پێش ئەنجامدانى هەڵبژاردنی ئەم خولەى پەرلەمان، بەشێک لە هێزە سیاسییەکانى هەرێمی کوردستان گومانى خۆیان خستەڕوو لەوەى دیزاینى پێشوەختەى هەڵبژاردن کراوە. کە هەڵبژاردنیش ئەنجام درا، هێندەى دیکە پاساویان بۆ گومانەکانیان دەهێنایەوە کە ئەوەى "ئێمە دەمانگوت" وادەرچوو. بەو هۆیەشەوە هاوکێشەى دابەشکاریى کورسییەکانیان خستە ژێر پرسیارەوە.
هەرچەندە بەهۆى پێشکەوتنى ئامرازەکانى تەکنەلۆژیا و نەمانى پرەنسیپ و بەتاڵبوونەوەى حیزبى سیاسى لە فیکر و بیروباوەڕ، ساختەکارى لە هەڵبژاردن زۆر چاوەڕوانکراوە، بەتایبەتیش لە وڵاتانى رۆژهەڵات و بەدیاریکراویش لە عێراق و کوردستان، بەڵام هێشتا ناتواندرێت ئەوە بسەلمێندرێت کە نەخشەى کورسیی هێزە سیاسییەکان و ئەوەى وەک دەرئەنجامى هەڵبژاردنەکان بەدەستهاتووە، دیزاینى پێشوەختە بووە، بەڵام ئەنجامەکان بە جۆرێکە، چاوەڕوانکراو بوو کوردستان تووشى چەقبەستنى سیاسى ببێت.
لە هەفتەى یەکەمى دواى ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکان کە هێشتا کۆمیسیۆنى باڵاى عێراق ئەنجامى کۆتایى رانەگەیاندبوو، لە بەرنامەیەکى تەلەڤزیۆنیدا لە کەناڵى (ئێن ئار تى) ئەوەم گوت کە بەم ئەنجامانەوە کارێکى قورسە بە ئاسانى بتواندرێت کابینەى نوێى حکومەت لە کوردستان پێکبهێندرێت و ئەگەرى بەهێز ئەوەیە تاوەکو دواى هەڵبژاردنەکانى عێراق پرسى پێکهێنانى حکومەتى هەرێمی کوردستان بە ھەڵواسراوى بمێنێتەوە. دواتریش بە وتار و دیدارى دیکە مەترسى ئەوەم خستەڕوو کە پێویستە هەرێمى کوردستان بڕیار لە دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردنى پێشوەختە بدات، ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام نەداتەوە ئەم کابینەى حکومەتە دەبێتە دوایەمین کابینەى پێکەوەیى پارتى و یەکێتی. جێى نیگەرانییە کە گوێیان بە هۆشداریی کەس نەدا و چارەنووسەکە بەو رۆژە گەیشت کە لێى دەترساین.
ئەوەى ئەمڕۆ پێى گەیشتووین کە وێناکەى وەک نزیکبوونەوەى ئاوابوونى خۆرى کورد و کۆتایى قەوارەى هەرێمی کوردستان لێکبدرێتەوە، بۆ ئێمە چاوەڕوانکراو بوو. هەر بۆیە بەدرێژایى نزیک بەو دوو ساڵەى رابردوو، چەندین جار وەک ئەگەر و نوقڵانەیەکى خراپ، مەترسییەکانمان بۆ روونکردبوونەوە، بەڵام بێباکیی هەندێ لە هێز و دەسەڵاتداران خەریکە هەرێمى کوردستان دەگەیێنێتە لێوارى گلۆربوونەوە.
ناکۆکی و ناتەبایى نێوان هێزە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان، هەلومەرجى ئەوەى خۆشکردووە کە دۆخى سیاسیی ناوخۆى هەرێمى کوردستان لەبار بێت بۆ ئەوەى نەیارانى کورد ئاسانتر بتوانن کۆڵەکەکانى مانەوەى لەق بکەن. گومان لەوەدا نییە کورد ناحەز و دووژمنى زۆرە، پیلانگێڕی و گەلەکۆمەى هەرێمایەتى و هێزگەلى نێودەوڵەتیشى لەسەرە، بەڵام ئەوەى وایکردووە یاخود دەبێتە هۆى ئەوەى مەیلى ناحەزەکانى سەربگرێت، ناتەباییەکەى ناو ماڵى کورد خۆیەتى. ئەمەشیان سەربارى بوونى دەستى زۆر هێزگەل و ناوەندى هەواڵگریى وڵاتان لەناو کوردستان، بەڵام هێشتاش بەشى زۆرى ئۆباڵەکەى لە ئەستۆى حیزب و سەرکردە سیاسییەکانى کورد خۆیدایە.
ئەوەى دوێنێ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا وەک هەڕەشەیەک درکاندى کە (یان دەبێت حکومەت بەو جۆرە پێک بێت ئێمە دەمانەوێت، یان هەرێمی کوردستان نامێنێت)، ئاماژەى مەترسیدارە. هەڕەشەکردن بە کۆتایى هەرێمی کوردستان و نوقڵانەى کۆتایى قەوارە و دەسەڵاتى کوردى لەلایەن هێز و کارەکتەرى سیاسى کورد خۆیەوە، جێى هەڵوەستە و تێڕامانى قووڵە.
