) و (مەعنەوی)، پێگەی کۆمەڵایەتی و دەسەڵات لە باوکەوە بۆ کوڕ، ئەم فۆرمە لە نووسینەوە پێکهاتەی خێزانی لەسەر بنەمای خەتی راستەوخۆی نێرینە چەسپاندووە و رۆڵی ئافرەتان و هێڵی دایکایەتی، لە کایەی گێڕانەوەی مێژووی خێزاندا پەراوێز خستووە.
لە روانگەی فەلسەفییەوە ئەم فۆرمە لە نووسینەوەی شەجەرە، پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە چەمکەکانی (مانەوە)، (خاوەندارێتی) و (دەسەڵات)ەوە هەیە. لە فەلسەفەی کۆمەڵایەتیدا نەمرکردنی ناوی باوک و گواستنەوەی بۆ نەوەکانی داهاتوو، جۆرێکە لە رێگریکردن لە نەمانی کەسایەتی خێڵ یان بنەماڵە، بەهای مرۆڤ لەو بەرپرسیارێتیی پاراستنی ناو و شانازییەکانی بە شێوەیەکی نەریتی گرێدراوە بە هێزی پیاوەوە وەک سەنتەری خێزان، کەواتە شەجەرە بە ناوی پیاوانەوە نەک تەنها تۆمارێکی زارەکی یان نووسراوە، بەڵکو فەلسەفەیەکی قووڵە بۆ سەپاندن و بەردەوامبوونی دەسەڵاتی نێرینە لە میژوودا.
وێڕای ئەمانەش لەگەڵ گەشەسەندنی فکر، زانستی نوێ رەخنە لەم چوارچێوە تەقلیدییە دەگرێت و ئاماژە بەوەدەکات، کە شەجەرەی پیاوسالارانە وێنەیەکی تەواوی پێکهاتەی راستەقینەی خێزان پیشان نادات، کەرەستەکانی بیرکردنەوەی لە دنیای مۆدێرندا جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە، کە ناسنامەی مرۆڤ و مێژووی خێزان بە هەمان شێوە لە رێگەی هێڵی دایک و مێینەشەوە دەتوانرێ بونیادبنرێت. لێکۆڵینەوە لە مێژووی خێزان بە شێوازێکی هاوسەنگ، هاوکاردەبێ بۆ تێگەیشتن لە گۆڕانی کۆمەڵایەتی، پێگەی ئافرەت و تێڕوانینی مرۆڤایەتی بۆ بەهاکانی یەکسانی و هاوبەش لە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوودا.


.jpg&w=3840&q=75)