هیچ گومان لەوەدا نییە ئەوەى لە هەرێمى کوردستان دەگوزەرێت نالۆژیکى و نا یاسایى و نادەستووری و ناهەقییە کە نزیک بە دوو ساڵە هەڵبژاردن ئەنجام دراوە و ناتواندرێت کابینەى تازەى حکومەت پێکبهێندرێت، بەڵام چارەسەرەکە ئەوە نییە ئەگەر نەتواندرا کابینەى تازە دروست بکرێت ئەوە دەبێت هەرێمى کوردستان نەمێنێت. رێگە راستەکە ئەوەیە هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە. لەبەر ئەوەى نەوەى نوێ و هەندێ لە هێزە سیاسییەکانى کوردستان عێراقیان لێبووە بە نموونەى باڵا، بۆیە با منیش هەر عێراقیان بۆ بکەم بە نموونە، ئەگەر دواى هەڵبژاردن هێزە سیاسییەکانى عێراق جا بەهۆى دیزاینى کورسییەکانیانەوە بووبێت یان بەهۆى ئەوەى هەندێکیان وەک داشى شەترەنج بەدەستى هەواڵگریی وڵاتان دەجوڵێندرێن، نەیانتوانى کابینەى حکومەت پێکبهێنن دەبووایە هەڵبژاردن ئەنجام بدەنەوە یان بڕیار بدەن عێراق نەمێنێت؟ ئەمە چى لۆژیک و چى هۆشدارییەکى سیاسییە بانگەشەى هەڵوەشاندنەوەى قەوارە دەستوورییەکە بکرێت لە کاتێکدا رێگەى راست و دروست و یاسایى و دەستوورى هەڵوەشاندنەوەى ئەو خولەى پەرلەمانە کە ناتوانن کۆببنەوە و ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن. لەکاتێکدا بەهۆى هەڵنەبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتیی پەرلەمان سەرۆکى تەمەن کە ئەرکى بەگەڕخستنەوەى پەرلەمانى لە ئەستۆ بوو لە کوتلەکەى نەوەى نوێیە.
هەر پەیوەست بەم تەنگەژەیە، رەوتى هەڵوێست، لە تازەترین هەڵوێستیاندا دەڵێن دەچینە دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق و داواى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى کوردستان دەکەین. کۆمەڵى دادگەریش لە سەرەتاى راگەیاندنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردنەوە ئەنجامەکەى رەتکردەوە و بایکۆتى پەرلەمانی کردووە، داواى دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردن دەکەن. یەکگرتووی ئیسلامیش بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە و دوورخستنەوەى هەرێمی کوردستان لە لێکەوتە خراپەکانى دەستپێشخەرییەکى راگەیاندووە بۆ لێکنزیککردنەوەى پارتى و یەکێتى.
کەواتە: ئێستا هێزەکانى دەرەوەى دەسەڵات (کۆمەڵ و یەکگرتوو، رەوتى هەڵوێست) لە هێزەکانى دەسەڵات زیاتر پەرۆشى ئەوەن کوردستان لەو چەقبەستووییە دەربازى بێت کە بەهۆى ناکۆکى و ناتەبایى نێوان یەکێتی و پارتییەوە دروستبووە، زەمینەى بۆ ئەوە رەخساندووە بانگەشەى نەمانى هەرێمی کوردستان و تاکە قەوارەکەى کورد بکرێت لەسەر رووى زەوى.
بۆیە لێرەوە داوا لە بەڕێزان مامۆستا سەڵاحەدین بەهادین، ئەمیندارى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان و مامۆستا عەلى باپیر، ئەمیری کۆمەڵى دادگەرى و کاک عەلى حەمە ساڵح، بڕیاردەرى رەوتى هەڵوێست دەکەم، رێگە راستەکە بگرنە بەر، پەنا بۆ کەس مەبەن ئەوەى بە خۆتان دەکرێت مەیخەنە دەستى خەڵکی دیکەوە، پێکەوە پڕۆژەیەک بۆ سەرلەنوێ ئەنجامدانەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان رابگەیێنن بۆ ئەو مەبەستە و داواى ئەنجامدانى کۆبوونەوەیەکى پەرلەمان بکەن.
پێویست ناکات بچنە دادگەی فیدراڵى داواى ئەوە بکەن پەرلەمانى کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە کە نازاندرێت ئەنجامى سکاڵاکەتان و لێکەوتەکانى لەسەر ئایندەى کوردستان چۆن دەبێت، لەکاتێکدا خۆتان دەتوانن بە کۆبوونەوەیەکى پەرلەمان و لەسەر داواى نیوە کۆ یەک، بڕیارى ھەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان و سەرلەنوێ ئەنجامدانەوەى هەڵبژاردن بدەن. بەم کارە پشتیوانییەکى زۆر بۆ خۆتان دەستەبەر دەکەن و کوردستانیش لەو بەبارمتەگیراوییە رزگار دەکەن کە ئێستا گیرۆدەى بووە.
بەو کارەتان کۆتایى بەو هەلومەرجانە دەهێنن کە بانگەشەى کۆتایى هەرێمى کورستانی تێدا بکرێت. راستە کورد خراپ ئیدارەى بەڕێوەبردووە، دەکرا و دەتواندرا زۆر باشتر بووایە لە ئێستا، بەڵام نیشتمان و پرسى ناسنامەى میللـەتێک جیاوازە لە تێڕوانین و رەفتار و مامەڵەى پارتى و یەکێتی لە حوکمڕانى. بۆ هەر کوردێکى خاوەن کەرامەت لە هەر کوێیەکى ئەم گۆى زەمینە بێت، قەوارەى هەرێمی کوردستان شەرەف و ناسنامەیە. ئێوە دەتوانن وەک سێ هێزى ئۆپۆزیسیۆن شانازى ئەوە بۆ خۆتان تۆمار بکەن لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان زیاتر پەرۆشى مانەوەى چوارچێوە و کیانى نیشتمانى کوردستان بوون.


.jpg&w=3840&q=75)
